رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی بەبۆنەی یەکی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی لە تورکیا، ئەمڕۆ لە رووها-ی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ-ی تورکیا گردبوونەوەی جەماوەری دەکات.
گردبوونەوە جەماوەرییەکەی روها کاژێر 17:00ی ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئابی 2025 لە پارکی نۆڤادا بە بەشداری تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی دەستپێدەکات.
گردبوونەوەکەی ئیستەنبووڵیش کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی رهتم لە ناوچەکی کادیکۆی بە بەشداری تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 20:00 بەردەوام دەبێت.
چالاکییەکان لەژێر درووشمی "بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەنگ بۆ ئاشتی بەرز بکەرەوە" بەڕێوەدەچن.
بێجگە لە گردبوونەوەکانی روها و ئیستەنبووڵ، هەر ئەمڕۆ لە شاری ئانتاڵیا بەو بۆنەیەوە پانێلێک بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە یەکی ئەیلول، لە وان، ئامەد، ئێلیهـ، سەمسوور، ئیدر، ئاگری، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، خارپێت، مێردین، چەولیگ، دێرسم، سێرت، جۆلەمێرگ شرنەخ-ی باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری، رێپێوان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەڕێوەدەچن.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی بەشداری لە گردبوونەوەکەی ئامەددا دەکات، کە کاژێر 17:30 خولەک بە رێپێوانێکی هێمنانە دەستیپێدەکات.
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی راگەیێندراوە، هەمان رۆژ لە ئادانا و مێرسین ـی تورکیاش گردبوونەوەی جەماوەری و رێپێوان دەکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 21ی ئەیلوول وەکو رۆژی جیهانی ئاشتی پیرۆز دەکات، بەڵام لە تورکیا رۆژی یەکی ئەیلوول کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەمە وەکو "رۆژی جیهانیی ئاشتی" پیرۆز دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ