رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لێکتێگەیشتن و کۆدەنگیی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار (بەشتەپە) پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد.
کۆبوونەوەکە کە چاوەڕوان دەکرا کاژێر 17:30 خولەک دەستپێبکات، بەهۆی کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کاژێر 18:00 دواخرا.
جگە لە سەرۆککۆمار و شاندی ئیمراڵی، هەر یەک لە ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری-میت ئامادە بوون.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاندووە، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد."
شاندەکە پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە بەشتەپە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ