هاوینێکی خەمگین

01-09-2025
سیروان رەحیم
A+ A-
 
هێشتا بەهار بوو شێرپەنجە بێبەشی کردین لە هونەرمەندێکی دەستڕەنگین، قەرەنی جەمیل، یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی لە خشتەی خەیاڵدا بوو بۆ بەڵگەفیلمێک، بەڵام مردن لە ئێمە خێراتر بوو، ئێمە فریا نەکەوتین و مردن گەیشتە سەری.
 
لالە عەبدە، ئەو هونەرمەندەیە کە یادەوەریی زۆرمان لەگەڵ رەنگ و لەگەڵ جۆری تەماشاکردنی ویدا هەیە بۆ سرووشت و بۆ مرۆڤ، لە رێگەی هاوڕێیەکی هێژاوە بواری پەیوەندیی لالە عەبدەم دەستکەوت. پەیوەندیم پێوە کرد، باسی نیاز و پلانی خۆمم بۆ کرد، بۆ سازکردنی بەڵگەفیلمێک، بە گەرمی پێشوازیی لە پلانەکەم کرد. دەنگێکی خەمگین قسەی لەگەڵ دەکردم، دەنگی لالە خۆی بوو، دەیگوت: بەداخەوە رۆژ بە رۆژ تەندروستیم بەرەو خراپی دەچێت.
 
بڕیاری رۆژی 10ی تەممووزی 2025 و رۆژانی دواترمان دا، تاوەکو کارەکەم تۆمار بکەین. بڕیارمان دا کارەکەمان هێدی هێدی تۆمار بکەین، بە چەند رۆژێک تاوەکو ماندووی نەکەین؛ بەڵام فریا نەکەوتین و لالەیش بەرانبەر بە باهۆزی مردن هەڵوەری. مردن لالەزاری تابلۆکانی لالەی پەژموردە کرد.
 
مانگی 8 چەند جارێک لەگەڵ مامۆستایەکی هێژادا بەڵێنی تۆماکردنمان گرێ دا، بەڵام نەخۆشی، مانەوە لە نەخۆشخانە و بەردەوام چوونە جەم نۆشدار هەموو ئەو دەرفەتانەی لێ شێواندین.
 
هاوینێک بۆ من و کارەکانم لە ئاوێکی وەستاوی شێلو دەچوو، ئاوێک نەمدەبینی چ لە بنیدا خۆی مات داوە. مردنەکان لەبەردەم کار و خەونی تۆمارکردن – هێشتنەوەدا، گلانی گەورەن بۆ ئەسپی خەیاڵ و هێڤی.
 
پاش ئەم خەمانە، برکوژانێکی دیکە، مردنی فرانک دیامانت "1939 - 2025" بوو، فرانک خەڵکی ئەمستەردام بوو. شاعیر و نووسەر بوو. جگە لەوە هەڵگری مێژووییەکی گرنگ بوو، مێژووی نکوڵیکردن و هەوڵی لەناودان، بەڵام مانەوە و نەمردن، بوو. لەگەڵ فرانک دەبوو مانگی 8 یەکتر ببینین و سەبارەت بە لێکس ئارۆنسۆن "1935 - 1975" هەڤپەیڤین ساز بکەین. سەرباری ئەوەی زۆر پێشتر رێکەوتبووین و دەیزانی دەچمە لای بۆ ئەمستردام، بەڵام تاوەکو گەیشتنم بە ئەمستردامیش فرانک هەر وەڵامی نەبوو، پاش ئەوەی چەند جار وەڵامی پەیوەندیی نەدامەوە، شەوێک لە رێگەی مەسنجەرەکەیەوە پەیامی مردنیم پێگەیشت. لارا خانی کچی نووسیبووی: سیروانی ئازیز، باوکم مرد.
 
مردنی فرانک، مردنی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی لێکس ئارۆنسۆن بوو. لێکس ئارۆنسۆن پیاوێکی خێرخوازی هۆڵەندی بوو، ساڵی 1974 - 1975 دێتە کوردستان، لە ناوچەکانی شۆڕش هاوکاریی خەڵکی سڤیل دەکات، بەڵام پاش کۆتایی شەڕ، لە بازگەی کەرکووک - چەمچەماڵ دەیگرن. بەعسییەکان پاش ماوەیەکی کەم ئارۆنسۆن لە دار دەدەن.
 
ئارۆنسۆن بە منداڵی لەگەڵ کەسوکاری دەکەونە کامپی کوشتنی جووەکانەوە، ئەو کامپانەی نازییەکان دایانهێنا؛ بەڵام لێکس و دایکی لەو مەرگەساتە رزگاریان دەبێت و پاش شەڕ دەگەڕێنەوە هۆڵەندا و ژیانێکی ئارامیان دەستپێدەکەنەوە.
 
لێکس بە 10 ساڵی و ساڵی 1945 لەدەستی نازییەکان رزگاری بوو، بەڵام ساڵی 1975 لە دەستی بەعسییەکان رزگاری نەبوو و کوشتیان.
 
ژیانی لێکس و هاتنی بۆ کوردستان لە پلانی ئێمەدایە بۆ سازکردنی بەڵگەفیلمێک، فرانکیش بەڵێنی هاوکاریی دابوو، فرانک هاوڕێی لێکس بووە، بەڵام مخابن فرانک مرد. لە ئەنجامی هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشیدا فرانکیش لەدەستچوو.
 
هاوینەکە ناخۆش و خەمگین بوو بۆ ئێمە، بێگومان ئەم مرۆڤانە هەر لەم کورتە نووسینەدا نا، بەڵکو لە تابلۆکانیاندا، لە وێنە و لە رەنگ و لە شیعرەکانیاندا؛ ئاکار و هەست و پەیامی گرنگی مرۆڤانەیان بۆ جێهێشتووین.
 
لالە عەبدە رەنگەکانی سرووشت و گوند و هیوای نیشتمانەکەی بەرجەستە دەکرد، کارامانە هانەسەی دەکردە بەریان.
 
لێکس ئارۆنسۆن هێشتا لەگەڵماندایە و دەمانەوێت میهرەبانیی وی بۆ کوردستان زیندوو بکەینەوە.
 
فرانکیش شیعر و وشەی دەکرد بە تانوپۆ بۆ نزیکبوونەوەی کولتوور و رەنگ و دەنگە جوداکان لە یەکدی.
 
ئەو مرۆڤانەی رەنگ و وێنە و وشە بە میرات بەجێدەهێڵن، دەنگی کاریگەر بەجێدەهێڵن، میراتێکی پڕ لە پەیامی جوانیی مرۆڤانە، مردنیان ئاسان نییە و لەگەڵ نەوەکاندا بەردەوام ئامادە دەبن، لە هەر پەڕینەوەیەکماندا بەسەر پردی وشە و رەنگی ئەماندا گوزەر دەکەین.
 
سوپاس بۆ ئێوە کە بەم ژیانەدا تێپەڕین و بڕێک جوانیتان پێ بەخشی.
 
یادی ئێوە بەخێر و هەناوی جیهان و ژیانیش پڕ بێت لە تیرێژی لێکتێگەیشتن و میهرەبانی ئێوەمانان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا