سازان یان لێکترازان؟

02-05-2024
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
هێندەی من لێرە لە واشنتن دی سی، سەیری رووداوەکانی کوردستان دەکەم و گوێم لە بەرپرسانی ئەمریکا و دیپلۆماتکارەکانی وڵاتانی دیکە سەبارەت بە کورد و کوردستان دەبێت، راستییەک هەیە گرنگە سەرکردایەتی کوردستان و کوردستانیان بەباشی بیزانن، ئەوەیش ئەوەیە؛ هەرێمی کوردستان بەرگەی لێکترازانێکی دیکە ناگرێت. ئینجا بۆ ئەمریکییەکان گرنگ نییە هۆکاری ئەو لێکترازانە پارتی دیموکراتی کوردستانە یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یان چ لایەنێکی نێوخۆیی یان دەرەکییە؛ ئەوەی گرنگە، خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش لایەنە سیاسییەکان لێی تێبگەن و بیبیستن ئەوەیە، هەر لێکترازانێک زیانی بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت و هێندەی دیکە زیان بە دۆزی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە و عێراق دەگەیێنێت، بە جۆرێک هاوپەیمانەکانیشمان ناتوانن فریامان بکەون و رێگەنەدەن بە پشتدا بکەوین.
 
ئەمە ئەو مەترسی و راستییەیە کە ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باشی لێی تێگەیشتووە، بۆیەش هەوڵێکی جیدی دەستپێکردووە تاوەکو لەجیاتی لێکترازان، سازان لەنێو لایەنەکاندا بکات و، قورسیش بێت، دەبێت بڕیارە دروستەکە بدات. 
 
هەڵبژاردن دەکرێت 
 
دەبووایە مانگی ئوکتۆبەری 2022 هەڵبژاردنی کوردستان بکرێت، چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەمریکا و تەنانەت نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی دیکەش لە واشنتن گفتوگۆم کردووە و پرسیارم کردووە؛ هەموو بۆچوونەکان ئەوەن، دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئازادانە نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن، نەکردنی هەڵبژاردن، گەورەترین زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی دەگەیێنێت.
 
 ئەگەر پرسیارەکەش ئەوەیە، بۆچی تاوەکو ئێستا هەڵبژاردن نەکراوە؟ لەم کاتەدا ئەمە پرسیارە جیدییەکە نییە کە دەبێت وەڵام بدرێتەوە، بەڵکو پرسیاری جیدی ئەوەیە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان نەک لاوازبوون و لێکترازانی زیاتر، هەر ئەمەش وایکردووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا چوارجار کات بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دیاری بکات. ئێستاش لەگەڵ هەموولایەنەکان هەوڵی جیدی بدات بۆ رێککەوتنێک تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکی رانەگەیێندراویش بێت، لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک کە هەموولایەنەکان تێیدا بەشداربن و نەبێتە هۆکاری لێکترازانی زیاتر؛ هەرئەمەش وایکردووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و چارەسەری ناکۆکی دووبارەبووەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و دەیەوێت ئەم قەیرانە سیاسیەی لە کوردستان هەیە، لە گەورەترین و گرنگترین پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی کوردستان دووربخاتەوە .  
 
دواخستنی هەڵبژاردن 
 
هەلومەجی سیاسی هەرێمی کوردستان و بەداخەوە دیموکراسیش لە هەرێمی کوردستان، ئەو هەلومەرجە و دیموکراسییە نین کە لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و دامەزراوەیی دا هەن. هۆکاری ئەمە زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە نەبوونی دەوڵەتێکی خاوەن سنوور و دەستوەردانی لایەنی دەرەکییە.
 
لەگەڵ ئەوەش دا، دۆستانی هەرێمی کوردستان هانی ئەوە دەدەن هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێت و ئەو هەڵبژاردنەش ببێتە هۆکاری بەهێزتربوون، بۆیەش ئێستا کە گفتوگۆی زۆر لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەو ئامانجەیە؛ یەکەم، هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن، دووەمیش هەڵبژاردنێک بێت ئازادانە و دادپەروەرانە و متمانەپێکراوبێت، لەبەرئەوە کاتێک لەم چەند رۆژەدا ئەو پرسیارەم، ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردەوە، لە وەڵام دا گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیگوتم ''ئێمە پێمانوایە رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دا گرنگە، بۆیەش ئەمریکا دژی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی کورت نییە، ئەگەر ئەم دواخستنە پێویستبێ بۆ گەیشتنە رێککەوتن''.
 
 ئەم وەڵامە و وەڵامەکەی ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ رووداو کە ئاماژەی بەوەدا، ئەوان ئاگاداری هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا بۆ بڕیاردان لە هەنگاوی داهاتوو لەبارەی هەڵبژاردن و دەیانەوێت ئەو هەوڵانە رێچکەی خۆیان بگرن، دەرخەری دوو راستی دیکەن؛ یەکەمیان، ئەمریکا مەبەستییەتی هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستان بکرێت، هەموولایەنەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پێکهاتەکانیشەوە تێیدا بەشداربن. دووەم، پشتیوانی لەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و بە ئاراستەی سازانی سیاسی هەنگاو دەنێت. 
 
بۆیەش ئێستا کە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت، بەهۆکاری ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، پردی پەیوەندی نێوان هەموو لایەنەکان دروست بکاتەوە و هەڵبژرادنێک بکرێت کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی کوردستان لەو چەقبەستوویەی ئێستا دەربخات، بەتایبەتیش کە دوای نەمانی پەرلەمان کوردستان لە بۆشاییەکی گەورەدایە. بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک بە مەبەستی بەشداری هەمووان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لایەنەکانی عێراق بەباشی لێی تێدەگەن. 
 
"با تەنیا تۆزێک یەکگرتووبن" 
 
لەوانەیە ئەم قسەیەم دەبارەبێت، بەڵام هەموو جارێک دەیکەمەوەو زۆر کەسی دیکەش ئەو قسەیەی کردووە، ئەویش بۆ ئەوەیە بە باشی لای لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بچەسپێت، قسەکەش ئەوەیە رۆژێک بەرپرسێکی باڵای ئێستای ئەمریکا و دۆستێکی نزیکی کورد لەسەر پرسی کورد لە عێراق و پشتیوانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیگوتم، ''بۆ هەبوونی ئەو پشتیوانییە، کورد پێویست ناکات هیچ بکات، با تەنیا تۆزێک یەکگرتووبن".
 
 ئەمە هەمان قسەیە کە ڤیکتۆریا تایلەر، بەرپرسی کاروباری عێراق و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دا پێیگوتم ''هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک بەهێزترە کە یەکێتی ئامانج لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دا هەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی سرووشتییە کە لە هەر وڵاتێکی دیموکراسی دا لەنێوان دوو حیزب دا کێبرکێ هەبێت، بەڵام هیوادارین هەردوو حیزبەکە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن تاوەکو بەرەنگاری هەندێک لەو هەڕەشە ئەمنی و ئابوورییانە ببنەوە کە ئێستا رووی تێکردوون''. 
 
لەبەرئەوە هەق نییە یەکێتی و پارتی ئەو کێشەیە هێندە زەق بکەنەوە، بەتایبەتیش کە هەردووکیان باش دەزانن، لەم قۆناخەدا هیچ کامیان بەبێ ئەوەی دیکە ناتوانێت بەتەنیا حوکمی کوردستان بکات و بەتەنیا بەرەنگاری ئاستەنگەکان ببێتەوە کە رووبەرووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. لەبەرئەوە با کێبڕکێ بکەن و هەوڵی بردنەوەی زۆرترین دەنگ بدەن، ئەمە شتێکی زۆر سرووشتییە، بەڵام بەهۆی هەلومەجی سیاسی و پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت یەکێتی ئامانج لە نێویاندا هەبێت، کەمێک پێکەوە بسازێن، لەجیاتی لێکترازانی زیاتر، خەریکی شەڕی مافە دەستوورییەکان بن لە بەغدا، نەک یەکتر لاوازترکردن و لاوازکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان، کە هەر دەسکەوتێک تاوەکو ئێستا بەدەستهاتووە، بەهۆی ئەو دووبەرەکییەی ئێستا رەنگە بە بڕیارێکی بەغدا لەباربچێت و پێویستی بە چەندین ساڵی دیکە دانوستاندن و هەوڵی پێکەوەیی هەبێت تاوەکو دەگەڕێندرێتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

کارگرووپ و نەوتی کوردستان

دواجار لە کەرتی خوارودەستی نەوت ( پاڵاوگە و کارگەی پێترۆکیمیایی)، کۆمپانیای کارگرووپ لەرێگەی دامەزراندنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاوی لە دابینکردنی جۆرەکانی سووتەمەنی، بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی لە 15 ساڵی رابردوودا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەبووە. بەو پێیەش لە پلەی یەکەمدا، کۆمپانیا کارگرووپ بووەتە کۆمپانیایەکی نەوتیی هەمەچەشن، کە هەر لە کەرتی باڵادەستی نەوتەوە تاوەکو خوارودەستی نەوت، خاوەن ئەزموون و شارەزاییە. تەنانەت بەرهەمهێنانی کارەبا نە تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق وەک بەسرە، کۆمپانیای کارگرووپی کردووەتە کۆمپانیایەکی بەتەواوەتی پسپۆری بواری وزە.