لاورا شرادەر؛ ئەو خاتوونەی 50 ساڵە دەنگی بێدەنگەکانە

03-11-2025
سیروان رەحیم
A+ A-
 
رێکۆ شارۆچکەیەکی دڵگیری سەر بە شاری جەنەوای ئیتاڵیایە. رێکۆ کە لە ئامێزی چیا سەوز و سەرکەشەکاندایە، شارۆچکەیەکە دڵ دەدزێت، بۆیە ئاوەدانە بە گەشتیاران. لەوێ خاتوونێکی هێژا، دۆستێکی گرنگی گەلی کورد و پرسی کوردستان بەسەر دەکەینەوە، لە رێکۆ دەچینە خزمەتی لاورا شرادەر.
  
جاری یەکەم ساڵی 2000 لاورا شرادەرم لە شاری تورینی باکووری ئیتاڵیا بینی، ئەو دەمە 25 ساڵ بوو لاورا دەربارەی کوردستان دەینووسی، ئەم ساڵیش تەمەنی نووسین، چالاکی و پشتگیریی لاورا بۆ کورستان بووە 50 ساڵ. 50 ساڵە لاورا شرادەر دەنگی گەلێکی بێدەنگە لە وەڵاتێکی گرنگی وەکو ئیتاڵیا. دەبوو لەم یادی 50 ساڵەی تێکۆشینی لاورادا بۆ کێشەی کورد و کوردستان بەسەر بکرێتەوە. منیش لەو بۆنەیەدا چەپکێ گوڵ و سوپاسی چیاکانی کوردستانم بۆ بردبوو. لاورا و لێنۆی هاوژینی یەکجار بەم بەسەرکردنەوەیەی ئێمە دڵخۆش بوون، رێزی زۆری ئەو هەستەیان گرتین و زۆر میهرەبان پێشوازییان لێ کردین. 
 
لەگەڵ لاورا هەڤپەیڤینێکی نایابمان تۆمار کرد، هەڤپەیڤینێک دەبێت بە ستوونی بەڵگەفیلمێک سەبارەت بە لاورا و چیرۆکی گەیاندنی دەنگی کورد بە ئیتاڵییەکان بە درێژایی 50 ساڵ. بەر لەوەی پرسیارەکانم ئاراستەی لاورا بکەم، ملوانکەیەک سەرنجی راکێشام، لەو بارەیەوە لێم پرسی، لاورا وەها وەڵامی دایەوە:
"هێمای کولتووری کوردییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئۆلی زەردەشتی، بە دروستی ئاهۆرامەزدا، هەمیشە لە ملمدایە. هەروەها دیاریی کوڕەکەمە. کوڕەکەم ناوی خۆیشی لەپشت هێمای ملوانکەکە نەخشاندووە. کوڕەکەم ساڵێک لەمەوبەر مرد. ئەمە هێمای ئایینێکە رێز لە ژن دەگرێت، سرووشتی خۆشدەوێت و نرخ بۆ کاری کشتوکاڵ دادەنێت". 

 

 
لاورا سەرباری ئەوەی زمانی کوردی نازانێت، بەڵام بەردەوام هاوکاری لە کوردانی ئیتاڵیا وەگرتووە، بەتایبەتی ئەوانەی بەمەبەستی خوێندنی زانستگە لەوێ بوون، لەو رۆژگارەدا کە زۆر سەخت بووە دەستی بە زانیاری دەربارەی کوردستان بکەوێت، ئەو فێرخوازانەی کوردستان سەرچاوەی گرنگ بوون بۆ لاورا و بەردەوام زانیارییان پێداوە. لاورایش زانیاری و بەسەرهاتەکانی بەزمانێکی شایستە داڕشتووەتەوە و خستوویەتییە بەردەم و دیدەی خوێنەری ئیتاڵی. لاورا لە گێڕانەوە و گەیاندنی ئازار و کولتووری کوردستاندا زمانێکی ئەکادیمی نا، بەڵکو زمانی گێڕانەوە و زمانی نەرمی بەکارهێناوە، ئەو دەڵێ، زمانی ئەکادیمی و بەرهەمی ئەکادیمی بەشێوەی بەرچاو بڵاونابنەوە. 
 
ئەو چونکە مەبەستی بووە چیرۆکی کوردستان بگەیێنێت بە زۆرترین کەس. کاتێک ئەم بەرانبەر بە کارەساتی تێکچوونی شۆڕشی کوردستان ساڵی 1975 راچڵەکیوە، خۆی دەڵێت؛ "ئەو رۆژگارە کێشەی فەڵەسین سەرتۆپی هەواڵ و راگەیاندنەکان بوو"، لاورایش وەکو نووسەری بواری گەشتوگوزار کاری کردووە، لەو رۆژگارەدا کۆتایی کارەساتباری شۆڕشی کوردستان دەیهەژێنێت. هەروەها بێدەنگیی خەمگینی نێودەوڵەتی بۆ کێشەی کورد. ئەم بێدەنگییە هۆکار دەبێت لاورا دەنگ هەڵببڕێت و ببێت بە دەنگی کوردستان. ساڵی 1975 یەکەمی وتاری خۆی دەربارەی کوردستان، کێشەی گەورەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنووسێت.
  
لەو بوارەدا لاورا دەڵێت، "کێشەی کورد گرنگ بوو بۆ من، هەستم بەو ستەمە دەکرد لە کورد دەکرا، ستەمێکی گەورە، هەوڵمدا هەر شتێک لە توانامدا هەیە بیکەم، بە لێکۆڵینەوە، بە سۆراخکردن و بە نووسین، بەر لە هەموو شتێک دەمویست ئەو کارە بکەم بۆ خۆم، لەو بوارەدا سوپاسبژێری هەموو ئەو کوردانەم هاوکارییان کردووم". لاورا وەکو رۆژنامەڤان جاری یەکەم لە هەشتاکاندا سەر لە کوردستان دەدات، لە باکوور ئەوە دەبینێت مرۆڤی کورد زمانی خۆی لێ قەدەخە کراوە، شۆکێکی گەورە دەبێت کە ئەو راستییە دەژی، میللەتێک ناتوانێت بە زمانی خۆی قسە بکات.

 

 
ساڵی 1991 راستەوخۆ پاش راپەڕین سەر لە باشووری کوردستان دەدات. بە چاوی خۆی دەبینێت بەعسییەکان چییان لە کوردستان کردووە، لە کاولاشی قەڵادزێوە تاوەکو هەڵەبجە دەبینێت. هەموو ئەو چیرۆکانە لە کتێبەکانی لاورادا باشتر چاپ و بڵاودەبنەوە. کتێبی هەیە سەبارەت بە کوردستان کە 200 هەزار دانەی لێ چاپ کراوە. ئەوەی لە ناو ئەو هەموو کارەساتەدا سەرنجی لاورا رادەکێشێت کۆڵنەدانی مرۆڤی کوردە، مرۆڤگەلێک لە کارەسات هەڵساونەتەوە، بەڵام بە گیانێکی پڕ لە بەرخۆدانەوە ئاهەنگیش دەگێڕن، گوێ لە مۆسیقا دەگرن و سەما دەکەن. کەرەستەی کتێبەکانی لاورا ئەو چیرۆکانەی کوردستان و مرۆڤی کوردن.
 
سەبارەت بە لاورا و کارەکانی نامەوێت لێرەدا زۆر شت هەیە بیڵێم، چونکە مەبەستمە هەموو زانیاری و دیمەنەکان لە بواری بینینی بەڵگەفیلمێکەوە تەماشا بکرێن کە تایبەتە بە لاورا شرادەر، کارێک لە داهاتوودا لە رووداو دەبیندرێت. خەمێکی قوڵ و گەورە بە قسە و بە سیمای لاوراوە هەست پێدەکرێت، ئەوە ئازاری لە دەستدانی کوڕەکەیەتی بەر لە نزیکەی ساڵێک. لاواندنەوەی کێشەی کورد بەس نەبوو بۆ لاورا، مردنی جگەرگۆشەکەیشی هاتە سەر. هاوبەشی خەمی تۆین ئەی دایکی ئازیز و میهرەبان.
 
لاورا شرادەر، ژنێکی بوێر و هۆشیار، نووسەرێکی ئازا، 50 ساڵ ژنێک قسە دەربارەی دۆزێک بکات، چەند گرنگە ژنێک قسە لەسەر کێشەی کورد بکات و سەبارەت بە دۆزی کوردستان بنووسێت. خاتوونێک پەنجا ساڵ ببێت بە دەنگی بێدەنگەکان. پاش تەواوبوونی کارەکەمان لەگەڵ لاورادا باوەشمان بەیەکدا کرد، ئامێزی تامی باوەشی دایکێکی یەکجار گەورەی دەدا، دەستیم ماچ کرد. لەوێ و لێرەیشدا گوتم و دەڵێم، سوپاس و خۆشەویستی لاورا خان. سوپاس بۆ مرۆڤبوونی تۆ، بۆ دەنگی تۆ. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.