بیروڕا
هاوار محەممەد یوسف، مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
کەواتە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەتوانێت دانیشتنێک ئەنجام بدات و لە بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران پاشگەز بێتەوە.
یەکێک لە بژاردە بەهێزەکانی بەردەستی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بە تایبەتیش دوای دوا گوتاری موقتەدا سەدر و پشتگیریکردنی لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسییە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و لە سەروشیانەوە هادی عامری کە لایەنێکی گرنگی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئێستا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە.
هەڵبژاردن چی دەگۆڕێت؟
زۆرجار باس لەوە دەکرێت ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، چی دەگۆڕێت؟ خۆ ئەگەر دەموچاوەکانیش بگۆڕێن، بەڵام عەقڵییەت و شێوازی بیرکردنەوە و ئەو داینەمۆیەی عێراقی پێ بەڕێوەدەبردرێت، هەمان ئەو میکانیزمەیە کە زاڵە بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی لە عێراقدا.
میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
دەستووری بەرکاری عێراق لە مادەی (64) دا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەستنیشانکردوە کە بریتین لە:
یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامەکانی هەڵدەوەشێتەوە لەسەر داوای سێیەکی (٣|١) ئەندامانی یان لە سەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران و بە رەزامەندی سەرۆککۆمار.
دووەم: سەرۆککۆمار لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەکات لە وڵاتدا لە ماوەیەکدا کە لە 60 رۆژ تێپەڕنەکات، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بەدەستلەکارکێشاوە دادەندرێت، بەڵام لە کارەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەڕێکردنی کاروباری رۆژانە.
ئەگەر لە روانگەی ئەم دوو مەرجەی کە دەستوور دیاریکردووە بڕوانینە ئەم پرسە، دەتواندرێت بە ئاسانی پەنا بۆ ئەم بژاردەیە ببردرێت و سەدریەکانیش لە خراپترین دۆخدا دەتوانن لە رێگەی سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی وەزیران کە مستەفا کازمی-یە و بەوە ناسراوە کە لە سەدرییەکان نزیکە ئەم کارە ئەنجام بدەن.
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و پرسی دادگەی فیدراڵی
دادگەی فیدراڵیی عێراق لە بڕیاری ژمارە (144/ئیتیحادیە/2021)دا، بە بیانووی هەبوونی چەند دەقێکی دژبەر و نەگونجاو لەگەڵ بنەماو چەند دەقێکی دەستووریی عێراق، بڕیاری داوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستە بەر لە ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، یاسای هەڵبژاردنی گشتی هەموار بکاتەوە بە تایبەت لە دەقی مادەی (46)ی یاساکە.
پرسی هەموارکردنەوە و دەستکاریکردنی یاسای هەڵبژاردن لە غیابی ئەندامانی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران تا رادەیەک ئەستەمە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە سەدرییەکان نەیێنە بن باری هیچ هەموارێک کە نەخشی خۆیان بە سەرەوە نەبێت، ئاشکراشە دەزگای هەڵبژاردنی رەوتی سەدر خودان شارەزایی و رۆڵی دیارن لەڕووی دانانی پلانی تەکنیکی و رێکخستن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و یاسای ئێستاش جێ دەستی ئەوانی بەسەرەوەیە، بۆ ئەمەش دەکرێت پشت بە پەیڕەوی ناوەخۆی نوێی دادگەی فیدراڵی ببەسترێت کە بە ژمارە (1) لە ساڵی (2022) دەرچووە و لە ماددەی (45) دا هاتووە کە: دادگە هەرکاتێک بە پێویستی بزانێت یان بەرژەوەندی دەستووری بخوازێت، بۆی هەیە بڕیارێکی پێشووی خۆی هەمواربکاتەوە کە پێشتر پەسەندی کردووە، بە مەرجێک ئەم هەموارە کاریگەری نەبێت بەسەر سەقامگیری یاسایی یان مافە دەستەبەرکراوەکان.
کەواتە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەتوانێت دانیشتنێک ئەنجام بدات و لە بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران پاشگەز بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ