تورکیا و ئێران دوو وڵاتی گرنگن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەڕووی مێژوو و کولتوور و نەریتی دەوڵەتییەوە. لەگەڵ لێکچوونی مێژوویی، رکابەریی جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەیە. جگە لەوەش پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا لەگەڵ ئەکتەرە جیهانییەکان داینامیکی کێبڕکێ و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتیش دیاری دەکات. تورکیا و ئێران نە دووژمنن و نە دۆست. هەماهەنگیی دیپلۆماسی و هەواڵگریی گرنگ لەنێوانیان دا هەیە، بەڵام هەردوولا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن. چەند داینامیکێکی ناوچەیی هەن کە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە داڕشتنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و رکابەری جیۆپۆلەتیکیی نێوان هەردوو وڵات.
داینامیکی سووریا
تورکیا و ئێران لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریا دوو سیاسەتی جیاواز لە یەکدییان هەبوو. تورکیا سنوورێکی 911 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریا هەیە. لەگەڵ دەستپێکی گرژییەکانی نێو سووریا و هاتنی پەنابەرێکی زۆر بەرەو تورکیا، تورکیا کەوتە ململانێی تووند لەسەر ئاستی زمانی زبری دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا، تا رادەیەک تورکیا گەیشتە هەوڵی خستی رژێمەکەی بەشار ئەسەد. بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتیی گرووپە میانڕەوەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکرد. لە بەرامبەردا ئێران دەمێکە هاوپەیمانی رژێمی بەشار ئەسەدە. رەوشی سووریا وای کرد ئێران زیاتر هەژموونی لەو وڵاتە فراوانتر بێت. گرووپە پرۆکسییەکانی ئێران لە سووریا زیاتر بوون، تەنانەت ئێران راوێژکاری سەربازی بۆ سوپاکەی ئەسەد دابین دەکرد. سووریا بە تەواوی ببووە گۆڕەپانێکی مانۆڕی سەربازیی ئێران، بەڵام ئامانجی ئێران زیاتر ئیسرائیل بوو نەک تورکیا. دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئێران یەکێک بوو لە وڵاتە شکستخواردووەکانی نێو سووریا. لە بەرامبەردا، تورکیا کە پاڵپشتیکاری بەرەو ئۆپۆزیسیۆن و سوپای نیشتمانیی سووریا بوو، بە کارەکتەرێکی براوە لە سووریا دەبیندرێت، بەڵام ئێران دەستبەرداری سووریا نابێت. سووریا وڵاتێکی گرنگە لە قوڵایی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران. بۆیە لە قۆناخی داهاتووی سووریا، ئێران بە دوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دیکەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریای تازە دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا دەتوانێت نێوەندگیری دیپلۆماسی بێت لەنێوان دیمەشق و تاران. لە بەرامبەردا تورکیا نایەوێت ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی "هەڵوێستی هاوبەش" بۆ پرسە ناوچەییەکان [لەوانەش پرسی کورد] پشت لە ئێران بکات، بەڵام بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی رابردوو تورکیا هەڵوێستێکی وریایانە بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر.
داینامیکی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق، کە بەندەری فاو لە رێگەی ئۆتۆبان و هێڵی شەمەندەفەر بە تورکیا و ئەورووپا دەبەستێتەوە، پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژیی ناوچەکەیە. تورکیا جگە لە سوودی ئابوری ئەو پرۆژەیە، بە گرنگیەوە دەروانێتە ئەو پرۆژەیە کە شارە ستراتیژیەکانی وەکو بەسرە، بەغدا و موسڵ دا رەتدەبێت، کە پەیوەندی مێژوییان لەگەڵ تورکیا هەیە. تورکیا پێی وایە لەڕیگەی پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژەیە جارێکی دیکە هەژموونی هێزی نەرمی لە عێراق زیاتر دەبێت. بۆیە ئۆمێدێکی زۆری بەو پڕۆژەیە هەیە. لەپاڵ ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرۆژەیە قەبارەی ئالوگۆری بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق بگەیەنێتە سەرووی 30 ملیار دۆلار. [قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ئێستا نزیکەی 20 ملیار دۆلارە]. لەو بارەیەوە تورکیا لە ساڵی 2024 کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی کەنداو کردووە کە هاوبەشی ئەو پڕۆژەیەن. ئەگەرچی لە رووکەشدا تورکیا ئەو پڕۆژەیە وەکو ئامرازێکی زیادکردنی هەماهەنگی ناوچەیی وەسف دەکات، بەڵام لە راستیدا ئەو پڕۆژەیە فاکتەرێکی گرنگە لە روانگەی باڵادەستی ناوچەیی. ئێران تائێستا دژایەتی ئەو پڕۆژەیەی نەکردووە. ئێران گرنگیی ئابووری و دەستکەوتەکانی ئەو پڕۆژەیەی لەبەرچاو گرتووە. ئێران ئۆمێدێکی هەبوو بە پڕۆژەی رێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی باکوور - باشوور (INSTC) کە ئێران بەشێکە لێی و لە هیندستانەوە بۆ رووسیا و ئەورووپا لە رێگەی ئێرانەوە تێدەپەڕێت، پێناچێت لەژێر بارودۆخی ئێستادا ئەو پڕۆژەیە کارا بکرێت. بۆیە ئێران نایەوێت کێشە بۆ پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دروست بکات، بەڵکو لە رێگەی ئەو هەژموونەی لە عێراق هەیەتی، دەیەوێت ببێتە لایەنێکی سوودمەندی ئەو پڕۆژەیە و رەنگە ئەو پڕۆژەیە زەمینەی لەیەکنزیکبوونەوە و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ئەنقەرە و تاران خۆشتر بکات.
داینامیکی رێڕەوی زەنگەزوور
رێڕەوی زەنگەزوور پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نێوان تورکیا و ئازەربایجانە، کە ئازەربایجان لەڕێگەی وشکانییەوە بە تێپەڕبوون بە هەرێمی ناخچیڤانی ئازەرییەوە بە تورکیا دەبەستێتەوە. رێڕەوی زەنگەزوور بابەتێکی دیکەی گرنگ بووە کە تورکیا و ئێران وەک دوو زلهێزی ناوچەیی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. ئێران کاردانەوەی ئەوپەڕی نەرێنی بەرامبەر دروستکردنی ئەو رێڕەوەی هەیە. ئێران دەیەوێت بەشێکی ئەو رێڕەوە بەنێو خاکەکەیدا رەتببێت بۆ ئەوەی ببێتە لایەنێکی سوودمەندی ئەو پڕۆژەیە، بەڵام هۆکاری قوڵ و ستراتیژی دیکەی گرنگتر هەن کە ئێران دژی ئەو رێڕەوە بێت. یەکێک لە هۆکارەکان ئەو رێڕەوە سنووری ئێران لەگەڵ ئەرمینیا جیا دەکاتەوە. ئێران نایەوێت سنووری خۆی لەگەڵ ئەرمینیا لەدەست بدات و بەمەش پەیوەندییەکەی لەگەڵ باشووری وڵاتانی قەوقاز لەدەست دەدات. لەو چوارچێوەیەدا ئێران ئەو پرسە بە پاراستنی سنوورە جوگرافییەکانی خۆی لێکدەداتەوە. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئێران زیادبوونی باڵادەستیی تورکیا کە وەک رکابەرێکی ناوچەیی دەبینێت و پەیوەندیی راستەوخۆی بە کۆمارە تورکەکانەوە بە پێشهاتێکی نەرێنی دەزانێت. هەروەها بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ رووسیا و کۆمارە تورکەکانی رۆژئاوای ئاسیا دەکەوێتە سەر ئەو رێڕەوە و بە ئێران دا رەتنابێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا هاتووچۆی بازرگانیی نێوان رووسیا و کۆمارە تورکەکان لەگەڵ تورکیا لە رێگەی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت. ئێران ناتوانێ هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ رێگریکردن لە پڕۆژەی رێڕەوی زەنگەزوور بدۆزێتەوە، تەنیا رەخنە و بەرهەڵستەکانی لە چوارچێوەی گوتاری "گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی هێڵی سووری ئێمەیە" دا کۆبووەتەوە، بەڵام واقیعی سەر زەوی لەسەر بنەمای یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە، نەک هێڵە سوورەکانی ئێران. رێرەوی زەنگەزور کە هێشتا تەواو نەکراوە، لە درێژ مەودادا فاکتەرێکی گرنگی ململانێی تورکیا و ئێران دەبێت.
داینامیکی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران
پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران پرسێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەیە و بۆ ئێرانیش لە درێژمەودا دا دۆسیەی سەرەکیی دانوستاندنەکانیەتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا. تورکیا هەمیشە هەڵوێستێکی روون و نەگۆڕی هەیە بەرامبەر بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. تورکیا پاڵپشتی لەوە دەکات کە دەبێت پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ مەبەستی ئاشتییانە پەرەپێبدرێت و دوور بێت لە مەرامی سەربازی. لە لایەکی دیکەشەوە دژی ئەو هەوڵانەی رۆژئاوایە کە سیاسەتێکی دووڕوو و دوو ستاندارد لە دژی ئێران لە پرسی ئەتۆمی دا پەیڕەوی دەکەن. تورکیا دژی ئەو ئابڵووقە ئابوورییانەیە کە بەسەر ئێران دا سەپێندراون. هەروەها دژی کردەی سەربازیی دژی ئێران و هەر سیاسەتێکی تووندە لەو رووەوە کە بەرهەمدار نەبێت و ململانێکانی وڵاتان لەگەڵ ئێران تووندتر بکات. سەرباری ئابڵووقەکانی سەر ئێران لە ماوەی رابردوودا، کۆمپانیاکانی تورکیا هەوڵیان داوە بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەن. لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆمپانیای تورکی خراونەتە لیستی تیرۆر بە بیانووی شکاندنی ئابڵووقەی ئابووریی سەر ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خولی یەکەم و لەو خولەی ئێستاش دا دژی رێککەوتنەکانی ئەمریکایە لەگەڵ ئێران، بەو پێیە رێککەوتنەکان گشگیر نین بۆ کۆنترۆڵکردنی توانای ئابووریی ئێران لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی و پاڵپشتیکردنی گرووپە پرۆکسییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە. بۆیە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران ئەگەری هەیە بەرەو سیاسەتی "زۆرترین گوشار" بچێت و ئابڵووقەکانی سەر ئێران تووندتر بکرێن. ئەمەش لەلایەک زیانی گەورە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران دەگەیێنێت، لە لایەکی دیکەوە ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کە بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران روویان لە تورکیا کردووە، زیاتر ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ