هەمواری بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق و پەندەکەی پیرەمێرد

05-02-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
یاسای بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق، ساڵێک کاتی خایاند تاوەکو ئامادەکرا. لە نێوەڕاستی 2023 پەسندکرا و هێندە ناڕێک بوو فریای 2023 نەکەوت. ساڵی 2024یش بەوە تێپەڕی، کە چۆن هەمواری بکەنەوە. دواجار دەنگدان بە هەموو مادە و بڕگە هەموارکراوەکان کەوتە ساڵی 2025. تاوەکو رێکارەکانی جێبەجێکردنی هەموارەکەش دەگیرێتەبەر، 2025 کۆتایی پێدێت. بەوپێیەش کاریگەری نامێنێت و ناکرێ کاری پێبکرێت. هەموارەکە بەشێکی پەیوەستە بە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە و فرۆشتنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە. تاوەکو کۆمپانیا نەوتییەکان بەخۆیان دەکەون و بەرهەمەکەیان زیاد دەکەن و رێککەوتنی نوێ دەکەن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کاتێکی زۆری پێویستە. ئەوەش پەندەکەی پیرەمێردی شاعیر بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت، "بەردێ نەزان بیخاتە ناو ئاو، دەرنایە بەسەد عاقڵی تەواو." بەڵام لە زۆر لایەنەوە، پەسندکردنی هەمواری ماددەی 12ی بودجە، خاڵێکی گرنگە بۆ کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی 3ـی ساڵی 2023ـوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا و پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شۆکێکی گەورە بووەوە. لە مانگی 2ـی ساڵی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناوبرد و رێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی لە سەرەتای 2023دا دادگای ناوبژیوانی پاریس سکاڵایەکی کۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت، لە قازانجی حکومەتی عێراق یەکلایی بکاتەوە.
 
کاتێک پەرلەمانی عێراق لە مانگی شەشی ساڵی 2023، بودجەی سێ ساڵی پەسندکرد، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق کەمترین تێبینییان هەبوو لەسەر بڕگەی (ج) لە مادەی 12 کە پەیوەست بوو بە چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەبری رادەستکردنی نەوتەکەی بە سۆمۆ. بڕگەکە داینابوو تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتە پێوەر کە نزیکەی شەش تاوەکو حەوت دۆلار بوو. هەرێمی کوردستان لەبەر جیاوازیی سیستمی گرێبەستەکانی نەیدەتوانی بەو تێچووە نەوت بەرهەمبهێنێت و رادەستی بەغدای بکات. پەرتەوازەیی لایەنە کوردستانییەکان لە کاتی پەسندکردنی بودجەی 2023دا، بووە هۆکار کە خراپترین بڕگە و مادە بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنرێت. سەرەڕای ئەوەش، دوای پەسندکردنی بودجەی 2023، لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەستکەوت ناوزەدیان کرد و لەسەر تەلەڤزیۆنەکان دەیانگوت لەوە بەدواوە تریلۆنەها دینار بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە رەوانە دەکرێت، بەڵام وادەرنەچوو، بودجەکە هێندە خراپ بوو کە دادگەی فیدراڵی عێراق دەبوو بڕیارێک دەربکات بۆ دەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە. هەروەها حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەیان جار کۆبوونەوە و هەوڵێکی زۆریان دا تاوەکو پەرلەمانی عێراق بە راستکردنەوەی چەند بڕگەیەک و لە راستیدا چەند وشەیەکی ناو یاسای بودجە سێ ساڵییەکە رازی بکەن. 
 
بە گوتەی فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەغدا ئەگەر بیەوێت هێندە بۆمبی دیکە لەناو یاسای بودجە و تەنانەت هەمواری یاسای بودجە و خشتە نوێیەکانی بودجەدا هەیە، کە هەر دەتوانێت ناردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان پەکبخات.
 
کێشەکە ئەوەیە لە بنەڕەتدا عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی ناوێت. ناتوانێت بە ئاسانی قبووڵی بکات، کە دەتوانێت لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کەڵک وەرگرێت. ئامادەیە گازی سرووشتی لە دەرەوە هاوردەبکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە هەبوونی یەدەگێکی زەبەلاحی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستاندا بنێت. هەر لەبەر ئەوەشە پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی 20 ساڵە پەکخستووە. بەغدا نە دەیەوێت رێککەوتن لەسەر داڕشتنی پڕۆژەیاسایەکی لەو چەشنە بکات و نە دەشیەوێت یاسایەکی واش هەبێت، کە دەسەڵاتی هەرێمەکان دیاری بکات لە کەرتی نەوتدا. بەغدا لە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گاز بڕوای بە ناوەندگەرایی هەیە. جێگەی سەرسووڕمان نەبوو کاتێک لە مانگی دووی ساڵی 2024، دووبارە دادگەی باڵای عێراق بڕیاری دەرکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو داهاتە نەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات.
 
ئاسۆیەک بۆ بووژانەوەی پیشەسازیی نەوت
 
ئەگەر بە هەر هۆیەک بێت، بۆ نموونە ئەو گۆڕانکارییانەی لە دوای شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویانداوە، بەتایبەتی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، حکومەتی عێراق نیازێکی هەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکانی نێوانیان رێکبکەوێت و بوار بۆ بووژانەوەی هەرێمی کوردستان برەخسێت، ئەوا ئەگەری هەیە رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
 
لە کۆتایی 2024 و سەرەتای ئەم ساڵەوە، دوو بڕیاری گرنگی یاسایی دەرچوون کە خەریکە رێگە بۆ کرانەوەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان خۆش دەکەن. یەکەمیان بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەی عێراقە کە تانەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە و گرێبەستی نۆ کۆمپانیای نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسایی ناوبرد. بڕیاری یاسایی دووەم لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە درا، بەوپێیەی میکانیزمێکی نوێی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات. کۆمپانیا نەوتییەکان دەتوانن وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگەکانیاندا بکەن و بەخێرایی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان بەرزبکەنەوە بۆ نزیکەی 400 هەزار بەرمیل. دانانی کۆمپانیایەکی راوێژکاری بۆ هەژمارکردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتیش دەتوانێت کۆمپانیاکان هانبدات بەردەوام بن لە وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
 
بەربەستەکان
 
بە رێکەوت هەر کاتێک هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی بۆ رەخساوە بۆ هەناردەکردنی نەوت یان فرۆشتنی نەوت، نرخی جیهانیی نەوت لە دابەزیندا بووە. هیچ یەک لە بانک و ناوەندە داراییە گەورەکانی جیهان پێشبینییەکی باش بۆ نرخی نەوت لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا ناکەن. بانکی جیهانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی گۆڵدمان ساکس و بانکی جەی پی مۆرگن، پێشبینییان کردووە نرخی نەوتی برێنت لە ئەم ساڵ و ساڵی دهاتوو زیاتر نابێت لە 75 دۆلار. ئەگەر برێنت بە 75 دۆلار بێت، بەو مانایەیە کە نرخی تێکڕای نەوتی عێراق نزیک یان کەمترە لە 70 دۆلار کە لە بودجەدا دانراوە و بەپێیەش عێراق رووبەڕووی کورتهێنانی بودجە دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەپێی دوایین رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، عێراق تاوەکو مانگی سێی ئەم ساڵ بۆی هەیە تاوەکو چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و لەوە بەدواوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دەتوانێت مانگانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی خۆی زیاد بکات و ئەوپەڕی بیگەیێنێتە چوار ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل. 
 
دابەزینی نرخی نەوت کۆمپانیاکان لە وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگەکان پاشگەزدەکاتەوە. بەربەستەکانی ئۆپێک پڵەسیش کێشە بۆ عێراق دروستدەکات و سستی دەکاتەوە لەوەی کە بەردەوام بێت لە زیادکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە تێچووەکەشی بۆ عێراق زیاتر دەبێت بەراورد بە کێڵگەکانی دیکە لە باشووری ئەو وڵاتە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حوسێن عومەر

بچنە دیمەشق

رێککەوتنی رۆژی 10ی ئەم مانگە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک رێککەوتنێکی پرەنسیپی دێتە بەرچاو بۆ گفتوگۆیەکی فراوان و درێژ، بەڵام زەوینەیەکی گونجاوی کارکردنی هاوبەشی سیاسی بۆ هەموو لایەک کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخێکی کۆمەڵایەتی زۆر باشی هێناوەتەکایەوە کە رادەی یەکتر قبوڵکردنی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریادا زۆر بە باشی کردووەتەوە.