مەگری کچەکەم با دووژمنانمان دڵخۆش نەبن!

06-06-2025
کاوە ئەمین گوڵچین
A+ A-
 
لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوو دا، دەوڵەتی عێراق بە پشتیوانی راستەوخۆی هێزی هەوایی بەریتانیا بۆ سەرکوتکردنی جەنگاوەرانی بارزان و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە کە لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان هۆزەکان و ئایینەکان (موسڵمان، مەسیحی و جوو) دامەزرابوو، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر دەڤەرەکە. هەرچەند لە ماوەی دوو بۆ چوار ساڵ دا جەنگاوەرانی بارزان توانییان بەرخۆدانێکی قارەمانەنە بنوێنن، بەڵام فڕۆکەکانی ئینگلیز زۆر بێ رەحمانە تەڕو وشکی دەڤەرەکەیان پێکەوە دەسووتاند، ئەوەش تەرازووی هێزی گۆڕی، بۆیە بەشێک لە خەڵکی دەڤەرەکە لە نێویاندا خودانی بارزان شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمر بۆ ئەوەی ناوچەکە لە سووتماکی سەراتسەری بپارێزن، دوای پرس و راکردن روویان کردە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەرچەند تورکیا هەندێک بەڵێنیان بە بارزانییەکان دابوو، بەڵام هێشتا لە دەڤەری شەمزینان بوون کە شێخ ئەحمەدیان لە خەڵکەکە جیا کردەوە و رەوانەی ئەنکارایان کرد. تورکیا شێخ ئەحمەدیان تەسلیمی عێراق کرد و لە موسڵ زیندانی کرا.
 
بەڵام مەلا مستەفا بارزانی بە هەر جۆرێک بوو، بە هاوکاری کوردانی باکووری کوردستان خۆی گەیاندەوە ناوچەی بارزان و سەرکردایەتی ئەو سێ سەت کەسەی کرد کە پێشتر لەلایەن قارەمانی ئەفسانەیی خەلیل خۆشەوییەوە سەرپەرشتی دەکران و جارێکی دیکە چەخماخەی شۆڕش و بەرەنگاری لێدایەوە . 
 
دەوڵەتی عێراق کەوتە تەنگاسییەکی گەورەوە بۆیە داوای لە خودانی بارزان کرد ئەگەر مەلا مستەفا وەکو شاندێک بێتە موسڵ ئەوا گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن و بۆ چارەسەری کێشەکە هەموو بەڵێنێکی پێدەدەن، بەڵام کاتێک مەلا مستەفا دەگاتە موسڵ دستەبەسەر دەکرێت و لەگەڵ شێخ ئەحمەد نەفی دەکرێت بۆ شاری بەسرە و پاشان بۆ شاری سلێمانی.
 
بزووتنەوەی بارزان بەسەرپەرشتی خەلیل خۆشەوی بە سێ سەت پێشمەرگەوە دوای دەستگیرکردنی مەلا مستەفا درێژەی دەبێت و چەندین هێڕشی گەورە لە دژی عێراق دەکەن، بەشێوەیەک کە بەغدا سەری سووڕ دەمێنێت، ئاخر خەلیل خۆشەوی و هاوڕێیەکانی پەروەردەی دەستی خودانی بارزان و مەلا مستەفا بوون، دەستکراوەبوون بۆ هەموو جوڵەیەکی سەربازی لەپێناو پاراستنی کورد و کوردستان دا.
 
دەوڵەتی عێراق  دەست دەداتە پیلانێکی نەگریس بۆ لە داوخستنی خەلیل خۆشەوی و هەڤاڵانی، لەلایەک لە رێگەی هەندێک سەرۆک خێڵی خۆفرۆشی کوردەوە کە شارەزایی تەواویان لە ناوچەکە هەبووە، لەلایەکی دیکەوە دەستەودامانی ئینگلیز و تورکیا بوون بۆ بەهاناوە هاتنیان، ئەوانیش درێخیان نەکرد. سەرەتا حوکمی عورفیان خستە سەر ناوچەکە و پاداشتێکی (پێنج هەزار دینار)ی ئەوکاتەیان دیاریکرد بۆ هەر کەسێک کە شوێنی خەلیل خۆشەویان پێبدات.
 
دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەکی تووند گەمارۆی خستە سەر گوندەکان و رێگەی هەموو جۆرە پێداویستییەکی لە خەڵک گرت، ئەمەش وایکرد خەلیل خۆشەوی و هەڤاڵەکانی نەتوانن بە ئاسانی خواردن و پێداویستی خۆیان بەدەستبێنن، بۆیە داوایان لە هەندێک سەرۆک خێڵی خۆفرۆشی کورد کرد کە هاوکاریان بکەن، سەرەتا بۆ فریودان و بڕوا پێکردنیان سەری بەڵێیان بۆ لەقاندن، بەڵام لەژێرەوە پەیوەندییان بە دەوڵەتی عێراقەوە کرد و ناجوامێرانە ئەو ئەشکەوتەیان بۆ دەستنیشان کردن کە خەلیل خۆشەوی و هەڤاڵەکانی خۆیان تێدا شاردبووەوە و هەر خۆیان پێشیان کەوتن، بەوشێوەیە دوای بەرەنگاریەکی قارەمانانە هەموویانیان شەهید کردن، لەهەمووشی خەمناکتر ئەوەبوو سەری خەلیل خۆشەوی و براکەی بەناوی سەلیم لە لاشەکانیان جیادەکەنەوە وەکو دیاریەک دەیبەن بۆ بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق.
 
ئەفسەرە عێراقییەکان بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی خەلیل و براکەی کوژراون، دایکی خەلیل و سەلیم و ژنەکەی خەلیل و دایکی تەیمەز ئارەب کە دواتر بووە فەرماندەیەکی ئازا و، کەسێکی نزیک لە ژەنەڕال بارزانی، دەبەن بۆ سەیرکردنی سەری بڕاوی شەهیدەکان بۆ ئەوەی شایەتی بدەن کە خەلیل خۆشەوی شەهید بووە. دایکی خەلیل زۆر قارەمانانە رووبەڕووی ئەو ئەفسەرە رەگەزپەرسەتە عەرەبە دەبێتەوە کە دەیەوێت سووکایەتیان پێبکات و پێیدەڵێت: من دەزانم کوڕەکانم شەهید بوون، ئەوەش شانازییەکی گەورەیە بۆ من! ئەفسەرە عەرەبەکە بەو هەڵسوکەتەی دایکی شەهیدەکان تووڕە دەبێت و داوا دەکات سەری بڕاوی دوو برا شەهیدەکەی بۆ بێنن تاوەکو دایکی خەلیل و ژنەکەی بیانبین. ژنەکەی خەلیل خۆشەوی خۆی بۆ راناگیرێت و دەست بە هاوار و گریان دەکات، بەڵام دایکی خەلیل رووی تێدەکات و دەڵێت: کچم مەگری، چۆن دەبێت دڵی دووژمن بە خۆمان خۆش بکەین! بۆیە وەکو ژنێکی قارەمان روو لە ئەفسەرە عەرەبەکە دەکات و پێیدەلێت، نەکەن دڵی خۆتان خۆش بکەن و وابزانن بە کوشتنی کوڕەکانم کۆتایی بە شۆڕش دەهێنن، دڵنیاتان دەکەمەوە کە زۆر ناخایێنێت مەلا مستەفا دەگەڕێتەوە و ئەو هەقەتان بەسەرەوە ناهێڵێت!
 
دایکی خەلیل خۆشەوی داوا لە ئەفسەرەکان دەکات کە کەمێک کەرامەتتان هەبێت سەری بڕاوی کوڕەکانم بدەنەوە با بە دەستی خۆم بیانێژم، بەڵام ئەفسەرەکان رەتیدەکەنەوە و بە لێدان و پاڵپێوەنان دەیانکەنە دەرەوە. دواتر لەلایەن موختاری شیروان مەزنەوە سەری براکان بە خاک دەسپێردرێت.
 
ئەمە یەکێکە لەو بەسەرهاتانەی کە لە یادەوەرییەکانی تەیمەز ئارەب بەناوی (رێگای دژواری سەربەخۆیی لە بیرەوەرەییەکانی تەیمەز ئارەب دا) بڵاوکراوەتەوە کە لە لایەن سیامەند سێلکییەوە ئامادەکراوە.
  
کورد رووبەڕووی دووژمنێکی غەدار بووەتەوە کە نەوە دوای نەوە دڕتر و نامرۆڤانەتر خۆیان دەنوێنن، بەشێوازی جۆراوجۆر ویستویانە کورد لەنێوبەرن، هەرچەندە کوردیان زۆر ماندوو کردووە، بەڵام نە کورد لەنێوچووە و نە ئەوانیش چێژیان لە ژیانیان بینیووە و دەبینن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.