من و عێراق

06-10-2025
نازەنین گۆران
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراق دا، ئەیلوولی ئەم ساڵ لەگەڵ ستافێکی تۆڕی میدیایی رووداو، رێگەی بەغدامان گرتەبەر. ئامانجمان تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەدیاریکراوی لەگەڵ ئەو گەنجانەی بۆ یەکەم جار مافی دەنگدانیان هەیە. رووداو ویستی بزانێت نەوەی نوێ چۆن لە هەڵبژاردن دەڕوانێت و چۆن بەربژێرەکانیان دیاری دەکەن.
کاتێک گەیشتینە بەغدا، یەکەم دیمەن بریتی بوو لە: شەقامی ناڕێک، قەرەباڵخییەکی بێسنوور، زبڵ و خاشاکی زۆر.  هاوکارێکمان کە یەکەم جار بوو سەردانی بەغدا بکات، بە شۆکەوە گوتی: "ئەمە ئەو بەغدایەیە کە باسی دەکەن؟."
 
من لە (مەدینە سەدر)ی بەغدا لەدایکبووم، بەڵام ناسەقامگیری دۆخی بەغدا وایکرد لە ساڵی 2007ـەوە بێینە هەرێمی کوردستان. ئەوەی لێرەدا دەیگێڕمەوە، بەبێ هیچ زیاد و کەمێک. هەرچەندە ساڵی 2023 بۆ سەردانی ماڵی مامم گەڕابوومەوە، بەڵام ئەو کاتە تێکەڵی شەقام و ژیانی گشتی نەبووم. ئەم جارە جیاواز بوو.
 
لە بەغدا بێزاری و بازاڕی دەنگەکان
 
ئەوەی ئەم جارە لە زۆرینەی شوێنە گشتییەکان دا تێبینیم کرد، بێزارییەکی قووڵی هاووڵاتییان بوو بەرامبەر بە پرۆسەی هەڵبژاردن. ئەو دیمەنە ئاماژەیەکی روونبوو بۆ کاڵبوونەوەی هیوا بە گۆڕانکاری لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە.
 
سێ چینی توێژی دەنگدەران لە پایتەخت
 
 کەمینەی دەنگدەر: ئەوانەی دەیانەوێت دەنگبدەن. زۆرینەی گەنجەکان بە وردی نازانن بۆچی دەنگ دەدەن؛ هەندێکیان تەنیا دەیانەوێت پرۆسەکە تاقیبکەنەوە، هەندێکی دیکە دەیانگوت "بۆ دابینکردنی هەلی کار دەنگ دەدەین."
 
بایکۆتکارانی سەدر (المقاطعون): لایەنگرانی رەوتی سەدر کە ناویان لە خۆیان ناوە "مقاطعون". گەنجەکانیان تێناگەن بۆچی دەنگ نادەن، تەنیا یەک وەڵامیان هەیە: "قائید چی بڵێت، ئەوە دەکەین." تەنانەت مێردمنداڵی 13 بۆ 16 ساڵی هەبوون فێری ئەو قسەیە کرابوون. ژمارەیان بەڕاستی زۆرە.
 
بێ هیواکان: ئەمانە زۆرینەیەکن بڕوایان وایە دەنگدان هیچ لە بارودۆخی ئەوان و پایتەختەکەیان ناگۆڕێت و بەشداری ناکەن.
 
بازاڕی شۆرجە و نرخی دەنگەکان:
 
کڕین و فرۆشتنی دەنگ لە عێراق دا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام لە بەغدا دیمەنەکە جیاوازتر بوو. لە بازاڕی گەورەی شۆرجە، کە بازاڕێکی کۆفرۆشییە، کاتێک لە گەنجانم پرسی: "ئەرێ کڕین و فرۆشتن بە دەنگەوە دەکرێت؟"، بە تووڕەییەوە دەیانگوت: "ئەم پرسیارە بۆ دەکەیت؟ ئەمڕۆ لە عێراق کێ کڕین و فرۆشتن بە دەنگ ناکات؟".
 
وەڵامەکان سەبارەت بە هۆکار و نرخ جیاواز بوون:
 
- "دەنگم دەفرۆشم بە 50 هەزار، لە هەڵبژاردنێکی بێسوود باشترە."
- "بە 150 هەزار دەنگم فرۆشت و کرێی خانووەکەم دا."
- هاوڕێ کامێرامانەکەم گوتی یەکێکیان گوتوویەتی: "بۆ چاککردنی تایەی ئۆتۆمبێلەکەم دەنگم فرۆشتووە."
 
لەچکی زۆرەملێ 
 
ئەزموونی من لە نەجەف وەک دیمەنی نێو فیلم بوو، نەک کەتوار (واقیع). هەرچەندە قەمیسێکی رەشی داپۆشراوم پۆشیبوو وەک رێزێک لەو کولتوورە، بەڵام لە شەقامێکی گشتی دا، من و ستافەکەم رووبەڕووی دەمەقاڵێیەکی تووندی ژن و مێردێک بووینەوە، تەنیا لەبەرئەوەی بێ لەچک بووم. ئەوان بە پەرۆشێکی ئایینییەوە هاواریان دەکرد. خۆم وا نیشاندا تێناگەم، بەڵام لە هەموو وشەیەکیان تێدەگەیشتم.
ناچار لە پەنای دارێک دا چاوەڕێی هاوکارێکم بووم تاوەکو لەچکێکم بۆ بکڕێت. پێش گەڕانەوەی، پۆلیسێک هات و پێیگوتین خەڵک سکاڵایان کردووە لەسەر بوونی کچێکی بێ لەچک. پێمگوت من لە شەقامێکی گشتیم نەک مەزارگە، بۆچی دەبێت بیکەم؟ بە تووندی گوتی: "دەبێت بیکەیت."
 
وەک رۆژنامەڤانێک، دەبێت بەڵگەم هەبێت، بەڵام پێموایە چاوەکانم باشترین بەڵگەن. لەو شارە "پیرۆزە"دا، فارس و زیارەتکاری ئێرانی زۆربوون.
 
بۆ ئەوەی بە ئازادی بەرنامەکەمان تۆمار بکەین، چووینە کافتریایەکی داخراو. لەوێش داوایان لێکردم لەچک بکەم. کە رەتم کردەوە، وەڵامی پرسیارەکەم وەرگرت. گەنجێکی کارمەند پێیگوتم: "بەپێی بڕیارێکی نوێی ئەمنی گەشتیاری، دەبێت هەر کەسێک دێتە خاکی نەجەف، لەچک بکات."
 
دوای دەمەقاڵییەکی زۆر، بە بیانووی ئەوەی کەناڵەکەمان پەخشی لە نەجەف نییە، رێگەیان پێداین کار بکەین. نەک تەنیا لەچک، بەڵکو داوای عابای رەشیشیان دەکرد، کە ئامادە نەبووم بیپۆشم. لەکاتێکدا من کچێکی باوەڕدارم، بەڵام هەرگیز کاری زۆرەملێم قبوڵ نەکردووە.
لە تەنیشتمەوە ئاهەنگی لەدایکبوون و میوزیک هەبوو. بە گاڵتەوە گوتم: "ئەی میوزیک 'حەرام' نییە؟ یان لێرە تەنیا قژی من حەرامە؟".
 
فەللوجە: ترافیک لایتی بێ کێشە
 
نامەوێت وادەربکەوێت کە پشتگیریی سوننە دەکەم، بەڵام بۆ ئەوەی بزانیت پارێزگا سوننەکان چەند جیاوازن، تەنیا پیاسەیەک بەوێدا بەسە. شەقامەکانیان خاوێنن، ترافیک لایتی بێ کێشەیان هەیە، خەڵکەکەی بێ کێشە بوون لەگەڵمان.
 
کوردستان: نیعمەتێک لەنێو کەتوارێکی سەخت دا
 
هەرچەندە بەغدا شاری لەدایکبوونمە و یادگاری جوانی منی تێدایە، بەڵام هەر کە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین، سوپاسی خودام کرد کە لە هەرێمی کوردستان دەژیم.
راستە، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەندێ لە کاربەدەستان بێزارن. مافی تەواو دەدەم بەو فەرمانبەرەی دەڵێت "ئەگەر سێ مانگ مووچە وەرنەگرم چۆن بژیم؟" و ئەو گەنجەی دەڵێت "کارم دەستناکەوێت." برا و کەسوکاری منیش بەشێکن لەم چینە، بەڵام بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئێمە لە نیعمەتێکی گەورەداین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

کێ دەزانێ! رەنگە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات، کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە.