مس بێڵی نوێ هیچ رانەڕێیەک بۆ نشێو ناهێڵێتەوە!

06-11-2023
ماجید نووری
A+ A-
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەبێ ئاگاداریی حكومەت بە گۆپاڵە دارینەوە لە عێراق دابەزی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریکا بەبێ ئاگاداریی ئەسەد لە سووریا دابەزی، ئەم دوو سەردانە هاوكوف بوون بەو سەردانە فەرمییەی ئەو دواییانەی ئەولیا و پیاوخاسێكی وەك ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە هەر سێ سەردانەكاندا كۆمەڵێك پەیامی قەند ئاسا ئاراستەی بەرەی مقاوەمەت كراون، كە چیدیکە شاخەڵیان لە باوەش پێ ناگیرێت.
 
رۆمانۆوسکی كە وەك حاجی لەقلەقی یەكپای سپی هەمان باڵندەی پەیامهێنە، پانتۆڵێكی جینزی لەپێدایە و بە هەمان تۆن و پێگەی مس بێڵ دەدوێت، لێوی نیگەرانی دەبزوێنێ و ناڕاستەوخۆ بە عێراقییەكان دەڵێت لەوەندە زیاتر پێ لە كەوش دەرمەهێنن و لە قارا خۆ مەتەقێنن و چاوشاركێمان لەگەڵ مەكەن، لەگەڵ رێكخستنەوەی نوێی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناویندا هاوئاهەنگمان بن، گوێقوڵاغی ئەو بڕیارانەش بن كە پێش مانگێك لەمەوبەر لە (لووتكەی ئاساییشی ئەبوزەبی)دا بۆ هەمان مەبەست دەرچوێنران، ئەمە نووشتەی نووسراوی سەر ئێسكی پەپوولە سلێمان بە خوێن نییە و هەرگیز نابێت كلكەكانی موقاوەمەت وەك حەماس بن، كە خەو لە چاوی دۆستانمان دەزڕێنن و لەسەر كوشتنی منداڵان هەلهەلە لە كۆڵانان لێ دەدەن و دواتر خەڵكی سڤیلی خۆیان دەكەنە قەڵخان، بە دەم لە دایكبوونی بەرەی هاوپەیمانی میسا مەبنە بیبەری تفت.
 
میسا لە هەر شەش وڵاتە بچووکەكەی كەنداوی عەرەبی و شانشینی ئوردن و كۆماری میسر و ئیسرائیل پێك دێت، ئەو بەرەیە لە خۆرهەڵاتی ناویندا لە شێوەی بەرەی ناتۆیەكی عەرەبیە و ئێستا لە بواری تەمەنیدا گاڵەیەتی، هەر بە سپۆنسەریی ئەمریکا و بەریتانیا هەڵدەتۆقێت، ئەو بەرەیە لە ناو چوار دیواری دوو ژووری ئۆپەراسیۆن سەركردایەتی دەكرێت، كە بریتین لە ژووری ئۆپەراسیۆنی مەسقەت، كە سەرپەرشتیی كاروباری ئابووری و سیاسی و ئاساییشی وڵاتانی كەنداوی تێدا دەكرێت، دووەمیشیان ژووری ئۆپەراسیۆنی ئەمەریكی- بەریتانییە لە شانشینی ئوردنیدا سەرپەرشتیی راستەوخۆی كاروباری وڵاتانی ئوردن و میسر و عێراق و كوەیت و ئیسرائیل دەكات، ئەمە مژدەی رێكخستنەوەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوینە، لەبەر پارێزگاریكردن لە چنینەكەی، ژمارەیەكی زۆری سوپای ئەمریکا لە سعودیە و كەنارە ئاوییەكانی یەمەن و پارێزگای مەهرەی یەمەنی (كە تاقە دەروازەی حوسیەكانە لە رووی شانشینی عومان) و وڵاتی ئوردن و باكووری كوەیت و هەندێك شوێنی دیکە جێگیر كراون، تێیدا دەیان پۆل لە فڕۆكەی هێرشبەری ئێف شازدە بۆ ریشەكێشكردنی هەر سەركێشیكارێك خراونەتە ئامادەباشییەوە.
 
بەر لە دروستكردنی میسا، لە پشتەوە نەخشەی ئازەربایجانیش دەسكاری كراوە، پاش دابەشكردنی هەموو رۆڵەكانی شانۆگەرییە نوێیەكە، ئینجا ئۆستنی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێكی نافەرمی هاتە عێراق و بە حكومەتی عێراقی گوت ((رۆڵەكان هەمووی دابەشكران و نمایشەكە لە دەسپێكدایە و چیتر چاوەڕێی كشانەوەی ئەمریکا مەبن، ئەگەر لە رووتان نایەت ئەمە بە گەلی عێراق بڵێن، ئەوا ئامادەم لەبری ئێوە ئەمەیان پێ رابگەیێنم و بلیتی هاتنە ژوورەوەی نمایشیان بۆ بێنم، پێویستە بۆ شەوچەرە وەك بازنگە لە دەورمان كۆببنەوە)).
 
هەر لە دەستپێكی دانانی ئەم سیناریۆیە و دابەشكردنی رۆڵەكانی شانۆگەرییە نوێیەكەی خۆرهەڵاتی نوێی ناوین، ئێرانییەكان ئاگاداری پرۆڤەكان بوون، ئیتر كاتیان نەماوە تاوەکو بە مۆمەوە بێن و خڕكە بەرد بە نزرگەكانیانەوە بلكێنن، هەمان ئەو شانۆگەرییەی بیرخستنەوە كە بەر لە 2003 لە ناوچەكەدا بە دومبەڵەكەوە نمایش كرا، لەوەش ئاگادارن كە عێراق لەم نەخشە نوێیەدا هەمان پێگەی نەمسای هەیە، كە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا نەمسا هەیبوو، واتە عێراق وەك نەمسایە كە پێگە جیۆگرافییەكەی وای لێ كردبوو بكەوێتە نێوان بەرەی رووسیا و بەرەی ئەمریکاوە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەمریکایی و بەریتانییەكان دەیانەوێت بەغدا بۆ سازشكاری و دانوستان و شوێنی دەمودو بكەنە دیوەخان و وەك هێڵێكی جیاكەرەوەی قەتبڕ لە نێوان بەرەی چین- رووسیا لە لایەك و بەرەی خۆرئاوا لەلایەكی دیکەوە.
 
سەرۆكوەزیرانی عێراق یەكەمین كەس بوو كە ئاقڵانە هەردوو دەستی بەرزكردەوە و بەرماڵەكەی راخست و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانی لە ئاكام و مەترسییەكانی بەگژاچوونەوەی ئەو بەرە نوێیە ئاگادار كردنەوە، لە بەرامبەریشدا ئێرانییەكان پریاسكەی خۆیان گرێدایەوە و دەستیان لە هاریكاریی راستەوخۆی ئەو گرووپانە كشاندەوە و ماوەیەكە سەرانە و خاوەسەندیان لێ راگرتوون، ئێستا زۆربەی هەژماری بانکیی سیاسەتمەدارە عێراقییەكان لە دەرەوە راگیراون و لە گیرفانی چەپی پانتۆڵەكەی خاتوو رۆمانۆوسکیدان، كام پشیلەیە زۆر خۆی پێ مونجڕە، رۆمانۆوسکی دەست بە كلك و گوێیا دێنێ، هەرچی وزە و وەبەرهێنانی عێراقە بە كشتوكاڵیشەوە، بۆ كۆمپانیا ئەمەریكی و بەریتانیەكان قۆرخ دەكرێن و لە گیرفانی راستیدان، ئەمە جێبەجێكردنی یاساكانی پۆل برێمەرە، سەگی كونەماسی پاسی جرتاوای پێ ناكرێت، دەیگوت جووتیاری عێراقی وەك فەرمانبەرێك لەسەر زەوییەكەی كار دەكات و لە كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە مووچەی بۆ دابین دەكرێت و لەوەشی دەیچێنێت لە خۆبژێنیی خۆی زیاتر، نابێت هیچ بەرهەمێك بۆ خۆی لە لاوە مۆڵ بكات، هەموو پیشەكانی دیکەیش هەمان ماستاویان بۆ سارد دەكرێتەوە. 
 
هەر عێراقییەك بە بێ پرسی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ هەر دەوڵەتێكی دیکە كلكەلەقێ بكات، دەخرێنە قاڵب و خانەی دووژمنەوە و كونە دووپشكەكانی لێ دەكرێتەوە، كاتێك عێراق رادەستی چوارچێوەی هەماهەنگی كرا و رەزامەندیی وڵاتانی خۆرئاواییان لەسەر فەرمانڕەوایەتیكردن پێدان، لە بەرامبەردا ئەو مەرجە سەرەكییە هەبوو، كە پووش و پەڵاشی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران نەهێڵن، تائێستاش ئەو گرووپانە لە پەلامار بەردەوامن و لە پاڵ گێژەڵووكەی نزمدا بە قۆچەقانێ مووشەكان دەهاوێژن، چیتر لە سەركردەكان قبووڵ ناكرێت كە بە رۆژ وەك رێویی قەمچوغە لەگەڵ رۆمانۆوسكی شەراب بنۆشن و بە شەو لەگەڵ ئێران نوێژ دابەستن و كلكی گایەلی گوندیان بۆ خڕكردنەوەی تەپاڵۆكان پێ هەڵبڕن، دوایەمین زەنگی ئاگاداركردنەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە گەنجەفەوە بۆ حكومەتی عێراق لێدراوە، كەس حەقی نەبێت بەسەر ئەوەی نەوەی كۆرش و نەبوخوزنەسڕ چەندە برای شیری یەكدی بوون و تانوپۆی یەكتریان ناسیوە و بە کووپ ئاویان بە دەمی یەكترەوە كردووە، ئیسرائیل خۆیشی ئەمە دەزانێت كە زەمانی كۆرش گوزەشت تا ئێران لە بابلەوە قاپی زیندانەكان لە جوولەكە بكاتەوە و لە هاوەندا توێكڵە هەنار بكوتێت و تێكەڵ بە خەنەی پرچی حاخامەكانی بكات، ئینجا بۆ ئۆرشەلیمیان بباتەوە و خەزێنەیەكی زۆریان بە یادگاری پێ بدات، ئەمەی ئێستا پێوەندی بە قوڕی خەستی شارستانییەتەكان و نێڵە نێڵی ئایین و تڵپەی مێژووی كەوناراو دەڵە دێوە دایكانەكانی تیرۆرەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە گەمەی بەرژەوەندییەكانی بەشێكی گرنگی گۆی زەوی هەیە، نەك بە تەنیا دابینكردنی نەوت و گاز و وزەی جیهانی، بەڵكو بە نموونە پەیوەندی بە داهاتووی ئەو زۆنگاوانەی عێراقیشەوە هەیە كە وشككراون و پاشماوەی شارستانێتیی سۆمەری و جیوەی سوور و چەندین كانزا و رووەكیان تێدا ماوەتەوە، ئەم گەمەیە بە چەكی كلاسیكی یەكلایی نابێتەوە، بەڵكو بە شەڕی سیبرانی و دروستكردنی بە ئەنقەستی كارەساتی سرووشتی و هەستانی شەپۆلەكانی دەریا و لە ناوخۆوە داخورانی ئابووری و زۆر رێگەی دیکە هەن بۆ یەكلاكردنەوە، لە دەرئەنجامدا رۆمانۆوسکی هات تا لە عێراقدا هیچ رانەڕێیەك بۆ نشێو نەهێڵێتەوە و كەسیش خۆی لێ نەبێتە كەڵەباب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

کێ دەزانێ! رەنگە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات، کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە.