کاتێک کۆتایی ساڵی 2024 بەشار ئەسەد هەڵات و دەرگای زیندانەکان کرانەوە، بە تایبەتی زیندانی شام، کەمال سەیدۆم بیر کەوتەوە. ئێوارەی ئەو رۆژەی ئەسەد هەڵات، هاوژینی کەمال سەیدۆ، خاتوو ئانگلیکا سەیدۆ زەنگی دا و "ئەی رەقیبی" بەدەنگی بەرز پێکردبوو، تاوەکو کەمال بۆ قسە و بۆ شادی بجوڵێنێت. ساتێکی ئێجگار خەمگین بوو، کە دەمبینی کەمال سەیدۆ لەو رۆژەدا، رۆژێک دیکتاتۆر تێیدا هەڵدێ، کاردانەوەی نییە.
ساڵی 1959 کەمال سەیدۆ لاوێکی تەمەن 20 بەهارەیە، بەڵام لە سۆنگەی ئازادبوون و خواستی ژیانی جوان، ژیانێک وەکو مرۆڤ، دەخرێتە زیندانەوە رووبەڕووی دۆخێکی یەکجار دژوار دەبێتەوە، رەگەزپەرستان ئەشکەنجەی لەش و رووحی دەدەن، بەڵام سەیدۆ باوەڕی بە کوردبوون پتەوتر دەبێت. لەگەڵ کەسانی بەتەمەنتر و بەئەزموونتردا رۆژانی گرتیگە بەسەر دەبات، لەگەڵ ئۆسمان سەبری و نوورەدین زازا، خۆی هەمیشە بە رێز و شکۆوە باسی لە ئۆسمان سەبری دەکرد و دەیگوت: "مامۆستای مەزنی من لە خۆشەویستی و وابەستەییم لەگەڵ دۆزی نەتەوەکەمدا".
سەیدۆ پاش دەرچوونی لە زیندان، بڕیار دەدات سووریا بەجێبهێڵێت، بەڵێن دەدات بە خۆی تاوەکو سووریا نەبێت بە وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات، تاوەکو تێیدا رێز لە شکۆی مرۆڤ نەگرن، هەتا هەتایە نەگەڕێتەوە. کەمال بەڵێنی خۆی بردەسەر و نەگەڕایەوە سووریا، سووریایەک کە تاوەکو ئەمڕۆیش نکوڵی لە هەموو دەنگ و رەنگێکی جیاوازی تێدا دەکرێت.
نیوەڕۆی رۆژی 1-9-2025 خاتوو ئانگلیکا سەیدۆ زەنگی دا، هەمیشە پێشتر پەیامێکی کورتم بۆ دەنێرێت، ئەمجارە بێ پەیام و یەکسەر زەنگی دا، دڵم داخورپا و خورپەی دڵیشم پێکای. "ئازیزم کەمالمان لە دەست دا، سەر لە بەیانی ئیمڕۆ، کاژێر 07:10 خولەک کەمالی خۆشەویست ماڵئاوایی لێکردین."
کاتی هەواڵ گەیشتنی مردن لەو کاتانەیە وشە بە هانامانەوە نایەت، لەو کاتانەیە مرۆڤ دۆشدادەمێنێت، بەڵام سەرباری ئەو دۆخەیش بە ئانگلیکا خاتوونم گوت:
ئێوە بەختەوەر بوون پێکەوە، کەمال بەختەوەر بوو لەگەڵ خۆشەویستی تۆدا ژیا و تۆیش تاوەکو دوا دەم گیانی پڕ حەسرەتی کەمالت بە تیرێژی خۆشەویستی خۆت وزەباران دەکرد. من گۆڤانی ئەوەم ئانگلیکا خاتوون لەم ساڵانەی دواییدا کاتێک کەمال سەیدۆ نەخۆش بوو، چ خۆشەویستییەکی دەدایە، خۆشەویستییەک لە جاران زۆرت نەبووبێت، کەمتر نەبوو. نزیکەی شەست ساڵ پێکەوە ژیان، ژیان لە نێو خۆشەویستیدا، مانەوەی خۆشەویستی بەو پاراوییە، جۆرێکە لە پەرجوو.
لە ئەڵمانیا ساڵی 1967 کاتێک کەمال سەیدۆ بەشی فیلم و تیڤی تەواو دەکات، هێشتا لە کوردستان شەڕە، کۆتایی ساڵی 1969 خۆی دەگەیێنێتە ناوچەکانی شۆڕش و فیلم و ریپۆرتاژ سەبارەت بە دۆخەکە بۆ تیڤی ئەڵمانیا تۆمار و ساز دەکات. خۆی دەیگوت: "ئەمە بواری منە، دەمەوێت لەم بوارەوە خزمەت بە پرس و بە کێشەی نەتەوەکەم بکەم". ساڵی 1970 و 1972 دوو جاران دێتە کوردستان و هەردوو جار تیمی کارکردن دەهێنێت و بەڵگەفیلم سەبارەت بە دۆخی کوردستان، دەربارەی وتووێژ و شەڕ ساز دەکەن، لەو ماوەیەدا کەمال سەیدۆ بیری لە دامەزراندنی تیڤی کوردی کردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە دۆخی کوردستان بۆ کارێکی وەها لەبار نەبووە. هەندێ جاریش وەکو خۆی دەیگوت: "هەندێک لە کاربەدەستانی شۆڕش شۆخییان بە بیرۆکەکەم دەکرد".
بەشێکی گرنگ لە تۆماری ئەو گەشتانەی سەیدۆ بە کە بە کامێرای خۆی گرتوونی ماون. سەیدۆ لە ئەڵمانیا بە زۆری لە شارەکانی کۆڵن و موینستەر 35 ساڵ وەکو کامێرامان و سەروەستای وێنەگران بۆ تیڤی ئەڵمانی WDR کاری کرد و بە رێزەوە خانەنشین بوو.
بۆ ئێمەیش ئەندامێکی ماڵباتەکەمان لە دەستچوو، ئاخر نزیکەی شەش ساڵە کەمال و ئانگلیکا بوونە بە باپیر و داپیری مەعنەویی مینای کچمان.
دواجار کۆتایی ساڵی 2024 یەکدیمان بینی، بەڵام بەداخەوە سەیدۆ هەموو شتێکی بیرچووبوو، تاکە شتێک لە بیری مابوو؛ هەندێ ئاوازی گۆرانیی کوردی بوو، قسەی نەدەکرد، بەڵام لەبەرخۆیەوە بەردەوام ئاوازەکانی جەمیل هۆرۆ و جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزەی دەگوتەوە.
ئەو خەڵکی عەفرین بوو، بەڵام هەردوو شێوەزاری کوردی بە باشی دەزانی، چونکە زمانی کوردی خۆش دەویست. چێژی لە ئایشە شان دەبینی و لە خالقییش. تاوەکو نەخۆش کەوت، کوردبوون لە بنەما گرنگەکانی ژیانی بوو، خۆشەویستی وی بۆ کوردستان و بۆ ئەڵمانیا هەر لە هەڵکشاندا بوو، سوپاسبژێری ئەڵمانیا بوو کە لەو وڵاتە ژیانی خۆی بنیات نابوو، هەمیشە دڵاوا، هەمیشە بە رێز و میهرەبان.
لە ئاوابوونی ئەم هاوڕێ میهرەبانەدا دڵم لە لای یەک کەسە، دڵم لە لای ئانگلیکا خاتوونە و هیوادارم بتوانێت بەرگەی ئەم خەمە بگرێت. دەنگی گریانی ئانگلیکا لە تەلەفۆنەکەیدا بارگاوی بوو بە ئەڤینێکی ئێجگار قووڵ لە نێوان ئەم دوو هاوژین و هاوڕێیەدا.
ئانگلیکای ئازیز، لە فرمێسکەکانی تۆ کاریگەرتر ئەم نامیهرەبانییەی دونیایە، شەڕە شەڕ، کوژران و برسیبوون و ئاوارەبوونی مرۆڤەکان بە دەستی یەکدی. ئازادنەبوونی زێد و زمان و مرۆڤە بە دەستی مرۆڤ. جەخار؛ کەمال سەیدۆ مرد و سووریا ئازاد نەبووە. مخابن سەیدۆ مرد و حەسرەتی ئازادی بردە بن گڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ