هەوڵم دا ئەم نووسینەم لە شێوەی چیرۆکێکی تەنزئامێزدا بنووسم، گەر لە گێڕانەوەی خەمی گەورەدا، باسکردنەکە شتێک لە شۆخی تێدا نەبێت مرۆڤ لەبەر باری خەمگینیدا خۆی ناگرێت.
نزیکەی پەنجا ساڵە شاری چەمچەماڵ بە دەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنێت. تاوەکو ساڵی 1975 چەمچەماڵ شارێکی بچووک بوو، ژمارەی دانیشتووانی یەکجار کەم بوو. هەندێ بیری ئاو لە بانی مەقان هەبوون [ئێستاش هەن] ئاوی شارەکەیان بە تەواوی دەستەبەر دەکرد.
بەعس وەکو دەسەڵاتێکی تێکدەر لە ساڵی 1975 بە دواوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان کاتێک گوندەکانی سەر سنووری وێران کرد، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی [هاوچەرخ]ی بنیات نا، چەمچەماڵ یەکێک بوو لەو شارانەی لە ناکاو چەند جار گەورە بووەوە. لەو رۆژەوە کێشەی ئاو پەیدا بوو، چونکە نەکردە بوو بە هەمان ئەو چەند بیرەی بانی مەقان ئاو بۆ شارێکی لە پڕ ئاوساو دەستەبەر بکرێت.
لە ساڵی 1987یشدا کاتێک لە چەمچەماڵ شاری شۆڕشیان دروست کرد، دانیشتووانی سەتان گوندی ناوچەکە لەوێ نیشتەجێ کران. لە نێوەڕاستی ساڵانی حەفتاوە، ئیتر [ئاوهاتنەوە] بوو بە نۆرە. هەفتە هەبوو جارێک یان دوو جار [ئاو دەهاتەوە]. هاوڕێکانی ئێمە، هەموومان دەزانین لە هەفتەدا، بەتایبەتی بە شەو [کاتێک ئاو دەهاتەوە] دەبوو یەکێک پاسەوان بێت و بەشی چەند رۆژێک ئاو بپارێزین. لەو رۆژەوە کولتووری کۆکردنەوەی ئاویش دەستی پێکرد و دەبوو چەندین تەنکی لە ماڵدا هەبن.
دەسەڵاتدارانی بەعس چەندین جار بەڵێنی چارەسەریان دا و چارەسەریان نەکرد، ئەو دەم شەڕکردن شێرێکی ترسناک بوو، بەشی شێرەکە لە پارەی دەوڵەت بۆ شەڕ و بۆ تێکدان دەچوو.
ساڵانی نەوەد، ئەو دەمەی لە کوردستان نەبووم، پاش ئەوەی بواری پەیوەندیکردن بە تەلەفۆن لەگەڵ کوردستان دەستی پێکردەوە، هەندێکجار پەیوەندیمان بە چەند هاوڕێی قسەخۆشەوە دەکرد، دەیانگوت؛ پەیوەندیکردنتان خێردار، بە زۆری کە ئێوە زەنگ دەدەن، ئێمەیش ئاومان دێتەوە.
لە کۆتایی حەفتاکانەوە تاوەکو کۆتایی هەشتاکان [سەتەی بیست] هەموو ئەوانەی خۆیان بەربژێر دەکرد بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق و ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی [سەردەمی بەعس] بێ ریزپەڕ بەڵێنی چارەسەری کەمئاوی چەمچەماڵیان داوە.
هەموو ئەو کەسانە درۆی روونیان کرد، بەڵام ئاوی شێلۆشیان دەستەبەر نەکرد. لە نێو هەموویاندا ساڵی 1979 یەکێک لەو بەربژێرانە کە پاشان سەرکەوت و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق، درۆیەکی یەکجار ناوازە، یەکجار پڕ لە فانتازیا و یەکجار دەگمەنی کرد، دەگوترێت؛ هەر لە سۆنگەی ئەو درۆیەیش ئەندامێتی وەدەستهێنا.
لە قوتابخانەی ئەختەری سەرەتایی [ئێستاش قوتابخانەکە بە هەمان ناو و بە شێوەی ئەو دەمەوە هەیە]، یارۆ قسەی بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی چەمچەماڵ کرد، لەگەڵ هاوڕێیەکی هاوتەمەنمدا ئێمەش چووین. دیارە ئێمە زۆر منداڵ بووین، بەڵام منداڵی ئەم جڤاتەی ئێمە زوو ئاشنای دنیای گەورەکان دەبێت. یارۆ زۆر قسەی کرد، زۆر بەڵێنی دا، دەیگوت؛ کاتێک وەکو نوێنەری ئێوە بچمە بەغدا ژیانی ئێوە گۆڕانی گەورەی بەسەر دێت، پاشان گوتی؛ نەوەک شتێکم لەبیر چووبێت؛ جگە لەو شتانەی خۆم بۆتانی دەکەم، چی دیکەتان دەوێت. چەند کەسێک لەناو خەڵکەکە گوتیان؛ هیچمان ناوێت، تەنیا کێشەی کەمئاویمان بۆ چارەسەر بکە، یارۆ گوتی؛ چۆن؟ بۆچی کێشەی ئاوتان هەس؟ گوتیان بەڵێ، جار هەیە هەفتەی یەک کەڕەت یان دە رۆژ جارێک ئاومان دێتەوە. من گوێم لەوە نەبوو کە یارۆ بڵێت؛ [سەرو بەلەم پەیدا بکەن، گوایە باسی بەلەمیشی کردووە]، پاشان قسەیەکی کرد و خەڵکەکە سەریان سڕما، گوتی؛ ئەوە هەر کێشە نییە، بە شەرەفی خۆم سوێند دەخۆم و بەڵێن دەدەم ئەم شارە بکەم بە [بوندوقییە]، دەزانن بوندوقییە لە کوێیە؟ خەڵکە گوتیان نەخێر. کابرایەکی بەتەمەن لە لای ئێمەوە راوەستا بوو، گوتی؛ ئەرێ ئەم زەلامە تەواوە یان وڕێنە دەکات؟
یارۆ گوتی؛ بوندوقییە شارێکە لە ئیتالیا، لەوێ پێی دەڵێن؛ ڤێنس، لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە بە بەلەم هاتووچۆ دەکرێت، شارەکە لەناو ئاودایە، بۆچی نا، با ئەم چەمچەماڵە ئازیز و دێرینەمان، شاری یەکەمین بەرهەمی گەنم و جۆ و سەرزەوینی دانەوێڵەی مرۆڤ وای لێبێت. بۆچ وای لێنەیەت؟ با وای لێبێت، چەند جارێک ئەوەی دووپات کردەوە!
پاش بیست ساڵ، کاتێک ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار چوومە ڤێنس و شارەکەم بینی؛ "راستگۆیی" یارۆم بیرکەوتەوە، بەڵام چ راستگۆییەک؟
بەسەر پردی ریئالتۆوە بووین، خۆشبەختانە کەسی وەهای لێنەبوو لەو دەمەدا، هاوڕێیی هاوگەشتم خەڵکی بێرنی سویسرا بوو، بە بزەیەکی شیرینەوە گوتی؛ یادەوەرییت لەگەڵ ڤێنس هەیە؟
سیاسەتوانی نێوداری ئەڵمان ئاۆتۆ فۆن بیسمارک "1815-1898" گوتوویەتی: هیچ دەمێک ئەوەندە درۆ ناکرێت؛ وەکو بەر لە هەڵبژاردن، لە دەمی شەڕدا و پاش راوکردن.
ئەم کێشەی ئاوهاتنەوەیە وا بەرەو پەنجا ساڵ دەچێت و بە کەس چارەسەر نەکرا. جا نازانم لە بانگەشەی داهاتوودا کێ دەتوانێت ژمارەی پێوانەیی لەو یارۆیە وەربگرێتەوە، کە دەیویست چەمچەماڵ بکات بە ڤێنس؟
ساڵی 1991 راپەڕین وەرچەرخانێکی دیرۆکی بوو بۆ کوردی باشوور. ساڵی 1992 یەکەمین هەڵبژاردن بۆ یەکەمین پەرلەمانی کوردستان لە سایەی کورد خۆیدا بەڕێوەچوو.
یەکێک لە بەربژێرەکان لەو یەکەم خولەی هەڵبژاردنەدا بە "حەماسی نەبیستراو" باسی لە چەمچەماڵ کردبوو، گوتبووی؛ چ سەربەرزییەکە شارێکی وەها بچووک، کەچی خاوەنی ئەو هەموو شەهید و ئەنفالە بێت، واقیعەن مایەی ئیفتیخارمانە.
کاتێک باسی بێ ئاوی چەمچەماڵ بۆ ئەو بەربژێرە دەکرێت و خەڵکەکە بێهیوایی خۆیانی بۆ ئاشکرا دەکەن، دەڵێن گوتوویەتی؛ نابێت و ناشێت شارێکی وەها فیداکار هەفتەی رۆژێک ئاویان بێتەوە، دەبێت هەموو رۆژێک ئاویان بێتەوە، نەخێر کەی ویستیان ئاویان بێتەوە. یارۆ کە لەو بارەیەوە بە توڕەییەوە زۆر قسە دەکات و دەڵێت؛ دیارە شارەکە خاوەنی نییە و کەسی دڵسۆز روویان تێنەکردووە، لە کۆتاییدا گووتوویەتی؛ ئەمە دابنێن بۆ خۆم و بێخەم بن، لەوە دڵنیا بن، من وا دەکەم بێ کێشە ئاوتان بێتەوە.
لە هاتنەوەی هەموو هەڵبژاردنێک، بەر لە هەر مژارێکی دیکە، مانشێتی بانگەشە لە چەمچەماڵ مژاری ئاو و ئاوهاتنەوەیە، بەڵام تەنیا بە خەیاڵ. هەڵبژاردنەکان دێن و دەچن، بەڵێنەکانی ئاوهاتنەوە دێن و دەچن، بەشێک لە بەربژێران دەبن بە پەرلەمانتار، ژیانی تایبەتی خۆیان مسۆگەر دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا کێشەی کەمئاوی لە چەمچەماڵ باش نا، خراپتر دەبێت.
هەڵبژاردنەکان هاتن و چوون؛ چەمچەماڵ نە بوو بە ڤێنس، نەک هەر بە بەلەم هاتووچۆ نەکرا، بەڵکو هاتنەوەی ئاویش هەر لە کەمیی دەدات.
ئەرێ چەمچەماڵ "دادی یەئسی" خۆی بباتە لای کێ؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ