ئایا بەڕێز کازمی لە هەڵبژاردنەکانی ئاییندە سەرکەوتوو دەبێت؟

08-09-2020
ئەرکان رەشید
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-
 
ئێستا واقعی سیاسی لەسەر شەقامی عێراق بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبووە، هەردوو ئاراستەکە قورسایی و هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئاراستەیەکیان تازە پێدەگات و لە تەمەنی گەنجی و لاویدایە و، ئەوی دیکەیان بەرەو پیری رۆشتووە و خزم و کەسوکار و لایەنگرانی کەم کەم لێی هەڵدەوەرن و تەنها پەتی بەرژەوەندی ماوە لەنێوان ئاراستەکە و لایەنگرانیدا، ئاراستەی یەکەم بریتییە لەو دەنگە ناڕازییە بەش مەینەتییەی کە خێری لە گۆڕانکارییەکانی عێراق نەبینیوە و ئەم چەند ساڵەی دوای گۆڕینی رژێمی بەعس هەر لەژێر شەڕ و شۆڕ و گوللە و بارووت و تەقینەوە و ئاگری تایەفەگەریدا ژیانی بردووەتەسەر و بەجارێ شەکەت بووە و ئەو وێنە ئەرخەوانییەی کە لە زیهن و فیکریدا بۆی دروستکرابوو بەرامبەر لایەنەکانی دەسەڵات، بەتایبەتی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان، بەجارێ کاڵ بووەتەوە و بووە بە وێنەیەکی دیکە کە زۆر بێزراو بووە، بەڵگەش لەسەر ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە دەنگی ناڕەزایەتی و هاتنە سەر شەقام و چوونە سەر دامودەزگا حیزبی و حکومییەکان و خۆ بەکوشتدان لەو شارانەوە دەستیپێکرد کە بە شاری لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان دادەنران، ئەوانەی کە لەسەر کورسیی دەسەڵات دانیشتبوون و ئاگایان لە لایەنگرانی خۆیان نەمابوو، هیچ واتایەک نامێنێت بۆ وێنەی ئەرخەوانی لەدوای نزیکی 20 ساڵ لە حوکمڕانی، بێکاری هەر لە زیادبووندابێت، خزمەتگوزاری لە ئەوپەڕی کەمیدا بێت، هیچ واتایەک بۆ ئەم هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکانە نامێنێت کە نەتوانن بە هەر هەموویان تەنها گرفتی کارەبا چارەسەربکەن، کە لە رۆژگارێکا بودجە بۆ کەرتی کارەبا بە کراوەیی تەرخانکرابوو، بێ قەید و شەرت، دوای ئەم هەموو ساڵە لە حوکمڕانی هاووڵاتی هەژار دەبێت خەرجییەکی زۆر بۆ کڕینی کارەبا دابنێت و لە قوتی منداڵەکانی بگرێتەوە بۆ کڕینی کارەبا، ئەم ئاراستەیە تا دوای شەڕی داعشیش سەریهەڵنەدابوو، بەجۆرێک لە جۆرەکان حکومەتەکان و کاراکتەرەکانیان خاوەنی رێز بوون لە شەقامی عێراقیدا، بەڵام دوای شەڕی داعش ئەم وێنەیە زۆر و بە زوویی بەرەو کاڵبوونەوە چوو، ئێستا کاراکتەرە سیاسییەکان لە دۆڵێکن و ئەم ئاراستەیەش لە دۆڵێکی دیکەن.
 
ئاراستەی دووەم لایەنە سیاسییەکانی ناو پرۆسەی سیاسین بە هەموو لافیتە و ناونیشانەکانیانەوە بەبێ هەڵاوێری، دەتوانم بڵێم ئەم ئاراستەیە پێی ناوەتە قۆناخی پیربوون و چەندەها دەرد و نەخۆشیی سەری تێکردووە، بەجۆرێک پیربوون، وا نازانم کاراکتەرە دیارەکانیان بەخۆیاندا بپەرموونەوە خۆیان بخەنە بەردەم دەنگدەر و شەقامی عێراقییەوە لەکاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.
 
پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە هەرچۆن شەقامی عێراقیی وێنەی هەبێت لە دەرەنجامدا ئەوە یاسای هەڵبژاردنە قورسایی دەدات بە هەریەک لەم ئاراستانە: ئایا ئەم یاسایە خزمەت بە کام لەم دوو ئاراستەیە دەکات؟ چونکە لە دەرئەنجامدا ئەوەی یاریی هەڵبژاردن دەباتەوە، ئەوانەن کە گیرفانیان پڕە و چەکی قورسیان پێیە و بە گوساخی و بە دەنگی بەرز دەنگی دەنگدەران دەکڕن و تۆ هیچی پێ نادەیت، ئەو دەنگی 100 دۆلار دەدات، نەخێر 200 دۆلار دەدات، پاشان بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەوانەی کە نوێنەرایەتیی پیرە ناوچاو تاڵەکان دەکەن، جارێکی دیکە خۆیان دەکەن بە هۆڵی پەرلەماندا و دەستدەکەن بە دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
ئایا بەڕێز (کازمی) کە تاوەکو ئێستا هیچ حیزبێکی نییە پەیوەندیشی بە حیزبە تەقلیدییەکانەوە نییە، دەبێت چارەنووسی چی بێت؟ یاخود ئەو رێگایانە چین کە لەبەردەمیدا دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟ چونکە بەڕێز (کازمی) کاری سەرەکی و ستراتیژی دوای هەڵبژاردن دەستپێدەکات، ئەمەی ئێستا خەریکیەتی حاڵەتی فریاگوزاری و (تەواری)یە، ئەم  لادەبات و کەسێکی دیکە دێنێت، چاو لەم سووردەکاتە و دڵی کەسێک خۆشدەکات، هەنگاوی ستراتیژیی کاتی زۆری پێویستە، بۆیە بە رای من یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە لەم کاتە کەمەی لەبەردەم بەڕێز کازمیدایە لە بەرژەوەندیی ئاراستەی یەکەم نییە و لە کۆتاییدا لە یاریگاکە دەکرێتە دەرەوە، چونکە هاتنی بۆسەر کورسیی دەسەڵات لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و زۆرینە و کەمینە نەبووە، دەتوانی بڵێی هاتنی لە لەحزەیەکی مێژووییدا بووە کە لەوانەیە دووبارە نەبێتەوە، بۆیە بەڕێز کازمی، یەکەم ناتوانێت خۆی بپاڵێوێت بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پاشان لەم ماوە کەمەی پێش هەڵبژاردن ناتوانێت پاڵێوراوەکانی ئەوانەی کە تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتوون بە شەقامی عێراقیان بناسێنێت، ئەوانەشی کە خۆیان دەپاڵێون ئەو ئەزموونەی پاڵێوراوەکانی کوتلە تەقلیدییەکانیان نییە لە چوونە ناو خەڵک و کەڵک وەرگرتن لە هەندێک لە هۆکاری ناشەرعی و نایاسایی کە رکابەرەکانیان بەکاریدێنن، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کازمی پەنا بباتە بەر هاوپەیمانی لەگەڵ کوتلە تەقلیدییەکان، ئەوە جۆرێکە لە کوشتنی خۆی، بۆیە دوو هۆکار خزمەت بە کازمی و پرۆژەکەی دەکەن:
 
1- دواکەوتنی کاتی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی دوورتر و درێژبوونەوەی بۆ ناو ساڵی 2022 تاوەکو بتوانێت (زیاتر ئەهلیەتی خۆی بسەلمێنێت) و هەندێک کاری تایبەت بکات، بەتایبەتی گێڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و یاسا سەروەری و کۆکردنەوەی چەک و سیلاح لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەگەر لە ئاستێکی مامناوەندیشدا بێت، هەر ئەوەندەی تاکی عێراقی بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم (جیاوازە)، لەم ماوەشدا کاراکتەرەکانی خۆی زیاتر و تۆکمەتر ئامادە بکات بۆ چوونە ناو شەڕی هەڵبژاردنەکانەوە.
 
2- گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەتی ئەم شێوازەی ئێستا کە فرەبازنەییە لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکان، ئەوەی کە خزمەت بە کازمی و پرۆسە سیاسییەکەی دەکات لە یاسای هەڵبژاردن ئەوەیە یان لیستی داخراو لەسەر ئاستی هەموو عێراق کە ئەمەش مومکین نییە (وا نازانم جارێکی دیکە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق رێگە بە لیستی داخراو بدەن) یان دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان کە لەم شێوازە زیانی لیستەکەی کازمی کەمتر دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا