وەڵامێک بۆ وەڵامەکانی مامۆستا کاکە مەم بۆتانی لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا

09-09-2020
نیشانەکردن پەنجەمۆر
A+ A-
 
بەرنامەی پەنجەمۆر لە کەناڵی رووداو کە رۆژنامەنووس (کاوە ئەمین) پێشکەشی دەکات، یەکێکە لەو بەرنامانەی کە سرووشتێکی مێژوویی و گێڕانەوەی بیرەوەری و یاداشتەکانی هەیە، بۆیە سەرنجڕاکێشە بۆ زۆر کەس، لەوانە بەندە.
 
شەوی 9ی ئاب کە دوایین ئەڵقەی پەنجەمۆر لەگەڵ مامۆستا (کاکە مەم بۆتانی) لە رووداو پەخشکرا، بەجوانی گوێبیستی قسە و وەڵامەکانی بووم و هەندێک سەرنجم لەسەر بەشێک لە وەڵامەکانی بۆ دروستبوو، بۆیە بە پێویستم زانی سەرەتا بە نامەیەک ئاگاداریکەمەوە. ئەوەبوو دوای تەواوبوونی ئەڵقەکە، نامەیەکم لەڕێگەی مەسنجەرەوە بۆ م. کاکە مەم نارد، کە لە فەیسبووک هاوڕێمە. بەداخەوە مامۆستا پاش تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک، وەڵامێکی نامەکەی نەدامەوە.
 
بۆیە پێم خۆشە سەرنج و رەخنەکانی خۆم لێرەدا بۆ بینەران و خوێنەرانی دیجیتاڵ میدیای رووداو و رای گشتی بخەمەڕوو.
 
بێگومان هەموو کار و گوفتارێکی مرۆڤەکان قسە و رەخنە هەڵدەگرێت. من لێرەدا گلەییەکی دۆستانە لەسەر چەن قسەیەکی مامۆستا کاکە مەم لە ئەڵقەی چوارەم و کۆتایی پەنجەمۆر دەخەمەڕوو، کە لە سیاقی وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاردا کردی:-
 
سەرنجی یەکەم: کە باسی بەشێک لە کارەکانی خۆی و هاوکارانی کرد لە سەرەتای حەفتاکاندا لە بارەگای سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، گوتی، ئەو خانووەی کە (ئیسلامییەکان) ویستیان مەلا مستەفای تیا بکوژن، کردمان بە مەتحەف! .. هتد.
 
بێگومان مەبەستی مامۆستا هەوڵی کوشتنەکەی (مەلا مستەفا)یە لە ساڵی 1971 کە پیلانێکی دیاری بەعس و موخابەراتی عێراقی بوو، چەند کەسێکی بەناوی مەلاوە ناردبوو، وەکو دەڵێن کەرەستە و ماددەی تەقینەوەیان لێ بەستبوون بەبێ ئەوەی به خۆیان بزانن تەقینەوەیە؟!
 
باشە بۆ دەبێت مامۆستا کاکە مەم ئەم تاوانە بکاتە کاری ئیسلامییەکان؟! دوایی دەپرسم کام ئیسلامی؟! کەی ئەو کاتە شتێک بەناوی ئیسلامییەوە هەبوو کە ئەمڕۆ هەیە؟! ئایا کاکە مەم پێیوانییە بەم قسەیە، بەعس لەو تاوانە بێبەری دەکات، کە لەکاتی مفاوەزات و ئاگربەستی بەیاننامەی 11ی ئازاردا ئەنجامیاندا؟! ئەی بۆ دەیداتە پاڵ خەڵکێک کە ئەوکاتە هەر بوونیان نەبووە؟! لەکاتێکدا ئەم قسانە بۆ خەڵکانێک کە رووداوەکەیان لەبیرە، جێی بڕوا نییە، بەڵام بۆ گەنج و نەوەی نوێ، کە ئاگاداری رووداوەکانی ئەو سەردەمە نین، جۆرێکە لە چەواشەکاری و شێواندنی راستییەکان.
 
لەکاتێکدا کە مامۆستا کاکە مەم لە پەنجەمۆردا زوو زوو دەیگوت "من لە 1964ەوە حیزبی نیم و سیاسەت ناکەم!" ئەی ئەم شێواندنەی رووداوەکان بە چ پاڵنەرێک و بۆ خزمەتی کێ؟!
 
سەرنجی دووەمم ئەوەیە،کە مامۆستا کاکە مەم لە دوا گوتەکانیدا سەبارەت بە کوشتنی عەبدولخالق مەعرووف، جارێکی دیکە گەڕایەوە و گوتی ئەو کارە (حەرەکاتی ئیسلامی)ی لەپشتەوە بوو، لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق! دیسان هەق وابوو مامۆستا روونتر ئەوەش باس بکات و پێمان بڵێت، کام حەرەکات؟ ئایا ئەوکات چ حەرەکەیەکی ئیسلامیی دیار و (منظم) له ساحەكە هەبوو؟!
 
بۆیە هیوادارم مامۆستا کاکە مەم بتوانێت بە جورئەتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو هەڵانە راستبکاتەوە، چونکە بەڕاستی شاهیدیدان لەسەر رووداوەکان مەسئولیەتە و وا نابێت، بەڵکو دەبێت ئەو کەسەی بەشداریی لەم جۆرە بەرنامەیە دەکات، ئامادەیی تەواوی هەبێت کە بێلایەنانە و بابەتیانە و دوور لە چەواشە، رووداوەکان بگێڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ریشی کوردستان کەوتووەتە دەستی تۆم باراک؟

"هەستدەکەم ئەمڕۆژانە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کیانەی لەوێ بە خوێنی رۆڵەکانمان دروستمانکردووە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە. بەتایبەتیش کە دیمەشق هەستدەکات بەهێز بووە و دوایین ئوڵتیماتۆم دەداتە رۆژئاوا، تورکیاش وایدەبینێ ئەمجارە دوایین دەرفەتی لەپێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لەسەر سنوورەکانی هەیە بە کردەوەی سەربازیی فراوان و بە چاونووقاندنی ئیدارەی ترەمپ."