نرخی زێڕ چی لێدێت؟ بەردەوام دەبێ لە بەرزبوونەوە یان دادەبەزێت

09-09-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، ئاماری گرنگ لەبارەی گۆڕانکاری نرخەکانی کۆفرۆشی و نرخەکانی بەکارهێنەر لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر سیاسەتی نەختیینەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەهای دۆلار و نرخی زێڕ دابنێت.
 
چوارشەممە، ئاماری گۆڕانکاری لە نرخەکانی کۆفرۆشیی ئەمریکا لە مانگی رابردوو بڵاودەبنەوە کە بە PPI ناسراون، ئەو نرخانە پەیوەستن بە نرخی کاڵای بەرهەمهێنراو لەلایەن کارگەکانی ئەمریکاوە. نرخەکانی بەکاربەریش کە بە CPI ناسراون، دیارە نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی رۆژانەن، واتە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا گۆڕانکاری لە نرخەکانی کۆفرۆشی و وردەفرۆشی بڵاودەبنەوە.
گۆڕانکاری نرخەکان لە ئەمریکا گرنگە لەبەرئەوەی دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سوودی بانکی بکات یان هیچ گۆڕانکارییەک نەکات و بە جێگیریی بیهێڵێتەوە.
 
ئەگەر دوای راگەیاندنی ئامارەکان، نرخەکان بەرزبوونەوە، ئەوە وادەکات نرخی زێڕ پاشەکشە بکات. لەبەرئەوەی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی دووبارە هەڵاوسان سەر هەڵنەداتەوە و لە کۆنترۆڵی دەرنەچێت، رەنگە هەر لە بنەڕەتدا سوودی بانکی نەگۆڕێت.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری بەرزبوونەوەکانی زێڕ لە چەند مانگی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەرانەی کە لەوانەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی دابەزێنێت. لەبەرئەوە ئەگەر نرخەکان دابەزی بن، ئەگەری تۆماکردنی نرخی نوێ بۆ زێڕ و بەرزبوونەوەی تەنانەت بۆ سەرووی 3700 دۆلار لە ئارادایە.
 
بەپێی ئەوەی کە ئامارەکان چۆن دەردەچن، ئەم سیناریۆیانە بۆ نرخی زێڕ لە ماوەی کورتخایەن ( 3-6) مانگ و مامناوەند (3-12) مانگ، دەتوانن رووبدەن:
 
 
سوودی بانکی لە ئەمریکا ئێستا 4.25٪ تاوەکو 4.25٪ـە. بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی لە سوودی بانکی نەکردووە. دوایین جار کە سوودی بانکی دابەزاند، مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بوو. ئێستا دووبارە 17ـی ئەم مانگە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات. ئەوانەی کە پێیانوایە نرخی زێڕ هێشتا زیاتر بەرزدەبێتەوە، گرەویان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەوە بەدواوە دەست بە دابەزاندنی سوودی بانکی دەکات. نزیکەی 90٪ـی بازرگانان، بەپێی رووپێوەکان، پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی 0.25٪ لە سوودی بانکی کەم دەکاتەوە. 10٪ یش پێیانوایە بانکەکە، سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ دادەبەزێنت. دابەزاندنی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، ئەوەش نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە. هەموو چیرۆکەکە ئەوەیە. ئاماری نرخەکانی بەرهەمێنەران و بەکارهێنەران لەوڕووەوە گرنگە کە کاریگەری بەرچاو لەسەر بڕیارەکەی رۆژی 17ـی مانگی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
بانکەکان چی دەڵێن؟
 
زۆربەی بانک و ناوەندە داراییەکانی جیهان پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن، لە نێوانیاندا بانکی ( جەی پی مۆرگن) و (گۆڵدمان ساكس)، بەڵام هەندێ بانکی دیکەش وەک (بانکی ئەمریکا) و (سیتی بانک) پێشبینی بۆ دابەزینی نرخی زێڕ دەکەن.
 
 
 
سیتی بانکی ئەمریکا و بانکی ئەمریکا روانگەیەکی بە تەواوی نەرێنینان بۆ نرخی زێڕ هەیە. 
 
سیتی بانک، کە یەکێکە لە گرنگترین بانک و ناوەندە داراییەکانی ئەمریکا و جیهان، تەنانەت پێیوایە نرخی زێڕ نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو دادەبەزێت بۆ 2800 دۆلار، واتە پێیوایە نرخی زێڕ تاوەکو ئەوکاتە نزیکەی 30٪ـی بەهای خۆی لەدەستدەدات.
بەپێچەوانەوە، بانکی گۆڵدمان ساکس پێیوایە لەو کاتەدا نرخی زێر دەگاتە 4500 دۆلار.
 
بازرگانانی نێوخۆ چی دەڵێن؟
 
یونس سەید ئەحمەد، یەکێکە لە زێڕینگەرە وردبینەکانی دهۆک، ئەو کە زانکۆشی لە بەشی کارگێڕی و ئابووری تەواوکردووە، پێیوایە ئەگەر نرخەکانی بەکارهێنەر بە رێژەی تەنانەت 0.2٪ بەرزببنەوە، ئەوا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستکاری سوودی بانکی ناکات.  ئەو دەڵێت" ئەگەر نرخەکانی بەکارهێنەر دابەزین بۆ کەمتر لە 0.3٪ کە پێشبینیکراوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەی 17ـی مانگ، بڕیار بە دابەزاندنی سوودی بانکی بە رێژی 0.50٪ بدات. پێشبینی دەکەین لەم کاتەدا نرخی زێڕ بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە 3700 دۆلار".
 
لەم نێوەندەدا یەکێک لەو بابەتانەی کە دەتوانێت کاریگەری تووند لەسەر نرخی زێڕ دابنێت، بابەتی سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەمێکە ناکۆکی تووندی لەگەڵ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی و پارێزگارەکانی بانکەکە هەیە. گوشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەت ئەگەر بتوانێت سەرۆکی بانکەکە لە کارەکەی دووربخاتەوە، دەتوانێت نرخی زێر بەرەو ئاستێکی بێ وینە هانبدات و تاوەکو 5000 دۆلاریش بەرزی بکاتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە لادانی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا متمانەی وڵاتانی جیهان بە دۆلاری ئەمریکی ناهێڵێت و بەهای دۆلار بە رادیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. لەدەستچوونی سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە تەنیا کاریگەری لەسەر زێڕ نابێت، بەڵکو ئابووری جیهان تووشی شۆکی گەورە دەکات.
 
پێشنیاز
 
لەم کاتانەدا کە نرخی زێڕ ئەگەری هەیە گۆڕانکاری خێرای بەدواوەبێت، چ بە بەرزبوونەوە بێت یان دابەزین، پێشنیاز دەکرێت شێوازێکی نەریتی و ناسراو لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەکاربهێنرێت. ئەوەش ئەوەیە کە وەبەرهێنەر لە چەند قۆناخ دا زێڕ بکڕێت. ئەگەر کەسێک بۆ نموونە بەنیازە بایی 10 هەزار یان 100 هەزار دۆلار زێڕ بکرێت، باشترە لە چەند قۆناخ و لە ماوی بۆ نموونە 6 مانگ دا ئەو کارە بکات. دەتوانێ پارەکەی دابەشی شەش بەش بکات و هەرجارێک تەنیا بایی ئەو بڕە، زێڕ بکرێت. بەم چەشنە لە کۆتاییدا هەر قازانج دەکات، تەنانەت ئەگەر نرخی زێڕ لە چەندین مانگیش دا دابەزینی بەرچاویش بەخۆیەوە ببینێت. 
یەکێکی دیکە لە رێگەکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دابەزینی نرخی زێڕ ئەوەیە کە وەبەرهێنەر لەجیاتی ئەوەی خودی زێڕەکە بکرێت، لە بازاڕە داراییەکان، پشکی سندووقە ناسراوەکانی زێڕ بکرێت کە توانای بەرگری زۆریان هەیە لەبەرامبەر شۆکی نرخەکان و سەرمایەی بازرگانان بەڕادەیەکی زۆر پارێزراو دەبێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە