سەرەتا ئاشتی دواتر چارەسەری

10-02-2025
رەسەن رەمزی
A+ A-
 
تورکیا لەبەردەم دووڕێیانی چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراوی کوردە لە وڵاتەکەی. بۆ رێگەخۆشکردن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش هەنگاو و مەرجی سەرەکیی تورکیا کۆتاییهێنانە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). بۆ ئەو مەبەستەش لە ئۆکتۆبەری 2024ـەوە چووەتە قۆناخێکی دانوستاندن لەگەڵ ئیمراڵی، تا لەوێوە بانگەشەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە بکرێت و چی دیکە پرسی پەکەکە و مەترسی ئەمنیی ئەو رێکخراوە لەسەر تورکیا نەمێنێت. هەروەکو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، ئەو درووشمە ئێستا درووشمی سەرەکیی بەرەی دەسەڵاتە لە تورکیا، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسەیە. 
 
سەرەتا "ئاشتی"، دواتر "چارەسەری"
 
بەهۆی ئەوەی ئەو پرۆسەیە هەر لە سەرەتاوە دیوێکی تاریکی هەیە، تائێستا هیچ ناوێکی فەرمی نییە، دەمێک بە "پرۆسەی کرانەوە"، "پرۆسەی چارەسەری"، "پرۆسەی ئاشتی،" دەمێک بە پرۆسەی "هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە – کۆتاییهێنان بە پەکەکە" ناو دەبرێت. ئەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت، پرۆسەیەکی "ئاشتی"یە. مەبەست لێی بێدەنگکردنی چەکە. روونتر لەوە، چەککردنی پەکەکە، دانانی چەک و راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی پەکەکەیە، بۆ ئەوەی چی دیکە تورکیا سەرقاڵی شەڕی پەکەکە نەبێت. ئەگەرچی میکانیزم و هەنگاوەکانی "ئاشتی" کات دەخایێنێت. لە پرسی پەکەکە، سێ هەنگاوی گرنگ هەن. سەرەتا بڕیاری "هەڵوەشاندنەوە"یە کە لەسەر بانگەشەی ئیمراڵییەوە بێت. ئەمەش هەر لە ئێستاوە سەرکردەکانی قەندیلی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە. بەشێکیان ملکەچ دەبن، بەشێکیشیان دژی هەڵوەشانەوەن. ئەگەر قەندیل بە بڕیاری "هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە" رازی بێت، دواتر هەنگاوی "چەکداماڵین" دەست پێدەکات. لێرەدا تائێستا میکانیزمی ئەو چەکداماڵینە دیار نییە کە چۆن و لە کوێ دەکرێت، بەڵام دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی چەند کۆمیسیۆنێک کردووە کە لە دەروازە سنوورییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، لەگەڵ ئەوەش ئەگەری هەیە بە هەماهەنگی هەولێر و بەغدا چەند کۆمیسیۆنێک لەناو هەرێمی کوردستان دامەزرێنێت بۆ کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە. کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی سەقفێکی زەمەنیدا دەبێت. لەگەڵ کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە، دەبێت چارەنووسی ئەندام و سەرکردەکانی پەکەکە دیاریبکرێت. تورکیا ئامادە نییە لێبووردنی گشتی بۆ چەکدارانی پەکەکە دەربکات. هەروەها رێگە نادات بگەڕێنەوە تورکیا. لەگەڵ ئەوەش داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە نابێت لانی کەم سەرکردە باڵاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. هەموو ئەو هەنگاوانەی کات و میکانیزم و چاودێریی وردی دەوێت. ئەگەر هەموو ئەمانە بەدیهات، ئینجا تورکیا دەکەوێتە قۆناخی "چارەسەری". لەو قۆناخەدا تورکیا دەستی شل دەکات لە مافەکانی کورد. لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوور و هەڵگرتنی یاسای "قەییم –یان- قەیووم" لەسەر شارەوانیەکان و کرانەوەی زیاتر بەرامبەر مافە نەتەوەیییەکانی کورد. ئەوەش قۆناخێکی درێژمەودایە و بەشداریی کارای پارتە سیاسییە کوردییەکانی تورکیای دەوێت کە چۆن دانوستاندن لەگەڵ بەرەی دەسەڵات دەکەن، هەروەها لە بەرامبەردا بە چی بەرەی دەسەڵات رازی ببن.   
 
قۆناخی ئێستا نە بۆ ئۆجەلانە، نە بۆ کورد
 
لەو قۆناخەی ئێستا دەگوزەرێت، موخاتەبی سەرەکیی پەکەکەیە. تورکیا لە ئیمراڵییەوە پەیام بۆ پەکەکە دەنێرێت بۆ پابەندبوون بەو ئاشتییەی کە تورکیا چاوەڕوانی دەکات. لە بەرامبەردا تورکیا هیچ بەڵێنێکی ئازادکردن یان "زیندانیکردن لە ماڵ" بە ئۆجەلان نەداوە. لە سەرەتای ئەو پرۆسەیەوە، میدیاکانی تورکیا زۆر باسیان لە ئەگەری یاخود مەرجی ئازادکردنی ئۆجەلان کرد لە بەرامبەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەڵام ئەردۆغان بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ بەڵێنێکی لەو جۆرە نییە و بە لەبەردەم میدیاکان بە وەزیری دادی تورکیای راگەیاند کە نیازی ئازادکردنی ئۆجەلان لە ئارادا نییە و، دەبێت ئەو پەیامەش بۆ رای گشتی باس بکەن. هەروەها ئەردۆغان لە گوتارەکەی لە کۆنگرەی ئاکپارتی لە شاری ئامەد ئاماژەی بەوە دا، ئەو قۆناخەی ئێستا تەنیا یەک ئامانجی هەیە، رێکخراوی پەکەکە کە ئەو بە "تیرۆریست" ناوی برد، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەبێ مەرج چەکەکانیان دابماڵن و تەسلیمی تورکیای بکەنەوە، پەکەکە بەتەواوی خۆی لە گوشار و دەستێوەردانی سیاسی دووربخاتەوە، بەهۆی گوشاری جوداخوازیی پەکەکە، پارتێکی سیاسی ناتوانێت ببێتە پارتێکی تورکیایی و مومارەسەی سیاسەت بکات، دەبێت دەرفەتیان پێبدرێت لەو ئاراستەیەوە پەرە بە خۆیان بدەن [مەبەستی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، دەم پارتییە]. ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە بابەتێک نییە پەیوەندی بە "برا کوردەکانمانەوە هەبێت،" بابەتێکە کە سنووردارە بە تەسفیەکردنی پەکەکە. یەکێک لە رستە سەرنجڕاکێشەکانی ئەردۆغان لە ئامەد ئەوەبوو کە گوتی، "کاتێک رێکخراوی تیرۆریستی لەنێوانمان دا نەما، ئەوکاتە جارێکی دیکە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و برایەتییەوە یەکدی لە باوەش دەگرینەوە". ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە ئەردۆغان دەڵێت، تا پەکەکە مابێت، رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە تورکیا هەر ئاوا دەمێنێتەوە. تورکیا پێی وایە ئاشتییەکی سیاسی و ئەمنی گرنگترە لە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەگەر ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی نەبێت، مەحاڵە ئاشتیی سیاسی و ئەمنی تاسەر بێت. 
 
پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان
 
وا بڕیارە پێش کۆتایی مانگی شوبات، ئۆجەلان پەیامێک بڵاوبکاتەوە. سەرەتا هەموو چاوەڕوانییەکان ئەوە بوو کە ئۆجەلان لە 15ـی شوبات پەیامەکەی بڵاوبکاتەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەی بۆ تورکیا، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەو بەروارە ئامادە بێت و ئەگەری زۆرە دوا بکەوێت. تائێستا هەر پەیامێک لە ئیمراڵییەوە هاتبێت، لە شێوەی نووسراودا بووە. چ لە رێگەی ئەندامانی خێزانەکەی، یان شاندی دەم پارتی و هەدەپەی پێشوو، یان لە رێگەی شاندێکی ئەکادیمیسیانەوە بووە. هەر پەیامێکی نووسراو لە ئۆجەلانەوە هاتبێت، سەرەتا دەوڵەت دەیخوێنێتەوە و رەزامەندی لەسەر دەدات، ئینجا بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە. تەنانەت هەندێکجار لەلایەن دەوڵەتەوە دەستکاریی نێوەڕۆکەکەی دەکرێت و ئۆجەلانیشی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. هەروەک چۆن پەیامەکەی ئۆجەلان لە نەورۆزی 2013 دا لەلایەن یاڵچن ئاکدۆغان (یاریدەدەری ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و ئەندامی شاندی دانوستاندکاری ئاکپارتی لە پرۆسەی چارەسەری 2013)، سەرەتا دەستکاریکرا و دواتر رەزامەندیی ئۆجەلان وەرگیرا و ئینجا لە نەورۆزی ئامەد خوێندرایەوە. ئەوجارەیان چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوبکاتەوە. لەوەتەی لە ئیمراڵییە، یەکەم جارە ئۆجەلان پەیامی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی هەبێت. ئەمەش تائێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە. بڵاوکردنەوەی تۆماری هەنگاویکی گرنگە. لەگەڵ ئەوەش ئەوجارەیان دەوڵەت دوای نووسینی پەیامەکەی ئۆجەلان، بە نێوەڕۆکەکەدا ناچێتەوە، بەڵکو دەبێت سەرەتا لەگەڵ ئۆجەلان لەسەر نێوەڕۆکی پەیامەکە رێکبکەون، بەڵام بێگومان نێوەڕۆکی قسەکانی ئۆجەلان بە رەزامەندیی دەوڵەت دەبێت. ئەرکی سەر شانی ئۆجەلان قورسە، ئەو پەیامەی دەوڵەت چاوەڕێی دەکات لە ئۆجەلان، یەکلاکەرەوەیە. ئۆجەلان ئەگەر لە ئەنجامی ئەو پەیامە دڵنیا نەبێت، ناچێتە ژێر ئەو بارە قورسە. بۆیە لە ماوەی رابردوو بۆ زەمینە خۆشکردن لە ئەنجامی ئەو پەیامە، هەواڵگریی تورکیا ناڕاستەخۆ پەیوەندی لەگەڵ قەندیل و  رێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەورووپا هەبووە و لە ئەگەری بەدەنگەوەنەچوونی ئەو پەیامەش، لە کاردانەوەی تووندی تورکیا ئاگاداری کردوونەتەوە. 
 
شاندەکەی ئیمراڵی سەردانی هەولێر دەکەن
 
وا بڕیارە 16ـی ئەم مانگە، شاندی راسپێردراوەی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەجێندای سەردانەکە وایە کە سەرەتا لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. دواتر لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دابنیشن. بەهۆی جیاوازیی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی پەکەکە، سەردانەکەی ئەو شاندە زیاتر لەسەر ئاستی حیزبییە نەوەک دانیشتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو شاندە بۆ ئەوە دێت را و بۆچوون و پێشنیازی سەرکردایەتیی کورد لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت و دواتر بیانگەیێنێتە ئۆجەلان لە ئیمراڵی. هەرێمی کوردستان وێستگەیەکی گرنگە لەو پرۆسەیە. هەروەک چۆن لە پرۆسەی ئاشتیی 2013، پاڵپشتیی هەولێر گرنگ بوو. لەو قۆناخەدا ئەرکی سەرشانی هەرێمی کوردستان قورسترە، چونکە ئەوجارەیان هەرێمی کوردستان هەر لە رۆڵی نێوەندگیریی نێوان تورکیا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان، تا دەگاتە جێبەجێکردنی میکانیزمی چەکداماڵین و چارەنووسی چەکدارانی پەکەکە، ئەرک و بەرپرسیاریەتی لێ چاوەڕوان دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حوسێن عومەر

بچنە دیمەشق

رێککەوتنی رۆژی 10ی ئەم مانگە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک رێککەوتنێکی پرەنسیپی دێتە بەرچاو بۆ گفتوگۆیەکی فراوان و درێژ، بەڵام زەوینەیەکی گونجاوی کارکردنی هاوبەشی سیاسی بۆ هەموو لایەک کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخێکی کۆمەڵایەتی زۆر باشی هێناوەتەکایەوە کە رادەی یەکتر قبوڵکردنی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریادا زۆر بە باشی کردووەتەوە.