ئێران و سەرابی بایدن

11-11-2020
رەفعەت سەلیمی
نیشانەکردن ئەمریکا ئێران
A+ A-
 
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هێندە بە دۆڕانی ترەمپ دڵخۆشن، كە بەشێوازی ناڕاستەوخۆ كەوتنی ترەمپ بە موعجیزەی نوێی ئێرانی ئیسلامی ناودەبەن و تەنانەت لە هەڵوێستی فەرمیی ئەوانەی لە لووتكەی دەسەڵاتدان هیچ هەوڵێک بۆ شاردنەوەی خۆشحاڵی لە سەركەوتنی بایدن نادرێت. دەگوترێت جۆ بایدن هەر كە وەک 46ـەمین سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكارببێت، زۆر شت لە زۆر شوێنی دونیا و بەتایبەت لە ئێران بە ئاقاری باشتردا دەڕوات. بەرپرسانی ئێران هیوای زۆریان لەسەر ئیدارەی بایدن هەڵچنیوە و تەنانەت خودی بایدنیش بەڵێنی زۆر هیوابەخشی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا داوە، كە گرنگترینیان گەڕانەوەیە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و ئێرانییەكانیش ئەم هەنگاوە بە دەستپێكی شكاندنی دیواری گەمارۆكانی ئەمریكا دەبینن. لەم گوتارەدا دەپەرژێینە سەر ئەوەی كە ئەگەر و ئاستەنگەكانی بەردەم بایدن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە ئێران داویەتی كامانەن؟
 
لەنێو خودی حیزبەكەی بایدن كەم نین ئەو كەسانەی كە پێیانوایە رێككەوتنی 5+1 كەموكوڕیی زۆری تێدایە  
 
بایدن وەک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو بەو مەرجەی ئێران لەو هەنگاوانەی پاش دەرچوونی ئەمریكا لە پەیمانەكە ناویەتی پاشگەزببێتەوە و بگەڕێتەوە قۆناخی پێش دەرچوونی ئەمریكا، ئەوا ئیدارەی بایدنیش دەگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی 5+1 و ئەمەش بەواتای هەڵوەشانەوەی ئەو گەمارۆ ئابووریانە دێت كە ئیدارەی ترەمپ لەم دوو ساڵەی دواییدا و پاش دەرچوون لە پەیمانەكە بەناوی "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار" بەسەر ئێراندا سەپاندوونی. ئەم نیازەی بایدنیش ئەگەرێكە كە هەم لەلایەن ئەمریكا و هەم لەلایەن ئێرانیشەوە ئاستەنگی زۆری لەپێشدایە.
 
 
ئاستەنگی پەیوەست بە ئەمریكا:
 
یەكەم: هەر لەنێو خودی حیزبەكەی بایدن كەم نین ئەو كەسانەی كە پێیانوایە رێككەوتنی 5+1 كەموكوڕی زۆری تێدایە و لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ نێو پەیمانەكە، دەبێ هەوڵی بەرفراوانكردنی بدرێت و كۆمەڵێک پەڕاوی دیكەی وەک پرسی مووشەكی، مافی مرۆڤ و شەڕاشۆییەكانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی لەخۆبگرێت و تەنانەت هەر خودی بایدن و حیزبەكەشی بەڵێنی زۆریان داوە كە سەرەڕای پەڕاوی ئەتۆمی دەسبەرداری پرسی مافی مرۆڤ و رەفتارە گێچەڵسازەكانی ئێرانیش نابن. هەر ئەمەش بابەتەكە زۆر ئاڵۆزتر دەكات، چونكە رێككەوتنی ئەتۆمی تەنیا و تەنیا رێككەوتنی ئەتۆمییە.
 
بایدن كوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی بە كارێكی دروست لەقەڵەم دا  
 
دووەم: سیاسەتی ترەمپ سەبارەت بە ئێران، سیاسەتی گۆپاڵ بەبێ گێزەر بوو و پێموانیە سیاسەتی ئیدارەی بایدن گێزەری بەبێ گۆپاڵ بێت. لە باشترین حاڵەتدا گۆپاڵ و گێزەرە و هەرچەند بە زمانێكی نەرمونیان كە لەگەڵ پێوەرە دیپلۆماسییەكاندا تەبا دێتەوە لەگەڵ ئێراندا دەدوێ، بەڵام هاوكات گۆپاڵێكی گەورەشی بەدەستەوە دەبێت. بۆ نموونە بایدن سەبارەت بە كوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پشتڕاستی كارەكەی ترەمپی كردەوە و بە كارێكی دروستی لەقەڵەم دا، یان لە دووەم دیبەیتی لەگەڵ ترەمپدا رایگەیاند ئێران، چین و رووسیا لەسەر دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنی ئەمریكا باجێكی قورس دەدەن. لەبیرمان نەچێت كە رستەی "تەواوی بژارەكان لەسەر مێزن" رستەیەكە كە بەرپرسانی ئێران زۆر زۆر پێی قەڵس دەبن و ئۆبامای دیموكرات و سەرۆكی پێشووی بایدن، زیاتر لە هەموو سەرۆكەكانی دیكەی ئەمریكا ئەو رستەیەی بەكارهێناوە و ترەمپ تەنانەت یەكجاریش ئەو رستەیەی نەهێنایە سەر زار.
 
سێیەم: ترەمپ ئەم ماوەیە زۆر لە گەمارۆكانی ئێرانی خستووەتە ژێر لەیبڵی تیرۆریزمەوە و تەنانەت لەم حەفتا رۆژەشدا لەوانەیە گەمارۆی قورستر و زیاتر هەر لەژێرناوی تیرۆریزمەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی لەوجۆرەش پێویستی بەوەیە كە ناوی ئێران لە لیستی وڵاتانی داكۆكیكاری تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەربهێندرێت و ئەمەش هەرچەند مەحاڵ نییە، بەڵام زۆر زەحمەتە. هەربۆیە بایدن بۆ پێچەوانەكردنەوەی گەمارۆكانی ترەمپ ئەركی قورسی لەپێشە.
 
چوارەم: ناوچەكە كۆمەڵێک گۆڕانكاریی بنچینەیی تێداكراوە. ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل وەک دوو هاوپەیمانی ناوچەیی گرنگی ئەمریكا گوشارێكی قورس دەخاتەسەر ئیدارەی بایدن بۆئەوەی لە گفتۆگۆكانی لەگەڵ ئێراندا دەستی هێندە ئاوەڵا نەبێت.
 
 
ئاستەنگی پەیوەست بە ئێران:
 
یەكەم: كۆمەڵێک هێزی زۆر دەستڕۆیشتوو لەئێراندا هەن كە بەرژەوەندییان لە چارەسەربوونی كێشەی ئێران و ئەمریكادا نییە. هەر لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتنی 5+1 جەواد زەریف رووبەڕووی هەڕەشەی زۆر تووند بووەوە و تەنانەت تۆمەتی خیانەتیشی درایەپاڵ. هەروەها پەرلەمانی ئێران چەند رۆژ بەر لە هەڵبژاردنی ئەمریكا بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی دامودەزگا ئەتۆمییەكانی وڵاتی دەركرد. جگە لەوانە رێک لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لە سیستەمی دەستڕێژی مووشەكی لادا. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆئەوەی كە ئێران پاش دۆڕاندنی ترەمپ تووشی جۆرێک لە غروور و لووتبەرزی بووە و دەیەوێ هەموو شتێک بۆ بایدن و حەسەن رووحانی دژوارتر بكاتەوە. ئیتر ئەوەی كە راستڕەوە رادیكاڵەكان و تەنانەت خودی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش چەندە رێگە بە هەوڵێكی لەوجۆرە دەدەن خۆی جێگەی پرسیارە.
 
كۆمەڵێک هێزی زۆر دەستڕۆیشتوو لەئێراندا هەن كە بەرژەوەندییان لە چارەسەربوونی كێشەی ئێران و ئەمریكادا نییە
 
دووەم: گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران (خەتیبزادە) بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی سێ مەرجی خستووەتە بەردەم ئەمریكا، كە دوو لەو مەرجانە شتی گشتی و ناڕوونن و زۆر بە گرنگ دانانرێن، بەڵام مەرجی سێیەم كە بریتییە لە دادگاییكردنی هەموو ئەوانەی كە بەجۆرێ لە جۆرەكان لە كوژرانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسدا رۆڵیان هەبوو (تەنانەت خودی ترەمپ) كاری ئیدارەی بایدن سەخت دەكاتەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە بایدن ئەو كارەی ئیدارەی ترەمپی بە كارێكی دروست ناوزەد كردبوو.
 
سێیەم: چەند مانگ پاش دەستبەكاربوونی بایدن هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێرانیش بەڕێوەدەچێت. ئاشكرایە كە رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیش پرسی گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی بهێڵێتەوە بۆ دەوڵەتی داهاتوو. هێندەی كە رووحانی بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنەكە بەپەلەیە، ئەوەندەش رێبەری باڵا بە سەبرە. مەگەر دۆستایەتی و پەیوەندیی شەخسیی نێوان بایدن و زەریف رەوشەكە بگۆڕێت، ئەگینا ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت هەركات لە ئەمریكا كەسێكی لیبراڵ لەسەر حوكم بێت، ئەوا زەمینە بۆ هاتنەسەركاری كەسێكی تووندڕەو لە ئێران دەڕەخسێندرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بە شیمانەیەكی زۆرەوە سەرۆككۆماری داهاتووی ئێران كەسایەتییەكی سەربازی و لە ژەنەراڵەكانی سوپای پاسداران بێت و رێككەوتنی نوێی ئەمریكاش لەگەڵ وەها كەسێكدا گەلێک زەحمەت دەبێت.   
 
هێندەی كە رووحانی بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنەكە بەپەلەیە، ئەوەندەش رێبەری باڵا بە سەبرە  
 
چوارەم: گریمان هەم بایدن بەنیازپاكییەوە بێتە نێو كایەكەوە و هەم رێبەری باڵای ئێرانیش رێگە بە دانوستاندنی دووبارەی ئێران و ئەمریكا بدات، ئەزموونی رێككەوتنی پێشوو ئێرانی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی كە رێكکەوتنێكی نوێ دەبێ بەپێچەوانەی رێككەوتنی پێشوو ببرێتە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا و بكرێتە یاسا تاوەكو سەرۆكی داهاتوو نەتوانێت بە ئاسانی لێی دەربچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پێدەچێت پێكهاتەی ئەنجوومەنی پیران لە بەرژەوەندیی دیموكراتەكان و بایدندا نەبێت، دەتوانین بڵێین ئەمەش دیسان ئاستەنگێكی دیكەی بەردەم رێككەوتنێكی نوێی نێوان ئێران و ئەمریكا دەبێت.
 
هەركات لە ئەمریكا كەسێكی لیبراڵ لەسەر حوكم بێت، ئەوا زەمینە بۆ هاتنەسەركاری كەسێكی تووندڕەو لە ئێران دەڕەخسێندرێت
 
بەپوختی ئەگەری دانوستاندنی ئێران و ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە كەشێكی زۆر تەمومژاویدایە و ئاستەنگەكان زۆر لەوانەی سەرەوە زیاترن. دژایەتیی ئەمریكا بووەتە بەشێک لە شووناس و جەوهەری كۆماری ئیسلامیی ئێران. رێبەری باڵا لە ئێران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە ترەمپ بەو هەموو هاتوهاوار و دەبدەبە و كەبكەبەوە هیچی پێنەكرا، ئەوا بایدن كە سەبارەت بە دژایەتیكردنی ئێران تەنانەت كاریكاتێرێک لە ترەمپیش نییە چی پێدەكرێت؟  ئەمەش وادەكات كە دەسەڵاتدارانی ئێران هەر بگەڕێنەوە بۆ گوتە بەناوبانگەكەی رێبەری باڵا "نە شەڕ و نە گفتوگۆ". دوو زلهێزی چین و رووسیاش سەبارەت بە پرسی ئێران و ئەمریكا دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتییان پێ باشترە. رێككەوتنی ئێران و ئەمریكا دوو دژبەری زۆر گرنگی ناوچەیی، واتە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی هەیە كە بەتازەیی یەكدیشیان گرتووە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ئەو گەشبینییەی كۆمەڵێک لە خەڵكی ئێران و تەنانەت حەسەن رووحانیش بە هاتنی بایدن هەیانە، سەرابێكە و هیچیتر و دەرگاكە هێشتا لەسەر هەمان گێژەنی جاران دەخوڵێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

کێ دەزانێ! رەنگە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات، کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە.