ترەمپ بە سیاسەتە زەقەکانی جیهان تووشی شۆک دەکات

11-02-2025
د. ئازاد ئەحمەد عەلی
A+ A-
 
ترەمپ بەڕوونی باسی پلانەکانی دەکات و هەوڵ دەدات بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی جێبەجێ بکات، بە پێچەوانەی رەوتی چەپی لیبراڵ لە ناو حیزبی دیموکرات بە سەرکردایەتیی ئۆباما-بایدن لە ساڵانی رابردوودا، کە بەردەوام جەختیان لەوە کردەوە ئامانجی سیاسەتی دەرەوەیان بڵاوکردنەوەی (دیموکراسییە لە جیهاندا) کە لە ناوخۆی ئەمریکادا بەهێزی دەکات، بەڵام ئەنجامە کردارییەکەی رادەستکردنی ئەفغانستان بوو لە ساڵی 2021 بۆ تاڵیبان، هەروەها رادەستکردنی سووریا بوو بۆ دەستەی تەحریر شام لە کۆتایی ساڵی 2024، کە هەردووکیان لقی رەسەنی رێکخراوی قاعیدەی جیهادین.
 
لەوانەیە وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر پلانە ناڕوون و فێڵاوییەکەی دیموکراتەکان، سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە کەسایەتیی خۆیدا کورتکراوەتەوە، روون و ئاشکرا بێت. سەرەڕای ئەوەش، پێدەچێت بەهۆی زبرییەوە جیهان تووشی شۆک ببێت. چاودێران لە یەکەم لێدوانی وەزیری دەرەوە مارکۆ رۆبیۆ، کە لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجوومەنی پیرانەوە هاتووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنەکە بوو، ئەمەیان بۆ روونبووەوە. وەزیری نوێ ساڵی 1971 لە فلۆریدا لەدایک بووە و، کوڕی دایک و باوکێکی هەژاری کوباییە.
 
یەکەم لێدوانی مارکۆ رۆبیۆ، لایەنی سەرەکی و راستەقینەی سیاسەتی ترەمپی ئاشکرا کرد، کە بریتییە لە زاڵبوونی لایەنی ئابووری بەسەر هەموو دامەزراوەکانی ئیدارەی ئەمریکادا. کاریگەریی رەوتی ئابووری زۆر بەهێزە، تەنانەت لەسەر گوتاری وەزیری دەرەوەش کە پێویستە بە زمانێکی دیپلۆماسی قسە بکات نەک زمانی ئابووری و قازانج، کە ناونیشانەکەی (دۆلارە). دوای دەستبەکاربوونی، راستەوخۆ رایگەیاند: کارکردن وەک 72ـەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرزترین شانازییە لە ژیانی پیشەییمدا. سەرۆک ترەمپ رێنماییەکی روونی پێم دا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییە سەرەکییەکەمان رێنیشاندەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بێت. دەبێت بۆ هەر دۆلارێک کە خەرجی دەکەین و هەر بەرنامەیەک کە پارەی بۆ دابین دەکەین و هەر سیاسەتێک کە پەیڕەوی دەکەین، وەڵامی سێ پرسیاری سادە بدرێتەوە:
 
ئایا ئەمریکا پارێزراوتر دەکات؟
 
ئایا ئەمریکا بەهێزتر دەکات؟
 
ئایا ئەمریکا گەشەسەندووتر دەکات؟
 
ئەم لێدوانە – پلانە، لە 22-01-2025، درا و لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە.
 
پاش ئەوەی رۆبیۆ سێ پرسیارەکەی خۆی کرد بە کۆڵەکەی سەرەکیی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لە قۆناخی داهاتوودا، بۆ توێژەر دەردەکەوێت کە سیاسەتی ئیدارەی نوێ، خاوەنی فەلسەفە و میتۆدێکی روونە و، بگرە رەوتە ئابوورییەکەی زۆر زەقە و، لە پلەی یەکەمدا بەرەو قازانجی ئابووری دەڕوات، تا ئەو رادەیەی ئیدارەی نوێ ئاژانسی گەشەپێدانی دەرەکیی ئەمریکایی داخست. لەوە دەچێت خاوەنی بیرۆکەکە ئیلۆن ماسکی هاوبەشی ترەمپ لە حوکمڕانیدا بێت، کە پێشتر ئاشکرای کرد بەنیازە ئاژانسی گەشەپێدانی دەرەکیی ئەمریکایی (USAID) دابخات، بەبیانووی ئەوەی چاکسازیی تێدا ناکرێت و رێکخراوێکی (تیرۆریست)ە، بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ هەواڵگری و خۆبواردن لە ئاشکراکردنی ژمارەیەک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بۆ ئەو تیمی پشکنینەی ئەو ناردبووی. ئەو جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر داخستنی ئاژانسەکە دەربڕیوە کە بودجەی ساڵانەی 40 ملیار دۆلارە، ترەمپیش بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکەی بە کۆمەڵێک "شێتی تووندڕەو" وەسف کرد. لە ئەنجامدا هەزاران کارمەندی ئەم دامەزراوەیە لە ئەمریکایی و خەڵکی دیکە لە سەرتاسەری جیهان دەرکران، دواتر ئەم قەبارە زەبەلاحەی یارمەتییە ئەمریکاییەکان رادەگیرێت، بەڵام بڕیارە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە رێکبخرێنەوە بەپێی دیدی ئیدارەی نوێ بە سەرکردایەتیی ترەمپ-مەسک.
 
هەروەها دەستکرا بە جەنگی باجی گومرگی کە ئەنجامی خراپی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لە هەردوو رووی ئابووری و سیاسییەوە. بۆ نموونە، لە خەمڵاندنێکی سەرەتاییدا دەرکەوت کاریگەریی زیانەکانی باجی گومرگی ئەمریکا لەسەر کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، بەپێی شارەزایان، دەگاتە نزیکەی 30 ملیار دۆلار.
 
هەروەها تێبینی دەکرێت وەزیری دەرەوە رۆبیۆ، رووحی چالاکییە دەرەکییەکانی لە هیچ فەلسەفە یان ئایدۆلۆژیا یان تەنانەت بیرێکی سیاسیی ئەمریکا پێش سەرۆکایەتیی ترەمپ وەرناگرێت، بەڵکو ترەمپ وەکو هەر سەرۆکێکی وڵاتێکی جیهانی سێیەم خۆی رێنمایی بە رۆبیۆ دەدات. هەروەها لە سەرەتای دەستپێکی ئیدارە نوێیەکەوە، هیچ نیشانەیەکی پەیوەندیی هاوبەش یان کارلێک لەنێوان وەزیری دەرەوە و لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێس و ترەمپ بەدی نەکراوە، بەڵکو وەزیر رێنماییەکان وەردەگرێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ لە بوارەکانی کۆچ، وزە و کەشوهەوا، بەتایبەتی گرتنەبەری خێرای هەڵوێستی ناهەموار بەرامبەر قەیرانی کەشوهەوای جیهانی، کاتێک گوتی: "دەبێت سوود لە خاڵە بەهێزەکانمان وەربگرین و خۆمان لە سیاسەتەکانی کەشوهەوا رزگار بکەین کە ئەمریکا لاواز دەکەن، بەمەش پاساو بۆ هەموو ئاراستەکانی سیاسەتەکانی ترەمپ لە رۆژە یەکەمەکانی حوکمڕانییەوە دەهێنێتەوە. بە جۆرێک جەختی لەوە کردەوە: ئەجێندای پێشبینیکراوی سەرۆک ترەمپ بۆ وڵاتەکەمان و پەیوەندییە دەرەکییەکانمان، دووبارە تیشکخستنەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیی ئەمریکایە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە. لە گەرمەی کێبڕکێی زیادبووی ئەمڕۆی نێوان زلهێزەکاندا، من دەستەی دیپلۆماسیی بەهرەدارمان بەهێز دەکەم بۆ پشتیوانیکردنی ئەرکەکەمان بۆ ئەوەی ئەمریکا ئارامتر و بەهێزتر و گەشەسەندووتر بێت". روونە کە ئەم پلانەی رۆبیۆ بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی لە قۆناخی داهاتوودا پێشکێشی کردووە، جێبەجێکردنی بۆچوونەکانی پێشووی ترەمپە، سەرباری پابەندبوون بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی، جگە لەوەی کە سیاسەتە ئابوورییە تووندەکانی هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی لەگەڵ سەرمایەی تەکنیکی-دیجیتاڵ کە جەمسەرەکانی، بەتایبەتی ملیاردێری یەکەمی جیهان ئیلۆن ماسک، نوێنەرایەتیی دەکرێت، پێویستیان پێیەتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

بەهاری دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع

وێنای سوپا و هێزی دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع ئەو وێنایەیە کە لە تۆمارە ڤیدیۆکانی سێ رۆژی رابردوو خۆیان بەرجەستەکرد. هیچ لۆژیک و رەوایەتییەک لەوەدا نییە کچ و کوڕانی کورد لەنێو هێزەکانی هەسەدە کە خاوەن جوانترین وێنای دیسپلینی سەربازین و وەک پاڵەوانی داعش بەزێن ناسراوون، لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ببنە بەشێک لەو سوپایەی سووریا. پێویستە کورد ئەو وێنا دزێوەی سوپای تازەی سووریا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی عەلەوییەکان بۆ ئەوە کەڵکی لێوەربگرێت، وەڵامدەرەوەی ئەو داوا و گوشارانە بێت کە دەخرێنە سەر کورد بۆ چەکدانان و بوونە بەشێک لە سوپای سووریا، یان چوونەژێر رکێفی ئەحمەد شەرعەوە.