نێچیرڤان بارزانی و دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکان

13-02-2025
عومەر نورەدینی
A+ A-
 
 
دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکان کە خۆی لە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان نوێنەری دەوڵەت و حکومەت و قەوارە سیاسی و رێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لەچوارچێوەی کۆنگرەیەکی رێکخراودا دەنوێنێ کە تیایدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دانوستاندن لەسەر ژمارەیەک بابەت و پرسی جیهانی و هەرێمی و پەیوەندیدار بە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان بەشداربووان دەکرێ و روانگە و هەڵوێستی هاوبەش لەبارەوەیانەوە گەڵاڵە دەبێ و رێوشوێن و ئامرازی تایبەت بۆ مامەڵە لەگەڵ کێشەکان دیاری دەکرێن.
 
ئامادەبوون و بەشداری لە دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکان لە چەندین لاوە گرنگە و بایەخی خۆی هەیە، سەکۆیەکە بۆ بەیەکگەیشتنی ئەو کەسایەتییە سیاسی و دەوڵەتمەدارانەی کە لە وڵاتەکانی خۆیان خاوەن بڕیاری سیاسین بەمەش لەو کۆنگرانەدا باشتر ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان گەڵاڵە دەبێ، دەرفەت دەڕەخسێ بۆ نوێنەری بەشێک لەو وڵاتانەی کە کێشە و گرفتیان لەگەڵ یەکتر هەیە دانوستاندن بکەن و لە رێگەی گفتوگۆ لە یەکتر نزیک ببنەوە، جگە لەوە لەسەرینی دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکانەوە زەمینەی رێککەوتنی دووقۆڵی و چەند قۆڵی لەسەر پرس و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ وڵاتان دەڕەخسێ.
 
نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەکی سیاسی ناو بازنەی نوخبەی باڵای سیاسیی وڵات چ ئەوکاتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو یان ئێستا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەموو دەمێک لە سیاسەتی دیپلۆماسیی خۆیدا بایەخی زۆری بە دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکان داوە، ویستوویەتی لەو مینبەرەوە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ببێتە لایەنێکی بەشدار لە بزاڤی دیبلۆماسی جیهانی و لێی دانەبڕێ، بەشداریی بەڕێزیان لە کۆنگرەکانی نێودەوڵەتییەکانی وەک: میونشنی تایبەت بە ئاسایش، داڤۆسی تایبەت بە ئابووری، کۆنگرەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی دیکەی نێودەوڵەتی، نموونەی زیندوون بۆ ئەو بایەخ و گرنگی پێدانە.
 
نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیاریی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە دیپلۆماسییەتی کۆنگرەکاندا، خواست و ویستی ئەوەی هەبووە و هەیە کە ئەم بەشداربوونە بۆ هەرێمی کوردستان وەدیهێنەری چەندین ئامانج و بەرجەستەکەری ژمارەیەک مانا و دەلالەتی سیاسی بێ لەوانە:
 
1- بوونی سیاسی: بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لەو کۆنگرانە نیشانەی ئەوەیە گەلی کوردستان بوون و وجودێکی سیاسیی خاوەن پێگە و جێگەی لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
 
2- رۆڵ و ئیرادە: قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان خاوەن هێز و سەنگێگە کە دەتوانێ لە سەر پرسە پەیوەندیدارەکان بە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی رۆڵ بگێڕێ لەوانە: ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی، ئاسایشی وزە، دژایەتی تیرۆر و تووندڕۆیی، پابەند بوون بە بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و ئازادی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ.
 
3- رەخسانی دەرفەت: لەو کۆنگرە نێودەوڵەتییانەدا دەرفەت دەڕەخسێ بۆ دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتوگۆی دووقۆڵی و هاوبەش لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک و پاشا و میر و سەرۆکی حکومەت و نوێنەری وڵاتان لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
 
4 - چارەسەری گرفت و کێشەکان: لەو کۆنگرانەدا هەلی ئەوتۆ بۆ هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێش کە بتوانێ لە سەکۆی ئەو کۆنگرانەوە پاکتاوی کێشەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکانی بکات، ئەو کاتەی لە ساڵی 2017 حکومەتی عێراق هێزی سەربازی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا و هەرێمی کوردستان بەرگری لەخۆی کرد، دوو دیداری گرنگ لە نێوان نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق حەیدەر عەبادی کە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕا لە گۆڕینی دۆخی شەڕ بۆ دۆخی ئاشتی و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و پاشان ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە لە دوو کۆنگرەی نێودەوڵەتی بوو  کە بریتیبوون لە کۆنگرەی داڤۆسی ئابووری لە سویسرا 2018  و کۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا 2018.
 
5- دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەک لایەنێک لەلایەنەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، کاتێک بۆ ئەو کۆنگرانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی فەرمی دەکرێن، لە بەخێرهێنان و پێشوازی کردنیان رەچاوی لایەنی پڕۆتۆکۆڵی دەکرێ، دیدار لەگەڵ نوێنەری باڵای وڵاتان ئەنجامدەدەن، ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراق دادەنرێ و هەڵدەدرێ، ئەمانە نیشانەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر چی دەوڵەت نییە، بەڵام وەک لایەنێک لەلایەنەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان حسابی بۆ دەکرێ.
 
لە کۆنگرەی ئەم ساڵی میونشن بۆ ئاسایش کە لە رۆژانی (14 - 16)ـی شوبات لە ئەڵمانیا دەبەسترێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادە و بەشدارە، بێشک لەو رووداوە دیپلۆماسییە باڵایەدا دیداری گرنگی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان دەبێت و دیدگای تایبەتی خۆی لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی وەک: سووریای نوێ، ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی عێراق، مەترسییەکانی تیرۆر و تووندڕۆیی، لێکەوتە نەخوازراوەکانی کۆچ، ئاسایشی وزە لەناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دراوسێ دەخاتەڕوو، ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریی بەرچاو لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووپاتدەکاتەوە، بە حوکمی ئەزموونی دەوڵەمەند و روئیای گەورە و ریالیستانەی، هێزی کاریگەری کەسایەتی، بوونی تۆڕێک لەپەیوەندیی فراوان، میتۆدی ئاشتی و ئاسایشخوازانە، توانای دیپلۆماسیی فرە ئاڕاستە بێشک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خۆی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری دەباتە سەر شانۆی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی و جارێکی دیکە بانگی ئێمەهەین و دەمێنین بەگوێی جیهاندا رادەدێرێ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

بەهاری دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع

وێنای سوپا و هێزی دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع ئەو وێنایەیە کە لە تۆمارە ڤیدیۆکانی سێ رۆژی رابردوو خۆیان بەرجەستەکرد. هیچ لۆژیک و رەوایەتییەک لەوەدا نییە کچ و کوڕانی کورد لەنێو هێزەکانی هەسەدە کە خاوەن جوانترین وێنای دیسپلینی سەربازین و وەک پاڵەوانی داعش بەزێن ناسراوون، لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت ببنە بەشێک لەو سوپایەی سووریا. پێویستە کورد ئەو وێنا دزێوەی سوپای تازەی سووریا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی عەلەوییەکان بۆ ئەوە کەڵکی لێوەربگرێت، وەڵامدەرەوەی ئەو داوا و گوشارانە بێت کە دەخرێنە سەر کورد بۆ چەکدانان و بوونە بەشێک لە سوپای سووریا، یان چوونەژێر رکێفی ئەحمەد شەرعەوە.