پەتای كۆرۆنا و ناچاركردن بە گۆڕانكاری

13-04-2020
سەرۆ قادر
نیشانەکردن كۆرۆنا
A+ A-
ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەگەڵی دەژین وەك بەشێك لە جیهانی گرفتار، چۆن لە پڕێكدا دونیای داخلی تەنگوچەڵەمەیەكی ئەوتۆ كرد هەموو چالاكییەكانی مرۆڤی وەستاند. هەر لەچالاكیی بەرهەمهێنانەوە تاوەكو گەشتوگوزار و تەنانەت چالاكی تەندروستی و ناوەندە زانستییەكان. 
 
پەیوەندی نێوان وڵاتان لەڕووی ترانزێت و هاتووچۆوە بەهەموو شێوەكان وەستاوە، بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان لە دونیا ئاستی كاری خۆیان لە هەندێك بواردا هێناوەتە خوارەوە، كرێكارەكانیان ئیزن داوە. ئەمە بووەتە مایەی دەنگوباس و لێكدانەوەی جیاجیای چاودێران و دەزگاكانی راگەیاندنی دونیا و ناوخۆ، وایكردووە بۆچوونێك دروستببێ كە گرانی و قاتوقڕی روو لە جیهان دەكات، خواردن نامێنێ و لەوانەیە كۆمەڵگەی كوردستانیش یەكێكبێ لەو كۆمەڵگەیانەی دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی ئەو قاتوقڕییەوە. ئەمە بۆچوونێكە ئێستا واخەریكە دروستدەبێت. ئەمە چەند راستە؟
 
پێویستە پرسیاری سەرەكی ئەوەبێ ئاخۆ هەڕەشەی كۆرۆنا بەردەوام وەك ئێستا هەموو دونیا لەژێر چنگی خۆی دەهێڵێتەوە؟ وەك دەزانین كۆرۆنا ڤایرۆسە، دەورەیەكی كۆمۆنی هەیە، واتە دایرەیەكە دوایی كۆتایی دێت، لەو دایرەیەدا ماوەی زەمەنی لە مانگێكەوە بۆ دوو مانگی پێویستبووە. ئەو وڵاتەی كە ئیلتیزام بە كەرەنتینە یان مانەوە لەماڵدا بكات و بەشێكی زۆری هاتووچۆكان و شوێنە گشتییەكان بوەستێنێت، دەتوانێ بەرەنگاریی پەرەسەندنی كۆرۆنا ببێتەوە و هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت. 
 
تائێستا ناوەندە پزیشكییەكان و زانستی تایبەت بەو بوارە نەیانتوانیوە ڤاكسێنی كۆرۆنا بدۆزنەوە، بەڵام هەموو توانای زانستیی دونیا و تاقیگەكانیان بێ راوەستان، ئەوە چەند مانگە خەریكی گەڕانن بۆ ڤاكسێنی ئەم ڤایرۆسە. من گومانم نییە سەرەنجام عەقڵی بەشەر، توانای زانست و تەكنەلۆژیای نوێ بەسەر ئەم تەنگوچەڵەمەیەدا زاڵ دەبێ و بەزوویی دەرمان یان ڤاكسینی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام تاوەكو ئەوكات ئایا هەموو ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی خواردن لە دونیا دەوەستن؟ تائێستا نەوەستاون، بەڵكو ئەو بازاڕانە وەستاون كە مەوادی خۆراكییان تێدا دەفرۆشرا وەك میوە و تەڕە و سەوزە كە لە هەندێ وڵاتدا بینیمان لەبەرئەوەی هاتووچۆ وەستابوو، ئەویش ئامادەكرابوو بۆ ناردنە وڵاتێكی دیكە گرفتی تێكەوت، بەشێكی زۆر لەوانە تووشی زیان بوون، بەڵام بەگشتی شتێك نییە بە ناوی وەستاندنی بەرهەمهێنانی خواردن. 
 
لەلایەكی دیكەوە پێویستە بە بیر خۆمانی بێنینەوە، زانست و تەكنەلۆژیای ئەم زەمانە پێش كۆرۆنا كۆتایی بە نەبوون و كەمبوونی خۆراك لە دونیادا هێناوە. ئێستا هەموو جۆرەكانی خۆراك لە سەوزەوە تاوەكو دەگاتە میوە و وشكە و خواردنەكانی پێویست، خواردنی گۆشتی و غەیری ئەوانیش، بەشێوەیەكی فراوان لەسەرانسەری دونیا هەن و بە ئاسانی دەگەنە هەموو جێگەكان. ئەمە بەرهەمی تەكنەلۆژیای نوێیە، بەرهەمی كشتوكاڵی دیجیتاڵ و بەسەرمایەی گەورەیە، ئەو ناوەندانە بۆخۆیان كاردەكەن. كەمێك گرفتی هاتووچۆی تێدەكەوێت، بەڵام پێموایە خەریكە وردە وردە ئەو گرفتە تێدەپەڕێنین. بۆیە وێناچێت هیچ هەڕەشەیەك لەسەر بەردەوامی بازاڕی خواردن هەبێت. 
 
لەوانەیە لە هەندێك وڵات و لە وڵاتی ئێمەش ئەگەر باش كۆنتڕۆڵ نەكرێت بازاڕی دانوستاندن نرخ بەرزبكاتەوە. ئەگەر حكومەت رۆڵی كۆنتڕۆڵێ‌ واقیعیانە ببینێ ئەمەش لێی كەم دەبێتەوە. بۆیە هیچ ترسێك رەوا نییە كە وابزانێ لە دونیا خواردن بە رادەیەك كەمدەبێتەوە كە گرانی لێبكەوێتەوە.
 
ئایا سیستەمی بازاڕی ئازاد (سیستەمی لیبراڵی) تووشی داڕمان بووە؟ و نەیتوانیوە لە بەرامبەر پەتای كۆرۆنا خۆی بگرێت. هاووڵاتییەكانی ئەو وڵاتانەی بەو سیستەمە بەڕێوەدەچوون تووشی ترس و تۆقینێكی زۆر بوون، خەڵك بە لێشاو پەلاماری سوپەرماكێتەكانیان داوە و هەرچی هەبووە دەیانكڕی. ئەوە خراوەتە ژێر چاوی رەخنە. جارێ هەموو سیستەمەكان لە بەرامبەر تەنگوچەڵەمەی كۆرۆنا تووشی تەنگژە و هەندێك چۆكیشیان لەرزی و هەندێك چۆكیان دادا. هەر لە سیستەمی دیكتاتۆریی كۆمۆنیستی چینییەوە بگرە تاوەكو دەگاتە سیستەمی لیبراڵی و سیستەمە مامناوەندییەكانی رۆژهەڵات یان ئەوەی كۆن پێیاندەگوت جیهانی سێیەم كە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریكای لاتین دەگرێتەوە و ئێمەش بەشێكین لەو سیستەمە.
 
پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵ و پێشكەوتنی زانست و گواستنەوە و پازدان بۆ قۆناخی هۆشی دەستكردArtificial intelligence یان (العقل الاصگناعی) ئەوەی پێیدەگوترێت هۆشی مەسنوعی پێش كۆرۆنا هەنگاوێكی زۆری بڕیبوو و موناقەشەیەكی زۆری لەسەرە و ژمارەیەكی زۆر لە زانایانی بواری زانستەكانی كۆمەڵایەتی پێشبینییان دەكرد كە گۆڕان بەسەر سیستەمی لیبڕاڵی دابێت كە پێشكەوتووترین سیستەمی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەكانی ئەم زەمانەیە. كاتێك باسی سیستەمی كۆمۆنیستی چین و كۆریای باكوور یان سیستەمی دینی دەكرێت وەك ئێران و عێراق، دەبێ بزانین ئەوانە سیستەمی خاوەن داهاتوو نین، ئەوانە لە قۆناخێكی راگوزەردا دەژین، دیكتاتۆرین بە مانای وشە، لەوێ سیستەم بۆ بەرژەوەندییەكانی ئایدۆلۆژیای خۆی بڕیاردەدات تاوەكو ئەگەر بە گیانی ملیۆنان لە دانیشتووانی وڵاتەكەش تەواو ببێت. ئامانجەكانی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەكانی ئابوورییان بۆ گرنگە نەك گیانی مرۆڤەكان. هەربۆیە كاتێك چین ئەو ڤایرۆسەی تێدا بڵاوبووەوە زانیارییەكانی بەشێوەی راست نەدایە جیهان. بۆیە سیستەمی جیهانی دوای تەنگوچەڵەمەی كۆرۆنا ئەگەری زۆرە گۆڕانی بەسەردابێت. وەك باس دەكەن (نابێ ئینسان هەر لە ئێستا پێشگۆیی بكات) ئەو گۆڕانە لەوانەیە لەسەر ئەزری واقیع لە ژیانی كۆمەڵگەكان رووبدات ئینجا ئەو تەكنەلۆژیا و عیلمە نوێیەی هەیە وەك پێشنبیدەكرا بزانین چ رۆڵێك دەبینێت. سیستەمی دیجیتاڵ و ئالگۆریتمەكانی داخلی كاركردن لەسەر هۆش و عەقڵی ئینسان بوون و دەتوانن ئۆرگانەكانی لەشی ئینسانیش كۆنتڕۆڵ بكەن. 
 
ئەگەر ئەوانە لە داهاتوودا وەك بەشێك لە سیستەمی سیاسی بەكاربێن، پێشبینی ئەوە دەكرا كە سیستەمی دیموكراسی گۆڕانی بەسەردابێت، چونكە دیموكراسی بۆ ئەوەیە كۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا بڕوات كە زانایانە موافەقەتی لەسەردەكات لەڕێگەی نوێنەرەكانییەوە. ئەو سیستەمە هەڵبژاردنەی كە لە سیستەمی دیموكراسی هەیە پێش ئێستاش باسدەكرا كە لە قۆناخی عیلمی پێشكەوتوودا بە ئالگۆریتمی جیاجیا دەكرێ بزاندرێت هەموو هاووڵاتیان بێ ئەوەی قسە بكەن و رەئی بدەن، بزانرێت مەیلیان بە كام لایەندایە و بۆ كام كەس رەئی دەدەن و بۆ كام مۆدێلی ژیان پتر موافقن یان دژی وەستاون. لێرەدا سیستەمێكی نوێ بۆ نەتیجە لێ هەڵێنجان دێنێتە گۆڕێ كە لە كۆتاییدا یاری هەڵبژاردن و هەڵمەتی ریكلامكردن بۆ حیزب و كەسایەتییەكان گۆڕانی زۆری بەسەردادێت و وەك خۆی نامێنێت، تاوەكو لەوانەیە شتێك بە ناوی حیزب و بەرەكان وەك ئێستا نەمێنێت.
 
ئێستا سیستەمی تەكنیكی نوێی پشتبەست بە ئالگۆریتمەكانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بەكارهاتوون. بۆ نموونە لە وڵاتانی وەك ئیسرائیل و ئەمریكا و چین و نەمسا، ئالگۆریتمی نوێیان خستووەتە نێو تەلەفۆنەكانەوە كە دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەوە بزانن هەڵگری ئەو تەلەفۆنە تووشی كۆرۆنا بووە و لە چ قۆناخێكدایە یان ساخ و سەلیمە. هەروەها كاتێك كەسێك دەچێ بۆ شوێنێكی گشتی لەڕێگەی مۆبایلەوە بەپێی ئەو رەنگانەی كە دیاریكراون دەردەكەوێت نەخۆشە یان هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و جارێ نەخۆش نەكەوتووە یان ساخ و سەلامەتە و دەكرێ تێپەڕێت. وردە وردە وای لێدێت وڵاتێك كە رێگەی بۆ پێشكەوتنی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای نوێ و كەفائەتی عیلمی كردبێتەوە دەتوانێ لەو رێگەیەوە سەلامەتیی هاووڵاتییەكانی خۆی بپارێزێت. ئەمەی كە ئێستا ناچاربوون سیستەمی ئالگۆریتم بەكاربێنن بۆ كۆنترۆڵی سەلامەتیی مرۆڤ، ئەوە نیشاندەدات كە دونیا و كۆمەڵگەكان ئامادەن بۆ ئەو هەنگاوە گەورەی بەرەو پێشەوەی بنێن. بێگومان ئەوكاتیش سیستەمی سیاسی و حیزبی و سەركردەكان گۆڕانی زۆریان بەسەردا دێت، هەموو نەخۆشییەكانی جیهانگیری كە بە درێژایی مێژوو هەڕەشەیان لە بەشەر كردبێت، بوونەتە مایەی گۆڕانكاری خێراتر. لەو بوارەدا نموونە زۆرن و خەڵك زیاتر تاعوونی سەدەی حەڤدەهەمی بەبیردێتەوە كە چۆن یارمەتی پێشكەوتنی رێنسانس و شۆڕشی تەكنەلۆژی دا لە ئەوروپا.
 
ئایا كاتێك ئەم هەڕەشەیە كۆتاییهات، جیهانگیری یان گلۆبالیزم كۆتایی دێت و ناسیۆنالیزم شوێنی ئەو دەگرێتەوە؟ ..و هەر وڵاتە خەریكی كاروباری خۆی دەبێت؟ جارێ ئەوە بیركردنەوەیەكی زۆر سادە و بێ ئاگایانەیە، دونیا بە ئەندازەیەك پێشكەوتووە كە ناتوانێ ئەو پەیوەندییەی كە بەیەكەوە هەیەتی بیپچڕێنێت. ئەو پێشكەوتن و خێر و خۆشییەی كە دونیا بە خێرایی دەستیدەكەوێت بەرهەمی گلۆبالیزمە. بەڵام ئایا ئەویش داخلی قۆناخێكی نوێ دەبێت؟ ئایا وڵاتان لە مەودوا بەرژەوەندییەكانی خۆیان باشتر دەپارێزن؟ بەڵام دەبێ شتێكمان لەبیربێ ئەویش هیچ وڵاتێك ناتوانێ هەموو پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات ئەگەر بە تەنیا هەموو كەرستەكان بەرهەمبهێنێ. هەر دەوڵەتی چین یان ئەمریكا ئەگەر لەبەرچاو بگرین، ئەو بەرهەمە پیشەسازییەی كە هەیانە لەسەرانسەری دونیادا بڵاوبووەتەوە. بۆ نموونە بازاڕ هەر ئەو بازاڕی خواردن و میوەی كە هەیە ئەگەر تەماشای راپۆرتەكان بكەین، دەوڵەتێكی وەكو چین یان ئەمریكا بنكەكانی خۆی لە ئەفریقیا و ئەمریكای لاتین و ئەوروپا بڵاوكردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ دەستكاریشیان بكات. كەواتە پێشكەوتنی عیلمی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای ئەم زەمانە، هەروەها پێشكەوتنی فەرهەنگی و رۆشنبیری كە دانیشتووانی دونیا لێی بەرخوردارن هی گلۆبالیزمە.
 
هەڵبەت ناسیۆنالیزم دەمێنێ و كەمێك بەقوەتتر دەبێت بەڵێ، بەڵام ناسیۆنالیزمێكی نوێ دەبێ و هەر ئێستا سەروسیمای ناسیۆنالیزمی نوێ دەركەوتووە. ناسیۆنالیزمی نوێ ئەوەیە كە تەواو ئینسانی بێت و هەموو مافەكانی ئینسانییەتی بە پلەی یەكەم بۆ وڵاتی خۆی بوێت بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. ئێستا كەم وڵات هەیە یەك نەتەوە بێت، یەك دین و یەك مەزهەب بێت. بۆیە ناسیۆنالیزمی دیكە دەبێ لەسەر بنەمای نیشتمانی دابڕێژرێتەوە نەك لەسەر بنەمای یەك نەتەوە، یەك زمان، یەك نەژاد كە ئەمەیان قۆناخی بەسەرچووە و شەڕی جیهانیی دووەم لەسەر ئەساسی ئەو ناسیۆنالیزمە خراپە درووستبوو. خۆ ئەگەر ناسیۆنالیزم بریتیبێ لە كرانەوەی كۆمەڵایەتیی وڵاتێك و، دەرگا بكەنەوە بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە بەخێرایی ئەو وڵاتە لەڕووی توانایی بەشەری و توانای تەكنەلۆژیاوە پێشبكەوێت، ئەوكات پلانی خۆی و ستراتیژی خۆی بە نەوعێك دابنێ یان ستراتیژ خۆی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەشێوەیەك دابنێ كە لەو دونیای وا تێكەهەڵكێشدا بەرژەوەندیی وڵاتی خۆی و سنوورەكانی خۆی بپارێزێت، لەگەڵ ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتی و جیهانییەی كەوا هەیەتی. بەڵێ ئەم جۆرە پێداچوونەوەیە نەك هەر دەكرێت بەڵكو پێویستیشە بۆ دیموكراسی و رۆڵی مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی خۆیدا، هەروەها بۆ پاراستنی وڵات بە ناوی ناسیۆنالیزم لە دوای ئەو تەنگوچەڵەمەی دونیا تووشی بووە. پێداچوونەوە و كامڵكردن دەبێت، بەڵام رووخان نابێت. پێویستە تێبگەین ئێستا زیاتر لە هەموو قۆناخێكی دیرۆك، كۆمەڵگەی بەشەری بەیەكەوە بەرەو پێشكەوتنە، بەرەو گەشەسەندنە و پرۆسەكە پرۆسەیەكی تەكامولییە، یەكتر تەواو دەكەن. بۆیە شتێك بەناوی بەتەنێ دەتوانم یان بەتەنێ وڵاتێك دەتوانێ پێشكەوێت و خۆی داببڕێت لە هەموو دونیا وجودی نییە و هەر بیركردنەوەیەك لەو چەشنە، تەنیا گۆشەگیری و نەزانی تووشی وڵاتەكەی دەكات.
 
 لە سەرەتای ئەم نووسینە ئاماژەم بە پێداویستییەكان كەمێك كرد كە هەر ئێستا تووشی تەنگوچەڵەمە بوونە، لە بابەت خۆراك و پێداویستییەكانی دیكەی رۆژانە، بەڵام وا پێشبینیدەكرێ لە سێ مانگدا دونیا بەسەر ئەو ئاستەنگەدا زاڵ بێت. پێویستە باوەڕمان بە عەقڵی ئینسان و ئاستی بەرزی عیلم و قوەتی تەكنەلۆژیای ئەم زەمانە هەبێت كە بە خێراییش پێشدەكەوێت. ئێستا خودی تەكنەلۆژیای زیرەك بووەتە تەواوكەری مێشكی بەشەر، بۆ پێشكەوتنی خێرا، بۆیە خێرایی پێشكەوتنی عیلم بە ئەندازەیەكە لە هەوڵ و تەقەللای مرۆڤ زیاترە، هەموو هەوڵ و تەقەللای مرۆڤی تێكەڵكردووە لەگەڵ ئەو تەكنەلۆژیایەدا كە لە زۆر بواردا لە دەست و مێشكی ئینسان دەقیقتر و سەریعتر و پڕ بەرهەمترە. هەڵبەت لەڕووی بیركردنەوەی عەقڵدا هەر ئینسانە كە حاكم دەبێت. مەسەلەی هۆشی دەستكرد كە لە هەموو بوارەكاندا لە دامودەزگا گەورەكانی بەرهەمهێنانی دەقیقی دونیادا هەیە و لە ژیانی ئێمەشدا كە لە پەراوێزی بازاڕی جیهاندا دەژین، هەموو ئەو كۆمپیوتەر و مۆدیلە نوێیانەی مۆبایل و كەرەستەی ناوماڵ دێن كە دەبینین هەموویان رۆژ ئۆتۆماتیكتر و زیرەكتر دەبن، بەو مانایە كە وەزیفەكان و كارەكانی مرۆڤ ئەنجامدەدەن بێ ئەوەی زۆر پێویستیان بە دەخالەتی ئێمەوە هەبێت. ئەو ماشینە بە هۆشانە تەنیا ئامانجەكانیان بۆ دیاریدەكرێ و هەندێ پەیامیان پێدەدرێ و كاری خۆیان دەكەن. ئەوە لە جیهانی ئێستادا لە ریزی پێشەوەی پێشكەوتندایە، باس زۆرە لەسەر ئەوەی هۆشی دەستكرد و ئەو رۆبۆتە زیرەكانەی كەوا دروستیدەكەن لە هەرە بچووكەوە تاوەكو گەورەكانیان جیا لەوە بۆ خزمەتی بەشەر بەكاردێت، لە بابەتی كشتوكاڵ و گواستنەوە و بەرهەمهێنانی تەكنیكی، ئایا بۆ كۆنترۆڵكردنی بەشەریش و بۆ تەندرووستی مرۆڤیش بەكاردێت؟ هەڵبەت هەر ئێستا لە زۆر بواراندا بۆ تەندروستی بەشەر بەكاردێت. هەروەها بۆ كۆنترۆڵكردنی تەندروستیش بەكاردێت و هاتووەتە بواری موعالەجەكردنی پزیشیكیش بەتایبەتی لە بوارەكانی پشكنین و رەفتاری و دەروونیدا و بەرەو پێشەوەیە. هەڵبەت ئەوە پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە، هەندێ مەترسی لە هۆشی دەستكرد هەستی پێدەكرێت ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت لەوانەیە لە دواڕۆژدا كارەساتی گەورە بەسەر كۆمەڵگەكاندا بێنێت. ئەمە راستە و گومانی تێدانیە كە ناوەندەكانی عیلمی خۆیان ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەكەن، لە خەمی چارەسەركردن و دیاریكردنی رێڕەوی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای نوێدان كە زەرەر بە بەشەر نەگەیێنێت. بۆ نموونە هەر ئەو چەكە ئەتۆمییانەی ئێستا لە جیهاندا هەیە ئەگەر بە هۆشی دەستكرد كۆنترۆڵ بكرێن، هەڕەشەیەكە جددیە و لەوانەیە ژمارەیەك تەقینەوەی گەورە لە هەموو دونیادا درووستبكات كە كارەساتەكەی لە كۆرۆنای ئێستا زۆر زۆر زیاترە و تێكڕای دانیشتووانی دونیا دەكەوێتە بەر هەڕەشەی گەورە. دوای ئەو قۆناخە ئایا دونیا بیر لەوە دەكاتەوە هەندێك لەو كێشانە چارەسەر بكات و دڵنیایی بداتە بەشەر؟ من پێموایە دەبێ لەوەشدا گەشبین بین ئەگەر كێشەش لە سەرانسەری دونیادا هەبێت، لەم قۆناخی مێژووی ئێمەی تێدا دەژین، كێشەكان جانبی ئینسانی و پاراستنی مرۆڤی یەكجار تێدا بەرزە. ئێمە ئەو قۆناخەمان بەجێهێشتوونە كە دەوڵەتی گەورەی خاوەن دەسەڵاتی تەكنەلۆژیای بەرز لەسەر بنەمای "ئایدۆلۆژیای خەتەرناك" بەڕێوەبچن وەك فاشیزم و نازیزم و هەروەها دەوڵەتی دینی كە ئێستا هەنە، بەڵام تەكنەلۆژیایان لەدەستدا نییە.
 
زۆر چاودێر كێشەی نێوان ئەمریكا و چین و ڕووسیا لە مەسەلەی كۆڕۆنایەدا هەڵدەسەنگێنن، جارێ هەموو بەشەر بەیەكەوە زەرەری بینیوە و هاوكاری زانستی و دەرمانییش تاوەكو رادەی توانا لەنێوان دەوڵەتاندا بە هەموو ئایدۆلۆژیاكان هەیە. بەڵێ ئێستا وا وردە وردە دەستیپێكردووە چین و ئەمریكا یەكتر تاوانبار دەكەن، رووسیا جموجۆڵی خۆی لە ئەوروپا دەستپێكردووەو دەیانەوێت یەكتر لەڕووی سیاسییەوە لەناو رای گشتیی دونیا بخەنە ژێر گوشار بۆ ئەوەی دوای تەنگوچەڵەمەی كۆرۆنا جارێكی دیكە دونیا رێكبخرێتەوە و جیهان لە حاڵەتی یەك جەمسەری دەربچێت. ئێستا ئەمریكا جەمسەری سەرەكییە، هەرچەندە جەمسەری هەرە بەدەسەڵات نییە. لەناو خودی ئەمریكاشدا گفتوگۆ زۆرە لەسەر ئەو جەمسەرەیان كە باش كارەكانی خۆی ئەنجام نادات، شارەزاییەكی تەواوی لە كێشەكانی دونیادا نییە. پلان و روانگەی جیاجیای بۆ بەرژەوەندی ئەمریكا یان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی لە ناو سیاسەتی ئەمریكادا پێكەوە لە زۆرانبازیدانە. سەرەنجام ئێمە دەبینین دوای كۆتاییهاتنی ئەو تەنگوچەڵەمە تەندرووستییە جیهانییە، شەڕێك رووینەداوە تاوەكو لەسەر بنەمای هێز دونیا دابەشبكرێتەوە و جارێكی دیكە دەستكاری یاساكانی نێودەوڵەتی بكرێت و زلهێزەكان گۆڕانیان بەسەردا بێت. وێناچێت هیچ گوشارێك هەبێ نەتەوە یەكگرتووەكان دوای كۆرۆنا دەستكاری بكرێت. نە ئەمریكا زۆر لاواز بووە و نە ئەوروپا بەشێوەی سەرەكی، ئەوەی زۆر لاوازبووە، نیزامی چەند جەمسەری ئێستا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەو پەتایە و تەنگوچەڵەمە ئابوورییەكە و تەنگژەكانی دیكەی نییە.
 
ئەو لێكدانەوانەی ئێستا تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ كۆرۆنا، راستە لە زۆر لایەنەوە ئایدۆلۆژیا و برەودانی بەكاردێت، بۆ نموونە چەپەكان دەیانەوێت فەشەلی ئەمریكا پیشانبدەن، لیبرالەكان دەیانەوێت ئۆباڵی تیاچوونی خەڵكێكی زۆری چین و كۆنترۆڵنەكردنی ئەو ڤایرۆسە بەسەر نیزامی كۆمۆنیستی تۆتالیتاری چەپدا بسەپێنن. رووسیا بەو حاڵەتی تایبەتی خۆی كە وڵاتێكی دیموكرات نییە، بەڵام بەرژەوەندیی جیهانی خۆی هەیە و لەڕووی چەكەوە دەستڕۆیشتووە ، بە تایبەتی زۆر بەنێوبانگە لەوەی لە سۆسیالمیدیا هەوڵدەدات رای گشتی دونیا بخاتە ژێر كاریگەریی خۆی و كاربخاتە سەر هەڵبژاردنەكان و پڕۆژەكانی ئەوروپا و ئەمریكا بخاتە ناو كەناڵی شكست پێهێنانەوە. ئەمەیان لە وڵاتی ئێمەشدا بەتایبەتی ئەوانەی كە لایەنگیری ئیسلامی سیاسی و ئایدۆلۆژیای دینین، هەموو لایەنەكان تاوانبار دەكەن و پێیانوایە هەموو سیستەمەكان دەڕووخێن و وا لە خەڵك دەگەیێنن كە دوای ئەوە دونیایەكی دیكە دەستپێدەكات كە من هەرچەند گوێیان لێدەگرم، وەسفێك و تەعریفێكی دیاریكراویان بۆ ئەو دونیایەی دوای كۆرۆنا نییە. 
 
كۆمەڵگە تەقلیدییەكان و كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریكای لاتین، لەوانیش كۆمەڵگەی كوردستانی ئێمە، بە دەوڵەتانی دیكەشەوە كە كوردستانیان بەسەردا بەشكراوە، دەكەونە ژێر گوشار بۆ پێشكەوتن و بۆ ئەوەی كە بە ركێفی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای دونیا رابگەن. 
 
بۆ ئەوەی بە ركێفی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا رابگەن كۆمەڵگە تەقلیدییەكان دەبێ كرانەوەیەكی باشی كۆمەڵایەتی بكەن، دامودەزگای زانستی پێشبخەن وەك قوتابخانە و زانكۆكان، هەروەها بازاڕ لەسەر بنەمای ئابووری واقیعبینانە كە بگونجێ لەگەڵ پێشكەوتنی وڵاتەكەمان بنیادبنێن. ئەوەش گۆڕانكارییەكی گەورە دەخوازێت كە لە كۆمەڵگەكانی سوننەتیدا رووبدات. یەكێكی دیكە لەو گۆڕانكارییانەی كە كۆمەڵگە تەقلیدییەكان بەسەریاندا دێت، گۆڕانێكی زۆری فەرهەنگی یان بیروباوەڕی و نەریت و عادەت دەبێت.
 
مانگێكە هەموو ناوەندەكانی كۆبوونەوەی گشتی هەر لە ناوەندی دینییەوە تاوەكو ناوەندی كۆمەڵایەتی و عەشایەری و تەرفیهی و گوزەرانی و بازرگانی راوەستاون. كەواتە كاتێك ئینسان دەكەوێتە ژێر هەڕەشە هەموو بوارەكانی ژیان، بە بوارە موقەدەسەكانی دینیشەوە، مزگەوت و كەنیسە بێت یان شوێنەكانی دیكەی كۆبوونەوەی لایەنگرانی دینەكانی دیكە تاوەكو دەگاتە ڤاتیكان و مەكە و مەدینە و هەتا قودس، لە دونیاشدا ناوەندەكانی گەورەی دیكەی پیرۆز بۆ دینەكان كەرەنتیە كراون. ئەمە جاری یەكەمە هەڵپەساردنی دین و فەرهەنگ لە مێژوودا روودەدات. كەواتە ئەوە مرۆڤی ئێمە فێردەكات هیچ بیروباوەڕێك لە سەلامەتیی ئینسان بەرزتر نییە، كاتێك ئینسان دەكەوێتە مەترسییەوە هەموو بیروباوەڕ و دامودەزگاكانی كۆمەڵایەتی دەبێ بە جۆرێك رێكبخرێنەوە كە خزمەتی كرانەوەی سەلامەتیی مرۆڤ بكەن. ئەگەر لەو دامودەزگایانەدا پەروەردە بە نەوعێك بووبێ كە رێگە لە پێشكەوتنی عیلمی و تەكنیكی بگرێت، رێگە لە كرانەوەی تواناكانی بەشەر و كرانەوەی كۆمەڵایەتی بگرێت، ئەوا دەبێ دەستكاری بكرێن. هەربۆیە من پێشبینیدەكەم كە داب و نەریت و باوەڕەكانی دینی و كۆمەڵایەتی و تەقلیدی لە كوردستان، ئەو ڕێوڕەسمانەی كە دەست و پێ گیر بوون، ئەو باوەڕە خورافییانەی كە ئینسان (بەتایبەتی ئەو بەشە لە وڵاتی ئێمەدا یەكجار زۆرن كە خوێندەوارییەكی كەمیان هەیە یان لەوانەیە كەمێك مابن كە خوێندەوارییان نەبێت) پێیانوابێ بەپێی هەندێك باوەڕی خۆیان هەر بەڵایەك بێت بەخوای دەسپێرن و بە دوعا بۆی دەنێرن و چاوی لێدەنوقێنن لەوانەیە بەڵایەكە بەرت نەكەوێت، ئەوە هەمووی داڕما. ئێستا ئەگەر نەپارێزرێن پیاوانی دینی پێشی خەڵكی دیكە تووشی نەمان و نەخۆشییەكە دەبن. تەجرەبەی كۆرۆنا نیشانیدا ناوەندەكانی دینی لە جیهانی ئیسلامیدا مەركەزی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بوون. ئەو بەڵایەی تووشی ئێران و باشووری عێراق بووە، هەمووی بۆ ئەو ناوەندە دینییانەی كە زیارەتی تێدا دەكرێت و خەڵكەكەیان هاندەدا لە زیارەتكردن بەردەوام بن گوایە بەپێی باوەڕی دینی دەپارێزرێن، بوونە مایە تاوەكو ئەو پەتایە بە هەموو وڵاتدا بڵاوببێتەوە. وەك دەبینین ئێستا ئێران چۆكی داداوە لە بەرامبەر ئەو دروێنە گیانییەی كۆرۆنا لە هاووڵاتیانی ئەوێی دەكات، سەركردەكانی دینیشی تووش كردووە. هەروەك لە ڤاتیكان و لە عێراقیشدا وایە. بۆیە ئەم كرانەوە چاوەڕوانكراوەی لە هەموو بوارەكانی كولتووری و دینی بە هەموو شێوەكانی روودەدات دەبێ چاوەڕوانی بین.
 
ئەمە ئەو گۆڕانانەیە كە هەندێكی چاوەڕێدەكرێت رووبدات و هەندێكی روویداوە و پەرەدەسێنێ و پێشدەكەوێ، هەروەها ئەو موناقەشانەی لەسەر ئاستی دونیا هەنە و هەندێكیش تەنیا ئەگەرن و پێشگۆییكردن و فكر هەڵاویشتنن، بەڵام لەسەر بنەمایەكی واقیعیانە و زانستییانە بونیاد نەنراون. 
 
بۆیە پێویستە ئینسان زۆر بە ئاسانی گوێی خۆی شل نەكات بۆ ئەو لێكدانەوانەی لە هەموو لایەكەوە دەكرێن، بەڵكو دیقەت بدات چەند لەسەر بنەمای واقیع وزانست و چەند لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی دونیادا دەگونجێن. ئەوەی تایبەت بە كوردستانە، بەو كۆنترۆڵی كە بەسەر شارەكانی خۆیدا سەپاندی كارێكی باشیكرد، حكومەت ئەدایەكی باشی هەبوو بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بگرێت. هەڵبەت ئەو رێ لێگرتنە ئەگەر هاریكاریی نێودەوڵەتی نەبێت تووشی تەنگوچەڵەمەی زۆر گەورە دێت. هەروەكو دیارە لە وڵاتانی هاوپەیمان دەنگوباسی وادەبیستین لەڕووی ئابووری و خۆراك و دەرمانەوە یارمەتی كوردستان دەن. تاوەكو ئەمڕۆ كوردستان تووشی كێشەیەكی زۆر نەبووە و پێموایە ئەگەر حیكمەتێك بەكاربهێنرێت لەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ دونیادا هەیە، لە كۆمەڵگەیەكی بچووكی پێنج ملیۆنی وەك كوردستاندا، كۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردن و دابینكردنی ژیانی خەڵك، ئیمكانێكی زۆری هەیە و دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە زانایی و لەخۆبرودوویی و هاوكاری خەڵكیشی دەوێت. پێویستە ئاوها تەماشای تەنگوچەڵەمەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهاندا بكەین، نەك بەشێوەی بەدبینی و دوور لە گەشبینی . دەبێ گەشبین بین، لەگەڵ گەشبینییەكە واقیعی بین، ژیان و كێشەكانی وەك خۆی ببینین و هەڵیسەنگێنین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.