حەلەب و کولانەوەی زامە کۆنەکەی نەتەوەی کورد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
د. یان ئیلهان کزلهان
A+ A-
 
پەلامارە نوێیەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە دیدی زۆربەی کوردەوە تەنیا وەک ئەڵقەیەکی دیکەی دڕندانەی زنجیرە کارەساتەکانی جەنگی سووریا تەماشا ناکرێن، بەڵکو وەک مەرگەساتێکی دەروونیی نەتەوەیی لەگەڵی دەژین. وردتر بڵێین، وەک کولاندنەوەی کۆنەبرینێکی دەروونیی نەتەوەیی چەندین سەدە تەماشای دەکەن. حەلەب ئەمڕۆ تەنیا گۆڕەپانێکی جەنگ و کوشتار نییە؛ بەڵکو ئەو شوێنەیە کە مێژوو، یادەوەری و ئێستا تێیدا بەسەریەکدا دەڕووخێن. شوێنێکە کە تێیدا روون دەبێتەوە ئایا ئازار و ژانی گەلێک هەر تەنیا وەک پەراوێزێکی بێبایەخی سیاسەتی جیهانی دەمێنێتەوە، یان سەرئەنجام وەک ئەوەی کە هەیە دەناسرێت: برینێکی قووڵ و بەسوێ لە جەستەی مرۆڤایەتی دا.
 
زامی دەروونیی نەتەوەیی کورد ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونێکی مێژوویی کە هاوتای دەگمەنە. کەم نەتەوە هەن کە ساڵەهای ساڵ و سەدان ساڵ بن لەسەر خاک و زێدی خۆیان بژین، کەچی هەرگیز رێگەیان پێنەدرابێت وەک نەتەوەیەک لەسەر ئەو خاکە هەبن و ئازادبن. کورد فێربووە کە واتای ئەوە بزانێت کە میوانی ماڵی خۆی بێت و لە زێدی خۆیدا بێگانە بێت. ئەوان لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە چەوسێنراونەتەوە و لەلایەن هەندێک دەوڵەتەوە پەراوێزخراون و لە باشترین باردا تەنیا رێگەی هەبوونیان پێداون، بەڵام زۆرجار بە ئاشکرا و بە هەموو توانایان دژایەتییان کردوون. جیاکارییان لەگەڵ کراوە تەنیا لەبەرئەوەی بە زمانی خۆیان دواون، بە فەرهەنگی خۆیان ژیاون، یان ناوی ناسنامەی خۆیانیان هێناوە. لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا، خۆناساندنی ئاشکرا وەک کورد، چەندین جار بە تاوان هەژمار کراوە، سزای لەسەر بووە، یان بە ئاگر و ئاسن سەرکوتکراوە. ئەم ئەزموونە هەر تەنیا ژیانی تاکەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو هەویری نەوەکانیشی هەر بەم ئازارە شێلراوە و چووەتە مۆخی ئێسقان و خوێنیانەوە.
 
ئایا بۆ گەلێک چ مانایەکی هەیە کە هەرگیز وەک نەتەوە نەژیابێت؟ مانای ئەوەیە هەمیشە ژیانێک ژیاوە هەستی دڵنیایی نەبووە لە مانەوەی. واتای ئەوەیە دەوڵەت و قەوارەی خۆت نەبێت لەسەر خاکی خۆت. هیچ شوێنێک نەبێت کە تێیدا هەستی سەربەخۆبوونت مسۆگەربێت. کورد پاسپۆرتی عێراقی، تورکی، سووری و ئێرانی هەڵدەگرن؛ ئەوبەڵگەنامانە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە دەرچوون کە زۆرجار نکۆڵی لە ناسنامەی کورد دەکەن و سەرکوتی دەکەن. ئەم هاووڵاتیبوونە رووکەشییە و مەرەکەبی سەر کاخەزە و، هاودژە لەگەڵ ئەو باوەڕە دەروونییەی لەنێو دڵی مرۆڤی کورد دا هەیە . مێژوو و کولتووری کورد لەو دەوڵەتانە کۆنترە. ئەم دژیەکییە نامۆبوونێکی قووڵ دروست دەکات. مرۆڤ دەتوانێت لەو دەوڵەتەدا بمێنیتەوە، بەڵام وەک پینەیەک بەسەر جلێکی نامۆوە؛ هەرگیز نابیتە بەشێک لە پۆشاکەکە.
 
ئەم زام و زەبرە دەروونییە نەتەوەییە نە خەیاڵە و نە خەونی سەر سەرین؛ بەڵکو ئازارێکە کورد بە گۆشت و ئێسقان هەستی پێدەکات و دەستی دەخاتە سەر و وەسفی دەکەن. ژانەکە لەوەدایە کە دەستت کورتبێ لە ئاست خاکەکەی خۆتدا؛ نەهێڵن ئارەقەی نێوچەوانت تێکەڵی قوڕی زەوییەکەت بکەیت و، نەتوانیت بە دڵێکی خۆشەوە رەنج بدەیت و تۆوەکەت بچێنی و چاوەڕێی خەرمان بیت. لێرەدا خاک تەنیا پارچە زەویەک و مولکێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکو پەیوەندییەکی رۆحییە لەنێوان جووتیار و زەوی دا، پەیمانێکە بە ساڵان و بە رەنج و بەردەوامی و متمانە واژۆکراوە. کەچی ئەم پەیمانە هەزار جار بە زۆر هەڵوەشێنراوەتەوە؛ بە ئاگرتێبەردانی گوندان و راگواستن، بە تەلبەندکردن و سەبازگەکردنی زێدی باوباپیران، بە کێشانی سنوور بەسەر خاک و دڵی خەڵکەکەدا بەبێ ئەوەی پرس بە خاوەن ماڵ بکرێت. بۆیە لای کورد، دابڕان لە خاک تەنیا لەدەستدانی زەوی نییە، بەڵکو شکاندنی شکۆ و کوژاندنەوەی چراوگی ئایندە و لەدەستدانی مانایە.
 
حەلەبیش وەک ئەڵقەیەکی دیکەی ئەم زنجیرە پڕ ئازارە، بەبێ گرێوگۆڵ دەچێتە قاڵبی ئەم مێژووەوە. ئەو ستەم و تووندوتیژییەی لەوێ دەکرێت، برینێکی تازە نییە، بەڵکو کولاندنەوەی زامێکی کۆنە. لە کوشتارەکانی ساڵانی ١٩٣٠ی باکووری کوردستان لە تورکیاوە بگرە تاوەکو دەگاتە کیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٩٨٨ و شاڵاوی ئەنفال کە هەزاران رۆڵەی بێسەروشوێن کرد، هەروەها جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شەنگال و گەمارۆی کۆبانێ و جەنگی دژ بە گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) — کە تێیدا زیاتر لە ١٢،٠٠٠ شەڕڤانی کورد و پێشمەرگە گیانی پاکی خۆیان بەخشی — هەموو ئەمانە پێکەوە، خەرمانێک لە یادەوەریی تاڵ و ئازارچێشتن پێکدەهێنن. ئەم کارەساتانە چەشنی دەنکە تەسبیح بە تەنیشت یەکەوە ریز نەبوون، بەڵکو چوونەتە توێی یەکترەوە و ئاوێتەی یەک بوون. ئەمانە پێکەوە زامێکی نەتەوەییان دروستکردووە کە وەک میراتێکی تاڵ بەسەر نەوەکاندا دابەش دەکرێت؛ برینێکە هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێت و ساڕێژ نەبووە؛ چارە نەکراوە و بەردەوامە.
 
ئەم زام و زەبرە دەروونییە هەستی دژبەیەک بەرهەم دەهێنێت. تووڕەیی لە بەرامبەر ستەمی بەردەوام دا هەیە. قەڵسی لە بێباکیی جیهان. بێدەسەڵاتییەکی قووڵ لە ئاست بێ هێزیی سیاسی دا. بۆ دەیان ساڵە زۆر لە کورد خۆیان وەک "بێکەسانی جیهان" وەسفکردووە. ئەم لێکچواندنە لەڕووی دەروونییەوە وردە. بێکەس دەسەڵاتێک نییە جێی متمانەی بێت کە بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ بگرێت. زۆربەی کورد بەم شێوەیە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە ئەزموون دەکەن. بەڵێنی پاراستن دەدرێت، بەڵام نایپارێزن. بانگەشەی هاوسۆزی دەکرێت، بەڵام بە کردار جێبەجێ ناکرێت و لە تەنگانەدا پشتیان تێدەکرێت و، کورد بێ دەرگا و بێ دیوار وەک بێکەسی بەر زریان دەمێنێتەوە.
 
ئەوەی وادەکات ئازاری حەلەب بەسوێ بێت و خوێ بە برینەکەیدا دەکات، ئەوەیە کە ئەم تووندوتیژییە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێت کە ئێستا لە دیمەشق پێستی بەرخیان لەبەر کردووە و خۆیان وەک "حکوومەتی کاتی" دەناسێنن، لە کاتێکدا رەگ و ریشەیان لە بزووتنەوە جیهادییەکاندایە. ئەمە حکومەتێک نییە کە بە دەنگی خەڵک و دیموکراسی رەوایی وەرگرتبێت؛ بەڵکو تەلارێکی دەسەڵاتە کە لەسەر شان و پیلی ئەو گرووپانە هەڵچنراوە کە کرداریان تیرۆر بووە. ئەو کەسانەی ئێستا قات و بۆینباخیان کردووەتە بەر و زمانیان لەسەر چەوریی دیپلۆماسی دەگەڕێت، ئەوە هەرگیز ئەسڵ و فەسڵە ئایدۆلۆجییەکەیان پاک ناکاتەوە؛ وەک پێشینان دەڵێن: "مار هەر مارە، هەرچەند کاژیشی فڕێدابێت"، ئەم بەرگ گۆڕینە ئەو مەترسییەیش کەم ناکاتەوە کە وەک شمشێرێکی دەبان لەسەر گەردنی کەمینەکان رایانگرتووە. ئێستا بە ناوی سووریاوە تەونی مەرگ و تیرۆر بۆ خەڵکی سیڤیلی کورد دەچنرێت.
 
بۆ کورد، درووز، مەسیحی، ئێزدی، ئیسماعیلی، عەلەوی و کەمینەکانی دیکەش ئەمە ئەزموونێکی تاڵە. تاوانباران لەڕووی سیاسییەوە پایەیان بەرز دەکرێتەوە، لە کاتێکدا قوربانییەکان جارێکی دیکە بەبێ پارێزگاری دەمێننەوە. ئەوەی هێشتا مایەی نیگەرانیی پترە، ئەوەیە کە یەکێتی ئەورووپا بە سەدان ملیۆن یۆرۆ پشتیوانیی ئەم بە ناو حکومەتە کاتییە دەکات، ئەوەش رێک لەوکاتەدا کە هێزە جیهادییەکان هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوەی لە برۆکسل وەک سەقامگیری و یارمەتیی مرۆیی وەسف دەکرێت، ئەوەی راستی بێت، وەک خەڵاتکردنی تاوانباران دەبینرێت و ئاوکردنە ئاشی دووژمنەوەیە. لەڕووی سیاسییەوە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە. لەڕووی دەروونیشەوە، وێرانکەرە.
 
ئەم تێڕوانینانە بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ئێران و تورکیا دەگوزەرێن، زیاتر رەگیان داکوتاوە و خوێیان بە برینەکەدا کردووە. سەرکوتکردنی بێبەزەییانە و مشتە ئاسنینەکەی دەسەڵات دژی کورد لە ئێران، پەتی سێدارە و تەوقکردنی سەربازیی تەواوی ناوچەکان، شانبەشانی لەبارچوون و هەرەسھێنانی ئەو پێڤاژۆی ئاشتییەی تورکیا کە جاران چرای هیوایەک بوو، هەموو ئومێدەکانی بۆ ئاسایشی سیاسی لە گۆڕنا و تەفروتوونای کرد. زۆر کورد گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە تاڵەی کە: لە سایەی هیچ کام لەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین، سەریان لەسەر سەرینێکی ئاسوودە نییە و لە هەموو لایەک لەژێر بەزەیی دەمی شمشێردان. بۆیە حەلەب تەنیا دوورگەیەکی دابڕاو نییە بۆ ئازارچێشتن، بەڵکو ئاوێنەی باڵانوێنی دۆخێکی گشتگیر و پێکهاتەییە.
 
بڕیارە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەز و جوڵەی بێلایەن نین؛ بەڵکو راستەوخۆ نەخش و نیگار لەسەر دەروونی قوربانیان دەکێشن و دیاریدەکەن کە چۆن برینەکان تیمار دەکرێن یان دەکولێنەوە. کاتێک رزگاربووانی جەنگ و ئاوارەیی و جینۆساید دەبینن کە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە چاوی زەقەوە و بە ئاگاییەوە دەست دەخەنە نێو دەستی ئەو لایەنانەی دەستیان سوورە بە خوێن، لە کاتێکدا قوربانییەکان وەک مێشێک حیسابیان بۆ ناکرێت و لەبەرچاوان نین، ئەوا کەلێن و درزی برینێکی رەوشتیی قووڵ لە ناخیاندا دروست دەبێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی زەبرە دەروونییەکە ببێتە دەردێکی بێ دەرمان و درێژخایەن، بێ هیواییەکی بەکۆمەڵ باڵ دەکێشێت و، متمانە بە یاسا و دادپەروەری و سیستمی نێودەوڵەتی بۆ هەمیشە لە رەگەوە دەردەهێنرێت. ئەو هەستەی کە دەڵێت "جیهان جارێکی دیکە پشتی تێکردین و تەنیا بەجێی هێشتین"، وەک مۆرێک بەسەر چارەنووسیانەوە دەچەسپێت، ئەمەش ئەنجامی تاڵی درێژخایەنی دەبێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری.
 
لێرەدا بەرپرسیارێتی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست پێدەکات. یەکێتی ئەورووپا حەز دەکات خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن بەها، وەک ئەکتەرێکی بە رەوشت لە سیاسەتی جیهانی دا نیشانبدات. ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت لە نەریتی دیموکراسی و رۆڵی خۆی وەک پارێزەری ئازادی دەکاتەوە. کەچی لە جیهانی بەجیهانیبوودا، بابەتە گرنگ و لەپێشینەکان گۆڕاون. سەقامگیریی ئابووری، ئاسایشی وزە و هێزی سەربازی رۆژ دوای رۆژ پتر بەسەر بڕیاردانی سیاسی دا زاڵ دەبن. ناوچەکانی وەک سووریا و کوردستان لە دیدی ئەوانەوە تەنیا وەک کەرەستەیەک بۆ ئیشپێکردن و ئامرازێک سەیر دەکرێن: کراونەتە قەڵخان و زەبرگێڕەوە بۆ پاراستنی خۆیان، بە گۆڕەپانی تەراتێن و دەسەڵات نواندن، بە کارتێکی قومار و ژمارەیەک لە هاوکێشە تەناهییەکاندا. لەلای ئەوان مافی مرۆڤ تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەزە و تاوەکو ئەو شوێنە نرخی هەیە کە زیان لە بەرژەوەندییە گەورەکانیان نەدات؛ واتە کاتێک بەرژەوەندی هاتە گۆڕێ، مافی مرۆڤ دەکرێتە قوربانی و هیچ پیرۆزییەکی نامێنێت. بۆیە سیاسەتەکەیان دووفاقەییە.
 
ئەم رێبازە تەنیا پەڵەیەکی رەش نییە بە نێوچەوانی رەوشتەوە، بەڵکو نیشانەی کورتبینییەکی مێژووییە و وەک ئەوەیە مرۆڤ بەرپێی خۆی نەبینێت. ئەورووپا خۆی دەزانێت تام و بۆی زەبری دەروونیی نەتەوەیی چەندە تاڵە و چۆن ژەهر دەکاتە گەرووی نەتەوەیەکەوە. جەنگی دووەمی جیهانی چیرۆکی سەردەمی ئەفسانەکان نییە؛ بەڵکو رووداوێکە هێشتا خوێنی وشک نەبووە. شوێنەوارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی هێشتا وەک نەخش لەسەر بەردی کۆمەڵگەکانی ئەورووپا ماونەتەوە و شێوەیان پێدەدەن—زۆرجار پەردەپۆش کراون و وەک ئاگر لەژێر خۆڵەمێشدا شاردراونەتەوە، بەڵام دوورن لەوەی بنبڕکرابن و برینەکە ساڕێژ بووبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانیش کۆڵێک لە زەبری دەروونیی نەتەوەیی بە شانەوەیە: لە مێژووی خوێناویی دامەزراندن و زنجیری کۆیلایەتییەوە بگرە تاوەکو زەلکاوی ڤێتنام و ئەفغانستان. ئەمانە تەنیا شکستی سەربازی نەبوون، بەڵکو وەک بوومەلەرزەیەک بوون کە درزێکی رەوشتی و دەروونیی قووڵیان دروستکرد و شیرازەی متمانە و بەهاکان و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییان تێکدا. هەر کەسێک بە چاوی پەند لێوەرگرتن لەم ئەزموونانە بڕوانێت، دەبێ تێبگات کە زەبری دەروونیی بەکۆمەڵ چ دەردێک بەسەر کۆمەڵگەکانی دیکەدا دێنێت و چۆن ماڵوێرانیان دەکات.
 
کەچی وادیارە ئەم تێگەیشتنە لە بازاڕی گەرمی سیاسەتی هێزی جیهانی دا رەنگی کاڵ دەبێتەوە و وەک بەفری بەر خۆر دەتوێتەوە. ئیتر رەوشت و مافەکانی مرۆڤ دەکەونە بەر مەترسیی ئەوەی ببنە بابەتی کڕین و فرۆشتن و لەسەر مێزی بەرژەوەندییەکان مامەڵەیان پێوە بکرێت. ئەمە گەمەیەکی مەترسیدارە و دەست بۆ ئاگر بردنە. بەبێ رێنیشاندەرێکی رەوشتیی گەردوونی، جیهان کۆڵەکە و ستوونی رەوشتیی خۆی لە دەستدەدات و ئەو رووگەنوێنەی لێ ون دەبێت کە مانای "مرۆڤبوون" دیاری دەکات. مافەکانی مرۆڤ تەنیا خشڵ و زێڕ و زەمبەر و کاڵایەکی جوانی و خۆشگوزەرانی نین بۆ کۆمەڵگە تێر و پڕەکان، بەڵکو نان و ئاوی مانەوەی مرۆڤن و هەوێنی ژیانن.
 
حەلەب ئەم راستییە بە شێوەیەکی بە ژان دەخاتە بەرچاو و پەنجە دەخاتە سەر برینەکە. وێڕای ئەوەش، رەهەندێکی دیکە لەوێ سەرهەڵدەدات کە زۆرجار پەراوێز دەخرێت و نابینرێت. ئەو تووندوتیژییە شەپۆلێکی نوێی هاوسۆزیی کوردی لە سەرانسەری جیهان دا جۆش داوە. کورد لە پاشخانی ئایینی و بۆچوونی سیاسی و نەوەی جیاوازەوە دەستیان خستووەتە نێو دەستی یەک و بوونەتە یەک دڵ و یەک دەنگ. درووشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاڤا" تەنیا بانگەوازێکی سەربازیی رووت نییە؛ بەڵکو دەربڕینی تێکۆشان و ململانێیەکی بەکۆمەڵە بۆ پاراستنی شکۆ و کەرامەت. رەتکردنەوەی ئەوەیە کە ئیدی مل کەچ بکەن بۆ ئەوەی تەنیا لە رۆڵی قوربانیی هەتاهەتاییدا بچووک بکرێنەوە.
 
کەواتە ئەو زەبرە دەروونییە نەتەوەییەی بەر کورد کەوتووە، تەنیا چیرۆکی ئازارچێشتن و چەرمەسەری نییە؛ بەڵکو داستانی مانەوە و چیرۆکی بەرەنگارییشە. ئەم ئەزموونە نەک تەنیا وەک ژان و سوێ، بەڵکو وەک هێز و بازوو و وەک قەڵخانی بەرگەگرتن نەوە لە دوای نەوە گواستراوەتەوە. وەک هەستیارییەکی بێ وێنە بەرامبەر ستەم و بێدادی، مینا باوەڕێکی پۆڵایین بە دیموکراسی، فرەڕەنگی و، ژیان لەژێر یەک میچ دا. رێک لەبەرئەوەی کورد خۆی تاڵاوی پەراوێزخستن و نکوڵی چەشتووە، زۆربەیان بە چنگ و ددان و بە گیان بەرگری لەم بەهایانە دەکەن.
 
لە کۆڵانەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود پرسەکە زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا یاریکردن بێت لەسەر چارەنووسی چەند گەڕەکێک. ئەوەی لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدرێت ئەوەیە: ئایا رەوشت و ئاکار و مافی مرۆڤ وەک بنەما و ستوونی نەگۆڕی جیهانی دەمێننەوە، یان لە جیهانێک دا کە بەرژەوەندیی ئابووری و هێزی سەربازی لێی دەخوڕن، ئەم بەهایانە دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەکرێنە دەنگی دەهۆڵ و قسەی رووت. شێوازی وەڵام و هەڵوێستی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەریدەخات کە ئایا پەندییان لە زەبرە دەروونییە کۆنەکانی خۆیان وەرگرتووە یان ئامادەن زەبر و برینی نوێ دروست بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە