داڕمانی دیواری سوور و کۆتایی کۆربین

15-12-2019
بڕوا بەرزنجی
نیشانەکردن هەڵبژاردنی بەریتانیا کۆربین کۆریای باشوور
A+ A-
"ئەمڕۆ دیواری سووری لەیبەر داڕما" ئەمە لێدوانی پەرلەمانتارێکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیایە کە حزبەکەی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی مارگرێت تاچەرەوە، بردنەوەی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
هێندەی گەورەیی بردنەوەکەی پارێزگاران، پارتی کرێکارانیش بەو ئەندازەیە دۆڕان. جێرمی کۆربین کە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران دەکات، زیاتر لە دۆڕانی پارتەکەیی و لە دەستدانی 59 کورسی، باسی کۆتایی خۆیی و مردنی کۆربینیزم دەکرێت.
 
ئەوەی وایکردوە پۆترەیتی ئەم پیاوە ریش سپی دارە گەورەبێت، بەهاو ئایدیا چەپ و رادیکاڵانەکەیەتی کە لە تەواویی تەمەنی سیاسیدا، پۆترەیتەکەی رەنگ دەکەن.
 
ئەگەر لە مێژووی نوێی بەریتانیادا، چەرچڵ هێمای پاڵەوانێتی بێت لەپێناو نیشتمان و شکستهێنان بە نازییەت و هیتلەر، مارگرێت تاچەری یەکەم ژنە سەرۆکوەزیران، هێمای دەوڵەتداری و رەفاهییەت و ئابوورییەکی بەهێزبێت بۆ وڵات، ئەوا کۆربین بێئەوەی ببێت بە سەرۆک، باوەڕیی نەگۆڕ و رادیکاڵانەی بەها ئینسانی و ئازادی و یەکسانی و دادوەرییەکان، دەیکاتە "ئایکۆنێکی ئەخلاقی" لە مێژووی نوێی بەریتانیادا.
 
هەرچەندە خۆی رەتیدەکاتەوە شتێک هەبێت بەناوی کۆربینیزم، بڕوای بەبونی سۆشیالیزم هەیە، بەڵام هەر بەڕاستی کۆربینیزم هەیە و دنیابینییەکی رادیکاڵانە و کۆمەڵێک بەهای ئینسانی و عەدالەتخوازانەنن، لە سەردەمێکدا سیاسەت لە بێبەهایی خۆیدادەژی.
 
ئەم دۆڕانە، دۆڕانی مانیفێستۆی سۆشیالیزم و فرەڕەنگی و کرانەوە بوو، لەبەرامبەر مانیفێستۆی پۆپۆلیزم و ترسان لە بیانی (xenophobia) کە پۆپۆلیستێکی وەک بۆریس جۆنسن، خاوەندارێتی دەکات. پیاوێک لە رەنگ و دەنگی ترەمپ.!
 
راستییە تاڵەکە ئەوەیە، ئەم دۆڕانە کۆتایی بە ژیانی سیاسی کۆربینی تەمەن 70 ساڵ هێنا کە وەک خۆی وتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەرۆکایەتیی پارتەکەی ناکات. بەڵام کۆربینیزم زووە لەبارەی مردنییەوە قسەبکرێت.!
 
هۆکارەکانی دۆڕانی کۆربین و پارتەکەی زۆرن کە باسدەکرێن، بەڵام دەتوانین جەوهەری ئەو هۆکارانەی زیاتر حەقیقەتیان تێدایە، لە دوو هۆکارادا کۆبکەینەوە کە ئەو دوو خاڵەیش دوو دیوی دراوەکەن:
 
1. برێگزت کە داوای زۆرینەیە و کۆربین نە لەگەڵی بوو بەڕوونی، نەدژی. واتە ناڕوون بوون لەگەڵ ئەم داوەیە کە بووە داویەکی جەماوەری. کۆربین خۆی دژی یەکێتی ئەوروپایە و لە دوورمەودا دا و بەڕێگەی گونجاوتر لەگەڵ هاتنەدەرەوەیە کە ئەوەیش بۆخۆی بابەتێکی قوڵترە و پەیوەندی بەتێگەیشتنی کۆربین و هەندێکی تر لە چەپەکانە، ئەم چەپە رادیکاڵانە، یەکێتی ئەوروپا وەک کۆڕبەندێک بۆ ئابوورییەکی نیولیبراڵ و کۆمپانیا گەورەکان سەیردەکەن. بەهەرحاڵ ئەوەی روویدا بەرییەککەوتنی فەلسەفەی سیاسی کۆربینیزم بوو، لەگەڵ برێگست کە داوای زۆرینەبوو. ئەم زۆرینەیە چووەتە ناو کۆمێنێتی هیندی و پاکستانی، کە پێشتر زۆرینە دەنگدەری کرێکاران بوون. ئەم دو کۆمێنێتییە کە بە پلەی سێیەم و پێنجەم دێن،لەڕێزبەندی کۆمێنتی و پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی. 
 
چونکە هاتنی چەندان ملیۆن ئەوروپی کە ئیشکەر و ئیشزان بوون، زەرەری لەواندا. بۆئەمەیش  دەتوانین سەیری نەخشەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بکەین بەپێی ناوچە و بازنەکان.
 
2. باڵادەستی کەشوهەوایەکی سیاسی لە شوێنە جیاوازەکانی دنیادا، کە رەنگکراوە بەڕەنگی پۆپۆلیزم، واتە گوتاری سیاسی ستارتیژی نییە، بەڵکو تاکتیکییە و فریودانی هەست و سۆزی  زۆرینەیە. ئەمەیش کەشوهەوایەکی سیاسی تەواو لەبارە بۆ بۆریس جۆنسن کە خۆی رۆژنامەنووس بووە و باش دەزانێت چۆن عەقڵ و بەها لەبیربکەیت و هەست و سۆزی جەماوەر بدوێنیت. "جەماوەر بوونەوەرێکی نابیرکەرەوەیە" بەقەولی سۆسیۆلۆگێکی وەک گۆستاف لۆبۆن.
 
لەمەیشدا میدیا پشتیوانێکی گەورە بوو، چونکە پشتی میدیایش، کۆمپانیا و دەسەڵاتە ئابووری و سیاسییەکانە، لەگەڵ سایکۆلۆژیایی جەماوەر.
 
واتە جۆنسن و میدیا خاڵی هاوبەشیان زۆرە، بەڵام تەواوی ئەم ژینگەیە دژی فەلسەفەی سیاسی کۆربینە کە لەسەر کۆمەڵێک بەهای هیومانیتی و رادیکاڵانە بونیادنراو کە عەدالەت و بەرگریکردن لە چینەکانی خوارەوە و کرانەوە بەڕووی جیاوازییەکاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.