لە چەند دەیەی رابردوودا برۆکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا بووەتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی ئەوروپی بۆ پرسە گرنگە ستراتیجی و سیاسی و ئابووری و ئاسایشی پەیوەست بە یەکێتیی ئەوروپا و جیهان.
ئەم ناوەندە گرنگەی بڕیاردان، برۆکسلی لەدوای واشنتن کردووتە ژینگەیەک بۆ لۆبیستەکان کە هەوڵدەدەن لە بەرژەوەندی خۆیان کاریگەری لەسەر ئەنجامی سیاسەتە گشتی و دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دروست بکەن.
بەپێی رێککەوتنێکی نێوان کۆمیسیۆنی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا، لۆبیکردن بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسە دەکرێت: هەموو ئەو چالاکیانەی کە ئەنجام دەدرێن لە پێناو دروستکردنی کاریگەری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر داڕشتن یان جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا و هەروەها لە پرۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەکانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا لەڕێگەی لایەنە دەرەکییەکان، راگەیاندکاران و میدیاکاران، گرێبەست لەگەڵ ناوەندە پیشەییەکان، دامەزراوە فکرییەکان، پلاتفۆرم، مەکۆ، کەمپەین و دەستپێشخەرییە بنەڕەتییەکان.
گەڵاڵەکردنی پێناسەیەکی ورد بۆ لۆبیکردن کارێکی ئاسان نییە. لۆبیکردن لە چەشنی ئامرازێکی کارا پێناسە دەکرێت کە کاریگەری لەسەر رەوت و ئەنجامی سیاسەتی وڵاتاندا هەیە.
لۆبیکردن وەک ئامرازێک وێنادەکرێت بە مەبەستی کاریگەری نواندن لەسەر رەوت و پرۆسە و ئەنجامی سیاسەتەکان. لۆبیکردن زانیاری دەگوازێتەوە بۆ بڕیاردەرانی پەیوەست بە پەسەندکردنی ئەو سیاسەتەی بڕیاری لێدراوە.
لۆبیکردن وەک کاناڵ و ئامراز و کەرەسەیەک بۆ گواستنەوەی زانیاری لە کۆبوونەوە و شوێنی تایبەت لە نێوان گرووپە بەرژەوەندیخوازەکان و سیاسەتمەداران و ستافەکانیان و بریکارەکانیان وێنا دەکرێت.
لێرەدا زانیاری وەک ئامرازێک بۆ لۆبیکردن سوودی لێوەردەگیرێت. لۆبیکردن کاتێک سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر بڕیاردەرەکان بکەونە ژێر کاریگەری لۆبیستەکان و بڕیارێک دەربکەن هاوتەریب بێ لەگەڵ سرووشت و ئامانج و ئاڕاستەی کارکردنی لۆبیستەکانەوە. زیاد لەمەش کاری لۆبیکردن کاتێک سەرکەوتن بەدەستدێنێت، لۆبیستەکان رێگری لە دەرکردنی بڕیارێک یا پەیڕەوکردنی سیاسەتێک بکەن ئەوان دژینی.
بەپێی پێناسەی فەرمی یەکێتیی ئەوروپا، لۆبیکردن بریتییە لە دروستکردنی کاریگەری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر داڕشتن یان جێبەجێکردنی سیاسەت و پرۆسەکانی بڕیاردان.
بە بەراوردکردنی هەموو ئەم پێناسانە لەگەڵ یەکتریدا، دەتوانین بڵێین کە یەکێتیی ئەوروپا پێناسەیەکی گشتگیرتر و فراوانتر بۆ لۆبیکردن دەخاتەڕوو. بەپێی ئەم پێناسەیە کاریگەریکردن لەسەر بڕیاردەرانی یەکێتییەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامی سیاسەتێکی تایبەت یا هەڵوێستێکی سیاسی ئامانجدارە. لەم حاڵەتەدا لۆبیکردن ئامانجی خۆی پێکاوەو توانیویەتی کاریگەری بەسەر سیاسەتی یەکێتییەکەوە هەبێت.
بە پێدانی زانیاری و شارەزایی لەسەر بابەتەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پیشەسازی، رەنگە لۆبیستەکان کاریگەریان لەسەر بڕیاردەرانیش هەبێت. لە ئەنجامدا پێدانی زانیاری بە بڕیاردەران کلیلی گەیشتن دەبێت بە سیاسەتمەدارو سەرچاوەکانی بڕیار لە یەکێتییەکە.
بۆ ئەوەی لۆبیستەکان دەستیان بە سەرچاوە و رەوتی داڕشتنی سیاسەت لە دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا بگات، لۆبیستەکان پێویستە زانیاری هەستیار و گرنگ پێشکەش بە بڕیاردەران بکەن. بە واتایەکی دیکە لۆبیستەکان و بڕیاردەران هاوکاری یەکتر دەکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان خۆیاندا. بۆیە پێویستە لۆبیستەکان بە باشی خاوەنی زانیاری گرنگ و ورد و راست و دروستبن بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری دروست بکەن.
ستراتیژیی لۆبیستەکان:
لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان، لۆبیستەکان ستراتیجی و رێگەی تایبەت دەگرنەبەر، واتە بۆ گەیشتن بە ئامانجی جیا جیاوە، ستراتیجی و رێوشوێنی جیا دەگرنە بەر و مێتۆدی کارا بەکاردەهێنن.
بەو پێیەی سیاسەتەکان لە زۆربەی دامەزراوە جیاوازەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادە دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، جۆرەکانی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن لۆبیستەکانەوە پێشکەش دەکرێن جیاوازن، بەڵام ئەوە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایە کە تایبەتمەندی داڕشتنی یاساکان و بڕیارە ستراتیجییەکانی هەیە.
بۆیە کۆمیسیۆن یەکەم شوێنە کە لۆبیستەکان رووی تێدەکەن و هەوڵی لۆبیکردن لەوێ دەدەن. بۆیەش سەرکەوتنی کاریگەری و کاریگەری لۆبیستەکان بەندە بەو لۆبیکردنەی کە لە قۆناخی داڕشتنی سیاسەت و یاساکە ئەنجامی دەدەن. بۆئەوەی دەستێوەردانەکە زۆرترین کاریگەری هەبێت، لۆبیکردن دەبێت لە قۆناخەکانی دواتری پێکهێنانی سیاسەتدا بە پێشکەشکردنی زانیاری سیاسی بە کوالیتی بەرز و پەیوەندیدار ئەنجام بدرێت. لەبەرئەوە هەبوونی زانیاری بە کوالیتی بەرز کلیلی سەرکەوتنی لۆبیکردنە لە کۆی پرسۆسەی لۆبیکردندا.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ئەو دەزگە بەرپرسیارەیە کە بەپێی یاسای یەکێتیی ئەوروپا سیاسەت و یاسا و رێساکان دادەڕێژێت و هەر بۆیەش جێگەی سەرنجی لۆبیستەکانە بەو پێیەی کۆمیسیۆن تاکە دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپایە کە دەسەڵاتی پێشنیازکردنی یاسا و جۆری سیاسەت و رێساکانی هەیە.
کۆمیسیۆن دەتوانێت جۆرە جیاوازەکانی پێشنیاز بۆ سیاسەت و ستراتیجی ئامادە بکات. دواتر کۆمیسیۆن پێشنیازەکان رەوانەی لیژنەیەکی پەیوەندیداری پەرلەمانی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت یان هەمواربکرێنەوە و بنێردرێن بۆ پلینۆمی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی گشتیی تاوتوێ بکرێن و دەنگیان لە سەر بدرێن.
دوای ئەوەی پەیمانی لیسبۆن لە ساڵی 2009 بڕیاری لەسەر درا، پەرلەمانی ئەوروپا بووە بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا لە یەکێتیی ئەوروپا و دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر سەرجەم یاسا و سیاسەتەکان لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا بەدەستهێنا. ئەم گۆڕانکارییە لە دەسەڵاتی یاسادانانی پەرلەمانی ئەوروپا دەرفەتی زیاتری بە لۆبیستەکان بەخشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لە ئەنجامدا بووە جێگەی سەرنجی زیاتری ئەوان بە مەبەستی لۆبیکردن.
واتە لۆبیستەکان لەمەودوا دەیانتوانی لە لایەکەوە چالاکییەکانیان لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەو سەرکەوتنە بکەن کە لە کۆمیسیۆنەکەدا بەدەستیان هێنابوو و لە لایەکی دیکەوە دەرفەتێکی دیکەیان لە ئاستی پەرلەمانی ئەوروپادا بۆ دروستبوو ، تاوەکو لە ئەگەری شکست هێنانیاندا لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، روو لە پەرلەمان بکەن.
پەرلەمانی ئەوروپا لە فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکان لە چەپەوە بۆ راست پێکدێت کە لە سەر بناخەی گرووپی سیاسیی رێکخراون نەک وڵات.
ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا لە حەوت فراکسیۆنی سیاسی پێکدێت و هیچ پارتێکی سیاسی بە تەنیا زۆرینەی نییە؛ بۆیە پێویستە گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ یەکترو تەنانەت سازشیش بۆ گرووپەکانی دیکە بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
بۆ لۆبیستەکان ئەمە بەو مانایەیە دێت کە چالاکی و ئامانجەکانیان نابێت لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەی گرووپە سیاسییەکان پێچەوانە بن. ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە 705 ئەندام پێکدێت و بێگومان لۆبیکردنی ئەم ژمارە زۆرەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا کارێکی قورسە.
هەر بۆیە لۆبیستەکان زیاتر لە سەر گرووپە مەزنەکانی وەکو کریستیان دیموکراتەکان و سۆشیال دیموکراتەکان کار دەکەن و رازیکردنی ئەو دوو گرووپە واتە گەیشتن بەو ئامانجانەی دیاریانکردووە و لە ئەولەویەتیاندان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لۆبیکردنی پەرلەمانتارە دیار و خاوەن کاریگەری لە گرووپەکانی دیکە بەشێکی دیکەی کاری لۆبیستەکانە.
جێگەی ئاماژە پێکردنە کە لۆبیکردن لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەت بە لۆبیکردن کە خاوەنی کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون و پسپۆرن ئەنجام دەدرێت و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت. بە پێی داتاکان ساڵانە تەنیا لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپادا بڕی 1.8 میلیارد یۆرۆ بۆ کاری لۆبیکردنی خەرج دەکرێت لە رێگەی 12 هەزار کۆمپانیا و رێکخراوی جیاوازەوە کە 48 هەزار کەسی پسپۆر و شارەزاو ئەزمووندار کاری تێدا دەکەن.
هەروەکو ئاماژەم پێدا داڕشتنی ستراتیجی بۆ لۆبیکردن و دیاریکردنی ئامانج هەنگاوی سەرەکییە لە لۆبیکردن. ئەوەی لێرەدا گرنگە دیاری بکرێت میکانیزمی دروستکردنی بڕیارە کە گرنگە کەسانی لۆبیست بە وردی شرۆڤەی بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە کوێی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار دەبێ کاریگەری خۆیان بنوێنن بۆ ئەوەی بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەوان کۆتایی بێت یاخود بەشێک لە ئامانجەکانیان بپێکێت.
هەروەکو ئاشکرایە میکانیزمی بڕیاردان لە وڵات بۆ وڵات و لە دامەزراوە بۆ دامەزراوە گۆڕانکاری بەسەر دادێت. هەر بۆیە گرنگە بۆ هەر وڵات و دامەزراوە ستراتیجی و رێکاری تایبەت بەو شوێنە بگیرێتە بەر. لێرەدا دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئاخۆ گەلی کوردستان و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک سوودی لە لۆبیکردن وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی؟ ئەگەر ئەو لۆبییە وەکو پێویست نەبووە، کێشەکان لە کوێن و چۆن دەکرێت چارەسەر بکرێن؟
ئەمە و چەند پرسیارێکی دیکە کە پێویستە بە شێوازێکی زانستی توێژینەوە و شرۆڤەیان لە سەر بکرێت و کورد وەکو گەلانی دیکە ببێتە خاوەن ستراتیجیەکی تۆکمە و کاریگەری لۆبیکردن لە ئاستی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ