نەورۆز جەژنێكە لە 21ـی ئاداری هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە جیاجیاكانەوە لە وڵاتانی رووسیا، عێراق، ئێران، ئەفغانستان و وڵاتانی دیكە یاد دەكرێتەوە. بۆ كوردەكانیش جێگە و پێگەیەكی تایبەتی هەیە. ئەوەی نەورۆز لە جەژنەكانی دیكە جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە وەرزی بەهارە و لای هەموومان زانراوە كە وەرزی بەهار لە هەموو دونیا بە وەرزی سەوزایی و گوڵ دەناسرێتەوە و سەرەڕای ئەوەش كەشوهەوا لە بەهار زۆر لەبار و گونجاو دەبێت بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەمەش رێگەخۆشكەرێكە بۆ كوردەكان كە بتوانن لەم یادەدا گەشت بكەن و سەیران ساز بكەن.
نەورۆز، وەك جەژنێكی نەتەوەیی بۆ كورد، مێژوویەكی كۆنی هەیە. ئەم جەژنە دەكەوێتە یەكەمین رۆژی ساڵی نوێ و سەرەتای بەهار، واتە وەرزی نوێبوونەوەی ژیان كە ئێمە ماڵئاوایی لە زستان، وەرزی سەختی بەفر و باران، دەكەین و رووناكی خۆر لەگەڵ بەهار دێتەوە. نەورۆز بە واتای "رۆژی نوێ" هاتووە بۆیە بە جەژنی بەهار و بووژانەوەی سرووشت دەناسرێتەوە و نەمامی هیوا و خۆشبینی لە دڵی هەموومان دەڕوێنێت.
ئێمە وەك نوێنەر و كۆنسوڵگەریی رووسیای فیدراڵ لە هەولێر گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی كوردستان دەكەین لە سەرتاسەری دونیا بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان. من وەك كۆنسوڵی گشتی لە هەولێر، خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم كە بۆ دووەمین جار ئەم جەژنە پڕشكۆیە لە هەولێر یاد دەكەمەوە. ساڵی رابردوو كە ئەم یادەم لە نزیكەوە بینی بەڕاستی جێگەی سەرسووڕمان بوو بۆمن، كە بینیم خوشك و برا كوردەكانمان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەم جەژنەدا دەكەن و دەچن بۆ سەیران و بۆ نانخواردن و دواتر خۆشی و شادی نیشاندەدەن بە ئەنجامدانی هەندێك یاری بەهاری و چالاكی جەستەیی و شایی و هەڵپەڕكێی كوردی. بەهۆی هەڵكەوتنی شوێنی باڵەخانەی كۆنسوڵگەریی ئێمە لەسەر رێگەی پیرمام كە ئەم رێگەیە دەچێت بۆ
دەیان شوێنی گەشتیاری كوردستان وەك هەنارە و دڵۆپە و شێرەسوار و شێخ توراب و چەندین شوێنی دیكەی دڵڕفێن، بۆیە ئێمە لە نزیكەوە سەرنجی پەرۆشی ئەو خەڵكە دەدەین كە خۆیان دەڕازێننەوە و بەلێشاو بە ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەڵ خێزانەكانیان روو لەو شوێنە دڵڕفێن و جوانانە دەكەن.
لەم كاتە هەستیارەدا ئێمە پشتگیری لە هەنگاوەكانی كارا و هاوسەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان – عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە كۆماری عێراق دەكەین. ئەمڕۆ هەموو دونیا بە قۆناخێكی دژواردا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێمە دڵنیاین كە بە هەوڵی هەموومان بتوانین بەسەر لێكەوتەكانی COVID-19 دا زاڵ ببین.
ئەمڕۆ دوای 32 ساڵ بەسەر كیمیابارانی هەڵەبجە كە لەلایەن رژێمی سەددام حوسێنەوە ئەنجامدراوە، ئێمە سەری رێز دادەنەوێنین بۆ قوربانیانی ئەم كارەساتە گەورەیە لە مێژووی نوێی عێراق كە لە ئاداری ساڵی 1988 پێنج هەزار هاووڵاتی بێتاوانی شاری ئاشتیخوازی هەڵەبجە تێیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كوژران.
لەم رۆژە پڕ لە خەم و پەژارەیە بۆ هەموو وڵاتەكە، كۆنسوڵگەری رووسیای فیدراڵ لە هەولێر لەگەڵ خەڵكی كوردستانی عێراق یادی قوربانیان و برینداران و زیانلێكەوتووان دەكاتەوە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و كەسوكاری قوربانیانی
كیمیابارانی هەڵەبجە دەكەینەوە و هیوای چاكبوونەوە دەخوازین بۆ ئەو كەسانەی كە دوای تێپەڕبوونی 32 ساڵ هێشتا كاریگەریی لێكەوتەكانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە بەسەر باری تەندروستییانەوە بەردەوامە تاوەکو ئێستا.
پشتگیری و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی هەموو هاووڵاتیانی عێراق دەكەین كە هەمیشە ماڵی عەرەب و كورد و پێكهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەیی و نموونەی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی بووە.
كەسانی پێشكەوتنخواز لەسەرتاسەری دونیا پەندیان لەم كارەساتە وەرگرتووە و دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بدەن كە ئەم جۆرە كردەوە دژەمرۆڤایەتییانە قەت دووبارە نەبنەوە كە لە ئاییندەدا بەشێوەیەكی بێلایەنانە و دادپەروەرانە هەڵدەسەنگێنرێن و سەركۆنە دەكرێن.
لەم پەیوەندییەدا دەمانەوێ جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە خەڵكی هەڵەبجە بكەین بەهۆی بڕیاری حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بە فەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەك چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان – عێراق.
من بەناوی رووسیای فیدراڵ، وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی عێراق و بەرز راگرتنی ئەم جەژنە هیوای داهاتوویەكی پڕشنكدار بۆ هەموو لایەك دەخوازم. بەهیوای ئەوەی هەموو ساڵێك ئەم جەژنە بە دڵخۆشی و بەختەوەری یاد بكرێتەوە. نەورۆزتان پیرۆز بێت!
*كۆنسوڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ لە هەولێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ