ئابووریی سووریا بەرەو قۆناخێکی ناڕوون، بەڵام چارەنووسساز هەنگاو دەنێت. زیاتر لە 10 ساڵ شەڕ، برینی قووڵی ئابووری لە جەستەی سووریا دروست کردووە. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا هەوڵدەدات پلانێکی نوێی ئابووری دابڕێژێت. هەندێ خاڵی ئەرێنی بەدیدەکرێن، وەک بەڵێنی سەرمایەگوزاری لەلایەن وڵاتانی کەنداو، ناردنی بڕێکی بەرچاو پارە لەلایەن هاووڵاتیانی سووریا کە لە دەرەوە دەژین و بوژانەوەی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام کەلێنەکانی نێو ئابووریی سووریا هێشتا فراوان و قووڵن.
ئابووریی لە قۆناخی گواستنەوەدا.
سووریا ساڵی 2024ـی بە پاشەکشەی ئابووری بە رێژەی نزیکەی 1.5٪ کۆتایی پێهێنا، بەڵام دامەزراوە جیهانییەکانی وەک بانکی جیهانی پێشبینیی دەکەن لە ساڵی 2025 دا گەشەی ئابووری بگاتە 1٪. کێشەکە ئەوەیە ئەم گەشەیە لە کەرتی پیشەسازی و کارگەکان، یان کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەزۆری پشتی بەو هاووڵاتییانەی سووریا بەستووە، کە لە دەرەوەی وڵاتەکەن و تەنها لە ماوەی شەش مانگدا نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان ناردووەتەوە بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتە. بەڵێنەکانی سەرمایەگوزاری لە سووریا بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بوونەتە مانشێتی هەواڵەکان، 14 ملیار دۆلار لە مانگی هەشتی ساڵی 2024 و شەش ملیار دۆلاری دیکە لە مانگی حەوتی هەمان ساڵ. ئەمانە ژمارەی گەورەن، بەڵام زۆر لەم بەڵێنانە پەیوەستن بە کۆمپانیا و کەسایەتیی نەناسراوەوە، کە پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای حکومەتی کاتی سووریا هەیە. وەک ئابووریناس، دکتۆر مسەلەم تەڵاس پێی گوتم، "ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ وەبەرهێنانی گەورە، لەسەر کاخەز سەرنجڕاکێشن، بەڵام بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی روون، مەترسیی ئەوە هەیە هەمان بازنەی گەندەڵی دووبارە ببێتەوە کە پێشتر ئابووریی سووریای شەلەل کردبوو."
خاڵە بەهێزەکان و کەلێنەکان
سووریا هێشتا چەندین لایەنی ئەرێنی هەیە کە دەتوانێت یارمەتیی بوژانەوەی بدات وەک پێگەیەکی ستراتیژی، سامانی سرووشتیی هەمەچەشن و دانیشتووانێکی خۆڕاگر، بەڵام ئەم خاڵە بەهێزانە کەوتوونەتە ژێر سێبەری راستییە تاڵەکانەوە. بەپێی راپۆرتی مانگی شوباتی ئەم ساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەژاری ئێستا 90٪ی دانیشتووانی گرتووەتەوە، بێکاری لە سەرووی 30٪ـەوەیە و بەشێکی زۆری ژێرخانی وڵاتەکە هێشتا وێرانە. دکتۆر تەڵاس دەڵێت، "ئابووریی ئەمڕۆی سووریا لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەو پارانەی لە دەرەوە حەواڵە دەکرێن و لەسەر بازرگانیی نافەرمی بەردەوامە. ئەمە پەیکەرێکی لەرزۆک دروست دەکات، کە هەر پچڕانێک لەم سەرچاوانەی دەرەوە، دەتوانێت پشێوی و شەپۆلێکی نوێی نائارامی دروست بکات."
ئاواتەکان لە بەرامبەر راستییەکان
حکومەتی کاتیی سووریا، کۆمەڵێک ئامانجی گەورەی داناون: یەکخستنی نرخی دراو، چاکسازی لە کەرتی بانکی، گەڕانەوە بۆ نێو سیستمی دارایی جیهانی و راکێشانی وەبەرهێنان بۆ بووژانەوەی ژێرخان. ئەمانە ئامانجی گەورەن، بەڵام لە راستیدا، سەرکەوتنی حکومەت لە بەدەستهێنانی ئەو ئاواتانە، بەندە بە بنیاتنانی توانای حکومەت و بەدەستهێنانی متمانە، ئەو دوو تایبەتەمەندییەی کە دەمێکە لە سووریا تۆراون. یارمەتییەکانی قەتەر لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت، پێشانی دەدات تاوەکو چەند حکومەتی سووریا پشتی بە هێزە دەرەکییەکان بەستووە کە بە ئاسانی دەیخاتە ژێر هەژموونی ئەو وڵاتانەوە، ئەمە لە رووی جیۆسیاسییەوە گومانەکان لە سەربەخۆیی و توانای حکومەتی سووریا گەورەتر دەکاتەوە.
گرژییە ناوخۆییەکان و کاریگەرییە ئابوورییەکانی
بووژانەوەی ئابووریی سووریا بە سیاسەت و هێورکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان گرێدراوە. تووندوتیژییە تائیفییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی هێرشە خوێناوییەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی عەلەوی و درووزەکان، سەقامگیریی سیاسیی سووریایان هەژاندووە و متمانەی وەبەرهێنەرانی بە حکومەت لاوازکردووە. بەپێچەوانەوە، رێککەوتنە مێژووییەکەی مانگی سێ، لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دیمەشق، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەدیهاتنی چوارچێوەیەک بۆ کۆنترۆڵی هاوبەشی سنوورەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز و فڕۆکەخانەکان. ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، دەکرێ سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر تەرخان بکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵام مەترسیی دواکەوتن و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە هەیە بەهۆی بێمتمانەیی نێوان هەردوو لایەن.
رۆڵی ئابووریی فراوانخوازیی تورکیا
تورکیا بە رادەیەکی بەرچاو بەشدارە لە ئابووریی سووریا. کۆمپانیا تورکییەکان لە کەرتەکانی ژێرخان، وزە، لۆجستیک و بیناسازیدا چالاکن. هەناردەی تورکیا بۆ سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رێککەوتنەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئاماژەن بۆ هاوکاریی ئابووریی قووڵتر. بۆ سووریا ئەمە دەکرێت شمشێرێکی دوو سەر بێت. سەرمایەگوزاریی تورکیا دەتوانێت وزەیەکی پێویست بە ئابووریی سووریا ببەخشێت، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیی ئەوەی هەیە ئەنقەرە بکاتە یاریزانی سەرەکی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا، کە شوێن بۆ کارکردنی وڵاتانی دیکە بەرتەسک بکات.
عێراق و هەرێمی کوردستان
عێراق و هەرێمی کوردستان وەک دوو شادەماری گرنگ بۆ ئابووریی سووریا دەتوانن رۆڵ ببینن. کردنەوەی دەروازەی سنووریی قائیم-بوکەمال، بازرگانی لەگەڵ بەغدا بوژاندووەتەوە، لە کاتێکدا دەروازەی سمێلکا-پێشابوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژئاوای کوردستان. هەرێمی کوردستان چەندین دەرفەتی لەبەردەم کراوەیە، وەک ئەوەی ببێتە رێرەوێکی بازرگانی بۆ هەناردەکردنی کاڵای سووری و بەشداریکردن لە کەرتی وزەی سووریا بەتایبەتی لە بواری پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و، لە کۆتاییدا بەهۆی هەبوونی پیشەسازی قورسی وەک چیمەنتۆ، شیش و ئاسن دەتوانێت ببێتە دابینکارێکی سەرەکی ئەو کەرەستانە و رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا ببینێت.
داهاتووی نادیاری لیرە
بانکی ناوەندیی سووریا خۆی بۆ یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و کەمکردنەوەی جیاوازیی نرخی فەرمی و نرخی ئازادی لیرە ئامادەکردووە. هەروەها هەوڵ دەدات خواست و متمانە بۆ لیرە بەرزبکاتەوە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە. بەبێ یەدەگێکی گەورەی دراوی بیانی و بەرزکردنەوەی قەبارەی هەناردەکاری و چاودێری تووندتری بازاڕی دراو، بە ئەگەری زۆرەوە ناجێگیری نرخی لیرەی سووری بەردەوام دەبێت. دکتۆر تەڵاس هۆشداری دەدات، "لیرەی سووری تەنیا بە راگەیێندراوێکی بانکی ناوەندی سەقامگیر نابێت. سەقامگیری پێویستی بە چاکسازیی باوەڕپێکراو، گەشەی هەناردەکاری راستەقینە و سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی لە دەسەڵاتداران بەدی دێت، کە ئابووریی سووریایان کۆنترۆڵکردووە."
سووریا لەسەر دووڕیانێک وەستاوە، ئەو سەرچاوە داراییانەی لە رێگەی حەواڵە و بازرگانی و سەرمایەگوزاری بیانییەوە دەگەنە ئەو وڵاتە، دەکرێت ببنە بەردی بناخەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە. بەپێچەوانەوە، سەرچاوەکان دەکرێن بە گەندەڵی بەفیڕۆبچن و تەنیا بڕۆنە گیرفانی کەسانی تایبەتەوە، کە لە دەسەڵاتی ئێستای سووریا نزیکن. داهاتووی ئابووریی سووریا بەندە بەوەی کە ئایا سەرکردایەتیی نوێی ئەو وڵاتە دەتوانێت خۆی بەدووربگرێت لەو نەخۆشییە کۆنانە کە رەگی لەو وڵاتە داکوتاوە یان نا. نوێبوونەوەیەکی راستەقینەی سووریا ئەگەر رووبدات، نەک تەنها چارەنووسی لیرەی سووری دیاری دەکات، بەڵکو پێگەی سووریا لەسەر نەخشەی ئابووریی ناوچەکە بۆ ساڵانێکی درێژ دەستنیشان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ