سبەینێی رۆژەکە، سبەینێیەکی سپی و دڵنشینی شاری کۆڵنە. شارە خۆشەویستەکەم، هەر لە خەو هەستێت، ئیدی هەموو شتەکان وەکو ئۆرکێسترایەک هاوئاهەنگانە کار دەکەن، هەر کەس بۆ خۆی و بەڵام لە کۆدا ئاوازێکی جوانی ژیان بەرجەستە دەکەن.
ئەم شارە، لە رۆژگاری دێرینەوە ئامێزی میهرەبانی بووە. سەردەمانێک لە ئەڵمانیای دێرین کاتێک هەڵگرانی ئاینزایەک بێزار دەکران، یان راودەنران، روویان دەکرد شاری کۆڵن. ئەو دەمیش وەکو ئێستا کۆڵن ماڵێکی ئاوەدان بووە بۆ پەنابەران، ئیدی لە هەر رەنگ و دەنگێک، هەڵگری هەر هزر و باوەڕێک بووبن.
سبەینێکە یەکەم رۆژی مانگی ئاب بوو، لە یەکێک لە گەورە بازاڕەکانی شارەکە لاوێکم بینی، کارمەندی بازاڕەکە بوو. لاوەکە لەگەڵ هاوکارێکی بە زمانی عەرەبی (شێوەزاری سووریایی) و لەگەڵ کەسێکی دیکەیشدا بە زمانی تورکی قسەی دەکرد. بە رەوانی بە هەردوو زمانەکە دەدوا. بێگومان دەبێت زمانی ئەڵمانیش بە رەوانی بزانێت.
لە لاکردنەوەیەکدا تەماشا دەکەم لەسەر لاملی بە تاتوو تفەنگێکی نەخشاندووە، تفەنگێک لە دۆخی ئامادەبوون یان بەکارهێناندا. کەنیشکەکەم هەستی پێدەکات، دەیبینێت و دەڵێت، باوکە تەماشا، ئەوە بۆچ بڕیاری بۆ وێنەی خۆرێک یان پەپوولەیەک یاخود ئەستێرەیەک نەداوە؟ بۆچی چەک؟
نەونەمامی من بەردەوام دەبێت و دەڵێت، هەموو ئەو کتێبانەی دەیانخوێنمەوە، هەموو ئەو فیلمانەی من دەیانبینم باس لە بەدیی چەک دەکەن. کەنیشکەکەم دەیەوێت بچێت و قسەی لەگەڵدا بکات، مەزەندە دەکەم چ پرسیارێکی لێدەکات و رێی لێدەگرم، پێیدەڵێم؛ ببوورە نابێت، ئەوە شتێکی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام کچەکەم دەڵێت: نەخێر ئەوە شتێک نییە تایبەت بە خۆی، ئەوە شتێکە تایبەت بە هەموومان، وا منیش دەیبینم و دەمترسێنێت. راستییەکەی منیش دەمەوێت بچم و قسەی لەگەڵ بکەم، منیش دەترسم. تاتوویەک دەبێت بە مایەی قسە لەسەرکردنێکی درێژ و گرنگ. هەڵبژاردنی هێمایەک یان وێنەیەک وەکو تاتوو لەسەر لەش بنەخشێندرێت، رەنگدانەوەی هزر و دنیابینی کەسەکەیە. دیارە چەک لە کوێ و پەپوولەیەک لە کوێ؟ دەمەوێت بپرسم گەلۆ ئەم کەسە خۆی پەنابەرە و لە ترسی شەڕ و لە بەڵای تفەنگ هەڵاتووە؟ ئەگەر پەنابەرە، بۆچ هێمای شەڕ و کارەسات لەگەڵ خۆی دەگەڕێنێت؟ گەر پەنابەر نییە، ئەی چۆن لەم ژیانە ئارامەدا چەکی کردووە بە هێمای دڵنشین؟
لیستی پێداویستیی کڕینم لە دەست بەردەبێتەوە، کچەکەم هەستی پێدەکات. دەچینە دەرێ، دەرێ رووناکە، رۆژێکی رووناک و پڕە لە مرۆڤی جوان، پڕە لە تاتووی جوان، رۆژێکی گەرمە و تاتووی پەپوولە و تاتووی ئەستێرە و خۆر بە بەردەمماندا دەفڕن، لە قاوەخانەیەک دەگیرسێینەوە. منیش بە کچەکەم دەڵێم، تەماشا، ئەم جۆرانەی تاتوو زۆرتر و سەردەستترن.
ئەو دەڵێت؛ راستە، بەڵام یەک تفەنگ دەتوانێت هەموو ئەم پەپوولە و ئەستێرانە پەرت پەرت بکاتەوە و بیانترسێنێت. یەک تفەنگ دەتوانێت ئاوازی دەیان ئۆرکێسترای دڵگیر تار و مار بکات.
هەڤۆکێکی گرنگی تۆڵستۆی هەیە کە دەڵێت: "رێگرتن لە تووندوتیژی بە رێگەی تووندوتیژی، واتای ئەوەیە دانانی تووندوتیژییەکی نوێ لە بری کۆنەکە". ئەو رستەیەی تۆڵستۆی هەم بۆ ئەو "چەکهەڵگرە" و هەم بۆ ئەوانەیشی کە دەیانەوێت بە زۆر رێگە لەم کەسانە بگرن، پێکاویەتی. ناکرێت بە رێگەی تووندوتیژی یان زاگۆنی دڵڕەقانە رێگە لەم جۆرە کردەوانە بێنە گرتن، بەڵام دەکرێت لە رێگەی پەروەردە و راهێنانی تایبەتەوە وەهایان باربێنن. یادەوەریی شەڕ و تووندوتیژی لە خۆ داماڵن، نەگەڕێنەوە بۆ لای شەڕ، نەک نەگەڕێنەوە، بەڵکو هزر و خەیاڵیان لە چەک ئازاد بکەن. دەبێت مرۆڤەکان لە رێگەی پەروەردەوە بگەنە ئەو باوەڕەی کە لە رێگەی چەک و تووندوتیژییەوە نەکردەیە ئارامی دەستەبەر بکرێت. نە ئارامیی تاکەکەسیمان و نە ئارامیی جڤاکی.
دڵم لە لای ئەڵمانیایە، کەی؟ کاتێک کەسانێک دێن و لە هزریاندا چەکهەڵگرن و نایانەوێت لەو جڤاتە ئارام و پڕ لە خۆشەویستییەدا چەک لە خۆیان داماڵن، تفەنگی لامل بە دەنگێکی روون دێتە گۆ و دەڵێت: هەندێ شت هەن بە رواڵەت سادەن، بەڵام لە هەناودا هەڵگری ئاڵۆزیی کوشندەن. بریا؛ وێنەی خۆرێک یان پەپوولەیەک یاخود ئەستێرەیەک لە هزری هەموواندا دەدرەوشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ