دوو خەڵاتی نۆبڵ بۆ ترەمپ

20-08-2025
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
کاتێک وێنەی دانیشتنی زێلێنکسی و سەرکردەکانی ئەوروپات لەسەر کورسی و بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ لەپشت مێزێکەوە بینی، یەکەم شت کە بەخەیاڵتدا هات چی بوو؟ بۆ من هیچ کە لەگەڵ پرۆتۆکۆڵە تاوەکو ئێستا باوەکانی پێشوازیی سەرۆکان لە سەرۆکان و سەرۆکوەزیران یەکنەدەهاتەوە، زۆرتر هەستی ئەوەشی دامێ کە کۆمەڵێک کڕیاری شوققە بەرامبەر فرۆشیارێکی خانووبەرە دانیشتوون و دەیانەوێ قایلی بکەن پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ئۆکراینا) نەداتە دەست رووسیا. 
 
سەرلەقاندنە موجامەلەئامێزەکانی ئەو سەرکردانە بۆ ترەمپ و شۆخییەکانی ئەو لەگەڵیان، هەر لە هێنانی چا و ئاوێکی کەم بوو کە لە نووسینگەیەکی خانووبەرە لە هەولێر یان سلێمانی یان دهۆک دەیبینیت! 
 
وێنەیەکی دیکە کە بەخەیاڵمدا هات ئەوە بوو کە زێلێنکسی بۆ جاری دووەم چووەتە خوازبێنییەک و باوکی کچەکە (واتە ترەمپ) جاری رابردوو خراپی بەسەرهێناوە. بۆیە ئەمجارە هەرچی قەوم و قیلەیە وەدوای خۆی خستووە بۆئەوەی وەک جاری رابردووی بەسەرنەهێنێت. 
 
ئەمە وێنە سادە و شۆخیئامێزەکەیە. وێنە گەورە و ئاڵۆزەکە ئەوەیە کە ئەو دنیایەی تێیدا دەژین، چارەنووسی زۆربەی جەنگەکان و تەنانەت ئایندەی نەوەکانی پاش خۆشمان تێیاندا بوونەتە موستیلەیەک و سەرۆکی ئەمریکا بە کەیفی خۆی بایدەدات. جا وای بە حاڵی ئەو گەل و سەرکردە و وڵاتانەی ترەمپ لە پێچێکی موستیلەکەدا لە رەوڕەوەکە دەریاندەخات و بۆ هەستانەوە ئامادە نین! 
 
ئەو چەند مانگەی دوایی دنیا زۆر گۆڕدراوە. ئەوەی لەو ماوەیەدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا و ئاسیا و تەنانەت نێوەوەی ئەمریکاش روویداوە، رەنگە لە دۆخی ئاسایی و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی هەر کەسێکی دیکەدا لە ئەمریکا رووینەدابووایە. ئێستا ئەمریکا سەرۆکێکی هەیە کە بۆ جاری دووەم چووەتەوە کۆشکی سپی و هەردوو جارەکە بەو دەنگانە گەیشتووەتە ئەوێ کە پێیانوابووە نابێ ئەمریکا خۆی بە دنیاوە خەریک بکات و دەبێ خەریکی نێوەوەی خۆی بێ. کەچی سەرۆک نایشارێتەوە کە دەیەوێ کارێک بکات لە جیهاندا، کە لە نێوەوەی ئەمریکا نا بەڵکو لە ئەسکەندەناڤیا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بدرێتێ. 
 
ئەمریکایەک کە پێش ترەمپ ئەجێندای بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و بۆ هاوکێشە جیۆپۆڵەتیکییەکان لە هەر زۆنێکی جیهان هەبوو و هەندێکجار تووشی شەڕیش دەبوو، ئێستا لەپێناوی خەڵاتەکە تەنیا خەریکی سوڵحە. جا سوڵح بە هەر نرخێک بێت گرنگ نییە. کێ تێدادەچێ، کوردەواری و ئێوە خۆش! 
 
ترەمپ بە زیلینسکی و سەرکردەکانی دیکەی دەگوت لەو چەند مانگەدا شەش جەنگی راگرتووە. جا راستە یان نا، ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەیە کۆترە سوورەکەی کۆشکی سپی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێ. 
 
ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا خەریکی ئاشتییە شتێکی زۆر باشە. هیچ نەبێ بەوهۆیەوە خەڵکی کەمتری سڤیل و بێگوناهـ دەکوژرێن و برسی دەکرێن و هەڵوەدا دەبن، بەڵام بەداخەوە ئەم جیهانە و ناکۆکی و جەنگەکانی ناوی لەوە ئاڵۆزترن کە بە پێچی موستیلەیەک بۆ هەمیشە یەکلایی ببنەوە. ئاو بە ئاگرەکاندا دەکرێ، بەڵام دارەکان وشکبنەوە دیسان ئاگر دەگرنەوە. بۆنموونە راستە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بە فەرمانی ترەمپ راوەستا، بەڵام وەک بەرپرسێکی گەورەی سەربازیی ئێرانی لەمڕۆژانەدا دەیگوت: ”ئەوەی هەیە ئاگربەست نییە، بەڵکو تەنیا ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە“. چونکە وەک ئەو دەیگوت ئاگربەست دەبێ لەسەر بنەمای رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ بێ و ئەوەی ئێستا هەیە لە هەر کاتێکدا دەکرێ دیسان بتەقێتەوە.
 
نموونەیەکی دیکە شەڕڕاگرتنەکەی نێوان پاکستان و هیندستانە کە ئەویش گەرەنتی نییە لە هەر چرکەیەکدا نەتەقێتەوە. نموونەکانی دیکەش هەروان. 
 
گەورەترین ئاڵنگاری بۆ نەهێشتنی جەنگەکان کە لەپێش ترەمپ و ئیدارەکەی بێ شەڕە تاقەتپرووکێنەکەی ئۆکراینا و ئەو جەنگە نامرۆڤانەیەیە کە لە غەززە هەیە. بۆ هەردوو جەنگیش گوێ لە هەر شارەزایەکی سەربازی، ستراتیژی، ئابووری و تەنانەت شارەزایانی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکان لە وڵاتانی ئەورووپیش دەگریت دەڵێن بۆئەوەی هەر لەنێو ئۆکراینا و غەززە نا، بەڵکو لە ئەورووپاش دەرهاویشتە کوشندەکانی دەرنەکەون، پێویستە بەزووترین کات ئەو دوو جەنگە رابوەستن.
 
بۆ ئۆکراینا دنیا کراوەتە بەهار و ئاو هێندراوەتە چۆکان، بەڵام وەک بەکردەوە دەردەکەوێ شتەکە ئاڵۆزە. کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کە لە هەفتەکانی داهاتوودا شەڕ رادەوەستێ یان لەوەی هەیە ئاڵۆزتر دەبێ. خۆی کاتێک شەڕەکەش دەستیپێکرد تاوەکو دوایین کاژێرەکان تەنانەت بڕیارسازە سەربازییەکانی رووسیاش نەیاندەزانی پووتین بەتەمای چییە. ئێستاش هەر وایە و موستیلەی راگرتنی ئەو جەنگە لەدەستی پووتیندایە و ترەمپ دەتوانێ هانی بدات بە باشە بیسووڕێنێ، بە باشە نەیسووڕاند، چی روودەدات؟ ئەگەر بە باشە سووڕاندی، نرخەکەی چەندە؟ هێشتا نازانین. 
 
بۆ غەززە هیچ مرۆڤێکی بەویژدان بەرگەی شایەتبوونی ئەو هەموو ژان و نەهامەتییە ناگرێ کە بەسەر خەڵکە سڤیلەکەیدا دێت. دوو هێز بەرامبەر یەکدین کە هیچ نرخێک بۆ کەرامەتی مرۆڤەکانی ئەوێ دانانێن و کردوویاننەتە کاڵا و کارتی گوشار لەسەر یەکدی. راستییەکەی ئەگەر ئەم دنیایە بە پێوەری مرۆڤانە و بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بەڕێوەچووبایە، دەبووایە پێش ئۆکراینییەکان خەڵکی ئەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو کۆمەڵەمەرگییەی تێیدان دەرباز بکرێن. هەرچەندە هەستناکەم بەمزووانە ئەمە رووبدات، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر ترەمپ بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا شایانی خەڵاتێکی نۆبڵ بۆ ئاشتی بێ (کە بێگومان شایانی دەبێ)، ئەوە بە راگرتنی شەڕی غەززە شایانی دوو خەڵاتی نۆبڵە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە