شۆڕکردنەوەی دەسەڵات

20-09-2025
هیوا جەمال
A+ A-
 
یەکێک لە میوانەکانم کە بەرپرسێکی یەکەیەکی کارگێڕی بوو، گلەیی زۆری لە نەبوونی دەسەڵاتی هەبوو لە یەکە کارگێڕییەکەی. پێم گوت، "گلەییەکەت چییە؟" گوتی، "ئەوەی کە باسی دەکرێت لەبارەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ یەکە کارگێڕییەکان لە هەرێمی کوردستان، هێشتا نەگەیشتووەتە ئێمە. جارێک کارمەندێکی گرێبەستی یەکێک لە باخچەکانمان تەمەنی هەبوو و چیدی کاری پێ نەدەکرا، وازی لە کارەکەی هێنا. بۆئەوەی جێگەکەی پڕبکەینەوە، نووسراومان کرد بۆئەوەی کەسێکی دیکەمان بۆ دابمەزرێنن بە گرێبەست. ئەم نووسراوە ئەوەندەی پێ چوو تاوەکو گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، کاتێک فەرمانی دامەزراندن بۆ کەسێکی دیکە هاتەوە، باخچەکە وشک ببوو."
 
بۆ بەرنامەکەم (رۆژی هیوا جەمال)، جاروبارە دەچمە شارەکانی هەرێمی کوردستان. لە دوورەوە کەمتر هەست بە کێشە و کەموکورتی دەکەیت، بەڵام بەهۆی نزیکی و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان، وردتر و لە نزیکەوە کەموکوڕییەکان دەبینیت. رەنگە دوایین نموونە، قسەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بێت کە گوتی، "بۆ فەرمانگەکەیان پێویستیان بە 7 سپلیت بووە، بۆ ئەوەی لە گەرمای پڕوکێنەری گەرمیان رزگاریان بێت، چونکە سپلیتەکانی خۆیان لەکار کەوتبوون، بەڵام پاش نووسراو و بەڕێکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، ماوەیەکی زۆری پێ چوو بوو، بەڵام هەر بۆیان خەرج نەکرابوو تاوەکو بیکڕن. دیارە ئەوە پێویستی بە واژۆی وەزارەتی دارایی و رەزامەندی بووە، ئیدی بێهیوا ببوون، لەبەرئەوە پەنایان بۆ خێرخواز بردبوو تاوەکو بۆیان بکڕن."
 
ئەگەرچی لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 3ی ساڵی 2009ی هەموارکراو، باسی کۆمەڵێک دەسەڵات کراوە بۆ بەڕێوەبەری ناحیە، قایمقام و پارێزگارەکان، بەڵام رێوشوێنی زۆر و گرێی ئەوەندەی تێدایە، کە کاروبارەکانی قورستر کردووە. بەتایبەت هەندێک لە دەسەڵاتەکان بەستراوەتەوە بە یاسای بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە ئەم یاسایە نییە و بەوەش دەسەڵاتەکە خۆکارانە سڕ کراوە، چونکە بەگوێرەی یاسای پارێزگاکان، دەبێت داواکاری و دامەزراندن لە یاسای بودجەدا دیاری کرابێت.
 
سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی (ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی) کە لەلایەن توێژەران ئارام جەمال، چۆمان محەمەد، ئەحمەد عەلی و کاروان کازم ئامادە کراوە، لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دەستووریی تایبەت بە جێگیرکردنی ناناوەندیی کارگێڕی نییە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە یاساکانی پەیوەندیدار بە ناناوەندیی کارگێڕی، کار بە بڕیار، فەرمان و رێنماییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکرێت؛ ئەمە لاوازترین ئاستی جێبەجێکردنی ناناوەندییە.
 
وەک لە توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەو یاسایانەی پەیکەربەندی و کاروباری وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێک دەخەن، بە هەناسەیەکی ناوەندی داڕێژراون.
 
زۆربەی بڕیار و فەرمان و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشناییی یاساکانی پەیوەندیدار بە نەناوەندیی کارگێڕی دەرناچن.
 
رەنگە هەرکەس رێی بکەوێتە هەر فەرمانگەیەک، بە ئاسانی لەوە تێبگات، چونکە کاتێک دەیەوێت یەکێک لە کارەکانی بگەیەنێتە ئەنجام، دەیان مۆر و واژۆ لە لاپەڕەی داواکارییەکەی دەدرێن.
 
دۆخێکی دیکەم بینی کە جێگەی پرسیاری جیدییە، ئەویش بەئەلیکترۆنیکردنی هەندێک لە کاروبارەکانە، بەتایبەت کە لە رێگەی ئیمەیڵەوە جێبەجێ دەکرێت. لەم رۆژانەدا لەگەڵ هاونیشتمانیەک قسەم دەکرد، کە مامەڵەیەکی هەبوو؛ لە سلێمانی کارەکانی جێبەجێ کردبوو، دەبوو لە وەزارەت لە هەولێر ئەوی دیکەی تەواو بکات و بنێردرێت بۆ بەغدا. کەسەکە بۆخۆی مامەڵەکەی پێ بوو و دەیبردە هەولێر. لێم پرسی، "بۆچی ئەمە دەکەیت؟ ئێستا بە ئەلیکترۆنی و بە ئیمەیڵ کارەکان دەڕۆن." گوتی، "ئەمەیان زووتر تەواو دەبێت، چونکە چەند رۆژێکم لەبەردەستە. ئەگەر بە ئیمەیڵ بۆم بنێرن، ماوەی مانگێکی پێ دەچێت، بۆیە ناچارم بەدەستی بیگەیەنم." کە لێم کۆڵییەوە، هۆکارەکەی ئەوە بوو ئەو کارمەندەی ئیمەیڵەکان دەکات، لە رۆژێکدا چەند ئیمەیڵێکی کەم دەنێرێت.
 
ئێستا حاڵەتێکی دیکە دروست بووە بەهۆی دواکەوتنی مووچە، کە هەموو مانگێک زیاتر لە 50 رۆژە؛ کارکردن لە فەرمانگەکان بووە بە نۆرە. لە ژوورێکدا کە 3 فەرمانبەر کاریان دەکرد، کردوویانە بە 1 فەرمانبەر. ئەوەش دواخستنێکی زۆری بۆ کارەکان دروست کردووە. ئەمە بەتایبەت لەو فەرمانگانەدا زیاتر دەردەکەوێت کە کاروباری زۆریان هەیە، وەکو شارەوانی، پەروەردە و هاتووچۆ.
 
رەنگە چارەسەرکردنی ئەمە ئاسان بێت، ئەگەر بە واقیعی ناناوەندی جێبەجێ بکرێت و دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە