رۆژی یەکشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزە ئەنجام دا و رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا لێکدانەوەی پلانی فریاکەوتنی تایبەت بە بواری نەوت و کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو، گاز و بەرهەمە نەوتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنه ئەمنییەکانی ناوچەکه کراوە"، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان راگرتنی هاتووچۆی کەشتییەکانی نەوتە لە گەرووی هوزمز، کە عێراق دووەم وڵاتە لەرووی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەرێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ بازاڕەکان.
رۆژ بە رۆژ مەترسی لەسەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت و زیادبوونی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕەوە زیاد دەبێت، کە لە ئەگەری داخستنی تەواوەتیدا ئەوا کاریگەرییەکەی، بەهۆی ئەو بەشدارییەی لە بازاڕی وزەی جیهانی هەیەتی زۆر گەورە دەبێت و لێکەوتەی بەتەنیا لەسەر نرخەکان نابێت، بەڵکو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و بەکارهێنەریش زیانمەند دەبن.
لە رۆژی پێنجشەممەوە و لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە و هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز و تەنانەت بە ئامانجگرتنی کەشتییەک وایکرد مەترسییەکان بگاتە ئاستی داخستنی تەواوەتی و پێدا تێپەڕنەبوونی کەشتی لە گەرووەکەوە.
رۆژانە یەک لەسەر پێنجی کۆی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، کە بەپێی داتاکانی "ئیس پێی گڵوباڵ و کپلەر" رۆژانە عێراق لەم گەرووە 3.32 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و 310 هەزار بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکان دەگوازێتەوە، کە لە دوای سعودیەوە بەپلەی دووەم دێت لە رووی هەناردەکردنی زۆرترین بڕی نەوت لەم گەرووە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
گەرووی هورمز پانییەکەی 54 کیلۆمەترە، کە رێگەی گواستنەوەی کەشتییە نەوتییەکانی نزیکەی 3.7 کیلۆمەترە. لەساڵی 2025 دا بڕی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لەم دەرچەیەوە گەشتووەتە 19.87 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە دەکاتە رێژەی 25% کۆی بازرگانی نەوت لە جیهان دا. لە ئەگەری داخستنیدا بەهۆی گرژییەکانەوە ئەوا تەنیا بڕی 3.5 بۆ 5.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەتوانرێت، رێگەی بەدیل بگیرێتەبەر و بە گەرووی هورمزدا نەگوازرێتەوە، هەرچەندە لەشیکارییەکانی ناوەندەکانی وزە ئاماژە بەوەکرا کە داخستنی تەواوەتی گەرووەکە روونادات، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش دابخرێت، ئەوا کاریگەری گرنگ لەسەر بازاڕی وزە دادەنێت.
لەم گرافیکە بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بە گەرووی هورمز لە 2025 دا / رۆژانە خراوەتەڕوو

خاڵێکی دیکەی گرنگ پەیوەست بە گەرووی هورمزەوە، تەنیا گواستنەوەی نەوت نییە، بەڵکو گواستنەوەی گازە، کە گازی شلکراو LPGیە و رێگەی بەدیلی نییە و کاریگەری لەسەر بازاڕی گازی سرووشتی شلکراوە بەرێژەی 19% لە ئاڵۆگۆڕی ئەم وزەیەدا لە جیهان دەهێنێتە ئاراوە و بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو کە لەم وزەیەوە دابیندەکرێت کەمدەبێتەوە و ئەو وڵاتانەی پشت بەهاوردەکردنی گازی سرووشتی شلکراوەی قەتەر و ئیمارات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبەستن نامێنێت، چونکە رێژەی 93% گازی شلکراوی قەتەر و رێژەی 96% ئیمارات لەم گەرووە دەگوازرێتەوە و رێگەی بەدیل نییە.
لەم گرافیکە گەرووی هورمز و بەندەر و بۆڕییەکانی گواستنەوە و رێرەوە ئاوییەکان لەنێوان وڵاتان خراوەتەڕوو

واتە ئەگەر داخستنی گەرووەکە بەتەواوەتی رووبدات، ئەوا کەمبوونەوەیەک لە دابینکردنی نەوتی جیهان بەرێژەی 25٪ و گازی سرووشتی شلکراوە بەرێژەی 19٪ لە جیهان دێنیتەئاراوە و شۆکێکی گەورە لەدوای شۆکی جەنگەکە خۆیەوە روو لە بازاڕەکانی جیهان دەکات، لە رووەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کەمبوونی داهاتی وڵاتانی هەناردەکار، دابینکردنی کارەبا لەرێگەی گازی سرووشتی شلکراوە وە بەنموونە وڵاتی پاکستان، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکان.
عێراق لەچاو سعودیە زۆر لاوازە لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز دا، چونکە سعودیە رێگەی بەدیلی هەیە و عێراق نییەتی تاوەکو بتوانێت نەک ئەو بڕەی هەناردەی دەکات بەڵکو نیوەشی هەناردە بکات.هەریەکە لە وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات چەند رێگەیەکی بەدیلی گواستنەوەی نەوتیان بە بۆری هەیە، بۆ نموونە سعودیە گواستنەوەی نەوت بە بۆری بۆ دەریای سوور و ئیماراتیش گواستنەوەی بۆ بەندەری فوجەیرە کە هەردووکی لەدەرەوەی گەرووی هورمزەوەیە، بەڵام وڵاتانی وەک عێراق، کوەیت، قەتەر، بەحرەین و تەنانەت خودی ئێرانیش هیچ رێگەیەکی بەدیلیان نییە.
دیوێکی دیکەی ئەم داخستنە پەیوەستە بە بەکارهێنەرانی نەوت و لەسەروو هەموویانەوە وڵاتانی ئاسیا و چین، چونکە بڕی ئەو نەوتەی رۆژانە لە گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە 4.6 ملیۆن بەرمیلی بۆ چین و 6.2 ملیۆن بۆ وڵاتانی دیکەی ئاسیا، تەنیا بڕی 1.3 ملیۆن بەرمیلی بۆ هەر سێ کیشوەری ئەورووپا، ئەمریکا و ئەفریقا دەڕوات. هەروەها لەدیوێکی دیکەوە، داخستنی گەرووەکە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت بەشێوەیەکی وێنانەکراو دەبێت، چونکە سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەی 25٪ نەوت لە بازاڕی جیهان، بەهۆی داخستنی گەرووەکە، بڕی زۆری نەوتی یەدەگی وڵاتانیش کە لەکاتی قەیرانەکانی رابردوو توانراوە بخریتەروو ئەمجارەیان روونادات، بۆ نموونە سعودیە یەکێک لەو وڵاتانە بووە لەرابردوودا توانییەتی یەدەگی نەوت بخاتەڕوو و بگوازرێتەوە، بەڵام ئەمجارە نەوتی هەناردەکراوی خۆی تووشی کێشە دەبێت.
ئێستا بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمزەوە، عێراق یەکەم وڵاتی زەرەرمەند دەبێت لە رووی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ بازاڕەکانی جیهان، چونکە تاکە رێگەی گواستنەوەی نەوتی عێراق بەو بڕەی رۆژانە هەناردەی بازاڕەکانی دەکات گەرووی هورمزە، هەربۆیە داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز رۆژانە زیانی سەروو 200 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەدات و بەزیادبوونی رۆژەکانی مەترسی گواستنەوەی نەوت لەگەرووی هورمزەوە وادەکات عێراق بڕی داهاتەکەی بەرێژەیەک کەم بکات وێنانەکراو بێت.
بۆ نموونە، بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنێ نەوتی عێراق )سۆمۆ) بڕی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی شوبات 2026 دا رۆژانە 3.53 ملیۆن بەرمیل بووە، کە 3.33 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەرێگەی گەرووی هورمزەوە بووە و 198 هەزار بەرمیلی رۆژانەشی لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بووە.
ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا تاکە دەرچەی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی دەبێت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بێت، کە ئێستا لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستان بۆ پێشخابوور رۆژانە تەنیا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا توانای گواستنەوەی بۆرییەکە 1 ملیۆن بەرمیلە, واتە عێراق ئەگەر پەنا بباتە ئەم رێگەیە هێشتا ناتوانێت رێژەی 72٪ نەوتەکەی هەناردە بکات، بەم شێوەیەش عێراق بۆ مانگی ئادار 2026 بڕی هەناردەکراوی نەوتی بەشێوەیەک کەم دەکات، کە ئەو قەیرانەی بەهۆی کەمی نرخەوە تووشی داهاتەکەی بووە و خەرجییەکەی پڕناکاتەوە قوڵتر و چەند هێندە ببێتەوە، کە ئەمەش رەهەندێکی نوێی لاوازی ئابووری عێراق دەردەخات، کە لەیەک دەیەی رابردوودا لەجیاتی پشت بەستن بە نەوت کەمبکاتەوە، بەڵام پشت بەستنی بەداهاتی نەوتی لە 78٪ لە 2015 زیادکردووە بۆ 91.2٪ لە 2024دا لەکۆی داهاتەکەی.
رۆژانی داهاتوو و کۆتایی مانگی ئادار 2026 بەروونی زیان مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز دەردەکەوێت و زیانەکانی ئەگەرەکانی داخستنی تەواوەتی گەرووەکە بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و گاز لەو رێگەوە چەند بووە بۆ بازاڕی وزە لە جیهان روون دەبێتەوە ، بەتایبەتیش وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، چونکە لەیەکەم رۆژی هەڵگیرسانی جەنگەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند، کە بەوردی چاودێری پەرەسەندنەکانی ئاسایشی وزە دەکات و دڵنیایی بەوڵاتانی بەکارهێنەری نەوت و ئەندامانی ئاژانسەکە دا کە بڕی 1.4 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەیە بۆ هەر پێشهاتێک لە بازاڕی وزە بێتە ئاراوە، هەرچەندە ئەمە بەدیلی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز نییە و کاریگەر نابێت لەسەر رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، چونکە ئەمریکا و ئەورووپا کەمترین بڕی نەوتیان لە گەرووی هورمزەوە بۆ رۆشتووە.
لەکۆتاییدا رووداوەکانی ئەم رۆژانە بۆ بازاڕی وزە پارالێل لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و پێکدادانە سەربازییەکانەوە یەکێک دەبێت لەوخاڵەی وەرچەرخان کە لە ئاسایشی وزەی جیهان دەهێنیتە ئاراوە ولاوازی و بەهێزی وڵاتان چ بەرهەمهێنەر یان بەکارهێنەر دووبارە دەردەخات. ئەمەش سەرەڕای بیرکردنەوە لە دەرچەی جیاواز و گۆڕینی رێگاکانی گواستنەوەی وزە لە دابینکەرەوە بۆ بەکارهێنەر دەهێنێتە ئاراوە لە داهاتوودا و لاوازییەکی جەوهەری و گەورەشی خستە سەر لاوازییەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ