پاش چەندین ساڵ و وەک لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێراندا بەڵێندرابوو لە 18ـی ئۆكتۆبەری 2020 گەمارۆی كڕین و فرۆشتنی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت و بەگوێرەی لێدوانەكانی حەسەن رووحانی سەرۆككۆماری ئێرانیش بێت لەو بەروارە بەدواوە ئێران دەتوانێت بە هەر وڵاتێک كە بیەوێت چەک بفرۆشێت و لە هەر وڵاتێكیش كە بیەوێ چەک بكڕێت. هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كە ئەمریكا پاش چوونەدەرەوەی لە رێككەوتنی 5+1 و كاراكردنەوەی ئالیەتی سناپ بەک هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتیەكانی بۆ سەر ئێران گەڕاندووەتەوە و مایک پۆمپیۆش هەڕەشەی تووند لە هەر كەس، كۆمپانیا و وڵاتێک دەكات كە بە گەمارۆكانی سەر ئێران پابەند نەبێت. ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیكەش باس لە تاكڕەوی و بڕیاری زۆرەملێی ئەمریكا دەكەن و دەڵێن لەباری یاساییەوە هەموو گەمارۆكانی سەر ئێران كۆتاییان پێهاتووە. هەرچەند وڵاتانی ئەوروپیش كە سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكادا ناكۆكن و لایەنی ئێرانیان گرتووە، بەڵام ئەوانیش سەبارەت بە هەڵگیرانی گەمارۆی كڕین و فرۆشتنی چەک هەمان نیگەرانییەكانی ئەمریكایان هەیە.
هەربۆیە سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە چەندین خاڵی گرنگ شایەنی ئاماژەپێكردنن:
یەكەم: هەرچەند بەشێوازی یاسایی و لەسەر كاخەز گەمارۆی كڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە لە بەرواری ئاماژەپێكراودا كۆتاییهاتووە، بەڵام پێداگریی تووندی ئەمریكا و نیگەرانییەكانی ئەوروپاش وادەكەن كە كڕین و فرۆشتنی چەک بۆ ئێران سەرەڕای نەمانی بەربەستە یاساییەكان كارێكی ئەگەر نە ئەستەم، بەڵام تەواو زەحمەت بێت.
دووەم: ئەگەر چاوێک بە پێداویستییە سەربازییەكانی ئێراندا بخشێنین بۆمان دەردەكەوێت كە ئێران لە چەندین بواردا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و چەكوچۆڵی نوێ و پێشكەوتوو هەیە. بەنموونە لە هێڵی هێرشكردنی ئاسمانیدا ئێران كێشەی زۆری هەیە و پێویستی بە فڕۆكەی شەڕكەری پێشكەوتوو و تەنانەت كۆپتەری هێرشبەر هەیە. لە هێڵی بەرگری ئاسمانیشدا ئێران زۆر خوازیاری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S400ی رووسیایە. هەروەها لە هێڵی بەرگریی دەریاییدا پێویستی بە تەكنەلۆژیای دژە كەشتیی رووسی هەیە. ئاشكراشە كە بۆ دابینكردنی هیچكام لەم كەموكوڕیانە ئێران ناتوانێت پشت بە ئەوروپا و رۆژئاوا ببەستێت هەربۆیە بۆنموونە بۆ دەوڵەمەندكردنی هێڵی هێرشی ئاسمانی چاوی بڕیوەتە كڕینی فڕۆكەی شەڕكەری رووسی لە جۆری سۆخۆ 30 و سۆخۆ 35 و فڕۆكەی شەڕكەری پێشكەوتووی چینی لە جۆری G10.
سێیەم: هەرچی سەبارەت بە فرۆشتنی چەكیشە ئاشكرایە دوو وڵاتە سەرەكییەكەی هاوپەیمانی ئێران واتە چین و رووسیا لە هیچ بوارێكدا پێویستیان بە چەكوچۆڵی ئێرانی نییە و تەنیا دەمێنێتەوە وڵاتانێكی وەک فەنزوێللا و سووریا كە لەوانەیە خوازیاری تەكنەلۆژیای مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بن و هەرچی سەبارەت بە گرووپە میلیشیاكانی وەک حوسیەكان و حیزبووڵڵای لوبنانیشە كە دەتوانن هەر وەک جاران چەكی ئێرانییان بەخۆڕایی پێبگات.
چوارەم: لەبواری فرۆشتندا كوالیتیی نزمی چەكە ئێرانییەكان و هەروەها مەترسییەكانی دانوستانی چەک لەگەڵ ئێران وادەكات كە فرۆشتنی چەک دەفرایەتیی ئەوەی تێدانەبێت ببێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ ئێران. لەبواری كڕینیشدا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ وایكردووە كە ئێران تەنانەت لەبواری دابینكردنی ئارد بۆ نانەواخانەكانی كێشەی هەبێت چ بگات بەوەی كە بتوانێت بۆنموونە فڕۆكەی شەڕكەری سوخۆ 35 بكڕێت كە بەهای یەک دانەی دەكاتە زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی یان هەروەها سیستەمێكی S400 كە بەهاكەی سەرووی یەک ملیارد دۆلارە. هەربۆیە پێموانییە ئێران لەم دۆخە دژوارە ئابووریەدا بتوانێت كڕیارێكی دەست بە نەختی پێداویستییە سەربازییەكانی خۆی بێت مەگەر ئەوەی بتوانێت رووسیا و چین قایل بكات كە بە شێوازی كاڵابەكاڵا مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكەن بۆنموونە لەبری چەكەكانیان نەوتی خاو لە ئێران وەرگرن كە لەو حاڵەتەشدا ئەمریكا كارتی گوشاری زۆری بەدەستەوەیە كە رووسیا و چین لە مامەڵەكردنی چەكی زۆر پێشكەوتوو لەگەڵ ئێران پەشیمان بكاتەوە.
بەهەموو ئەمانەوە هەرچەند لەڕووی یاسیاییەوە و لەسەر كاخەز قەدەخەی كڕین و فرۆشتنی چەک لەسەر ئێران هەڵگیراوە، بەڵام بە شێوازی كردەیی، عەزمی جەزمی ئەمریكای ترەمپ و پێداگریی تووندیان لەسەر سزادانی وڵاتانی فرۆشیاری چەک بە ئێران وادەكات ئێران تەنیاوتەنیا بتوانێت وەک دەستكەوت مانۆڕ لەسەر تەواوبوونی ماوەی گەمارۆكان بدات و هەوڵبدات بۆ خەرجی ناوخۆ ئەو سەركەوتنە بە رای گشتیی ئێرانی بفرۆشێتەوە، بەڵام پۆشتەوپەرداخبوونی سوپای ئێران بە سوخۆی پێشكەوتوو یان فڕۆكەی شەڕكەری چینی و هەروەها سیستەمی S400 لە كورتخایەندا خەیاڵە و زیاتر لە خەونێک دەچێت كە لەوانەیە بەمزووانە تەعبیر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ