"ئەگەر هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ خودا هەبێت، قسەیەکیش لە شەیتان وەردەگرم"

22-06-2022
بڕوا کیانی @brwakyani
A+ A-
 
سەرەتای ئەم مانگە، سێر دەیڤد نیکۆلاس، ناوێکی دیاری نێو میدیای بەریتانی و شۆڕشهەڵگیرسێنەری سەردەمەکەی خۆی لە گۆڕینی شێوازی پێشکێشکردنی هەواڵ و گواستنەوەی هەواڵ بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنەکانەوە لە نێوەڕاستی سەدەی رابردوو، کۆچی دواییکرد. ئەو گوتەیەکی بەنێوبانگی لەبارەی بێلایەنبوون لە گواستنەوەی هەواڵ و پاراستنی هاوسەنگی هەیە کە دەڵێت "ئەگەر هەڤپەیڤینێکم لەگەڵ خودا هەبێت، قسەیەکیش لە شەیتان وەردەگرم".
 
کۆبوونەوەی ئەمساڵی هاوبەشانی تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵیی ئەوروپی ENEX (ئینێکس) کە لە 9 و 10ـی ئەم مانگە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، دوای نزیکەی 110 رۆژ بوو لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، جەنگێک کە نەک جێگەی بایەخی لەپێشینەی تۆڕە هەواڵە ئەوروپییەکانە، بۆ هاوبەشانی دیکەی تۆڕەکەش، وەکو تۆڕی میدیایی رووداو، چیرۆکی جێگەی سەرنجی تێدابوو لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ رووماڵکردنی دا. لەوێ لە پاڵ باسی ترێندە نوێیە میدیاییەکان، باسی رووماڵی جەنگەکە و پاراستنی هاوسەنگی لە گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەکان دا تەوەرێکی سەرەکی بوو. وەکو ئەندامێکی تیمی رووداو لە پشووی نێوان پانێڵەکاندا چانسی ئەوەم هەبوو گفتوگۆ لەگەڵ رۆژنامەڤان، بەڕێوەبەری بەشەکان و بڕیاربەدەستانی چەندین میدیای جیهانی بکەم کە بەشداربوو و ئەندامی تیمی ئەو 55 تۆڕە هەواڵییە بوون لە ئینێکس دا بەشدارن. کاتێک چیرۆکی رووداوم بۆ باس دەکردن کە چۆن لە گواستنەوەی هەواڵ دا "خودا" و "شەیتان"ـەکەی سێر دەیڤید نیکۆلاس دەپارێزین، بۆ ئەوان جێگەی بایەخ و خۆشحاڵیش بوو کە لەم ناوچەیە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا میدیایەک هەبێت بەوجۆرە دەنگی هەموو لایەنەکان تێیدا جێگەیان ببێتەوە. 
 
کاتێک جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکرد، بۆ بەشێکی زۆری میدیای وڵاتانی رۆژئاوایی سەردەمی بێلایەنی لە گواستنەوەی هەواڵ کۆتاییهات، هەر لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە کە چەند رۆژێکی پێش هێرشەکە و دەستپێکردنەکەی بوو، ئاراستەی کارکردنی زۆربەی زۆری میدیاکان بووە هاوخەمی بۆ گەلی ئۆکراینا و زیلینسکیی سەرۆکی وڵاتەکە، لە بەرامبەریشدا دژایەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. بەشێک لەو میدیایانەی لە ئینێکسیشدا بەشداربوون، لە گفتوگۆی کاتی پانێلەکان و کاتە لاوەکی و پشووەکانیش دا، ئەوەیان بە ئاشکرا دەگوت کە دەبێت دژایەتی هێرشەکەی رووسیا بکرێت، وەک لەوەی لایەنی رووسیش ئەگەر دەنگێکی دژیان هەبێت بۆیان بگەیێندرێت.  
 
بۆ ئێمە گرنگ بوو کاتێک بڕیاربەدەستانی ئەو تۆڕە میدیاییانەی جیهان کە وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە رووماڵەکانیان زۆربەی هەواڵەکانی جیهان دەگرێتەوە، چیرۆکی رووداو، سەرکەوتنەکانی، پرۆفێشناڵییەکەی لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان و رێگرییەکانی بەردەمیشیان بیستبوو. لەسەر مێزی نانی ئێوارەدا باسی کاریگەریی فەیسبووکی بەشی کورمانجیی خواروو (سۆرانی) رووداوم بۆ بەشێک لە بەشداربووانی ئینێکس دەکرد کە چۆن لەو رێگەیەوە سەتان ملیۆن کەس ڤیدیۆ و زانیارییەکانیان لە بەرەی رووسیاوە لە رێگەی پەیامنێرەکانمانەوە، هەروەهاش لە ئۆکرایناوە لە رێگەی تیمەکانمانەوە لە نزیک هێڵە گەرمەکانی جەنگەکەوە پێگەیشتووە. ئەوەی کە فەیسبووکی رووداو بە نزیکەی چوار ملیۆن لایکەوە توانیویەتی زیاتر لە 35 ملیۆن  ئینگەیجمێنتی بۆ ئەو هەفتەیە هەبێت کە ئێمە لە کۆنفرانسەکە بووین، جێگەی شۆک و سەرسووڕمانی بەشێک لەوانەبوو کە داتاکانم لەسەر فەیسبووک پێشان دەدان. هەرچەندە بەراورد بە زۆر لە زمانەکانی دونیا، ژمارەیەکی زۆر کەمتر کورد هەن و سۆشیاڵمیدیا بەکاردەهێنن، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی ئینگەیجمێنت بۆ ئەوانیش دڵخۆشکەر بوو کە رووداو بەو ئەندازەیە کاریگەرە. 
 
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر باسی ئەو نامە و دەستخۆشییانە بوون کە نەک تەنیا لە ئۆکراینا بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشەوە لە رێگەی وەتسئەپی رووداوەوە پێمان دەگەن. بۆ ئەمەیان خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی فەیسبووک کاریگەریی زۆرە کە خەڵک لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانەوە دەتوانن بە زمانەکەی خۆیان ئەو بابەتانە ببینن و لێی تێبگەن. 
 
هەر لەوێ جگە لە فەیسبووکی رووداو، تویتەری رووداو سۆرانیشم باسکرد کە زیاتر لە یەک ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە وەکو یەکەم هەژماری میدیایی کوردستان. ئەوان بەلایانەوە سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەربوو کە خەڵکێکی زۆر و بەشێک لە بەرپرسانی باڵاش چەندینجار ئەوەیان گوتووە هەر هەواڵێک کە بڵاودەبێتەوە، تاوەکو لە رووداو نەیبینن، باوەڕی پێناکەن.
 
لە کۆبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرە میدیاڤان و بڕیارسازە میدیاییانەی جیهان لە هۆڵێک دا، ئەستەمە باسی داهاتووی هەواڵ نەکرێت، وەکو دەڵێن شەڕ لە ئۆکراینا و دووکەڵەکەی لێرەیە، جا لە هەر ناوچەیەکی جیهان بیت. ئەو شەڕە کاریگەریی لەسەر نرخی بەشێکی زۆری کەلوپەلی خۆراکی، سووتەمەنی و تێچووی ژیانیش هەبووە، کاریگەرییەک کە لە هەرێمی کوردستانیش بەڕوونی هەستی پێدەکرێت. هەرچەندە وا چاوەڕوان ناکرێت بەم نزیکانە جەنگەکە کۆتایی بێت، چاوی داهاتووی میدیاکانی رۆژئاوا لەسەر کێشەی گرانیی تێچووی ژیان و نیشتەجێبوونە کە پێشبینی دەکەن لە هەر خولەکێکدابێت لە فۆڕمی جیاوازی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدا بتەقێتەوە. 
 
ترێندی نوێی گواستنەوەی هەواڵ لە میدیاکانی جیهان و میدیاکانی وڵاتانی رۆژئاواش دوورکەوتنەوە دەبێت لە قسە و بانگەشەی تەواوەتیی بەرپرسان، ئەوان دەڵێن، بەرپرسان و هێزە دەسەڵاتدارەکان ئەو شتانەت پێدەڵێن کە خۆیان دەیانەوێت گوێیان لێی بێت، بۆیە جەختی هەواڵ و چیرۆکەکانیان گەڕانەوەیە بۆ نێو خەڵک و خاوەنی دۆسییەکان، نەک باوەڕکردنێکی 100% بەوەی بەرپرسەکان پێتدەڵێن. لەوێ کە لە پانێڵێکدا باسی ئەوە ترێندانە دەکران، بیرم لەلای ئەوەبوو ئاخۆ دەبێت هەر لەبەرئەوە نەبێت کە رووداو لە چەندین شوێن کاری لێ قەدەخەکراوە و بەربەستی بۆ دروست دەکرێت لە گەیاندنی رووداوەکاندا. 
 
* بڕوا کیانی، رۆژنامەڤان و ئێدیتەری رووداو دیجیتاڵ 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ریشی کوردستان کەوتووەتە دەستی تۆم باراک؟

"هەستدەکەم ئەمڕۆژانە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کیانەی لەوێ بە خوێنی رۆڵەکانمان دروستمانکردووە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە. بەتایبەتیش کە دیمەشق هەستدەکات بەهێز بووە و دوایین ئوڵتیماتۆم دەداتە رۆژئاوا، تورکیاش وایدەبینێ ئەمجارە دوایین دەرفەتی لەپێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لەسەر سنوورەکانی هەیە بە کردەوەی سەربازیی فراوان و بە چاونووقاندنی ئیدارەی ترەمپ."