عێراق؛ پڕۆژەیەک بۆ پەرتبوون

23-01-2020
پەیڕەو ئەنوەر
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
(1)
پەرتبوون لەبری یەکگرتن  
 
لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە 2003، یەکێک لە ئارگیۆمێنت و خەیاڵە زاڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی عێراق ئارگیۆمێنتی پێکەوەژیان، بەدیمۆکراتیکردنی کۆمەڵگەی عێراقی، پەرەپێدانی دیمۆکراسی، مافەکانی مرۆڤ، بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیای ئازاد و ئازادیی رادەربڕین بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وابیریان دەکردەوە کە لەڕێگەی کولتوور و بەهێزکردنی دامەزراوەکانەوە دەتوانن عێراق لە دۆخی پاشاگەردانییەوە بگوازنەوە بۆ دۆخی بەمەدەنیبوون و دەوڵەتبوون. لەڕاستیدا کولتوور و دامەزراوە دوو پایەی گرنگن، دوو ئامرازی هەرە کاریگەرن بۆ بەرهەمهێنانی تاکی دیمۆکراتیک، گرووپی دیمۆکراتیک و خەڵکی دیمۆکراتیخواز، بەڵام ئەوەی لە عێراق ئامادەیە شتێکی ترە، وێنە و بیرکردنەوەیەکی ترە! عێراق تاوەکوو ئێستاش لەژێر کاریگەری تارمایی و کولتووری تۆتالیتاریزم، خۆسەپاندن، ئینکار و رەتکردنەوەی ئەویتردایە. کولتووری زاڵ و باڵادەست و یەکلاکەرەوە لەنێو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا کولتووری جەماوەر نییە؛ کولتووری مەزهەبگەرایی و مۆدێڵی مەرجەعیەت و هێز و میلیشیای سەروو دەوڵەتی و سەروو دامەزراوەییە. 
 
عێراق وەک بونیاد و رێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام لە هەڵوەشاندنەوە و پەرتبوون و دابەشبووندایە. ئەوەی ئەمڕۆ عێراق وەک دەوڵەت، وەک هێزێکی سەروەر و خاوەن سنوور و سیمبوڵ پیشاندەدات، خودی بیرکردنەوە و تێڕامان و لێکدانەوەی کولتووری جەماوەر و دەستەبژێرەکەی نییە؛ بەرهەمی گەشەپێدانی سیاسی، پەرەسەندنی سیاسی و تێگەیشتنی گشت و کۆمەڵگەکە نییە بۆ دەوڵەت، ئەوەی ئەمڕۆ عێراقی کردووە بە دەوڵەت و وەک دەوڵەت رایگرتووە هێزێکە لە دەرەوەی عێراقییەکان، هێزێکە لەناو سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی عێراقیبوونی وەک دەوڵەت و پڕۆژە سەپاندووە و پارێزگاری لە پایە، بەها، سیمبوڵ و کەرتبوون و لەت لەتبوونی دەکات. پڕۆسەکە وەهایە کە عێراق لە ناوەوەی خۆیدا پەرتبوونی زیاترە! پەرتبوون بەمانای ئەوەی هەستی یەکبوون، هاوشێوەیی و پێکەوەبوون بەرەو داڕمان دەچێت. پەرتبوون لە عێراق پەرتبوونێکی نەرم و دینامیکییە. 
 
(2)
ناسنامە و سنوور 
 
لە ئەدەبیات و فەلسەفەی دەوڵەت و حوکمڕانیدا "ناسنامە و سنوور" رۆڵی بنەڕەتی دەبینن بۆ بەیەکتربەستنەوەی هێز، پارچە، گرووپ، خەیاڵ و سەرمایە جیاوازەکانی نێو دەوڵەت. سنوور لێرە بەمانای ئەوەی چۆن دەوڵەت لە ناوەندەوە لەگەڵ پەراوێز، سنوور و دەوروبەری خۆی لە پەیوەندیدا بێت و مانای هاووڵاتیبوون و هێز بەسەر پەراوێز و رووبەرە جیاوازەکانیدا ببەخشێتەوە. دیارە ئەم دۆخە لە عێراق بەدرێژایی تەمەنی نائامادە و ناکارا بووە. 
 
دیاردەی نەبوونی ناسنامە لە دەوڵەتی عێراق بەهەمان شێوە و دۆخی سنوور مردووە و هیچ جووڵە و رۆڵێکی نییە. ئەمڕۆ زۆرینەی ئەکتەر، گرووپ و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو دونیای عێراقی ناسنامەی هاوبەش بەیەکتریانەوە نابەستێتەوە، عێراقیبوون پرسێکی گەورە، کاریگەر و رژد و سەرەکی نییە؛ خاڵی بەیەکگەیاندنی جەمسەر و کەرتە کۆمەڵایەتییەکان نییە! عێراقیبوون پرسێکی نامۆیە و ناسنامە و هەستی عێراقیبوون لە خوارەوەی هەموو پرس و پرسیار و گفتوگۆکانە. پرس بەو واتایەی عێراقیبوون لە ناوەند دۆخێکە، شێوە، مانا، فۆرم، لێکدانەوە، بونیاد و نۆرمی تایبەت بە خۆی هەیە. 
 
عێراقیبوون لە باشووری وڵات شتێکە، لە باکوور شتێکی ترە. سوننەکان بەجۆرێک لێی دەڕوانن، شیعە بە جۆرێک و کورد و هێزەکانی تر بە جۆر و مانایەکی تر. دیارە هەموو ئەو کارلێکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مانای زیاتر و قووڵتر بە دۆخی پەرتبوون لە عێراق دەبەخشێت و دەسەپێنێت. 
 
لەڕاستیدا مەسەلەی یادەوەری و ناسنامەی هاوبەش لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەی عێراقیدا قەیرانێکی هەرە قووڵی نێو سیستمی حوکمڕانیی عێراقییە و هەموو سیستمە سیاسی و رژێمە سیاسییەکانیش ئەو قەیرانەیان قووڵتر و گەورەتر کردووە. دیارە هاتنی داعش بۆ عێراق و ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دوو وێنەی دیاری نێو نەبوونی ناسنامەی هاوبەشن لەنێو بونیاد و چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا