هۆشدارییەک هەیە بە هەموو شرۆڤەکاران دەدرێ کە “نەکەونە داوی شانازی بە بۆچوونێکی رابردووی خۆیانەوە”. ئێستا حیکمەتی پشت ئەم گوتەیە سەرۆک ترەمپ دەگرێتەوە. هەر زوو دەرکەوت کە گڵۆپی سەوزی ئیدارەی ئەمریکی بۆ تورکەکان، بە ئەنقەست بووبێ یان نا، هەڵە بووە.
هەرچی خەڵکانی دەوروبەری ترەمپ زیاتر پێی دەڵێن کە ئەو هەنگاوە هەڵەیە و پێویستە بەرگری لە کوردان بکەین، ئەو زیاتر دژایەتییان دەکات. ئەندامانی باڵای سێنات و ئەنجوومەنی نوێنەران دژایەتیی بڕیارەکەی سەرۆکیان کردووە. هەموو فەرماندە باڵاکان دژی ئەو هەنگاوە بوون، بەڵام وادیارە هەرچی توندتر ئەوان هاوار بکەن، ترەمپ زیاتر لەدژیان دەوەستێتەوە. زۆر کەس دەڵێن هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە ترەمپ گوێ لەمستی پوتین و ئەردۆغانە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئیگۆی ترەمپ سنووری عەقڵی سەلیمی تێپەڕاندووە. کێشەی ئەمڕۆی ئەمریکا ئەوەیە: ئێمە سەرۆکێکمان هەیە لە ناوخۆ کاری باشی کردووە و ئابووریی ئەمریکای لە سەرەمەرگ گەڕاندووەتەوە، بەڵام کەم لە سیاسەتی دەرەوە تێدەگات.
ئیگۆی ترەمپ بە جۆرێکە کە کاتێک هەڵەیەکی کرد، ناتوانێ دانی پێدا بنێ. ئەمە لە نێوان سیاسییەکان و بزنسمانە سەرکەوتووەکان شتێکی باوە، بەڵام ئەگەر لە کاروباری نێودەوڵەتیدا رووبدات زۆر مەترسیدارە. بیانووی ترەمپ کە بەڵێنێکی خۆی سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانمان لە سووریا جێبەجێ دەکات و کۆتایی بە شەڕە بێکۆتاییەکان دەهێنێ، لەگەڵ ئەو راستییەدا یەکناگرێتەوە کە ئەو هەنگاوە بە ئەگەری زۆر شەڕەکە بەرفراوانتر دەکات. ترەمپ دەڵێ ئەوەی کردووە بۆ ئەوەی تووشی شەڕ نەبێ، بەڵام ئەمە هەر ئەو بیانووەیە کە ئۆباما لەکاتی پشتگیریکردن لە رێککەوتنەکەی ئێران دەیگوت، واتە دوو رێگا هەیە، یان رێککەوتن لەگەڵ ئێران یان جەنگ.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەمریکا هەتا چەندە دەتوانێ لە کورتماوەدا گوشار لەسەر تورکیا دروستبکات؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە گوشارێکی کەمی پێ دروست دەکرێ، چونکە ئەردۆغانیش لە چوارچێوەی ئیگۆی خۆیدا بەند بووە و سوپایەکی گەورەشی لەبەردەستە کە خۆی بە نەبەز دەزانێ. ترەمپ خۆی بە دانوستانکارێکی گەورە دەبینێ، بەڵام ئەوەی لە گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ دزەی کردووە، دەریدەخات ئەردۆغان هاوتا ئەمریکییەکەی خۆی لێخوڕیوە. لێرەدا تووشی ئەو پرسیارە دەبین ئاخۆ هێزەکانی تورکیا لە سنوور ئاودیو دەبوون ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیان مابانەوە؟ ئەمە پرسیارێکە هیچکات وەڵامەکەیمان بۆ دەرناکەوێ.
من خەتای ئەو دۆخەی ئێستای باکووری سووریا بۆ ترەمپ دەگەڕێنمەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێ دەبێ چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئەردۆغان کوردەکان بە تیرۆریست دەزانێ، کاتێکیش بە ترەمپی گوت کە تورکیا مامەڵە لەگەڵ تیرۆریستەکانی ناوچەکە دەکات، هەر مەبەستی ئەوان بوو، بەڵام ترەمپ ئەوە بە داعش تێگەیشتبوو. ئێستا کێشەکە ئەوەیە زۆر لایەن پەیەدە و هێزەکانی یەپەگە وەک باڵی پەکەکە دەبینن کە تورکیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بە گروپێکی تیرۆریستیان دەزانن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەو بۆچوونەی لەسەر ئەو هێزانە هەیە. بەو حاڵەشەوە، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی تۆپباران لەسەر هاووڵاتییە مەدەنییەکانی کورد، ئەمریکا دەبووایە هێزەکانی خۆی بەرێتە پێشەوە و هەر هیچ نەبووایە رووبەڕووی هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا ببێتەوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات. هێزەکانی ئەمریکا وایاننەکرد، بۆیە ئەو پرسیارە دروست دەبێ کە وڵاتانی دیکەی جیهان لە کوێن و کێ ئیدانەی هێرشەکانی کردووە؟
لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ژەنەراڵ مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ناچنە شەڕەوە لەگەڵ تورکیایەک کە هاوپەیمانیانە لە ناتۆ. رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بووبێ کە ناتۆ ئیدانەی هێرشەکانی نەکرد. بەڵام هاوپەیمانێتی ناتۆ خۆی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. ناتۆ وەک کاردانەوەیەکی سەربازی بەرامبەر هەڕەشەکانی سۆڤیەت دامەزرا، تورکیا بە حوکمی دراوسێیەتی لەگەڵ سۆڤیەت شوێنێکی ستراتیژی بوو. لە کاتی رووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، ئامانجەکانی ناتۆش فراوان بوونەتەوە بۆ ئاشتیپارێزی و پەرەپێدانی دیموکراسی. تورکیا چیدی ناتوانێ خۆی بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە بزانێ، چونکە یارمەتی تیرۆری داوە لە ناوچەکەدا و کۆتایی بە هەموو رواڵەتێکی دیموکراسی لەو وڵاتەدا هێناوە. راستە کاروباری بیرۆکراتی خاو دەڕواتە پێش، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ناتۆ ئەو راستییە قەبووڵ بکات و هەموو ئەو پارێزبەندییە لە تورکیا بستێنێتەوە کە وەک ئەندامێک هەیەتی.
ئەگەر کۆنگرێس نەتوانێ قەناعەتی ترەمپ بگۆڕێ، کە ئەگەریشی کەمە بتوانێ، ئەوە دەبێ تورکیا بە بەرپرسیار بزانرێ لەو کردەوە و تاوانە جەنگییانەی کە هێزەکانی خۆی و هێزە وەکیلەکانی دیکەن. لۆمەکردنی ترەمپ و خۆپیشاندان لەبەردەم کۆشکی سپی هیچ سوودی نییە و وەک لێدان لە ئەسپێکی مردووە. لەم کاتەی ئێستادا دەبێ سەرنجی جیهان و خۆپیشاندانەکان لەسەر تورکیا بن. هێزەکانی حکومەتی سووریا شتێکی ئەوتۆ لەدژی سوپای تورکیا ناکەن و ئەگەری کەمە رووسەکانیش خۆیان تووشی جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ تورکیا بکەن. بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە، هەڕەشەیەکی سەربازیی باوەڕپێکراو پێویستە.
گرنگ نییە هەستی ئێوە بەرامبەر ترەمپ چۆنە، ئەو وەڵامی هێرشەکانی لەدژی کورد پێنادرێتەوە. پەکەکە و کۆمکاری عەرەبی لە کوێن؟ لە کورتماوەدا، دەبێ وەها لە تورکیا بکرێ هەست بە ئازار و زیانی سەربازی بکات. دەبێ وانەیەک بە تورکیا بدرێ کە ئەگەر لە داهاتوودا هەنگاوی لەو چەشنە بنێتەوە، ئەوە هەموو وڵات بە هۆی سزای ئابوورییەوە تێکدەچێ. ئەمەیان کاری کۆنگرێسە و دەبێ کارێک بکات. لە دۆخێکی ئاوهادا کات زێڕە و دەبێ پێش مردنی هەزاران کەس هەنگاو بنرێ. ناکرێ چاوەڕێی دانیشتنی لیژنەکانی کۆنگرێس بکەین.
* پۆڵ دەیڤیس خانەنشینی هەواڵگریی سوپای ئەمریکایە و شرۆڤەکاری سیاسەتی سەربازیی سۆڤیەت بووە. دەیڤیس ئێستا راوێژکاری کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکایە و لە کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کورد راوێژیان پێشکەش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ