دوو مانگی بڤە بۆ ئێران

23-11-2020
رەفعەت سەلیمی
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
كەمتر لە دوو مانگی دیکە ویلایەتی یەكەم و تەنیا خولی سەرۆكایەتیی ترەمپ كۆتایی ‌دێت. ئەم دوو مانگە بۆ چەندین وڵات و بەتایبەتی بۆ ئێران دوو مانگی دژوار و هەناسەتەنگكەر دەبێت. لەبەرئەوەی كە دۆخی ئێران و ئەمریكا و ناوچەی كەنداو هیچكات هێندەی ئێستا و ئەم دوو مانگەی لە ویلایەتی ترەمپ ماوە بۆ بڵاچەی شەڕێكی قورس موعەڕەز نەبووە. ئەمریكا دۆسیەی زۆر گرنگی چارەسەرنەكراوی لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە ئیدارەی ترەمپیشدا چەندین دۆسیەی دیكەشی پێ زیادكراوە. پێموایە لە خولی سەرۆكایەتیی ترەمپدا دەستەواژەی"very bad nuclear deal یان ڕێككەوتنی ئەتۆمی هەرە خراپ" ببووە كۆڵەكەی هەموو لێدوانەكانی ترەمپ. كەمتر لێدوانێكی خودی سەرۆک یان كاربەدەستانی باڵای ئیدارەكەی هەیە كە تێیدا جەخت لە پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكە نەكرابێت.
 
ماری بریندار
 
هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا هێندەی ترەمپ بڕیاری شەخسی و تاكلایەنەی نەداوە، كە چانسی ئەوەشی هەبێت ئاسان و دروستیش بەسەریدا تێپەڕێت. هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا و هیچ سەركردەیەكی جیهانی ئازاد هێندەی ترەمپ نەیتوانیوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و دەزگای دادی وڵات و تەنانەت راوێژكارەكانی خۆی، دەست بۆ دۆسیەی ئاڵۆز و مەترسیدار ببات و لەسەریشی نەكەوێت. هەروەها هیچ سەركردەیەكی جیهانی ئازاد هێندەی ترەمپ شكستیان بەلاوە قورس نەبووە. ترەمپی پاش دۆڕاندنی هەڵبژاردن وەک ماری بریندار وایە و لەوانەیە بەبێ خشە بۆ گەستنی برینداركەرەكانی لەمەڵاسدا بێت و ئەگەر ئەوە بكات ئێرانیش بێگومان چزێكی بەردەكەوێت. هەربۆیە ئەگەری زۆرە ئێران لەم دوو مانگەی ئیدارەی ترەمپدا زەبرێكی ئەمریكای بەربكەوێت، هەربۆیە دەگوترێت ئیسماعیل قائانی، بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران فەرمانی بە هێزە بەوەكالەتەكانی ئێران كردووە خۆیان لە بەگژداچوون و تووڕەكردنی ئەمریكا بەدوور بگرن تاوەكو ئەم دوو مانگەش تێدەپەڕێنن. ناكرێت بەدڵنیاییەوە بڵێین ترەمپ لەم دوو مانگەدا ژەهری خۆی بە ئێران دەڕێژێت، بەڵام ئەمانەی خوارەوە هۆكاری گرنگن بۆ ئەوەی ترەمپ دژ بە ئێران جووڵەیەكی چاوەڕواننەكراو بكات:
 
1) هەم خودی ترەمپ و هەم بەرپرسانی باڵای ئیدارەكەی وزە و تێچووی مادیی و مەعنەوی زۆریان بۆ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژ بە ئێران سەرفكردووە و لەوانەیە پێیان قبووڵ نەكرێت ئیدارەی بایدن وەک بەڵێنی داوە هەروا سووك و ئاسان هەموو ئەو هەوڵانە لەباربەرێت و بگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی ئەتۆمی. بۆ ئەم مەبەستەش لێدانی زەبرێكی بچووک و سنوورداری سەربازی لە ئێران دەتوانێت نەک هەر كارەكە بۆ بایدن دژوار بكات، بەڵكو لەوانەیە رێككەوتنێكی شیمانەیی نوێ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ هەمیشە لە بەرنامەی كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران بسڕێتەوە.
 
2) ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چەند رۆژێک پێش ئێستا رایگەیاند رێژەی یورانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە 2444 كیلۆگرام و ئەمەش 12 هێندەی رێژەی رێگەپێدراوی رێككەوتنی پێنج كۆ یەكە. ئاژانس هەروەها راشیگەیاند ئێران لە بنكەی ژێرزەمینیی نەتەنزدا گازی "هێگزافلۆڕایدی یۆرانیۆم" ی كردووەتە نێو سانتریفیوجە پیشكەوتووەكانیەوە، ئەمەش نەک هەر پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمییە، بەڵكو بە پێودانگ، زۆر زیاترە لەوەی بگوترێت بۆ كاری زانستی و لیكۆڵینەوەییە و تەنیا و تەنیا دەتوانێت نیازێكی سەربازیی لەپشتەوە بێت. ئەم خاڵەش لەوانەیە ترەمپ بگەیێنێتە ئەو باوەڕەی كاتێكی ئەوتۆ بۆ رێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی یان یورانیۆمی پێویست بۆ چەكی ئەتۆمی لەبەردەست ئەمریكادا نییە و ئیدارەی داهاتووی ئەمریكاش تا بێت و دامەزرێت و خوێندنەوە بۆ دۆخەكە بكات فریای ئەوە ناكەوێت. كەوابوو ئەگەری زۆرە ئیدارەی ترەمپ بێهەڵوێستی بە كات بەفیڕۆدان لەقەڵەم بدات و بیەوێ خۆی هەستێت بە كارێكی لەوشێوەیە. دەروونناسیی ترەمپ پێماندەڵێ زۆر پێیخۆشە لەمێژوودا بەو سەرۆكە ناوی ببرێت كە رێگەی نەدا ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. هەرچەند لەوانەیە شتێكی رۆتین بێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاوبێت كە ترەمپ لە كۆبوونەوەی پێنجشەممەی رابردوودا پرسیاری ئەگەر و ئاستەنگەكانی لێدانی سەربازی و سایبەریی بنكەی ئەتۆمیی نەتەنزی كردبوو. هەروەها بەپەلەشە كە كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "USS نیمیتز" هەرچی زووە ناڤی حەوتەمی هێزی دەریایی ئەمریكا بەجێبهێڵێت و لە مانۆڕی هاوبەشی سەربازی لەگەڵ هند و ژاپۆن بگەڕێتەوە بۆ كەنداو، ئەمەش سەرەڕای ناردنی فڕۆكەی بۆمبهاویژی B52 بۆ كەنداو.
 
3) ترەمپ رایگەیاندووە كە دۆڕاوێكی باش نییە و دۆڕانی پێ‌ قورسە. لەوانەیە لەدوایین رۆژەكانی ئیدارەكەیدا بۆ پەردەپۆشكردنی دۆڕانی خۆی و بەلاڕێدابردنی رای گشتی ئەمریكا پەنا بۆ گێچەڵێكی تازە ببات و وەهاش سەرنج لە رادەستكردنی دەسەڵات و چۆڵكردنی كۆشكی سپی لادەچێت و دەخرێتەسەر ئەو گێچەڵە تازەیە.
 
4) لەڕێگا درەنگكەوتووە و لەئاش پەلە دەكات
 
ترەمپ كە چاوەڕوانی بارێكی قورسی لەناكاوی وەک كۆرۆنای نەدەكرد، كورد گوتەنی لە گوێی گادا نووستبوو و هێندە لە هەڵبژێردرانەوەی دووبارەی خۆی دڵنیابوو كە یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی ئەمریكا و ئێرانی دانابوو بۆ خولی دووەمی خۆی. تەنانەت جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، بەر لە هاتنی كۆرۆنا رایگەیاند پێداچوونەكانی ئێمە پێمان دەڵێت ترەمپ خولی داهاتووش سەرۆكی ئەمریكا دەبێت. بەڵام ئێستا كە ترەمپ تاڕادەیەكی زۆر دڵنیابووەتەوە لانیكەم لەم چوارساڵەی داهاتوودا سوكانی كۆشكی سپی بەدەستەوە نابێت، حەزێکی زۆر تووند و سەركێشی هەیە وابكات لانیكەم كۆرپەكەی زەریف و وندی شێرمەن كە بریتیە لە گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، لە نەخۆشخانەکەی بایدندا بە مردوویی لەدایک ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

شوکرانەی شەرع و مەتەڵی سووریا

کێ دەزانێ! رەنگە ساڵێک بەر لە ئێستا و رێک لەم رۆژانەدا، ئەو خەریکی "نوێژی ئیستیخارە" بووبێت بۆ داهاتووی نادیاری خۆی لە سووریا، بەڵام لەم رۆژانەدا هەقە نوێژێکی "شوکرانە"ش بکات، کاتێک ئاوڕ لە ساڵی رابردووی دەداتەوە.