دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، پێش هەر قسەکردنێک سەبارەت بەو داهاتووەی دەکرێت بۆ سووریای نوێی دابڕێژێت، پێویست بە نووسینی دوو خاڵ دەکات لەسەر ئەحمەد شەرع؛ یەکەمیان: لە گەنجێکی دیندارەوە لە گەڕەکی – مەنزەی- جوان و دەوڵەمەند و ناوداری دیمەشقەوە لە ئامێزی خێزانێکی لیبراڵی نەتەوەپەرستەوە بۆ خۆبینینەوە لەنێو رێکخراوی تووندئاژۆی قاعیدە لە عێراق و پاشان دروستکردنی بەرەی نووسرە - لە باکووری سووریا و جەنگاندن لەگەڵ داعش و دروستکردنی – هەتەشە- و جیابوونەوە لە قاعیدە.
دووەمیان: گۆڕانکارییەکی ئێجگار بەرچاو بەسەر دیدی سیاسی و دەوڵەتداری و مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازەکاندا، لە سەلەفییەکی جیهادی داخراوەوە بۆ سیاسییەکی عاقڵمەندی سنگ فراوانی گوتار نەرمی ئازادیخواز، گۆڕانکارییە فیکرییەکانی پەلە و تیژن وەک زۆر گۆڕینی رەنگی قات و بۆینباخەکانی، بە ئومێدی ئەوەی کە گۆڕانکارییە فکرییەکانی وەک رەنگی قاتەکانی بۆ جوان نمایشکردن نەبێت، بەڵکو عەوداڵی راستەقینەی گۆڕان و گۆڕین بێت، لە دیدێکی تووندڕەوەوە بۆ تێگەیشتنێکی ئیسلامیی میانڕەوی ئازاد. هەرچەندە شەرع وا دەردەکەوێت و هاوڕێکانیشی وا دەڵێن کە لە سەلەفییەتی جیهادییەوە خۆی فڕێ نەداوەتە نێو باوەشی قوتابخانەی ئیخوان، بەڵکو بە دوای رێگەی سێیەمدا دەگەڕێت.
ستراتیژی شەرع
لە رووی سەربازییەوە، کۆنگرەی هێزە سەربازییەکانی گرت لە 29-1- 2025، بە پشتبەستن بە سەرکەوتنی خۆی و هێزەکەی بەسەر رژێمی بەشار ئەسەد دا، بە حوکمی دیفاکتۆ، بێ بوونی هیچ هێزێکی رکابەر لەسەر خاکی سووریادا، لەلایەن سەرکردەی گرووپە سەربازییەکانەوە وەک سەرۆکی وڵات ناسێندرا، بارودۆخی نێودەوڵەتیش هاوکاربوو، وڵاتانی جیهان و میدیاکانیش وەک سەرۆک ئەحمەد شەرع ناوی دەهێنن.
بۆ پاراستنی سووریا لە جەنگی ناوخۆ، بە رەچاوکردنی ئەزموونی عێراق، سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی هەڵوەشاندەوە بە – هەتەشە- کەی خۆشیەوە، بەڵام هەموو گرووپە هەڵوەشاوەکان لە چواچێوەی وەزارەتی بەرگریدا لە ژێر فەرمانی سەرۆک – واتە خۆی- کۆکردەوە، ئەمەش یەکێکە لە هەرە هەنگاوە سەرکەوتووەکانی و لەو کارتانەیە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەست هێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، هەروەها ئارامکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ کە بەگومانەوە لەو گرووپانە دەڕوانن، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەنوکە لەگەڵ – هەسەدە – لە گفتوگۆی بەردەوامدایە، بەڵام لە گوتاری کۆتایی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانییەکەدا، هۆشداریدا بەو هێزانەی کە لە دەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا چەکدارن، چەک تەنیا لای دەوڵەت دەبێت و زیاد لەوە دەرچوونە لە یاسا.
رووە سیاسییەکەی
شەرع وەک میزاجی کەسی تائێستاش زۆر خۆشی لە ئاژاوەی حیزبزۆریی پاش شۆڕشەکان نایێت، دەزانێ کە لەو جۆرە ساتانەدا ئارەزووی نیمچە خوێندەوارەکانیش بۆ پێکهێنانی حیزب و چواچێوەی سیاسی دەکرێتەوە، ئێستاش لە سووریادا یاسای رێکخراوی دروستکردنی پارتی سیاسیی نییە، بۆیە زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسەدا دەکات، هەر لەبەر ئەوەشە تائێستا قبووڵی نەکردووە پێشوازی لە هیچ پێکهاتەیەکی سیاسی بکات، تەنانەت ئەوانەش کە قوربانیی دەستی رژێمی بەعس بوون بە درێژایی نیو سەدەی رابردوو، ئەوانەش کە لە 14 ساڵی رابردوودا بۆ شۆڕشکردن بەسەر ئەسەد دا دروست بوون، لە دوو هەفتەی رابردوودا پاش چەند هەوڵێک لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ – هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دا کۆبووەوە، بەڵام بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە کارەکانیان بوو، نەک بەردەوام بوون.
بە واتایەکی دیکە، گشت ئەو پێکهاتە سیاسی و سەربازییانەی کە لە سەردەمی شۆڕشدا پەیدا بوون، دەبێت هەڵبووەشێندرێنەوە، لە روانگەی یاسای نوێی پارتە سیاسییەکانەوە کە هێشتا بوونی نییە، رێکبخرێنەوە، یان حیزبی سیاسیی نوێ پێکبهێنرێت.
هەروەک چۆن لە کۆنگرە سەربازییەکەی هێزە سەرکەوتووەکاندا نازناو و پێگەی سەرۆکی وڵاتی وەرگرت، لەم کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانییەشدا ویستی شەرعیەتی سیاسی و جەماوەریی سووریا وەربگرێت، بۆیە لە ئاستێکی سنوورداردا و بە بژاردەی کەسییانە دوور لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەی سیاسیدا، ئەندامان دیاری دەکرێن و کۆدەکرێنەوە.
ئەوەی چاوەڕێ دەکرا لەم کۆبونەوەیەدا هەروابوو، بە دیدی من ئەنجامە کۆتاییەکەی بریتی بوو لە "تفویض" سەرپشککردنی شەرع بۆ (پێکهێنانی ئەنجوومەنی راوێژکاریی شوێنگرەوەی پەرلەمان لە رێگەی دانانەوە نەک هەڵبژاردن، دەسەڵاتی دەرکردنی یاسا-بڕیار-راگەیاندن-هێزی دەستووریی هەبێت، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەزگای دادوەری) لەو رێگایانەشەوە، دیاریکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی و یاسای هەڵبژاردن، پێکهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور، بە دەستەواژەیەکی دیکە، داڕشتنەوەی سیاسی و یاسایی سووریا بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە 50 ساڵی رابردوو دا.
ئەوانەی کە لەگەڵیدا دانیشتوون و لە نزیکەوە ئاخاوتنیان لەگەڵ کردووە، هەروەکو دیدارە میدیاییەکانیشی، لە بەرامبەر پرسیاری فرەیی حیزبیدا وەڵامەکانی روون نین، هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئاسەواری باکگراوەندی رابردووی فیکری و ترسێک لای دروست بووە لە هەردوو ئەزموونی توونس و میسری پاش شۆڕشی گەلان، کە هەردووکیان بە کودەتا بەسەر ئازادی و ئیرادەی گەلانی شۆڕشگێڕدا کۆتاییپێهات، پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی گرد دەبوونەوە و چالاکییان ئەنجام دەدا، پاشان دەنگیان کپبوو، شەرع دەیەوێت سووریا لەو چارەنووسە بپارێزێت، هێزەکانی دژە شۆڕش کە هاوکات لەگەڵ لەناوبردنی رژێمی بەعسدا بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش لەنێوچوو، ئەو هێزانە هێشتا لە مەڵاسدان، هەر بۆیەشە لە ماوەی رابردوودا زۆر هەستیار بوو بەرامبەر هەر گردبوونەوەیەکی جەماوەریی ئەگەر لەژێر ناوی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیشدا بێت. قەدەخەی کۆبوونەوەی حیزبیی سیاسی کرد، ئەگەر تەواو دڵ ئارام نەبووبێت.
بە خوێندنەوەی مێژووی فیکری و ئارەزوو و میزاجێک کە لە سەردەمی لاوێتییەوە تا هەنووکە بۆی دروستبووە، زیاتر بە لای سیستمی سیاسیی سەرۆکایەتیدا دەڕوات نەک پەرلەمانی، ئەگەر بۆی بلوێت، هاوشێوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئێستای شانشینی عەرەبیی سعودیە، بەڵام بێ شانشینی و دەستووری بێت.
دەوڵەتی قووڵ
شەرع زۆر بە رژدی سەرقاڵی دروستکردنی دەوڵەتی قووڵە، لە هەوڵەکانی تۆکمەکردن و پێکهێنانەوە و کاراکردنەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا، دەیەوێت دەوڵەتی قووڵ بۆ زۆرینەی گەلی سووریا لە سوننە، بێ جیاوازی رەگەزی و نەتەوەیی، دروست بکات، لەوەشدا زیاتر پشت بە کەسایەتییە زۆر نزیکەکانی خۆی دەبەستێت، بە ئامانجی پاراستنی داهاتووی وڵات تاوەکو جارێکی دیکە نەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی کەمینەی عەلەوی و گرێدانی تۆڕی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان لەسەر بنەمای ئەو شوناسە مەزهەبییە، بەڵام بێ دروستکردنی دیکتاتۆرییەتی زۆرینە، بۆیە ئێستا لە بنکە کاریگەرەکانی دەوڵەتدا، لە رەهەندەکانی، دیپلۆماسی، سەربازی و ئاسایش و داراییدا، بە هەموو هێزیەوە دەیەوێت لە چنگی خۆیدا لە ماوەی راگوزەریدا کۆیان بکاتەوە، بەمەش لە دەستوەردانی دەرەکی دەیانپارێزێت.
لەبەردەم رێگەی سەربەخۆییدا، کاتێک خاکی سووریا ببووە گۆڕەپانی ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵنگاریی دەرەکی تەنیا هەژموونی تورکیایە، هاوتەریب لەگەڵ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، تورکیا بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کاڵ و کەم دەبێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، دەکرێت بە گیانی وڵات پەروەری کۆتایی بێت و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ و دۆست پەیوەندییەکانیان رێکبخەن، هەرچی ئیسرائیلیشە ماوەی زۆری دەوێت، هاوکاریی ئەمریکایشی پێویستە، بەڵام بێگومان شەرع روو بە ئیسرائیل ناڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ