شێرکۆ ئەم ماڵەی بە نزیکەی شەست ساڵ بنیات ناوە. بنگەهی ماڵەکە بێکەس داینا، بڕێکی زۆر لە وزەی بێکەس و شەفیقە خاتوونیش لێرەدا هەن و، شێرکۆیش بەرد لەسەر بەرد، بەردی مرواری ئاسا دیوارەکانی لە شەست ساڵدا هەڵچنی.
چراکانی لە شەبەنگی پەیڤ و دەربڕینن.
ساباتی لە هەور، سیمای لە تریفە و لە خەونی رەنگینی نێو شیعرەکانی خۆیەوە خواستووە.
ماڵی شێرکۆ؛ ماڵێکە تژە لە دیمەنی زۆر و سەرنجبەر، پڕە لە تابلۆی جۆراجۆر، ئەو تابلۆیانەی هەژاری، کوردایەتی، راونان و تاراوگە تانوپۆی چنیون، بەڵام هاوکات تابلۆگەلێکن پەڕەمووچی داهێنان رەنگڕێژی کردوون.
گەر سەرنج و بینین کارا بکەین، لە تابلۆکانی شیعری شێرکۆدا دەکرێت هاوکات؛ رابردوو، ئێستا، هەروەها داهاتوویش ببینین.
ماڵەکەی شێرکۆ؛ واتە دونیای چڕکراوەی ئەو شاعیرە، شاعیرێک دەنگدانەوەیشی جیاوازە، دەنگدانەوەیەک رۆژگار و قۆناغ و وێستگەکان دەبڕێت و شایستەیە لە کن راوەستان و لادانە. شایستەیە لە ماڵی خۆی و شیعرەکانیدا نەوە دوای نەوە، لابدەن و لە نهێنیی سەردەم و دیرۆک و دۆخی نەتەوەکەی حاڵی ببن، بەردەوام لە شەبەنگی شیعرەکانییەوە برکوژانی باشور و باکور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای نیشتمانێکی لەتوپەت بۆن بکەن، دەشێت لە دییەی خۆیەوە تەماشای رۆژگارەکەی بکەن، دیدەیەک وەکو خۆی دەیگوت؛ [من دیدەی پێغەمبەر ئەوەتا لە دیدەی هەڵبەستما، هەر بۆیە نهێنی دڵی خوا و گەردوونم بینیوە].
پیرۆزە ئەم ماڵە و بە هیواین ببێت بە نموونە بۆ دروستبوونی ماڵی دیکەیش بۆ نێودارانی مێژوومان. ئەم ماڵە بە قەوارە چەند بچووکە، کەچی لە دیوی واتا و سەرمایەی میناکییەوە تەماشای بکەین چەند گەورە و ئاوەدانە؛ ماڵێکی بچوک، بەڵام دڵنیام لەمەودوا، هەموو جار ، لە هەموو بۆنە و جڤینێکدا، خێزانێکی گەورە لە خۆ دەگرێت، خێزانێک خۆشەویستی و پەرۆشبوون بۆ جوانی و بۆ شیعر و بۆ زمانی کوردی توخمی جڤاندنیانن. وەکو خۆی دەیگوت؛ [خوێندنەوەی شیعر نیوەی شیعرەکە پێک دەهێنێت].
بۆیە بە هیواین لێرەوە ناو بە ناو، لەم ماڵە گرنگ و ئاوەدانەدا ئیتر دیمەنەکانی شێرکۆ پێشان بدەین، پێکەوە گوێ لە دەنگی بگرین و تەماشای رەنگی بکەین و بۆ ئەو رۆژانە بگەڕێینەوە کە شێرکۆ شیعری لێدەباری و شیعری لە رێژنەی بەردەوام دابوو، وەکو زۆربەمان دەیزانین خوێندنەوە و پێشکەشکردنی شیعر یەکێک بوو لە کاتە هەرە خۆش و هەرە گرنگەکانی ژیانی شێرکۆ.
کریستیان مۆرگەنهایم (1871-1914) نووسەر، شانۆکار و وەرگێڕێکی ئەڵەمان بوو، هەڤۆکێکی نایابی هەس، لەوێدا دەڵێت؛ پێشانم بدە؛ چۆن بنیات دەنێیت، منیش پێتدەڵێم؛ تۆ کێیت.
شێرکۆ پێشانمانی دا، بە روونی و وەستایانە چۆن ماڵی شیعری بنیات نا، بۆیە هەموومان دەزانین شێرکۆ کێیە و چەند گرنگە بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی زمان و ئەدەبی کوردی.
یادت هەمیشە پڕ بێت لە خێر و خۆشەویستی کاک شێرکۆ ئازیز. سوپاس کە دەرگای ماڵەکەت بۆ کردینەوە.
* * *
حەزم دەکرد چەند کورتە شیعرێکی شێرکۆ بێکەس بخوێنمەوە، بەڵام بیرم بۆ ئەرشیڤەکەم چوو، تاوەکو کورتە شیعر بە دەنگی و رەنگی خۆی بخەمە بەر دیدە باشترە، سێ بەرهەمی بچوکمان ئامادە کردبوو، بەرهەمی ساڵانی 1991، 1996 و 2005ی بە دەنگی و رەنگی خۆی. هەر سێ بەرهەمەکە لە سێ ئاوێنەی بچووک دەچن، وەکو ئاوێنە بچکۆڵەکانی شێرکۆ خۆی و راستەوخۆ پاش وتارەکە پێشان دران.
* وتاری سیروان رەحیم لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەسدا لە شاری سلێمانی رۆژی 20-09-2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ