بیکە بە خاتر زەردەی خۆرئاوا

26-01-2024
سیروان رەحیم
A+ A-
 
چ رستەسازییەکی شاعیرانەی پڕ هەستە، جا بە دەنگی زیرەکیش، بە جارێ جوانیی لێ دەبارێت. بیهێنە بەرچاوت، بە زەردەی خۆرئاوا سوێند بۆ ئەڤیندار بخۆ و بەوشێوەیە دڵی رابگرە! 
 
موزیکڤان، نووسەر و دەرهێنەری شانۆی ئەڵمان ریشارد ڤاگنەر (1813-1883) دەڵێت: دەنگی مرۆڤە دێرینترین، رەسەنترین و جوانترین بەشی میوزیک، بەشێکی میوزیکی ئێمە سوپاسبژێری هەبوونیەتی. 
 
بێگومان دەنگی حەسەن زیرەک لەو دەنگانەیە کە ڤاگنەر ئاماژەی پێداوە، دەنگێک بە گوهداریکردنی هاوکات؛ خوڕەی ئاوێکی روون، تریفەی مانگەشەو، زەردەی خۆرئاوا و لەرینەوەی تەبای هەزاران گەڵا بە دەم سروەی ناسکەوە دەڕژێنە دەروونی مرۆڤەوە.
 
بەڵام جەخار، وەکو زیرەک خۆی لە "هەوری لار"دا دەڵێت: چونکە کوردم، بە زمانی کوردی قسە دەکەم، هونەر کارێکی نەکرد بە شوێنیدا بچم. 
 
ئایا ئەگەر زیرەک منداڵی نەتەوەیەکی دیکە بووایە و لە باوەشی ئەردنیگارییەکی دیکە گەورە بووایە، ئەگەر باشتر و بە دڵی خۆی بە شوێن هونەردا چوبووایە، چیدیکەی دەخستە سەر ئەو هەموو داهێنان و بەخشینانەی؟
 
چەند رۆژێکە من لەگەڵ زیرەک دام، پێکەوەین، بە جۆرێکی دیکە، بەجۆرێک مۆزیکڤانی هێژا عەبدوڵڵا سەگرمە پێشکێشمانی دەکاتەوە. زیرەکم دێتە بەرچاو، لەسەر سەکۆیەکی رەنگین، لەسەر شانۆیەکی پڕ شەبەنگی نوژەن، گۆرانی دەڵێت و ئۆرکسترایەکی لێزان و پڕ هەست پاڵپشتین، ئۆرکسترایەک هاوتەریب لەگەڵ هەست و حەزی ویدا دەژەنن، ئەویش بە دەنگی ئاسمانیانەی خۆی دەیان رستەی پڕ خوناوی بۆندار بە دەروون دا دەپرژێنێت: "خودایە لێمببورە دڵبەر میوانە"، گەلۆ پلانی پێشوەختەی زیرەک چییە بۆ میوانداری دڵبەر؟ 
 
"قیبلەم تۆراوە، ئەیڕۆ ئاشتی نابێتۆ" چ تەڵزگەیەکە ئەو تۆرانە؟
  
جا بەو گەمەکردنە، بەو نزمی و بەرزییەی دەنگی زیرەک ئەم "قەرار و جەوابە" چۆن گوتراوە! جارێکی دیکە گوێ رادێرە بۆ ئەو دەستپێکەی "بە تەورات" تکایە!     
 
گوێ بدە لەو دەستپێکە: ئەمان ئەمان لە ئەڤینی کەنیشکێکی جوودا! 
 
زیرەک باس لە گوارەیەک دەکات، گوارەیەک بۆ کەژاڵی دەکڕێت، "کەژاڵ گیان لە گوێی بکات، بەڵکو دنیا خاپوور بێ"!
کەژاڵێک مانگی چواردە دەیبینێت و بە خەجاڵەتی دەگەڕێتەوە، بێگومان هەر گوارەی وەها شایستەیە!
 
زیرەک چی بڵێت دەبێت کوردی بێت، گەرووی ئەو، هەستی ئەو و دەروونی ئەو، لە دەنگیدا یەکانگیر دەبنەوە و دەنگیش لە چیا و لە پێدەشت و لە کانیاوەکانی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. 
 
جۆرە دەنگێک لەو جۆرەی نووسەری ئەڵمان کریستۆف لێمان (1579-1639) لەبارەی گوتوویەتی: "گۆرانی خۆش تۆزی سەر دڵ رادەماڵێت."  
 
دەنگی زیرەک تۆزی سەر دڵ رادەماڵێت و ستوونێکە لە ستوونە پتەوەکانی راگرتن و پاراستنی زمانێکی هەڕەشە لێکراو.   
 
جا ئێستا دەنگی زیرەک و کارامەیی وەستایەکی وەکو سەگرمە یەکانگیربوونە، پێکەوە لە دووئاوانێک دەچن، پڕ لە هاژەی داهێنان، سەگرمە موزیکێک بۆ دەنگی زیرەک دادەنێت کە گوێگر دەخاتە نێو جۆلانەیەکی رەنگینەوە، میوزیک و نەوایەک سرووشتی کوردستان بە فراوانی خۆیەوە لە لامان دەخەمڵێنێت. 
 
عەبدوڵڵا سەگرمەی دەستڕەنگین و بە سەلیقە، میوزیکێکی داناوە بەرسڤدەری ئەو سینە پڕ ئاهەنگەی زیرەک و ئەو نەوا نایابە و ئەو هەستە پڕ جۆشەی وییە. هەروەها موزیکێکە بواری پەڕینەوەی دەنگی زیرەک بۆ دونیای دەرەوەی خۆیشمان دەستەبەر دەکات. 
 
مامۆستا سەگرمەی هێژا، کۆمپۆزیتۆری کارامە، سوپاس و ستایش کە لەم رۆژگارە دزێوەدا، لە رۆژگاری شەڕ و ستەمێک چەندین شوێنی ئەم گۆی زەوییەی داپۆشیوە، تۆ ئەم بەرهەمەت پێشکێش کردین، بەرهەمێک جگە لەوەی تانوپۆی بە داهێنان سازکراوە، هەروەها چەپکێکە لە ئارامی، چێژ و جوانی، چەپکێک لە گەرووی زیرەک و سەلیقەی چێژبەخشی ئێوەی شارەزای میوزیکەوە سەرچاوەیان گرتووە. 
 
سەرچاوە 
 
شەش تراکی نوێی حەسەن زیرەک
 
دانانی میوزیک: عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە
 
بەرهەمهێنەر: تۆڕی میدیایی رووداو 2024 
 
بۆ گوێگرتن لە یەکێک لە بەرهەمەکان کلیک بکە 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

جیهانگیری لە سەردەمی ترەمپدا

ئەم بڕیار و هەنگاوانەی دۆناڵد ترەمپ راستییەکی سەلماند کە کورد لەمێژە لە ئیدیۆمێکدا لەژێر ناوی (نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب) پێناسەی کردووە. وەک چۆن بوون بە سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو پێویستی بە بەهرە و شارەزایی زۆر و ئازایەتی هەیە، سیاسەتکردنیش زانستێکە پێویستی بە بەهرە و کەڵەکەبوونی سەرمایەی بیر و هۆشیاری و دونیابینی و زانینی بەڕێوەبردن هەیە. ترەمپ ئەگەر چەند بازرگان و سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو بووبێت، نابێتە سەنگی مەحەک بۆ ئەوەی ببێتە لیدەرێکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی وڵات. ئەمەی ئێستا ئەو دەیکات ئەمریکا بەرەو جێگایەک دەبات، پێویستی بە دەیان ساڵی دیکە هەیە عاقڵمەندەکانیان ئەمریکا بگەیێننەوە ئەم ئاستەی ئێستای.