بەهۆی قورسایی سیاسی و ئابووری و هەروەها رۆڵی گرنگی ئەمریكا لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا، هیچ وڵاتێک لە دونیادا نادۆزینەوە كە رووداوە گرنگەكانی گۆڕەپانی سیاسی و بەتایبەت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كاریگەریی لەسەری نەبێت، ئەمە بنەمایەكە كە بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەكی سیاسیی نۆرماڵیان لەگەڵ ئەمریكادا نییە پڕڕەنگتر و زەقترە. كە باس لەو وڵاتانە دەكرێت كە پەیوەندیی سیاسیی نائاساییان لەگەڵ ئەمریكا هەیە، دەستبەجێ و بەشێوازی ئۆتۆماتیكی بیری مرۆڤ بۆلای ئێران دەچێت و دواتر رەنگە رووسیا و چین. راستە بەبەراورد لەگەڵ ئێران، چین و رووسیا بۆ ئەمریكا مەترسی و پرسگرێكی گەورەترن، بەڵام كە باس دێتەسەر پەیوەندیی دیپلۆماسی، تەنانەت ئەو دوو وڵاتە زلهێزەش لەچاو ئێران پەیوەندییەكی نۆرماڵ، ئاسایی و تەندروستتریان لەگەڵ ئەمریكا هەیە. ئێستا كە كەمتر لە دە رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لەم گوتارەدا دەپەرژێینە سەر ئەو پرسیارەی كە ئایا لەدیدی ئێرانەوە ترەمپ و بایدن كامەیان بژاردەیەكی باشترن؟
بۆ وەڵامدانەوە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت كە لەم پرسیارەدا مەبەستمان كام ئێرانە؟ حكومەت و باڵی تووندئاژۆ؟ ریفۆرمخوازەكان و كابینەی رووحانی؟ یان خەڵكی ئاسایی؟ ناچارین ئەم جیاكارییە بكەین، چونكە هەركام لەم لایەنانە هۆكاری جیاوازیان بۆ بژاردەی دڵخوازی خۆیان هەیە.
رژێم و باڵی تووندئاژۆ كە زیاتر لە بناژۆخوازان و لایەنگرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خۆیان دەبیننەوە لەحەقیقەتدا ترەمپیان زیاتر بەدڵە. ئەم لایەنە كۆمەڵە هۆكارێكی زۆر سادە و تاڕادەیەک لۆژیكییان بۆ ئەم دڵخوازییەی خۆیان هەیە و بڕوایان وایە هەرچەندە بایدن سەبارەت بە توركیا و سعودیە كە ركابەرەكانی ئێران لە ناوچەكەدان بیروڕای جیاوازی هەیە و لەوانەیە لە ئەگەری سەركەوتنیدا زیاتر ئەو وڵاتە نەیارانەی ئێران بخزێنێتەوە نێو چوارچێوەی سنوورەكانی خۆیانەوە و توانای مانۆڕدانیان لە ناوچەكەدا سنووردار بكات، بەڵام ئەمە ئێستا ئەولەویەتی ئەم لایەنە سیاسییەی نێو ئێران نییە. چونكە گەمارۆ ئابوورییەكان تەنگیان بە ئێران هەڵچنیوە و كۆماری ئیسلامییان خستووەتە دۆخێكەوە كە هەوڵی مان و نەمان بدات و بەگوێرەی ئەوەی كە تەنانەت خودی رۆبەرت ئۆبرایانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا رایگەیاندووە كە سەبارەت بە گەمارۆی ئابووری سەر ئێران كارێک نەماوە كە نەیانكردبێت، لەوانەیە لەدیدی ئەم لایەنەوە ترەمپ بەربژێرێکی دڵخوازتربێت. لەبەرئەوەی كە یەكەم، پێشینەی چوار ساڵ كاری سیاسیی ترەمپ بە ئێرانی سەلماندووە كە لەچاو بایدن، لەوانەیە ترەمپ لەپێناو جەنجاڵێكی میدیایی یان ئیمتیازێكی ئابووریدا لە زۆر بابەتدا ئاسانتر سازشیان بۆبكات. دووەم، وەشاندنی گورزی سەربازیی راستەوخۆی ئەمریكا لە ئێران پرسێكە كە تێچووی دارایی زۆری دەبێت و ئەمەش لە سیستەمی فیكری ترەمپدا و لە بۆچوونی بازرگانانەی ئەودا رێگەپێدراو نییە و تەنانەت كەسێكی تاوەکو سەرئێسقان دژە ئێرانی وەک جۆن بۆڵتنیش نەیتوانی ترەمپ پەلكێشی نێو ئەو گێژاوەبكات. هەرچەند ئەم قسەیەم هەرگیز بە واتای ئەوە نایەت كە مەحاڵە ترەمپ لەگەڵ ئێراندا بچێتە فازی پێكدادانی سەربازییەوە، بەڵام دیارە ترەمپ دوایین كەسێكە كە بیر لەو بژاردەیە بكاتەوە، ئەمەش بۆ لایەنی ئێرانی بەرباس زۆر فاكتەرێكی گرنگ و حەیاتیە. سێیەم، بەراوردی چوار ساڵ ئەزموونی كاری سیاسیی ترەمپ بە زیاتر لە 47 ساڵ كاری سیاسیی بایدن لایەنی بناژۆخوازی ئێرانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی كە لەچاو بایدن، ترەمپ لە هێنانەئارای كۆدەنگی سیاسیی زیاتر دژ بە ئێران سەركەوتوو نابێت. بەڵام هەر بەو جۆرەی كە ئۆباما توانی، رەنگە بایدنیش بتوانێت تەنانەت چین و رووسیاش قەناعەت پێبكات كە نەک هەر ڤیتۆی بڕیارەكانی دژ بە ئێران نەكەن، بەڵكو تەنانەت دەنگیشی پێبدەن و ئەمەش بۆ ئێران گێژاوە سیاسییەكە ئاڵۆزتردەكات. هەموو ئەمانە وایانكردووە كە بۆ بناژۆخوازان و رژێم، ترەمپ زیاتر لە بایدن جێگای پەسەندبێت.
رژێم و باڵی تووندئاژۆ لەحەقیقەتدا ترەمپیان زیاتر بەدڵە.
هەرچی سەبارەت بە ریفۆرمخوازان و كابینەی حەسەن رووحانیشە بایدنیان بەلاوە پەسەندە، تەنیا و تەنیا لەبەرئەوەی كە گەورەترین، تابۆشكێنانە و مێژووییترین دەستكەوتی دیپلۆماسی كە كابینەیەكی ئێران پاش شۆڕشی گەڵان بەدەستیهێنابێت، واتە رێكکەوتنی 5+1 لە فەنا و لەناوچوون دەپارێزێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كابینەی رووحانی نزیكەی ساڵێكیتر دەبێ دەسەڵات رادەست بكات و بەوپێیەش كە ئەم كابینەیە هەموو هێلكەكانی خستووەتە سەبەتەی رێككەوتنی ئەتۆمیەوە و بایدنیش بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەركەوتنیدا بگەڕێتەوە نێو رێككەوتنەكە، سرووشتیە كە كابینەی رووحانی بەلای سەرۆكێكی ئەمریكادا ببوورێتەوە كە ئەو میراتەی بۆ بپارێزێت كە دەیەوێ لەدوای خۆی بەجێیبهێڵێت.
لەوانەیە ترەمپ لەپێناو جەنجاڵێكی میدیایی یان ئیمتیازێكی ئابووریدا لە زۆر بابەتدا ئاسانتر سازشیان بۆبكات
رووحانی و دەوڵەتەكەی زیاتر لە بەرژەوەندییەكانی رژێم، بیر لە پاراستنی واژوو و جێپەنجەی خۆی دەكاتەوە كە پێیوایە لە مێژووی ئێراندا دەمێنێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بایدن زیاتر لە ترەمپ بەكەڵک دێت. هەرچەند دارودەستەی رووحانی كە زیاتر لە هاشمی رەفسەنجانی و بیرۆكەی ئەوەوە نزیكن خۆیان بە "ئیعتدالی" ناودەبەن و لە ریفۆرمخوازە فەرمییەكان كە سەر بە سەید موحەممەد خاتەمی و بۆچوونەكانی ئەون خۆیان هەڵاواردووە.
ریفۆرمخوازان و كابینەی حەسەن رووحانی بایدنیان بەلاوە پەسەندە
خەڵكی ئاسایی ئێرانیش بایدن بە درێژكراوە و پاشكۆی ئۆباما دەزانن و وەک عینادی و پەرچەكردارێكی شاراوە دژ بە دەوڵەت، زیاتر ترەمپیان بەلاوە پەسەندە. رەنگە هیوایان ئەوەبێت كە هەرچەند سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ ژیانی ئاسایی خەڵكیشی بەرتەسک كردووە، بەڵام لەوانەیە ببێتە هەوێنی گۆڕانێكی بنچینەیی یان لە سیاسەت و هەڵسوكەوتی حكومەت و یان هەڵتەكاندنی یەكجارەیی هۆڕوهەوانەی هەمووشتێک لە وڵاتەكەیاندا.
لە سەردەمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەبارەت بە ئەمریكا هیچكات ئێرانێكی یەکپارچە لەئارادا نەبووە
لە سەردەمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەبارەت بە ئەمریكا هیچكات ئێرانێكی یەکپارچە لەئارادا نەبووە و ئێرانە جیاوازەكانیش بەهۆكاری جیاوازەوە هەر لە جیمی كارتەر و رۆناڵد رەیگنەوە بگرە تا دەگاتە ترەمپ و بایدن، بەربژێری جیاوازیان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا بەلاوە پەسەندە. بەكوردی و بەكورتی لە ئێراندا و پەیوەست بە ئەمریكا هەرلایەنە و "جیلوەی جوانی لەشتێكدا دەبینن، لایەک كوشتەی مینی ژۆپ و لایەک گیرۆدەی شەدەن (مامۆستا هێمن موكریانی بە نەختێک دەستكارییەوە)"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ