لە ئاشتی دا هەمووان براوەن

26-10-2025
عومەر نورەدینی
A+ A-
 
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێز دۆناڵد ترەمپ نامەی تایبەیی بۆ دەنێرێ و سوپاسی دەکات کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکات. لە کۆتایی مانگی یەکی ئەم ساڵ دا سەرۆکی فەڕەنسا بەڕێز ئیمانوێڵ ماکرۆن پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجام دەدا و سوپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە رۆڵی بەرچاوی لە کۆششکردن بۆ هێنانەدی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێ رادەگەیێنێ ئەمە وێڕای ئەوەی لە هەموو دیدارەکانیدا له‌گه‌ڵى ئەوەی بۆ دووپاتکردووەتەوە، هەروەها سەرۆکی تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان میوانداری دەکات بۆ کۆشکی کۆماری و ئەو پەیامەی پێڕادەگەیێنێ کە رۆڵی ئەو لە پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی لە تورکیا کاریگەرە و لە سووریای ئێستاش دا و لە سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی دەوڵەت و چارەسەری کێشەکان بە ئاشتیانە نەخشی بەرچاوی هەیە. بەڕێز ئۆجەلان نامەی تایبەتی بۆ دەنێرێ و داوای  لێدەکات رۆڵی سەرکردایەتی پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا ببینێ و هەموولایەک متمانەیان پێی هەیە! 
 
لە دیداری مێری کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو هەموولایەکی دڵنیاکرد کە ئاشتی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان مایەی دڵنیاییە و گەڕانەوە بۆ شەڕی ناوخۆ بووەتە بەشێک لە مێژوو و چيدیکە رووناداتەوە.
 
ئەمە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئه‌و ئيستا بووەتە پنتی کێشکردنی هێزی نەرم و بزاوتى ئاشتی  لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دنیای سیاسەت دا گوتنێک هەیە دەڵێ : هەڵگیرساندنی شەڕ و جەنگ ئاسانە، بەڵام هێنانەدی  ئاشتی و پاراستنی قورس و دژوارە . ئەو کە بە پیاوی ئەرکە قورسەکان ناسراوە، بێگومان دەزانێ شان دانە بەر باری ئاشتی لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی هەمیشە گڕگرتووی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەند قورس و گرانە، بەڵام ئەو کە خۆی هەر لە ساتی لەدایکبوونییەوە وێزەی تۆپ و فڕۆکە لەبەر‌ گوێی بووە و لەنێو شەڕی رزگاری کوردستان دا گەورە بووە و لە ئەشکەوت و پەناو پەسێران شەوانی کردوونەتەڕۆژ و  مەرگی ئازیزانی لە شەڕ و جەنگەکاندا بینیوە و بە چاوەکانی کاولکاری جەنگی بینیوە، ئەو کە لە کوورەی جەنگەوە هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسەت و لە مەیدانی جەنگی داسەپاودا بەسەر گەل و نەتەوەکەی دا  خۆی  و بنەماڵەکەی رابەر و پێشمەرگە و جەنگاوەری داستان خوڵقێن و دووژمن بەزێن بوون، دەزانێ کە بیناکردنی ئاشتی و پاراستن و دەستپێوەگرتنی چ بەهایەکی گەورەیان هەیە و لە هەڵایسان و بەڕێوەبردنی جەنگ زۆر قورسترن.
 
كاتێك جەنگ وەک ئامرازێک لە ئیدارەدانی ململانێ کۆتایی دێت ، نابێ پێمانوابێ ئیتر کێشە و ململانێ کۆتایی هاتووە، ئەگەر کۆتایی جەنگ سەرنەکێشێ بۆ ئاشتەوایی و بەستنی پەیمان و رێککەوتننامەی تایبەت بە چارەسەری ئەو کێشانەی بوونە مایەی هەڵگیرسانی جەنگ و شەڕ، بێگومان کۆتایی ئەو جەنگە شکستە بۆ هەمووان، بە سەرکەوتوو دۆڕاوەکانەوە. بۆیە براوەی راستەقینە لە ئاشتی دایە  نەک جەنگ ! بە دەربڕینێکی دیکە سەرکەوتنە هەمیشەیی و راستەقینەکان سەرکەوتنی ئاشتین نەک جه‌نگ. 
 
ئەم باوەڕ و روانگە سیاسییە کرۆکی هزری هێژا نێچیرڤان بارزانییە بۆ ئاشتی، ئەو چەندین جار لە دیدارو گفتوگۆ و پەیڤ و وتارەکانی دا سەبارەت بە ئاشتی و جەنگ ئێستای بردووەتە ناو مێژوو، مێژوویشی هێناوەتە ناو ئێستا و جەختی لە دوو راستی کردووەتەوە: 
 
یەکەم: لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا جەنگی هەمووان دژی هەمووان روویانداوە، جەنگی نێوان ئایین و ئایینزاکان، جەنگی نێوان گەل و نەتەوەکان، بەڵام ئەم جەنگانە نەیانتوانی هیچ ئایین و ئایینزا و گەل و نەتەوەیەک لەنێوببەن و وائێستا هەموویان لە گۆرەپانەکەدا ماون، کەواتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا جەنگ شکستی هێناوە و بووەتە مایەی خوڵقاندنی تراژیدیا و کارەسات و کاولکاری و خوێنڕژان .
 
دووەم: دەوڵەتانی ناوچەکە کە زۆربەیان دەوڵەتی فرە ناسنامەن، هه‌روه‌ها دەستەبژێری دەسەڵاتدار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، ئەگەر ئاشتی نەکەنە  ئاشتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و سەرەنجام ئاشتی خەڵک و هاووڵاتی و کۆمەڵگه،‌ بێگومان دەبنە دەوڵەتی شکستخواردوو، نموونەی زیندووش بۆ ئەمە رژێمەکانی بەعس بوون لە عێراق و سووریا.
 
لێرەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێمان دەڵێ  کە ئاشتی لە ناوچەکە پێویستی بەوەیە بۆهەمووان بێت، ئەگەر نا بە تەنیا بۆلایەک نابێ ! لەگەڵ جەختکردنەوە لەو راستییەی  کە هەموو کات  ئاشتی گرەوی لە جەنگ بردووەتەوە. لەژێر رۆشنایی ئەم روانگە عەقڵانی و ریالیستییەوە بەوە دەگەین کە لای رێزدار نێچیرڤان بارزانی گرتنەبەری رێگەیەک  بۆ ئاشتی  لە ئارادا نییە، بەڵکو ئاشتی  خودی خۆی  ئەو رێگە دروست و شکۆمەند بەخشەیە کە جێگرەوەی نییە و دەبێ هەموومان ملی ئەو رێیە بگرین ، پووختەی کەلام  لە ئاشتی دا شکست و دۆڕان نییە و هەموولایەک براوەن!
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.