رۆژباش وڵاتەکەم

27-06-2025
سیروان رەحیم
A+ A-
 
حوسێن ئەردەم، ساڵی 1949 لە گوندی خوڵخوڵەی (چەولک) – باکووری نیشتمان، لەدایکبووە. دوو بەکالۆریۆس و دوو ماستەری لە بوارەکانی زاگۆن، زانستی زمان و پەروەردەدا هەیە. 

 

*   *   *

 

سەرنجم داوە هەمیشە ورد و وریایانە رێ دەکات، مینا رێکردنی ورد و وریا زمانی کوردیش فێربووە، ورد و وریایش زمانەکەی گەیاندییە شوێنگەیەک ببێتە مامۆستای زمانی کوردی. لە منداڵی دا لە نێوان چوار زمان دا دێت و دەچێت، وەکو ئەوەی یاری بکات، بە شێوەی یاری و گەمە چوار زمان پێکەوە  فێر دەبێت، بەڵام لە نێو ئەو چوار زمانەدا، زمانی سکماکی خۆی بە دزییەوە فێر دەبێت. 
 
رۆژگاری تواندنەوەی کورد و زمانەکەیەتی، پەنجاکانی ئیستەنبووڵ [سەتەی رابردوو]، ئەم لە فێرگە زمانی تورکی فێردەبێت، لەگەڵ هاوتەمەنانی خۆیدا یۆنانی و تەتەری، لە ماڵیش زمانی کوردی، کوردی لە دایکییەوە فێر دەبێت و باوکیشی هەموو ئێوارەیەک کە دێتەوە، لە منداڵەکانی دەپرسێت؛ ئیمڕۆ پەیڤی کوردی نوێ چ فێربوون؟ دایک و باوک بە منداڵانی خۆیان گوتووە؛ هەڵگرتن و پاراستنی ئەم زمانە لە ئەستۆی ئێمەدایە، دەبێت بیپارێزین. ئەردەم بە زمانی شیرینی خۆی ئەو یادەوەرییانە دەگێڕێتەوە. لەو رۆژگاری تواندنەوەی زمانەدا کەسانێکی زۆر خۆیان راگرت، بەڵام گرنگی کەسانی وەکو حوسێن ئەردەم ئەوەیە، پاشان دەبێت بە مامۆستای زمانی کوردی.
 
لە لاوێتیدا مەیلی کۆمۆنیستی لە سەری دەدات، دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، ئەو کە زمانەکەی لە نێو دەبرێت و دەیەوێت بەرخوەدانی زمان درێژە پێبدات، نەک هەر لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو لە ئەورووپایش کۆمۆنیستە هاوڕێیەکانی رێگەی پێنادەن "رێ لەبەر کوشتنی" کوردی بگرێت، حوسێن ئەردەم بەو هەڵوێستەی ئەوان زۆرتر بێ هیوا دەبێت، بەڵام کۆڵ نادات. کۆمۆنیستەکانی هاوڕێی پێیدەڵێن؛ " زمانی تورکی، زمانە نێونەوەییەکەی خۆمان هەیە و چ پێویستت بە کوردی هەس؟". 
 
ئەردەم روو دەکاتە ئەڵمانیا و لەوێ دەبێتە مامۆستای زمانی کوردی. پاشان لە یەکێک لە زانکۆ هەرە نێودارەکان، لە زانستگەی کۆلن، بەشی زمانی کوردی دەکاتەوە. بەشی کوردی لە زانستگەی کۆلن بەسەرپەرشتی مامۆستا ئەردەم بووە یەکێک لەو دەلیڤانەی لە تاراوگەدا زمانی کوردیان لە مردن رزگار دەکرد. دەیان ساڵ کوردی "کوردی نەزان" و ئەوانەی خوازیاربوون کوردی فێر ببن، لەوێ فێری زمانەکە دەبوون. 

 

 
ئەو دەستکەوتە بە کەسێکی وەکو حوسێن ئەردەم نەبا، نەکردە بوو دەستەبەر ببێت، کەسێک رەگی هزر و کرداری کوردانەی پتەوە، پتەو چوون چناری چیا و زۆزانەکان. ئەردەم چونکە ئەڤینداری لاوک، داستان، بەیت و بالۆرەی کوردییە، بۆیە بەردەوام نموونە لە شیعر و لەو گەنجینە گرنگەی زمانی کوردی بە سەر زارییەوەیە. لەو بوارەدا ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندەی ئەدەبیاتی زارەکی کوردی هەیە، ئەرشیڤێک خۆی لە شار و گوندەکانی باکووری نیشتمان کەرەستەکانی کۆکردوونەتەوە و تۆماری کردوون، کە بە هیوام بیداتە یەکێک لە دەزگاکانی کوردستان. 
 
حوسێن ئەردەم بەردەوام خەمگین و هێمن باس لە قەدەخەکردنی زمانی کوردی دەکات. باس لە تراومای قەدەخەکردنی زمانی سکماک دەکات، بەتایبەت لە کن منداڵان و دەپرسێت: ئایا قەدەخەکردنی زمانت لە شتە هەر تاڵەکانی ژیان نییە؟ مرۆڤی وەکو حوسێن ئەردەم کاتێک باس لەو دۆخە دەکەن، لە سیمایاندا مێژوویەکی تاڵ دەبیندرێت.  بەڵام قەدەخەکردنی زمان نەک هەر باندۆری خراپی نەکردە سەر ئەردەم، بەڵکو بووە مامۆستای زمانەکەیش، لەوەیش واوەتر؛ ئەردەم خوازیار بووە زمانی زۆرتر فێر ببێت و زۆرتر لە نهێنی و لە خۆشەویستی زمانەکان تێبگات، بەهێزتر لەگەڵ رەنگە جیاواز و دەنگە جێهڕەنگەکانی زماندا بژی، بۆیە کاتێک لە شوێنێک پێکەوە بین، شتێک بخۆینەوە یان بخوێن، ئەردەم دەتوانێت هاوکات ناوی خواردنێک، خواردنەوەیەک یان جۆری داواکردنێک و ..هتد، هاوکات بە فەرەنسی، رووسی، یۆنانی و ..هتد بڵێت. لە کاتی وانە گوتنەوەی زمانی کوردی دا [کرمانجی سەروو] لە یەک کاتدا چەندین نموونەی بە چوار بۆ پێنج زمانی جیاواز پێشکەش دەکرد. قەدەخەکردنی زمان ئەردەمی کرد بەو ئەڤیندارەی زمان بە گشتی و زمانی کوردی بە تایبەتی.
 
کاتێک گوێ لە چیرۆکی ئەردەم دەگرین؛ دەزانین؛ نەک هەر هەست و خۆشەویستی ئەو بۆ زمانی کوردی دەبینین، بەڵکو بە روونی دەبینین چ کارێکی بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی کوردی کردووە.
 
ئەو توانی لە زانستگەی کۆلن، سەرباری فێرکردن، بڕوانامەی فێربوونیش بداتە فێرخوازان، جگە لەوە بڕوانامە بداتە کەسانێک کە دەبوو بۆ بوون بە وەرگێڕ، وەرگێڕی فەرمی زمانی کوردی – ئەڵمانی، بڕوانامەی زمانی کوردی [کرمانجی سەروو]یان، هەبێت، کە لەو ساڵانەدا نەکردە بوو مرۆڤ بڕوانامە لەو بوارەدا وەدەستبخات. 
 
چەندم لا جوان بوو کاتێک سبەینێی رۆژێکی زستانی ساڵی 2011 لە زانکۆی کۆلن و لە پۆلەکەی خۆی وێنەمان دەگرت و سەرقاڵی تۆمارکردن بووین، لەسەر تەختەکە نووسی؛ "رۆژباش وەلاتێ من".
 
رۆژباش مامۆستا حوسێنی هێژا، مامۆستای زمانی کوردی، سوپاس کە زمانی کوردیت لە کن زۆر کەس خۆشەویست کرد، کەسانێک زمانیان لێ قەدەخە کرابوو، پێیان گوترابوو؛ زمانی کوردی فڕێبدەن و لە بیری بکەن، بەڵام تۆ کوردی و خۆشەویستیی زمانەکانت فێرت کردن. لە رێگەی تۆوە مرۆڤ نەک هەر زمانی کوردی، بەڵکو هەموو زمانێکی دیکەی خۆشدەوێت و دەبێت بە پارێزەری زمانەکان. حوسێن ئەردەم کە ئێستا نەخۆشە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، لەم وتارە و لەو بەڵگەفیلمەدا کە لە تۆڕی میدیایی رووداو دا دروستمان کردووە و لە داهاتوودا لە رووداو دەیبینن، دەخوازم بە کورتی پێیبێژم؛ رەنج و ماندووبوونی تۆ لە بیر ناکرێت بۆ زمانی کوردی و، خۆشمان دەوێیت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا