بڕیاری کشانەوەی سەرجەم چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەرچەرخانێکی گرنگە لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، کە ماوەی ساڵێکە تورکیا و پەکەکە بە کردارەکی کاری بۆ دەکەن. ئەم هەنگاوەی پەکەکە لە کاتێکدایە، کە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی (کۆمیسیۆنی ئاشتی)، لە عەرەفەی نووسینەوەی راپۆرتی کۆتایی و خستنەڕووی پێشنیازەکانیەتی بۆ زەمینەسازی یاسایی و سیاسی لە پرۆسەی ئاشتی. ئەو بڕیارەی پەکەکە، دەکرێت ئەو چەقبەستووییەی پرۆسەکە کە لە ئەنجامی بێ متمانەیی نێوان دەوڵەت و پەکەکە دروستبووە، بتوێنێتەوە. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی بێ متمانەیی نێوان دەوڵەت و پەکەکە، سستی و بێ ئیرادەیی لە پرۆسەکە بەدی دەکرا، چونکە دەوڵەتی تورکیا چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتر بوو لە پەکەکە. داوای دەکرد چەک دابنێن ئینجا هەنگاوی یاسایی لە پرۆسەکەدا دەنێن. لە بەرامبەردا پەکەکە داوای هەنگاوی یاسایی دەکرد بۆ زامنکردنی چارەنووسی چەکدارانی، ئینجا چەکەکانی دابماڵێت. ئەو خولگەیە لە لێدوانەکانی هەردوولا بەدی دەکرا و وایکردبوو پرۆسەکە بکەوێتە ژێر پرسیار و تەنانەت وەکو ئامرازێکی دەمەتەقێی سیاسی لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دژی پرۆسەکە و دەوڵەت بەکاردەهێندرا. لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 بۆ 2015، یەکەم هەنگاو کە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) داواکرا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بریتی بوو لە بڕیاری کشاندنەوەی چەکدارانی پەکەکە لەنێو خاکی تورکیا. پەکەکەش دەستی بەو پرۆسەیە کرد، بەڵام بە تەواوی نەکشایەوە و پرۆسەکە هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە بناری قەندیل، بە ئامادەبوونی سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بە فەرمی کشانەوەی خۆی راگەیاند.
بڕیاری کشاندنەوەی چەکدارانی پەکەکە لەنێو تورکیاوە بۆ هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەوە پیشان دەدات پەکەکە رژدە لەسەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی. لە چوارچێوەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و پابەندبوون بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو هەنگاوەی ناوە. هەروەها ئەو هەنگاوە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دووپات دەکاتەوە، چونکە ئیرادەی نەهێشتنی هێزی چەکداری پەکەکە لەنێو خاکی تورکیا پیشان دەدات. ئەم هەنگاوە ئەوەش دووپات دەکاتەوە، پرۆسەی ئاشتی نەوەستاوە و لە مەیدان بەردەوامە. دەسەڵاتدارانی تورکیا پێشتر ئاماژەیان بەوە دابوو کە میکانیزمێکی چاودێریکردنی چەکدانان و خۆهەڵشاندنەوەی پەکەکە لە مەیدان هەیە، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا (میت) و هەواڵگریی سەربازی تورکیا بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی رابردوودا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میت، لە بریفینگەکانی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کۆمیسیۆنی ئاشتی و پارتە سیاسییەکان ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، کە پرۆسەکە لە مەیدان بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت کە تورکیا دەیەوێت.
بڕیاری کشاندنەوەی پەکەکە لەنێو خاکی تورکیا، لەسەر فەرمانی ئۆجەلان بووە. لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە وێنەیەکی ئۆجەلان لە پشتیان هەڵواسرابوو. ئەو وێنەیە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان وەرگیراوە، کە ئاراستەی قەندیلی کردووە. پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان لە چەند رۆژی رابردوو بووە. ئەو پەیامەی ئۆجەلان لەسەر راسپاردەی دەوڵەتی تورکیا ئاراستەی پەکەکە کراوە بۆ ئەوەی بەردەوامی پرۆسەکە لە مەیدان پیشان بدرێت و کۆتایی بەو گەنگەشانە بهێندرێت کە باس لە وەستانی پرۆسەکە دەکات. بەتایبەتی لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و میدیاکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، چونکە ئۆجەلان و تەنانەت دەوڵەتیش لە زمان و شێوازی گەنگەشەکردنی پرۆسەی ئاشتی لە کەناڵە میدیاکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناڕەحەت بوون.
هەنگاوی ئەم دواییەی پەکەکە فرە رەهەندە. ماوەی چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە پەکەکە بوونی نەماوە لە نێو سنوورەکانی تورکیا. لەراستیدا سوپای تورکیا، تەنها چالاکی سەربازی پەکەکەی پێ راوەستابوو. ئەو هەنگاوە ئەوەی پیشاندا کە هێشتا پەکەکە چەکداری لەنێو سنورەکانی تورکیادا ماوە. دەربارەی چۆنیەتی گواستنەوەی ئەو 25 چەکدارەی کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ئامادە بوون، گوایە لە تورکیاوە پاشەکشەیان کردووە بۆ نێو هەرێمی کوردستان، پرسیاری ئەوەی دروست کردووە، گواستنەوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و سوپای تورکیا بووە، یان چۆن و بە چ رێگایەک لە سنورەکانی تورکیا دەربازیان بووە؟. رێکخراوێک کە لە مانگی ئایاری رابردوو بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەی دابێت و لە مانگی تەمموز بڕیاری چەکداماڵینی دابێت، ئێستا بە ئاسانی بتوانێت پۆلێک لە چەکدارانی لە نێوان دوو وڵآت بە چەکەوە بگوازێتەوە، ئەوە گەواهیدەری کەمتەرخەمی تورکیایە لە پرۆسەی ئاشتی، کە هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەبووە تا ئێستا بۆ ئەوەی یارمەتیدەری پەکەکە بێت لە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان. کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە تەنها لە نێو سنورەکانی تورکیا نەبوو، بەڵکو لە ناوچە سنورییەکانی نزیک تورکیا پەکەکە دەکشێتەوە. ئەو هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێکی نانەوەی پشێوی و هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە نەمێنێت، یان لەهەر ئەگەرێکدا، پەکەکە لەگەڵ ئەو بڕیارە بێبەری خۆی لەو هەوڵانە رادەگەیەنێت.
هەر لە چوارچێوەی هەنگاوە مەیدانییەکانی پەکەکە، لەماوەی داهاتوودا پلان وایە پەکەکە چەند حەشارگەیەکی خۆی لە ناوچە سنورییەکان چۆڵ بکات و رادەستی سەربازانی تورکیا بکات بۆ لەناوبردن، وەکو ئاماژەی نیازپاکی لە چەکداماڵین. هەروەها هەنگاوێکی دیکە کە لە پەکەکە چاوەڕێ دەکرێت، ئەویش چەکدارانی خۆی لە ریزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، بە فەرمی بکشێنێتەوە.
نهێنی و گرنگیی سەبری ئۆک
سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)یە. ناوێکی گرنگ و دیاری نێو پەکەکەیە. بەهۆی بەشداریکردنی لە زنجیرە هێرشەکانی پەکەکە لە 1984 بۆ سەر چەند خاڵێکی سەربازی لە باکووری کوردستان، لە ساڵی 1985 تا 2005 لە زیندان بوو. دوای ئازادبوونی دەچێتە ئەوروپا و سەرپەرشتی رێکخستنەکانی پەکەکە دەکات لە ئەوروپا. هەروەها رۆڵێکی گرنگی هەبوو لەگواستنەوەی چەکدارانی پەکەکە لە تورکیا بو وڵآتانی دەوروبەر و ئەوروپا. سەبری ئۆک یەکێک بوو لەشاندی دانوستاندکار لە بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ساڵی 2006. بەهۆی کاریگەری سیاسی، بە سەرۆکی سێبەری پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەپە) دەناسرا. بەهۆی هاوڕێیەتی نزیکی لەسەردەمی زیندانی، لەگەڵ نوورەدین دەمیرتاش (برای سەڵاحەدین دەمیرتاش) توانی نوورەدین دەمیرتاش بکاتە سەرۆکی (دەتەپە) لە 2007-2008. دوای داخستنی دەتەپە، سەبری ئۆک یەکێک لەو سەرکردانەی پەکەکە دەبێت کە کاریگەری لەسەر سیاسەتی پارتی دیموکراسی و ئاشتی (دەتەپە) دەبێت. ناوێکە لەنێو هەواڵگریی تورکیا ناسراوە بە کەسایەتی دانوستاندن. سەبری ئۆک یەکێک بوو لەو سەرکردانەی پەکەکە کە لەرێگەی هەولێرەوە چووە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بۆ دانوستاندنەکانی نێوان پەکەکە و هەواڵگریی تورکیا لە ساڵی 2010. بەپێی تۆمارەکانی دانوستاندنەکانی ئۆسلۆ، لە دانیشتنی نێوان هەواڵگریی تورکیا لەگەڵ شاندی پەکەکە لە 27ی شوباتی 2010 لە ئۆسلۆ هاکان فیدان (ئەو کاتە جێگری راوێژکاری میت بوو) داوای لە سەبری ئۆک دەکات هێندە کاریگەر نەبن لەسەر بەدەپە و لێگەڕێن سیاسەت بکەن. هەر لەهەمان دانیشتن داوا لە سەبری ئۆک دەکات سەرکردایەتی بەدەپە بۆ پاڵپشتی حکومەتی تورکیا لە پەرلەمان ئاراستە بکەن.
راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی و پاکێجێکی تایبەت بە پەکەکە
کۆمیسیۆنی ئاشتی تاوەکو ئێستا 15 کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجام داوە بۆ گوێگرتن لە چین و توێژە جیاجیاکانی تورکیا، نزیکەی 960 لاپەڕە تۆماری تەواوی کۆبوونەوەکانە. بڕیار وایە پێش نووسینەوەی راپۆرتی کۆتایی، کۆمیسیۆنی ئاشتی جارێکی دیکە هەر یەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا (میت)، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی نیشتیمانی، عەلی یەرلیکایە، وەزیری کاروباری ناخۆی تورکیا بانگهێشتنی کۆمیسیۆن بکات بۆ گوێگرتن لەدوایین راپۆرتی هەواڵگری مەیدانی و سەربازی و ئەمنی لەسەر پەکەکە. چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی خۆی رادەستی پەرلەمانی تورکیا بکات پێشنیازەکانی کۆمیسیۆنی ئاشتی زیاتر پەیوەست دەبن بە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە تورکیا. لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا (میت) و وەزارەتی دادی تورکیا رەشنووسی پاکێجێکیان تایبەت بە پەکەکە تەواو کردووە. لەبەر ئەوەی نابێت یاسای تەنها لایەنێک بگرێتەوە، بۆیە پاکێجەکە بەشێوەیەک دارێژراوە کە چارەنووسی ئەو رێکخراوانە دیاری دەکات، کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانانیان داوە. پاکێجەکە چارەنووسی چەکدارانی پەکەکە، دوای چەکدانان و گەڕانەوەیان، هەروەها رەوشی هەندێ زیندانیانی پەکەکە دیاری دەکات. هەر لەچوارچێوەی هەمان پێشنیازەکان، هەندێ سیاسەتمەداری کورد کە لە تورکیا سزادراون و ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێن، رێگە یاسایی و سیاسییان بۆ خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە تورکیا و لەپاڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بکەن لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ