زیاتر لە سێ مانگە رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە بۆری و فرۆشتنی بە بازاڕەکانی جیهان کراوە و "رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 30 رۆژ لە کاتی واژۆکردنییەوە کاری پێدەکرێت و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025 درێژ دەکرێتەوە. لایەنەکان دەتوانن رێکبکەون لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ کاتێکی زیاتر یان پێشوەختە کۆتایی پێبهێنن".
رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ روونکردنەوەیەکی لەبارەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، لەسەر فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە کێڵگەی تاوکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "پابەندن" بە رادەستکردنی نەوتی خاو بە حکومەتی فیدراڵی بۆ مەبەستی هەناردەکردن یان بەکارهێنانی ناوخۆیی. هەروەها لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "دەبێت سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی سۆمۆ بکەن، جگە لەو نەوتەی بە مەبەستی بەکارهێنانی نێوخۆ گلدەدرێتەوە".
بەپێی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە کۆمپانیایەکی راوێژکار رادەسپێرێت بۆ پێداچوونەوە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و خەرجی کۆمپانیاکان و شایستەی دارایی وەبەرهێنراو لە کێڵگەکان و قازانجی کۆمپانیاکان، کە باس لە گەورە کۆمپانیای وەک وود ماکینزی دەکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەکارنەبووە و بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیا راوێژکارەکە بڕیارە لەساڵی نوێیەوە دەستبەکاربێت چ وودماکینزی بێت، یان کۆمپانیایەکی دیکە.
بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە، نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووک هەژماردەکرێت و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بە نرخی رۆژی برێنت و بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بە بۆرسەی عوممان و بۆ ئەمریکا بە نرخی رۆژئاوای تەکساس WTI دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 سۆمۆ جۆری نەوتی کەرکووک لەو بەرهەمانەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات دانەناوە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە چارەنووسی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە 2026دا چی دەبێت و ئاڵینگارییەکانی بەردەم رێککەوتنەکە چین، بۆچی ئەگەر بەم شێوازەی ئێستاش بێت بەردەوامبوونی باشە؟
ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێککەوتنی سێقۆڵی لە 2026دا
یەکەمیان: لەکاتێکدا سۆمۆ بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، هاوسەنگییە ئابوورییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا تێکچووە. ئامارەکان دەری دەخەن کە هەناردەکردن لە تشرینی دووەمی 2025 دا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کۆی هەناردە نزیک دەبێتەوە لە 20 ملیۆن بەرمیل. خاڵی جەوهەری ئەوەیە، هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم نەوتەدا تەنیا چاوەڕێی مووچەیە، نەک بودجە؛ بەڵام وەک دەبینرێت ناردنی مووچەش بە رێکوپێکی نییەو ساڵ تەواو بوو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی دوو مانگی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
ئێستا عێراق لەقۆناخی هەڵبژاردنەوەی دامەزراوەکانی دایە و شاندەکان گفتوگۆ دەکەن، پرسیارەکە لە پەیوەندی هەولێر و بەغدا ئەوەیە: ئایا مەرجی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای فرۆشتنی نەوت لەلایەن سۆمۆوە بۆ زیاتر لە سێ مانگ چی دەبێت:
یەکەم: تەنیا مووچە دەبێت و ەویش بەمشیوەیە؟ ئەگەر یاسای بودجەش بێت هەر ژمارەکانی نێو یاساکە دەبێت؟
- کۆتاییهێنان بە پرسی ئابووری وەک چەکێکی سیاسی و هاتنەئارای قۆناخێکی نوێی ئابووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان وەک سەرەتای 2005 دابین بکرێت؟
- ئەنجامدانی رێککەوتنی کاتی و چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاتی و باشبوونی پەیوەندییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی و دواتر دووبارە سەرهەڵدانەوەی راسپاردنی لیژنەکان و ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەکان بۆ گفتوگۆ لە 2026دا؟
دووەمیان: کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لەماوەی نێوان ئەیلوولی 2022 بۆ ئاداری 2023 نەوتیان بەرهەمهێنا و نەوەکو قازانجیان وەرنەگرتووە، بەڵکو حەقدەستەکانیشیان بووە بە قەرز، کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە و زۆرترینی هی کۆمپانیای دی ئین ئۆیە. لەکاتی رێککەوتنی سێقۆڵی بڕیاربوو لەماوەی مانگێکدا کۆبوونەوەکان دەستپێبکات و میکانیزمی چۆنیەتی دانەوەی قەرزەکان بێتەئاراوە و هەر لەبەرئەوەش بوو لەوکاتەدا دی ئین ئۆ بڕیاری بەردەوامیدانی پشکی خۆی بەشێوازی فرۆشتنی نەوتەکە بەنێوخۆ دا و مەرجی میکانیزمی دانەوەی قەرزەکانی کردە بەشداریی لە رێککەوتنی سێقۆڵیدا.
هەروەها بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەم شێوازەی ئێستا، کە سۆمۆ پەیڕەوی دەکات بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان، شتێکی ئەوتۆی لە فرۆشتن بەنێوخۆ نەگۆڕیوە، چونکە بنەمای پێدانی شایستەکانیان بە نەوت و بە هاوکێشەی "ژمارەی ئەو بەرمیلانەی کە دەدرێتە کۆمپانیاکان وەکو قەرەبوو = ژمارەی ئەو بەرمیلانەی لە مانگی پێشوودا لە جەیهان رادەستکراون × 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ÷ نرخی پێشوەختەی هەناردەکردن (بەپێی تێکڕای نرخی خەمڵێندراوی نەوتی کەرکووک لەلایەن کۆمپانیای پلاتس)"، کە ئەم میکانیزمە ئەو بڕەیە کۆمپانیاکان لەماوەی ئادار 2023 بۆ ئەیلوول 2025 نەوتیان بەنیوخۆ فرۆشتووەو بەکاشیش بووە.
ئایا قەرزەکان لە 2026 دا دەبنە رێگری جیدی بۆ کشانەوەی کۆمپانیاکان، یاخود بەردەوامی دەدەن بە میکانیزمێکی درێژخایەن، کە قەرەبووییان بکرێتەوە، ئەگەر بەنەوتیش بووبێت، یاخود هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نوێ دەگرێتەبەر بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
سێیەمیان: کوالیتی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش چڕییەکەی یان API نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی وەک بنەما لە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا هاتووە، کە 36 پلەی API بێت، کەمتر یاخود زیاتر بەبڕی 0.04 دۆلار دیاریدەکرێت.
مێژووی نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک لە بەندەری جەیهان بۆ بەرزی APIی کەی دەگەڕێتەوە، کە سەروو 36 پلە بووە و هەربۆیەش باسدەکرا کە نەوتی کەرکووک بە دوو دۆلار سەروو برێنت دەفرۆشرێت لە بازاڕەکانی جیهان.
ئێستا نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جۆری API بەمشێوەیە بووە، کە 80 هەزار بەرمیل نەوتی تاوکی APIکەی 28 پلە بووە، 40 هەزارەکەی کێڵگەی شێخان API کەی 18 پلە بووە، 30 هەزارەکەی ئەترووش APIکەی 24 پلە بووە، تاکە کێڵگەی نەوتی کە API کەی لە کەرکووک بەرزترە 27 هەزارەکەی کێڵگەی سەرسنگ کە 37 بۆ 39 پلە بووە.
هەرچەندە سۆمۆ بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 کوالیتی نەوتی کەرکووک "کە نەوتی هەرێمی کوردستانە" هێناوەتە خوارەوە، کە ئەمەش بۆ جیاوازی زۆری ئەو بڕەی لەرێککەوتنەکەدا هاتووە و پێشووتر نەوتی کەرکووک پێی ناسراوە و هەناردەکراوە.
چوارەمیان: مانگی تەممووزی 2026 رێککەوتنی ئەنقەرە و بەغدا بۆ هەناردەکردنی بۆری نەوتی هەناردەکراوی عێراق و تورکیا کە بە ITP ناسراوە کۆتایی دێت و بڕگەکانی رێککەوتنێکی نوێ لەلایەن تورکیاوە رادەستی عێراق کراوە و لەماوەی ئەمساڵیشدا چەند جارێک گفتوگۆ و کۆبوونەوەی هاوبەش کراوە، ئەوەی دەبینرێت داواکاری ئەنقەرەیە لەرووی مافی بەکارهێنان و بڕی نەوتی هەناردەکراو بە بۆرییەکەدا، چونکە ئەگەر شێوازێکی وەکو ماوەی دوو ساڵ و نیوی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بۆرییەکە خاڵییە و هەوا دەگوازێتەوە، بەڵام ئەمجارە ئەنقەرە دەیەوێت بەردەم نەوت لە بۆرییەکەدا بێت و بڕەکەشی زۆر بێت.
رەهەندێکی دیکەی نوێکردنەوەی ئەم گرێبەستی هەناردەکردنی نەوتەی نێوان عێراق و تورکیا پەیوەستە بەهاتنی کۆمپانیای بی پی BP بەریتانی و رێککەوتنە 25 ملیار دۆلارییەکەی بۆ چوار کێڵگەی نەوتی و گازی کەرکووک و زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە 320 هەزار بۆ نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
دوایین کۆبوونەوەی شاندی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە لە 17ی تشرینی دووەمی 2025 لە ئەنقەرە بوو، کە ئاماژە بەوەکرا کەشوهەوای دانوستانەکان ئەرێنی بووەو ئەو تێگەیشتنانەی بەدیهاتووە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دانانی رێککەوتننامەیەکی نوێ، کە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات و بەردەوامی کارەکانی گواستنەوە دەپارێزێت و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان بەدی دەهێنێت.
خاڵێکی دیکەش، یەکێک لە کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی ئەم دانوستاندنانە، ئامادەنەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی وەزارەتی نەوت و سۆمۆ بوو. لەبەر ئەوەی ئەم رێککەوتنانە رەهەندی ستراتیژییان هەیە و بۆ دەیان ساڵی داهاتوون، پێویست بوو هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی کاریگەر بەشدار بێت. پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی وزەدا تەنها لە هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی خۆی کورت نابێتەوە، بەڵکو بۆریی (KPC) تاکە رێگەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووکە بۆ دەرەوە، جگە لەوەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستانیش لە داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی هەناردەکردنی وزە لەسەر ئاستی ناوچەکە.
کۆتایی
بەپێی زانیارییەکان ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوت بە تانکەر بۆ بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەگوازنەوە، رێککەوتنیان نوێکردووەتەوە تاوەکو نیسانی 2026، واتە بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و هیچ لایەنێکی نێو رێککەوتنە سێقۆڵییەکە تائێستا بڵاوکراوەی نەبووە بۆ درێژەنەدان بەرێککەوتنەکە، بگرە سۆمۆ لەدوایین راگەیێندراویدا ئاماژەی بە بەردەوامیدان بە هەناردەکردن کردووە، بەڵام ئەو ئاڵینگارییانەی ئاماژەی بۆکرا ئەگەر نەبێتەهۆی راگرتنی هەناردەکردن، ئەوا دەتوانێت شێوازی هەناردەکردن لە 2026 و گۆڕانکاری لە خاڵەکانی نێو رێککەوتنی سێقۆڵی بهێنیتە ئاراوە.
هەروەها نابێت ئەوەش نادیدە بگرین، کە رێککەوتنەکە لە دەرەوەی داواکاری سێ لایەنەکە بووە بە لێخۆشبوون بێت یان دواخستنی کێشەکان چ پێش رێککەوتن و چ ئێستا لەکاتی جێبەجێکردنیدا، هەروەکو چۆن بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆ قەرەبووکردنەوەکەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بە بڕی 1.4 ملیار دۆلار تائێستا باسنەکراوەتەوە، کە بەیاسای نێودەوڵەتی ئەنقەرە پابەندکراوە بیدات بە عێراق.
لەراستیدا پرسەکانی وەک قەرزی کۆمپانیاکان و کوالیتی نەوتی هەناردەکراو و رێککەوتنی بۆری تورکیا و عێراق رەنگە زۆر ئاسانتر بێت لەپرسی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەولێر و بەغدا، چونکە دواجار دەتوانرێت میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرزەکان بگردرێتەبەر، کوالیتی نەوتەکە بە گازی کۆندینسەێتی کۆرمۆر بەرزبکرێتەوە و بڕیاریشە لە سەرەتای 2026وە بڕی گازی کۆندینسەیتی کۆرمۆر کە سەروو 15 هەزار بەرمیلە و APIکەی لەنێوان55-63 دایە تێکەڵی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ هەناردەکردن و دواجار عێراق و تورکیاش بەبێ بەشداری هەرێمی کوردستان بێت، یان بەجێبەجێکردنی داواکەی تورکیا دەگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەوەی دەمینێتەوە بەغدا چۆن پرسی پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ هەولێر یەکلادەکاتەوە؟
لەکۆتاییدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری، تەنانەت بەمشێوازەی ئێستاش بێت، کۆمەڵێک کاریگەری جیاوازی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت وەک: لە هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی وەبەرهێنان و خەرجی CAPEX کۆمپانیاکان بۆ نموونە هەڵکۆڵینی هەشت بیری نوێ لەلایەن دی ئین ئۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێاننی نەوت بۆ 100 هەزار لە گرێبەستی تاوکی، هەلکۆڵینی سێ بیری نوێ لەلایەن ئیچ کەی ئین و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی سەرسنگ بۆ سەروو 38 هەزار بەرمیل و هتد. هەروەها بۆ عێراقیش ئەو سەروەرییەی بەدوایدا دەگەڕێت، کە هەناردەکردن لەژێر دەسەڵاتیدا بێت و پابەندی بەبڕی بەرهەمهێنان لەرێکخراوی ئۆپیک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ