گێڕانەوە و نووسین دوو بونیادی هاوبەشی یەكترین، نووسین لەڕێگەی گێڕانەوە وێنای ڕووداو دەكات، گێڕانەوەش لەڕێگەی نووسینەوە ڕووداو دەگێڕێتەوە، پەیوەندیی ئەو دووە لەدایكبوونی گوتاری تێكستە، ئەگەرچی بەپێی ئاستی زەمەنی ئەو دووە تەواو گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە. ئەوە "نووسەر"ـە لەنێوان گێڕانەوە و نووسیندا وەستاوە، لێرەدا نووسەر دەبێتە كەناڵی پەیوەندی، سەرەنجام گوتار ئەنجامی ئەو پەیوەندییەیە، هەریەكە لە تێكست و نووسەر وەك دوو ئامادەبووی ناو یەكتر دەردەكەون، ئەوانیش دەبنەوە بە ئامادەبوونی گوتار.
ئامادەبوون لای هەر نووسەرێك پەیوەستە بەچۆنیەتی خولقاندنەوەی پەیوەندی. بۆ تێگەیشتن لە ستراتیژی گوتار پێویستمان بەوە دەبێت سێنتەری گوتار "تێكست" هەڵبوەشێنینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بچینەوە سەر بونیادەكان بەر لە بوونیان بە گوتار، هەڵوەشاندنەوەی سێنتەر پڕۆسەی سەرەتایی نووسینە، تێگەیشتنە لە ئامادەبوونی بونیاد كە هەریەكە لە گێڕانەوە و نووسین نوێنەرایەتی دەكەن، ئەوە ئامادەنەبوونی گوتارە، گوتار لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەر دەگەڕێتەوە، بۆ بەر لە پڕۆسەی ئامادەنەبوون.
بۆ ئەوەی لە گوتارەوە سەیری تێكست نەكەین، دەبێت بگەڕێینەوە ناو بونیاد، ئەو ساتەی بونیادەكان نەبوونە بە گوتار. نووسەر لەنێوان بونیادەكاندا بەشداری لە گەمەی زمان دەكات. نووسەر لەنێوان بونیادەكاندا چ گەمەیەك دەكات؟ ئەوە پرسیارە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی سێنتەر، پرسیارێك گومان لەكۆی پڕۆسەی دامەزراندن دەكات، تاوەكو بچێتەوە سەر ڕەگی بونیاد، بۆ ئەوەش پێویستمان بەو جومگانە دەبێت كە وەك بونیاد دەركەوتوون. نووسەر خەونی هەیە بۆ دامەزراندنی گوتار "تێكست"، ئەو خەونەی لە كردەی خوێندنەوەوە ناتوانین لە ماناكان تێبگەین بەبێ گەڕانەوە بۆ ناو بونیاد.
ئەو ستراتیژە بۆ خوێندنەوە دەتوانرێت بۆ پڕۆژەی نووسینی هەر نووسەرێك پیادە بكرێت، كاتێك نەمانتوانی بیگوازینەوە ناو پڕۆژەی نووسین، دەبێت گومان لە میتۆدی ڕەخنە نەكەین، بەڵكو پێویستە هەڵوەستە لەسەر گوتار بكەین كە ئامادەبوون لە بنەچەكەدا پڕۆسەی نائامادەبوونە، دەنا دەبێت بتوانین بیگوازینەوە ناو پڕۆژەی نووسەری تێكست، بۆیە چەمكی گێڕانەوە وابەستەی فۆڕمێك نییە هێندەی پەیوەستە بە پەیوەندیی گێڕەرەوە بە زمانەوە. ئەوە گێڕانەوەیە وێنای فۆرم دەكاتەوە، لەو ساتەشدا هەموو ئەو لۆژیكەی لەناو مەعریفەی بەرایی گێڕانەوەدایە دەكەوێتە ناو پڕۆسەیەكی گومانكاری، بەوەی گێڕانەوە وابەستەی چۆنیەتی كردەكەیە لەلای گێڕەرەوە.
پاوڵۆ كۆیلۆ لە ڕۆمانی "دەستنووسە دۆزراوەكەی ئەكرا" دەستنووسێكی دۆزراوە دەكات بە بنەچەی خولقاندنەوەی ڕۆمانەكەی، لێرەوە ئاستەكانی گێڕانەوە و پەیوەندیی كارەكتەرەكان لەگەڵ یەكتری دەباتە ناو پرسیاری مرۆڤەكان لە گێڕەرەوە. گێڕەرەوە كە لەڕێی دەستنووسەكەوە هەڵگری مەعریفەی زمانە، ئەوانیتر پرسیاری لێ دەكەن بۆ ئەوەی ئاشنایەتی پەیدا بكەن بۆ چۆنیەتی ڕەفتاركردنەوە. لێرەوە تێكست دەستنووسەكە دەكاتە پەیوەندیی گێڕەرەوە بە پرسیاری ئەوانیتر.
هەر یەكێك لە مرۆڤەكان نوێنەرایەتی توێژێك دەكەن، سەرئەنجام كۆی كارەكتەرەكان كۆمەڵگا پێكدێنن، كۆمەڵگایەك لەبەردەم دەستنووسەكەی ئەكرا، مانای پیرۆزی دەگەڕێننەوە، دەیانەوێت لەو ڕێیەوە بەپێی دەستنووسەكە ڕەفتار بكەن.
ئەوەی گێڕەرەوە دەیزانێت پەیوەست نییە بە زانینی خۆیەوە. ئەو دەستنووسێكی بەدەستەوەیە، مرۆڤەكان بەدەوری خۆیدا دەخولێنێتەوە، وای كردووە پەیوەندیان ببێت بە نەزانینی گشتی و مەعریفەی دەستنووس.
هەر یەك لە مرۆڤەكان لەڕێگەی ناو یاخود پیشەیەوە وێنەیەكی ڕوون بەخوێنەر دەبەخشێ، بەڵام ناچێتە ناو ژیانی ئەو كارەكتەرانەوە. ئەوەی لە مەعریفەی كوردیدا وەك گریمانە سەپاوە بەسەر ڕۆماننووسدا وەك ئەوەی دەبێت پابەند بێت بەو مەرجانەی نووسین، كۆیلۆ بەهیچ جۆرێك پابەندیان نییە، بەڵام مەعریفەی ئێمە و ترس لەویتر ناهێڵێت دەرگای ڕەخنە بەڕوویدا بكاتەوە، گەر وەك ئەوەی تێكستی كوردی بێبەها دەكرێت بەبیانووی ئەوەی ئیش لەسەر كارەكتەرەكان نەكراوە، گەر ئەو ڕۆمانە بەنموونە بێنینەوە، دەبێت بڵێین ئەو ڕۆمانەی پاوڵۆ كۆیلۆ دەبێت لە دادگای ئەو گوتارە ڕەخنەییەدا بچێتە ئاستی شكستی زمانەوە، ئەو ئاماژەیە دەرفەتێكی لەبارە تا وەڵام بەو نەزانییە ڕەخنەییە بدەینەوە كە هەمیشە كاریان كوشتنی ڕۆحی جوانییە.
لێرەدا هەوڵ نادەین لە مەبەستی وتارەكە لەوە زیاتر دووربكەوینەوە، ئێمە كاتێك سەیری كارەكتەرەكان دەكەین، وەك ئامادەبوونی گوتار سەیریان ناكەین، بەڵكو دەچینەوە ناو ئەو پرسیارانەی كارەكتەر لە گێڕەرەوەی دەكەن، بەواتای ئەوە ئامادەنەبوونی مانایە لە بونیاددا، گەر كارەكتەر ببێتەوە بونیاد. كەواتە بونیاد لە دەرەوەی مەعریفەوە پرسیار دەكات لە گوتاری پێشینە كە دەستنووسەكەیە.
سەرئەنجام گێڕانەوە و نووسین بەشداری لە نەزانینی كارەكتەر و پرسیارەكانی دەكەن، نووسەر لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی نووسین گوتاری تێكست دادەمەزرێنێ، گوتارێك تەواوی ماناكانی نووسیوەتەوە. نووسینەوەی مانا بەخشینی مەعریفەیە بە كارەكتەر، لێرەوە كارەكتەر و خوێنەر وەك یەك لەناو تێكستدا بەشدارن بۆ تێگەیشتن و وەرگرتنی مەعریفە.
ئەگەر هەمان ستراتیژ بگوازینەوە ناو ڕۆمانێكی تری نووسەر بەناوی "سیخوڕ"، ئەو كاتە دەبێت قووڵتر سەیری ئەو بابەتە بكەین، بەهۆی ئەوەی كۆی تێكست ئەدەبی نامە دەینووسێتەوە. بەڵام ئەوە داڕشتنێك نییە بۆ خوێنەر وەك وەرگرێك كە نامەیەكی ڕەوانبێژی ئاراستە بكرێت، بەقەد ئەوەی فۆڕمی نامە دەبێتە بونیادی گێڕانەوە لەناو بونیادی نووسیندا كە نامەكەیە. لێرەوە ڕووداو دەبێتە ئامادەبوون لەناو بونیاددا، كارەكتەری ماتا هاری، سەماكارێك كە بەتۆمەتی سیخوڕی دەستگیركراوە و دوای مەرگ نامەكەی دەگاتە دەستی پارێزەر، خوێندنەوەی نامەكە هیچ شتێك لە ژیانی نووسەری نامە ناگۆڕێت، ئەوەش دەرخەری ستراتیژی گێڕانەوەیە كە گێڕانەوە نووسینەوەی ڕابردووە. پارێزەرەكەش ئەو نامەیەی بۆ ماتا دەینووسێت بەهەمان شێوە ناگاتە ماتا هاری، چونكە ئیدی ئەو لەسێدارە دراوە. دەشێت نامەی ڕۆژنامەنووسەكەش تەنیا بەخشینی مەعریفە بێت بە ڕووداو و جۆرێك لە شاهیدیی دوای مەرگ بێت.
لێرەوە هەریەكە لە نووسین و گێڕانەوە لە گەشەسەندنێكی بەردەوامی ناو دۆسیەیەكدان كە تێكست "گوتار" لە پڕۆسەی ئامادەبوونی كۆتایی بەژیان دێنێ و ئامادەبوونی مەرگ ئامادەبوونی گوتارە. لێرەوە نووسین و گێڕانەوە ئامادەبوونی ژیانە، بۆیە دەمانباتەوە ناو ڕابردووی ڕووداو، وەك چۆن نامەكەی مارتا مەعریفەی ناسینی زەمەنی دەگرێتە خۆی لە دوو ئاستدا، لەلایەك پەیوەندی بە شانۆنامەكەی ئۆسكار وایڵد، لە لایەكی دیكەوە ئامادەبوونی نیگاركێشەكانی وەك بیكاسۆ و مۆدیلیانی لەو سەردەمەدا وەك وێنەیەكی كولتووری خۆرئاوایی و پاریس بەرجەستە دەكات.
لەو ساتەدا بونیادەكان دەبەینەوە سەر ڕووبەری نووسین، ساتەوەختێكە چەندە گوتار تێكستێكی مێژوویی نووسیوەتەوە، لەهەمان كاتدا مانایەكی دیكە بە زەمەنی ئەدەبی دەبەخشێ لەڕێگەی گێڕانەوە. ئێمە كە بونیادەكانمان خستەوە سەر ڕووبەری بەتاڵی نووسین، خۆمان وەك خوێنەر لەودیوی ڕووبەرە بەتاڵەكە سەیری بونیاد دەكەین، ئەو وێنەیە دەبینین كە چۆن بونیادەكان یەكتر دەگرن و بەشداری لە نووسینەوە و گێڕانەوەدا دەكەن، تاوەكو سێنتەر دەخوڵقێنن.
خوڵقاندنی سێنتەریش دامەزراندنی گوتارە، گوتار دەبێتە خوڵقاندن و تەواوكردنی تێكست كە دنیابینی ناو گوتار، تیایدا مێژوو دەمرێت و تێكست زیندوو دەبێتەوە. ئیدی ئێمە لەناو تێكستەوە ڕووداو دەخوێنینەوە، نەوەك بەگەڕانەوە بۆ ناو مێژوو سەیری تێكست بكەین، ئەوەش خاڵێكی گرنگی ناو ئەو تێكستانەیە. كاتێك ڕووداوەكان دەگەڕێنەوە ناو مێژوو، تێكست نابێتە گێڕانەوەی ڕووداو، هێندەی تێكست ڕووداو دەخوڵقێنێتەوە، بۆیە لەبری دادگایی تێكست و كوشتن، دەكرێت ئەو گریمانەیە بخەینەڕوو كە چۆن لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری گوتارەوە تێكست دەبێتە ڕووبەرێكی زمانەوانیی نوێ بۆ خوێندنەوە. بۆیە لەبری ئەوەی مێژوو بێنینەوە بۆ كوشتن، تێكست مێژوو زیندوو دەكاتەوە، وەك بوونێكی سەرمەدی. ئەوەش وادەكات مانای ناو تێكست، ئاماژە بەردەوامیەكەی ڕووداو بێت، ئاماژە مێژووییەكان یادەوەری و تۆمارێكی ڕابردوون، ئەوە تێكستە زیندوویی دەبەخشێ. ئەو میكانیزمە دەتوانین بیگوازینەوە بۆ ناو تێكستی كوردی و بەشێكی دیاری تێكستەكان لەو ڕووبەرەدا ببینین. خۆمان لە گریمانەی مێژوویی دەرباز بكەین و تێكست وەك ئامادەبوونێكی بەردەوام بخوێنینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ