پرسەی پێلێ کەی دەبێت و لە کوێ دەنێژرێت؟

01-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێلێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێلێی ئەفسانەی بەرازیلی، کە ئێوارەی پێنجشەممە کۆچی دواییکرد، بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت. هەمووان چاوەڕوانن بزانن کە پرسەی گەوهەری رەش کەی دەبێت و کەی رێوڕەسمی ناشتنی بەڕێوەدەچێت.
 
پێلێ ماوەیەکی زۆر بەدەست شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە دەیناڵاند، بەرلەوەی لە تەمەنی 82 ساڵیدا بەیەکجاری ماڵئاوای لە جیهان بکات. 
 
ئەفسانە لە مانگی ئەیلوولی 2021 نەشتەرگەرییەکی بۆ لابردنی گرێیەک لە لای راستی کۆڵۆن بۆی کرا، دواتر دەستی بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی کرد و ئاشکراکرا کە پێلێ تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە، لە تشرینی دووەمی 2022 خرایە ژێر چاودێری چر و وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەری کیمیایی نەما.
 
پێلێ رۆژی 29ـی12ـی2022 کاژێر 3:27 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی وڵاتی بەرازیل کۆچی دوایی کرد، دوای لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستەی لە ئەرکەکانیان، بەهۆی شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە.
 
پرسەی پێلێ کەی ئەنجام دەدرێت؟
 
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی یانە سانتۆسی بەرازیلی، رێوڕەسمی سەیرکردنی کۆتایی تەرمی پێلێ، رۆژی دووشەممە 2ـی1ـی2023 لەسەر یاریگا مێژووییەکەی سانتۆس بەڕێوەدەچێت.
 
تەرمی پێلێ کە رۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە جیهانی ئێمە کۆچی دواییکرد، لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانی دووشەممەدا لە ساوپاولۆوە دەگوازرێتەوە بۆ سانتۆس کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.
 
تابوتەکە لە ناوەڕاستی یاریگای ڤیلا بێلمێرۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی دواسەیرکردنی مردووەکە بکرێت، چونکە رێوڕەسمەکە کاژێر 10ـی بەیانی رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات، و بۆ ماوەی 24 کاژێر بەردەوام دەبێت.
 
پێلێ لە کوێ دەنێژرێت؟
 
بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە بەرازیل، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 3ـی1ـی2023 پێلێ لە شاری سانتۆسی زێدی خۆی بەخاک دەسپێردرێت.
 
حکومەتی بەرازیل بەهۆی کۆچی دوایی پێلێ 3 رۆژ ماتەمینی لە وڵاتەکەی راگەیاند، هاوکات سانتۆس و یەکێتی تۆپی پێی بەرازیل 7 رۆژ ماتەمینییان راگەیاندووە.
 
پێلێ لە 1363 یارییدا 1281 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها لە کتێبی گێنسدا ئەوە تۆمارکراوە کە پێلێ خاوەنی زۆرترین گۆڵی فەرمییە لە تۆپی پێدا. ئەو لە تەمەنی 17 ساڵ و 249 رۆژدا بووە بچووکترین یاریزان، کە لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی فیفادا بەشداری بکات، ئەوەش لە ساڵی 1958 بوو.
 
ئەفسانەی بەرازیلی لە مۆندیالی 1966 بووە یەکەم یاریزان کە لە 3 پاڵەوانێتی مۆندیالدا گۆڵ تۆماربکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە