بارسێلۆنا یەکێک لە ئەستێرەکانی دەکاتە قوربانی بۆ گواستنەوەی ئەلڤارێز

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی فێران تۆرێس یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی خوان لاپۆرتا وەک سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، پلانە نوێیەکانی یانەکە دەستپێدەکەن و یەکێک لە پلانەکان هێنانی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، بەڵام لەو پێناوەدا دەبێت دەستبەرداری یەکێک لە ئەستێرەکانی ببێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاماژەی بەوە کردووە کە مشتومڕەکان دەربارەی پێگەی هێرشبەر کۆتایی هاتووە و بارسێلۆنا هێرشبەرێکی ئاستبەرز دەگوازێتەوە، بۆیە ئێستا سەرنجەکان لەسەر ئەوەن کێ لە وەرزی داهاتوودا دەبێتە پاڵپشت و جێگرەوەی ئەو هێرشبەرە نوێیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێت"بژاردەکە یان رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەبێت یان فێران تۆرێس، کە تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان دەستی پێنەکردووە".
 
ئەلڤارێز بژاردەی یەکەمە
 
پلانی بارسێلۆنا بەهێزکردنی هێڵی ناوەندیش دەگرێتەوە، بەهۆی درککردن بە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی پڕۆژە وەرزشییەکە بۆ ئاستێکی باڵاتر.
 
سەبارەت بە هێرشبەر، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی یانەکە چاویان لە چەند ناوێکە، تەنیا جۆلیان ئەلڤارێز نییە، کە ئەو هێشتا بژاردەی یەکەمە، بەڵکو یانەکە ئەگەری جوڵەکردن بۆ هەر هەلێکی گونجاو لە میرکاتۆی هاوینە بەدوور نابینێت.
 
هەڵوێستی لیڤاندۆڤسکی
 
بارسێلۆنا دەیەوێت دوو هێرشبەری سەرەکی لە لیستەکەیدا هەبێت، بۆیە پێویستی بە هێرشبەرێکە کە بتوانێت بەنۆرە یاری بکات.
 
لێرەدا مشتومڕەکە دروست دەبێت، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کە گرێبەستەکەی لە 30ـی مانگی 6ـی ئەمساڵ کۆتایی دێت، پێشنیازی مانەوەی کردووە لەگەڵ کەمکردنەوەی مووچەکەی.
 
ئەم هێرشبەرە پۆڵەندییە چەندین دەستەوارەی خەیاڵی لەبەردەستە، بەڵام ئامادەیە بەردەوام بێت تەنانەت ئەگەر رۆڵی لاوەکیشی پێ بدرێت.
 
راپۆرتەکە زیاتری نووسیوە و دەڵێت "هەرچەندە تەمەنی 37 ساڵی کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون، هەروەها روونی کردووەتەوە هانزی فلیک رێزێکی زۆری بۆ دەگرێت، بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی ئەو بەندە بە ئاستی یاریزانە پۆڵەندییەکە لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا".
 
هیچ شتێک بەدوور نەگیراوە و هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، لەکاتێکدا نزیکەکانی یاریزانەکە بەسەرۆکایەتی 'پینی زەهاوی' هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەرەنتی مانەوەی.
 
ئەو یاریزانەی لە رۆیشتن نزیکترە
 
لە دۆخی ئێستا، وا دەردەکەوێت داهاتووی لیڤاندۆڤسکی لە رۆیشتن نزیکتر بێت وەک لە مانەوە، بەڵام بابەتەکە بەتەواوی روون نییە.
 
ئەگەر بارسێلۆنا بڕیاریدا گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکەش نوێ بکاتەوە، ئەوا لەوانەیە بارودۆخی فێران تۆرێس بگۆڕێت.
 
یاریزانەکەی پێشووی مانچێستەر سیتی ئەم وەرزە ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە، بەڵام گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتایی دێت، بۆیە دەبێت بڕیارێکی لەسەر بدرێت، یان گرێبەستەکەی نوێ بکرێتەوە یان بخرێتە لیستی فرۆشتنەوە.  ئێستا دانوستاندن هەیە، بەڵام پڕۆسەی نوێکردنەوەکە وەستاوە چاوەڕێی بڕیارە کۆتاییەکانن.
 
ئامارە نزیکەکان
 
ئاستی هەردوو هێرشبەرەکە لە یەکدییەوە نزیک بووە. فێران تۆرێس 16 گۆڵی لە 31 یاریدا تۆمارکردووە، لەکاتێکدا لیڤاندۆڤسکی 13 گۆڵی لە 28 یاریدا هەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "ئەوان دوو یاریزانن بە دوو شێوازی تەواو جیاواز و لە نێو یانەکەدا رێزێکی زۆریان لێدەگیرێت، بەڵام دەکرێت لە فرۆشتنی فێران تۆرێسدا بڕە پارەیەکی باش دەستکەوێت، کە ئەمە بۆ لیڤاندۆڤسکی مەحاڵە".
 
ئاشکرایە فێران دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت بمێنێتەوە، چونکە لە بارسێلۆنا هەست بە ئارامی دەکات و پێیوایە توانای گەشەکردنی زیاتری هەیە، بەتایبەت کە تەمەنی 25 ساڵە، بەڵام ئەو درک بەوەش دەکات کە ئەگەر لیڤاندۆڤسکی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەدەستهێنانی کاتی پێویست بۆ یاریکردن بۆ ئەو زۆر قورس دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە