ڤیدیۆ: کلاسیکۆی ئەمشەو بۆ بارسا گرنگ و بۆ ریال گرنگترە

01-03-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
کلاسیکۆ
کلاسیکۆ
نیشانەکردن کلاسیکۆ یانه‌ی بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

 ئەگەر باسی لایەنی مانەوی بکەین.. ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەنجامەکان بکەین و ئاوڕێکیش لە چامپیۆنزلیگ بدەینەوە، هەمووان بەیەکدەنگ پێمان دەڵێن لە مەدرید هیچ شتێک باش نییە. 

یاریزانانی ریال مەدرید خۆیان بۆ کلاسیکۆ ئامادە دەکەن، رووخساری زیدانی راهێنەر هەموو شتێک دەدرکێنێت.

دروستکەری سەروەرییەکانی مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا، تەماشای مەشقی یاریزانەکانی دەکات و بەجەستە پێماندەڵێ نە ئەوەی دوێنێ روویداوە و نەئەوەی سبەی روودەدات، هیچکامیان مایەی ئەو زەردەخەنەیەن نین کە یاریزانەکان دەیکەن.

ریال مەدرید لەبەردەم کلاسیکۆیەکی نوێدا، لە سانتیاگۆ نووچیدا و تا خەیاڵی بیرکردنەوە لە تۆڵە لە سیتی لە یاری گەڕانەوە، سەرئێشەکانی کلاسیکۆ وەک مەترسییەکی نوێ هاتووەتە بەردەمی هەمووان.

لەدەستدانی پێشەنگی لالیگا و پێکرانی یاریزانان و دواتر شکست بەرامبەر سیتی دۆخێکی ئاڵۆزی لە یانەکەدا دروستکردووە کە سەراپای رەشبینییە، بەڵام راستییش پێماندەڵێت، کلاسیکۆ هیچ پێوەرێک نازانێت.

پێچەوانەی مەدرید، بارسێلۆنا یەکسانبوون لەسەر یاریگەی سان پاولی لێدەربچێت، هەموو شتێکی پەیوەست بە تیمە کەتەلۆنییەکە باشە.

بەدەستهێنانەوەی پێشەنگی لالیگا، ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو یاریزانانەی ترس لە یارینەکردنیان هەبوو لە کلاسیکۆ، هەمووان گەشبینییەکی قوڵیان دروستکردووە.

ئەمشەو جارێکی دیکە دوو زەبەلاحەکەی لالیگا بەریەکدەکەون، نە بردنەوەکانی پێشتر، نە دۆڕانەکان، نە گۆڵ و نە ئامارەکان ناتوانن دڵنیایی لەسەدا سەد بدەنە هیچ کەسێک تا دەستنیشانی بکات لە کلاسیکۆدا کێ براوە دەبێت.

دیمەنەکە ناڕوونە، بەڵام بە‌هەڵوەستەکردن لەسەر راستییەکانی بەر لە کلاسیکۆ، دۆخەکە لە بەرژەوەندی بلووگرانا زیاتر دەردەکەوێت تا مێرنگێ.

سانتیاگۆ بێرنابیۆ زەمینەیەکی باشی درەوشانەوەی بارسێلۆنایە لە چەند ساڵی رابردوودا، یانەکەش ئەوە باشدەزانێت کە دەرچوون بەئەنجامێکی باشەوە لە کلاسیکۆدا، زۆر هاوکێشە بۆ یانەکە یەکلادەکاتەوە لە رێگەی بەدەستهێنانەوەی نازناوێکی دیکەی لالیگادا.

ئەوەی بارسا خەونی پێوە دەبینێت، بردنەوەیە لە ریال مەدرید و ئەوەی ریال مەدریدیش کاری لەسەر دەکات، بردنەوەیە لە بارسێلۆنا، گەر بۆ بارسا ئەنجامی یارییەکە مانایەک بدات، بۆ ریال مەدرید دەیان مانای جیاوازی هەیە، چونکە شکست لەم کلاسیکۆیەدا بەتەواوی یانە شاهانەکە لە دەستبەتاڵدەرچوونی یەکجاری لە وەرزی ئەمساڵدا نزیکدەکاتەوە و ئەوەش رووداوێکە نە زیدان و نە یاریزانەکانی و نەهاندەرەکانیشی خۆزگەی بۆ ناخوازن، بۆیە لە نێوان چاوەڕێکردنی پەرچەکرداری دوو شکستی لەسەریەکدا، دەبێ هەمووان چاوەڕێ بین ریال مەدرید چیدەکات و بارسێلۆنا چۆن وەڵامی دەداتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە