رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ دۆڕان و ماڵئاواییان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا کرد.
لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، یانەی نەسڕی سعودی بەرامبەر یانەی کاواساکی فرۆنتالی ژاپۆنی یارییکرد، دوای 10 خولەک یارییکردن تاتسویا ئیتۆ گۆڵێکی جوانی بۆ کاواساکی تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
لە خولەکی 28 سادیۆ مانێ، ئەنجامەکەی بۆ یانەی نەسڕ یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە چەند خولەکێک، جارێکی دیکە کاواساکی گۆڵێکی تۆمارکرد و یوتۆ ئۆزێکی تۆڕی یانەی نەسڕی هەژاند.
لە خولەکی 76 ئاکیهیرۆ لێناگا بۆ جاری سێیەم تۆڕی یانە سعودییەکەی هەژاند و تیپەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
لە خولەکی 87 ئەیمەن یەحیا، گۆڵی دووەمی بۆ نەسڕ تۆمارکرد، ئەو گۆڵە هیوای بۆ رۆناڵدۆ هاوڕێکانی گەڕاندەوە و زۆر هەوڵیاندا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام سوودی نەبوو و یانەی کاواساکیی ژاپۆنی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا.
رۆژی شەممەی لە یاریی کۆتاییدا، کاواساکی بەرامبەر سعودییەکی دیکە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا دەکات، کە یانەی ئەهلییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ