فلیک ریکۆردێکی مێژوویی گواردیۆلای یەکسانکردەوە

01-12-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هانزی فلیک پێپ گواردیۆلا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا بەردەوامە لە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لەگەڵ یانەکە و ئامارێکی نوێی لە مێژووی لالیگادا تۆمارکرد.
 
بارسێلۆنا دوای ئەوەی 3-1 لە ئالاڤێشی بردەوە و ریال مەدرید لەگەڵ یانەی جیرۆنا 1-1 یەکسانبوو، یانە کەتەلۆنییەکە چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە و راهێنەرە ئەڵمانیاکەش ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد.
 
فلیک بەبردنەوەی ئەو یارییە بووە 34 یاریی لەسەریەک یانەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە لە لالیگادا گۆڵ تۆماربکات، بەمەش ریکۆردێکی پێپ گواردیۆلای یەکسانکردەوە کە لەنێوان 2010 و 2011 تۆمارکراوە.
 
دوایین یاریی کە بارسێلۆنا تێیدا گۆڵی نەکردبێت رۆژی 15-12-2024 بوو، کاتێک بەرامبەر لیگانێس بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، یانەکە لە 21-12-2024ـەەوە گۆڵی تۆمارکردووە و تاوەکو ئێستاش کە نزیکەی ساڵێکە گۆڵکردنی یانەکە بەردەوامە.
 
34 یارییە لەسەریەک یانەی بارسێلۆنا گۆڵ تۆماردەکات و لەو ماوەیەدا یانەکە لە رێگەی 15 یاریزانەوە 91 گۆڵی تۆمارکردووە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی 19 گۆڵی تۆمارکردووە، فێران تۆرێس 14 گۆڵ، رافینیا و فێرمین لۆپێز هەریەکەیان 10 گۆڵی تۆمارکردووە و لامین یامال 9 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
پێشتر بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا لە 2010 بۆ 2011 توانیبووی 34 یاریی لەسەریەک گۆڵ تۆماربکات، پێش ئەویش لە 35 یاریی لەسەریەک گۆڵی تۆمارکردبوو کە ئەمیان لە 2008 بۆ 2009 بووە.
 
بارسێلۆنا گەورەترین ریکۆردی لەنێوان مانگی 2ـی ساڵی 2012 بۆ مانگی 10ـی ساڵی 2013 بووە، کاتێک لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا، تیتۆ ڤیلانۆڤا، جۆردی رۆرا و تاتا مارتینۆ لە 63 یاریی لەسەریەک گۆڵی تۆمارکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە