بڕیاری فیفا لەبارەی رووداوەکانی یاریی سەنیگال و میسر

02-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەنیگال میسر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگالی سزادا، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر روویاندا.
 
لە یاریی یەکلاکردنەوەی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، سەنیگال و میسر لە خاکی سەنیگال رووبەڕووی یەکبوونەوە، سەنیگال یارییەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 3-1 بردەوە و گەیشتە مۆندیال، بەڵام بەکارهێنانی لەیزەر لەلایەن هاندەرانی سەنیگالەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی زۆری لەسەر یارییەکە دروستکرد و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
بەهۆی ئەو رووداوانەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر سکاڵای لەسەر سەنیگال تۆمارکرد و داوای دووبارەکردنەوەی یارییەکەیان کرد.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دوای زیاتر لە مانگێک بڕیاری لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییەدا و بڕیارییدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال بە 175 هەزار فرەنکی سویسری سزابدێت و یارییەکانی هەڵبژاردەکەشیان بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچن.
 
فیفا دەڵێت " فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال شکستیهێناوە لە دابینکردنی ئارامی و پاراستنی رێکارەکانی بەڕێوەچوونی یارییەکان و پاراستنی سەلامەتی یاریزانان، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لەنێو یاریگەدا سەرپێچی بکرێت، جگە لەوەش هەڵدانی یاریی ئاگرین و بەکارهێنانی لەیزەر و بەرزکردنەوەی بانەری نا وەرزشی."
 
جگە لە سزادانی سەنیگال فیفا فیدراسیۆنی میسریشی بەهۆی هەڵسوکەوتەکانیان لەو یارییەدا بەرامبەر پێبژاردنی 6 هەزار فرەنکی سویسری سزادا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە